١٢\١١\٢٠٢٢
بە ناوی کوردستان،
بە ناوی شۆڕش، بە ناوی شۆڕشی ژینا!
شەقامە
گڕگرتووەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخی ئاسایی خۆیان تێدەپەڕێن. دەنگی
بەرزی لاوانی کوردستان، سەما و سروودی یەکڕیزی و پێ توند کردن لەسەر
خاکێک کە ئیتر بڕیار نییە داگیرکەر تیایدا بحەسێتەوە. ئەمە دۆخی ئاسایی
نەتەوەیەکی داگیرکراوە کە ئیتر باهۆی زەین و دەست و پێی لاوەکانی لە
زنجیر و کۆت و بەندی داگیرکەر بەهێزترە و بڕیار دەدات مل بە ئاسایشی
درۆیینەی دۆخی بندەستی نەدات و بڕیاری داوە داگیرکەر لە نیشتمانی
هەزاران شەهیدی رێگەی رزگاری پاک کاتەوە. شۆڕشی ژینا شۆڕشێکە بەرەو
خوڵقاندنی دۆخی ئاسایی لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن
سەروەریدا کە ئیتر داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم تێکشکاوە و مرۆڤی سەرئازادی
کوردستانی خەونی بەشداری لە رەوتی روو لە گەشەی ئەم جیهانەدا دەبینێت.
بۆیە ئیتر شەقام نانوێ و پێ لەسەر تێکدانی هەمیشەیی ئاسایشی دوژمنی
مێژینە خۆی دادەگرێت.
مل دان بە مانەوە لەژێر سەروەریی داگیرکەرانەی ئێراندا مل دانە بە
توونا بوونی نەتەوەیەکی مێژوویی. هەژاری، برسێتی، پەڕاوێزخراوی،
نەبوونی ئازادی و ئاسایش، ژێنۆساید و ئاسیمیلاسیۆنی زمانی و فەرهەنگی،
بێ ناسنامە کردن، پارچە کردن و لە خۆ نامۆکردنی نەتەوەیی و بەگژ
یەکدیدا کردنی کورد، سەرلەبەر بەرهەمی ناسەروەری و داگیرکراوییە. شۆڕشی
ژینا بە پێشەنگایەتیی ژنانی راساو و سەروەریخوازی کوردستانی کۆتایی بەم
دۆخە دێنێت. لە شۆڕشی ژینادا ژن بریسکەی سەرەتا، دەستپێکەری سەرەتا و
بزوێنەری بەردەوامی، بە ئەنجام گەیەنەری سەرەکی و بەدڵنیایی نەخشەڕێژی
سەرەکیی داهاتووی کوردستانێکی ئازاد و مافپارێز و دیموکراتیک دەبێت.
داگیرکەرانی کوردستان تا بەر لە شۆڕشێ ژینا توانیبوویان رێ لە
یەکانگیری و هەرەوەز و گەشەی کۆمەڵایەتیمان بگرن و ئیرادەی
بەرەنگاریمان لاواز بکەن. پەکخستنی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی پیلانی
راستەوخۆی داگیرکەران بووە بۆ پەرتەوازە کردنمان، رێ گرتن لە
نەتەوەسازیمان، رێ گرتن لە دامەزراندنی بنخانەکان و پەیکەری دەوڵەتی
سەربەخۆی کوردستان، بەڵام شۆڕشی ژینا جارێکی تر ئەم کلتووری هەرەوەزی
کۆمەڵایەتییەی لە ناخی ژن و پیاوی کوردستاندا ژیاندەوە. کەسایەتیی
راساو و سەرئازادی ژنانی کوردستان بە هەڵدانی دروشمی جیهانهەژێنی "ژن،
ژیان، ئازادی"، رەتاندنی داگیرکەر و چەسپاندنی سەروەریی نەتەوەیی و بە
فەرمی ناسرانی نەتەوەیەکی بەم رادەیە ژنپارێز و ژیاندۆست و ئازادیخواز
دەکاتە مەرج بەسەر ئاسایشی بەردەوامی جیهانەوە.
شۆڕشی ژینا، بە خاوەندارێتی لە خوێنی رژاوی ژینای کوردستان لە تارانی
پێتەختی ئێرانی داگیرکەر بە دروشمی راچڵەکێنەری "داگیرکەری ئێرانی،
قاتڵی ژینامانی" و "کورد تا دەوڵەتی نەبێ، ئەمە هەر بەشی ئەبێ" لە
گۆڕستانی ئایچی شاری سەقزەوە دەستی پێکرد بەڵام ئێستا لە کەم شاری
رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە خاک بە خوێنی گەنج و لاوی راپەڕیو و
سەروەریخواز سوور نەبووبێت. هەر بۆیە شۆڕشی ژینا لەرێگەی خوێنی
لاوەکانەوە خۆی لە خاک و نیشتمانی مێژینەی کوردستان گرێ داوە.
شۆڕشی ژینا، دەسەڵات و سەروەریی داگیرکەر بە فەرمی ناناسێ و وەک شۆڕشی
رزگاری، سەروەری، سەربەستی و سەربەخۆیی و ئازادیی کوردستان هەتا
بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە گشت شار و گوند و دوند و رژدێکی
کوردستان راناوەستێت.
ژن، ژیان ئازادی، سەروەری و سەربەخۆیی!
کۆنگرەی گەنجانی سەربەخۆ (ک گ س)
١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
libertarian.youths.co@gmail.com
|