په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠١١

     ( ..... ).

زمکان عەزیز

1. خودا بێزارە لە تەنیایی بە دوای ژنێکدا ئەگەڕێت.
ژنێک درۆی کرد
درۆی ژنێک ..
ئەکاتە توڕەبوونی خودا
لە ئینسان.


2. من و خودا لە خاڵی ژندا بەیەک دەگەین.
خودا شکێکە
ژن لە دڵی پیاودا
ئەیچێنێ .. و
خودا شەڕێکە
پیاو لە درۆی ژندا
ئەیفرۆشێ.


3.
پیاوێک لە تاوی گریاندا تاسا و ژنێکیش بە تەنیشتیەوە ژیری ئەکردەوە.
ژنێک درۆی کرد
درۆی ژنێک ..
پیاوێکی فێری گریان کرد.


4. پیاوێک لە تولە ڕێی ووردە ماچەکانەوە ڕۆشت و کەوتە ناو چاڵی ژنێکەوە.
درۆ و ژنێک ..
ژن و فێلێک ..
بە ھەرسێکیانەوە
پیاوێکیان گرت و
خەساندیان.


5. ژنێک پیاوێکی لە لقەکەی کردەوە و ھەڵیوەراند.
ژنێک درۆی کرد
درۆی ژنێک ..
ئەسپێکی گلاند و
پیاوێکی فلیقاندەوە
ئەو پیاوەی
لە دڵیدا چڵێ گوڵی سور
پەشۆکا بوو.


6. ژنێکی بێ دڵ خۆشەویستی وون کردووە و بە دوای بەختەوەریدا ئەگەڕێت.
ژنێک ..
دڵی پیاوێکی دەرھێنا و
بە درۆیەکی تیژ
لەتی کرد
لە ناویدا دڵی خۆی
دۆزیەوە.


7. گەورە ئاو ئەڕژێت و بچوک پێی تێئەخات.
ئیڤا درۆی کرد
درۆی ئیڤا ..
ئاسمان و زەوی لەیەک کردەوە
ئیڤا ..
خودای لە ئادەم تووڕە کرد و
لە ئاسمانەوە خستیە خوارەوە
عەیامێکە پیاو ..
لە درۆی ژن ئەترسێت.


8. نامەی گیرفانی سەربازێکی وون تێیدا نوسرا بوو .. (کە تۆ ھەبیت مردن چ مانایەکی ھەیە).
پیاوێک لەسەر شان
شاخێکی بەردینی ھێنا و
بۆ سێبەری ژنێک
لە بەر پێیدا خستی
ئەویش بە فێڵێک
شاخەکەی بەسەردا
ڕوخاند.

9. من فێڵێکم لە خودا و درۆیەکم لەگەڵ ئینسان و شەڕێکم لە ناو سروشت کرد تا ملم خستە بەر مەقسەلەی دڵتەوە.
پیاو درۆی کرد
تا ژنی دۆزیەوە
ژنیش درۆی کرد
تا پیاوی ڕووت کردەوە
ڕووت کردنەوە لە ھەموو
شتێک.

ماڵپه‌ڕی زمکان عه‌زیز