٢٢\٤\٢٠١١
بێمافیى خەڵک لە
نێو مەنگەنەى رژێمى فەرمانڕەوایى
رەش و دەسەڵاتخوازیى ئۆپۆزیسیۆنى تاریکدا.

هیوا رەش
زمانى فیکر غائیبە و کێردى زەبر و زەنگ لە سەر زمانى دیالۆگ
ئەبریسکێتەوە ، داواى خەڵک پێشێل کراوە و شەڕ و ململانێکان فڕێ
دراونەتە گۆڕەپانى خۆپیشاندەرانەوە ، سیاسەتچییەکانیش خاوەن مافیان
وەلا ناوە و خۆیان چوونەتە نێو گەمەیەکى گەرمى دۆڕان و بردنەوەدا ، لەم
هاوکێشە پڕ کێشمەکێشەدا لە سەر مێزى قومارى سەرکردەکان بادەى پڕ خوێنى
لاوانمان نۆش ئەکرێت و گرەو لە سەر مافە زەوتکراوەکانیان ئەکەن .
دواى بیست ساڵ لە دزى و تاڵانیى ، دەسەڵاتدارانمان هەموویان دەستپاکن و
یەکێَکیان نەکەوتنە نێو قەفەسى تاوانەوە و دادوەرێک لێیانى
نەپرسیوەتەوە ( ئەمەت لە کوێ بوو ؟ ) ، بیست ساڵە خاکمان ئەدۆشن و
خوانى خۆ بە هەرزان زانیى بۆ کۆمپانیا دەرەکییەکان ئەڕازێنرێتەوە و
بۆندى خوێن مژینى خەڵک واژۆ ئەکرێت و هێشتا خۆیان بە نیشتمانپەروەر و
خەڵک بە گێرەشێوێن و ئاژاوەگێڕ ناوزەد ئەکەن ، ئەمەیە ئەڵێن : (( هەتا
خاوەن ماڵ دزى گرت ، دز خاوەن ماڵى دایە دادگا )) .
پێویستە ڕَۆژێک زووتر چاکسازیى بنەڕەتیى لە خۆیاندا بکەن و لە سەر پشتى
ئەزمونى وەدەست هاتووى ڕەنگین بە خوێنى شەهیدان و ئەنفال و کیمیا باران
بێنە خوارێ و دەسەڵات ڕادەستى گەل بکەنەوە و ماڵ بۆ خاوەنەکانى
بگێڕنەوە و پەند لە مێژوو وەر بگرن و بەر لەوەى بە سۆنگەى
گەندەخۆرانەوە ڕیسەکەمان لێ ببێتەوە بە خورى با نسکۆى کۆمارى کوردستان
دووبارە یەخەمان پێ نەگرێتەوە و نەکرێتە قوربانیى بۆ بنەماڵە بە حیزب
کراوەکان .
زمانى فیکر غائیبە و کێردى تۆڵە لە سەر زمانى دیالۆگ نراوە و داواى
خەڵک زەوت کراوە و کۆنە قینى خۆیان خستۆتە مەیدانى ناڕەزایەتى
جەماوەرەوە ، سیاسەتچییەکانى ناڕازى لە بەشى خۆیان و چاویان مۆلەقە بۆ
کورسى هاوپیشە گەندەڵەکانى ڕابردوویان و ڕایئەگەیەنن (( یان ئۆینەرەم
یان زیفلەرەم - یان یارى ئەکەم یان تێکى ئەدەم )) ، بوونەتە دەم و دەست
و سەر و ڕیش سپى و نە بایان دیوە و نە باران ، خەون بە مەرگ و خوێنەوە
ئەبینن و بیر لە دامەزراندنى ئەمارەتى بیارە ئەکەنەوە و لە سەر مێزى
دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدا بۆ وەدى هێنانى مشتێک دۆلارى زیاتر و بڕێک
دەسەڵاتى فراوانتر ئەڵێى بە دەم مەلائیکەتەوە پێ ئەکەنن و قومار بە
خوێنى مناڵ و لاوانى نیشتمانەوە ئەکەن و بیرى خۆیان ئەبەنەوە کە
بێشەرمانە فوویان بە زوڕناى دەسەڵاتدا کرد و بە هەمان گوفتارى
بێشەرمانەى ئەوان بە خۆپیشاندەرانیان ووت : گێرەشێوێن و ئاژاوەگێڕ ،
کەچى ئێستا بە ناچاریى بۆ گەییشتن بە مەرامى گڵاو فرمێسکى تیمساحییان
بۆ ئەڕێژن ، بۆیە هەقى وایە پەندى (( ناچاریى سەر بە ماڵى دوژمندا
ئەکات )) بگۆڕن بە (( ناچاریى سەر بە ماڵى گێرەشێوێن و ئاژاوەگێڕ ئەکات
)) ، ئەگینا ئەبوو ئێستا ڕووگیر بوونایە و باسیان لەوە نەکردایە کە
پشتیوانى لە داواى شەقام ئەکەن ، چونکە ئەوان بوون تۆمەتیان بە سەر
شەقامجا بەشاندەوە و ناو و ناتۆرەى نابەجێیان لێ نان .
پێویستە ڕۆژێک زووتر دەست لە بەرۆکى خەڵکى ناڕازیى بەر بدەن و لە سەر
پشتى خۆپیشاندانەکانیان بێنە خوارێ و حیزباوى نەکەن و بە ئامانجە
تراویلکەییەکانیان دەنگى نەعرەتەى گەروویان نەتاسێنن و داواى ڕەواى
خەڵکى زەحمەتکێش بە هەواکێشى حیزبەوە پەلکێشى حوجرە تاریکەکانى سازشى
بێ ئەرزش نەکەن .
ئەمبەر و ئەوبەر ، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دوو ڕووى دراوێکى قەڵپى
بەدفەڕن ، هەردووکیان دز و گەندەڵن ، کەڵبە تیژ و تینوو بە خوێنن ،
پاڵەوانى شەڕى ناوخۆن ، جەللاد و بکوژن ، فسفس پاڵەوانى بیارە و خێڵى
حەمە و کەپکى حەمەداغا و کڵاو قاسمن ، خاوەن هێزى ئابورى و ڕاگەیاندن و
سەربازین ، لە سیاسەتا ئاوەڕووت و موفلیسن ، بەرامبەر داگیرکاران چۆک
دادەر و کۆیلەیەکى ئاست نزمن ، دەستیان بە سەر موڵک و ماڵى خەڵکیدا
گرتووە ، ئابڕووى نەتەوە و نیشتمانپەروەرییان بردووە .
قوتابیان و خوێندکارانى خوێن گەرم ، کاتى خۆى پەلەم کرد و لە دوا
قۆناغى خوێندندا سەرى خۆم هەڵگرت و خستمە باوەشى سەرکردە ڕوومەت ناسک و
پێست پەمەییەکان و بۆ ئەوەى فریاى شۆڕش بکەوم بووم بە پێشمەرگە ، کەچى
ئەوان ناوى پیرۆزى پێشمەرگە ڕیسوا ئەکەن ، میوانێکى ڕەزا گرانى
جەللادەکانى ژوورەکانى ئەشکەنجەدان بووم و زیندانم کردە ماڵى سەرەکى
ڕێگەى خەباتى پاراستنى سەروەریى گەلەکەم ، ئەوەتا ئەم هەرچى و
پەرچییانە گەمە بە مێژوومانەوە ئەکەن و سەروەرى گیرفان ئەخەنە سەرووى
سەروەریى نیشتمان و زیندانەکانیان تەژییە لە دیلى شەڕى ناوخۆ و بێسەر و
شوێن کراوان ، کونجى زیندانەکانیان کردۆتە قەڵاى بەرگریى لە ئارەقەى
تکاوى تەوێڵیان و کەچى باس لە مافى مرۆڤ و دیموکراسى و ئازادى و
دادپەروەریى ئەکەن ، گەنجان و لاوانى پڕ لە جۆش و خرۆش ، تەواوى تەمەنى
گەنجى و لاوى خۆم کردە بەردەبازى سەرکردە چاوچنۆکە پڕ لە خولیاکانى پلە
و پایە و بە ویستى خۆم بوومە ماشەى دەستى سەرکردە ناکردە ناکەس بەچە
ناسنامە شاراوەکان ، هەورازى تەمەنم بڕى و گەل بە بە قەد پاڵى ئاواتى
خۆى نەگەیى ، ئەى ئەوانەى وەکو من هەورازى ژیان ماندووى کردوون و ئێستا
بەرەو نشێو گلۆر ئەبنەوە ، وریا بن لە گزى ، دزى ، درۆ ، دووڕوویى ،
فێڵ و تەڵەکەبازى و ساختەچێتى سیاسەتچییەکان ، پەچەى ڕوویان هەڵماڵن ،
بیرى ڕۆڵەکانتان بهێننەوە کە بە درێژایى تەمەنمان عەباس و هەیاس ، خدر
و وەلى ، ئەحە و حەمە ، هەر ئەمانە سەرکردە بوون ، پاڵەوانى کورد کوشتن
بوون ، ملکەچى دوژمن بوون ، چاوساغى داگیرکەر بوون ، تاڵانچى و گەندەڵ
بوون ، دیکتاتۆرى سەر کورسى بوون ، ئێستا هەندێکیان لە سەر عەرشى
دەسەڵات دانیشتوون و هەندێکیشیان زمان بە لێویاندا ئەهێنن و لیک دەر
ئەدەن ، ئەیانەوێ جڵەوى نۆرە گەندەڵیى بگرنە دەست ، هەردوولا ، هەمیشە
هەندێک ( ڕۆشنبیر ) ى نەفامیان ڕاگرتووە ، ڕاوێژکارى دابەستە
ئەلەوەڕێنن ، قەڵەم بە کرێ ئەگرن ، تاوانەکانیان بۆ ئەکەن بە داستان ،
شکستییەکانیان بە سەرکەوتن بۆ تۆمار ئەکەن ، نەتەوەپەروەریى ،
نیشتمانپەروەریى ، ئازایەتى و قارەمانێتیى ، دڵسۆزى و لێبووردەیى ،
ئازایەتى و دەستپاکییان لە سەر تاپۆ ئەکەن ، دەزگاى ڕاگەیاندنى سێرک
ئاسایان پڕ کردووە لە بیرمەند و سیاسى و ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندى
موهەڕیجى نغرۆ لە پارەى دزراوى گەل و بە شان و باهووى تێکشکاویان هەڵ
ئەدەن و بە درۆ خەڵک چەواشە ئەکەن ، تەلەفزیۆنەکانیان کردۆتە تازیە
خانەى درۆیینە و بۆ مەرگى قوربانییانى پیاوکوژیى لە سەر دەستى خۆیان
فرمێسک ئەبارێنن.
ج - م - ن - ح - ع - س - ق ، ئەم فەرخە دیکتاتۆرانەى گەل و ئەم سیاسییە
بچوکە دیموکرات هەزەلییانەى دەربارى دیوەخانى دوژمنان ، دەمێکە
سیاسەتیان کردۆتە پیشە و کاسبیى پێوە ئەکەن ، کاتى ئەوە هاتووە بڵێن :
ئیتر بەسە و چى تر ڕێگە نادەین بازرگانیى بە خوێنى ئێمە بکەن و خۆ بە
دروشمى بریقەدارى ناو بەتاڵەوە با بدەن ، کاتى ئەوە هاتووە بەر لەوەى
کش مەلیکتان لێ بکەین ، بتان ڕشێنینەوە ئەو دزییەى بردووتانە و
خواردووتانە لە لووت و گەرووتانى بهێنینەوە .
ئۆپۆڵات ( ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات ) ، گورگن و ئێمەیان کردۆتە مەڕە لات ،
ئەوان ڤایرۆسن و دەمیان ژەنیوەتە سامانى وڵات ، بۆ ئەوەى بە مەرام بگەن
، بە یەکتر بە کوشتمان ئەدەن ، ئەوان بازرگانى شەڕن ، ئەوان لە ئاستى
ئاشتى و ئارامیى ، دەعبایەکى کەڕن ، دەبا هەموومان پێکەوە بۆ ئازادیى
بە ئازادیى دوور لە کۆت و پێوەندى ئەوان پێکەوە بە یەک دەنگ هاوار
بکەین ، بژى ئازادى ، بمرێ نادادى.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|