١٧\٣\٢٠١٠
بێ مۆنتاژ.

بەشدار عهلی
*
بەداخەوە لە وڵاتى (هایتى)بومەلەرزەیەکى بەتین روویدا و بەهەزاران
قوربانى لێکەوتەوە و هەزارانى تریش ئاوارە بوون،دوایى ئەم رووداوە
کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێکخراوە خێرخوازی و ئینسان دۆستەکان دەستیانکرد
بە گەیاندنى کۆمەک و هاوکارى بۆ برینداران و لێقەوماوانى ئەو وڵاتە و
تاکو ئیستاش هەوڵەکانیان بەردەوامە( بەجیا لە ئاماژەمانى پشتەوەى دەستى
هاوکارى وڵاتە بۆرژوا و سەرمایەدارەکان)،بەڵام ئەوەى جێگاى تێڕامانى
ئێمەیە لەگەڵ گەیشتنى کۆمەک و هاوکارییەکان میدیاکان بڵاویان کردەوە
کۆمەڵێک خەڵک ئەو کۆمەک و هاوکاریانەیان نەیانگەیاندۆتە لێقەوماوان و
تاڵان و برۆیان پێکردووە و بۆ مەبەستى تایبەتى خۆیان بەکاریان
هێناوە،بەکوردیەکەى وەکو لاى خۆمان فەرهودیان کردووە! لەگەڵ بیستى ئەم
هەواڵە کۆمەڵێک رووداوى لاى خۆمان و هەڵوێستى کۆمەڵێک نابەرپرسى
کوردستانم بیرکەوتەوە کە چۆن کیمیابارانى هەڵەبجە و ئەنفال و گەمارۆى
ئابورى بۆیان بوو بە دووشەشێک و کۆشک و تەلاریان پێ بەرزرکردەوە و بە
کۆمەک و هاوکارى لەلایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ
خەریکى کارى بازرگانى بوون و لە ئەنجامدا کارەساتەکانى سەر میلەتەکەى
کردنى بە بزنسمان.
تەنها جیاوازییەک لەنێو رووداوەکەى هایتى و ئەوانەى لاى خۆمان
بەدیدەکەم،هایتى رووداوێکى سروشتى بوو،بەڵام ئەوانەى لاى خۆمان مرۆیى
بوو،بۆیە گومانەکان بەرەو یەقینمان دەبات ،ئەوانەى کۆمەک و هاوکارى
خەڵکى لێقەوماوى کوردستانیان خوارد و بازرگانیان بە هەڵەبجە و ئەنفال و
ئاوارەیى کرد،هەر خۆشیان هۆکارى روودانى بوون دەستپێشخەرى و
کارئاسانیان لەم بارەوە کردووە، چونکە خێرى زۆر بوو بۆ هەندێک کەس..!!
* لەرۆژى عاشقانى
جیهان(ڤاڵانتاین )پۆلیسى دەشتى هەولێر دوو عاشقى بەدبەختى ئەو وڵاتەیان
بۆماوەى 2 سعات زیندانى کرد، تەنها لەبەر ئەوەى وویستویانە دوور
لەچاودێرى کامێراکان و پۆلیسەکان پیاسەیەک بکەن و لەم رۆژەدا مشتێک لە
رازى و نیازەکانیان بۆ یەکتر باس بکەن..بەدبەختیەکە لێرەوەیە، عاشق
بوون و خۆش وویستنى کچان و کوڕان لەم مەملەکەتەى ئێمە یاساغە،بەڵام
ئیهانە و سوکایەتى بە شعور و ئەحساسى تاکەکان لەژێر بەهانەى جۆراو
جۆردا رێگەى پێدراوە،رۆژانە دەیان جار هەست و نەستى گەنجان و تازە
لاوان و مناڵ و پیر و پەککەوتەکان یارى پێدەکرێت،بێ هۆ نیە گەنجانى ئەو
وڵاتە هەموو رێگایەک تاقیدەکەنەوە بۆ دەربازبوون لەم وەزعیەتەى بۆیان
خولقاوە..
کەم نەبون ئەو کچ و کوڕە گەنجانەى تەنها پیاسەیەک و نامەیەک و
تەلەفۆنێک خەون و خولیاکانیان لێکرا بەسەراب و بۆ هەمیشە بە خاک
سپێردران و گوللە باران کران،کەم نەبون ئەو کچ و کوڕانەى تەنها لەبەر
ئەوەى رەقیان لەیەکتر نیە و یەکتریان خۆش دەوێت ،بۆ هەتا هەتا
نەیانهێشت لەیەکتر نزیک ببنەوە ،کەم نەبون ئەو کچ و کوڕانەى دەسەڵات و
عەقڵیەتى ناو گەڵى بەرپرسان و مناڵانى بەرپرس نەیانهێشت هەناسەیەکى
ئاسودە لەگەڵ یەکتر هەڵمژن..
کە چارەنوس و دیاریکردنى دوا رۆژى ئینسانەکان لەدەستى خۆیاندا نەبێت،کە
پیاسە و قسەکردنێک مەرگى لەدوا بێت،تەنها ژوورێکیان دەست نەکەوێت بۆ
پێکەوە ژیان،سادەترین و ساکارترین پێداویستیە رۆژانییەکانیان ببێت بە
خەون و خۆزگە و رۆژانە ئاهو ئاخى بۆ هەڵکێشن،کە سیستەم و یاسایەک نەبێت
بۆ پاراستنى شەخێیات و کەرامەتیان و دەستدرێژى و ئیهانە و سوکایەتى
پێکردن لەسەر سەرەتاترین حەزە تایبەتیەکانیان ببێت بە عادەتێکى
رۆژانە،لە باخچە و هۆڵێکدا نەتوانن دوو راز و نیاز بە ئازادى بگۆڕنەوە...ئیتر
عەشق و ئەوین و ژیان جگە لە گاڵتەجارییەک چیترە؟!
|