١٢\١٢\٢٠١٢
بەندی...

شوان عوسمان
''چیرۆکێکی راستەقینە
و حەقیقەتی ژیانێکی راستەقینەی کوڕەشەهیدێک...''.
لەبەرپێی ساڵڕۆژی
٢٥ ساڵەی شەهید بوونی
٢٣ شەهیدانی (شەقڵاوە)دا...
تۆش وەکو (هیوا) لەوەتەی ئەوت ناسی، پەتاکەی ئەوت گرتەوە وەکو ئەوەی
قێچ کەوتبێتە کەولت، شەوو رۆژت نەما، نەتئەتوانی بیر نەکەیەوە، ئاخر
مرۆ چۆن ئەتوانێت بیر نەکاتەوە، بە تایبەتی بیرکردنەوەیەک کە پەیوەندی
بە گەڕانەوە هەبێت بۆ رەگەزو بنەچەی ژیانت، هەروەها لە نوێوەش ژیانت
دابڕێژێتەوە، ئەوەتا رابردووت وەکو هەڕەشەیەک شەڕ بە داهاتووت ئەکات،
داهاتووش لێت ئەترازاێت، تۆ زۆرجار لەگەل خۆت بە سەرزەنشتێکەوە وا خۆت
ئەدواند:
- بە دەرکەوتنی ئەو نازانم بلێم چ باش بوو یان نا، بەڵام ئەوەندە
ئەزانم ئەو (هیوا)یە لەوەتەی لە ژیانم دەرکەوت، هەموو ژیانمی سەروبن
کرد روانینم لە بن وبۆتەکەوە گۆڕان..... هەموو بەرنامە کۆنەکانم
دواییان هات.. ئەو بووە هۆی لە نوێوە بەخۆمدا بێمەوە.. بە هەمان ئەو
پردەی پەڕیمەوە هەول بدەم بگەڕێمەوە ....بەڵام چ گەڕانەوەیەک... هەموو
شتەکان بەرەواژی ئەبنەوە، ئەگەر ئەو هیوایەکی لەمن کوشت، بەڵام
هیوایەکی دی لە من زیندوو کردەوە..
لە سەر رووبارێکی بێخەم وبێ شەپۆڵی (ئوسترالیا)دا دانیشت بووی، خەمێک
ئەتووی ئەهێناو ئەبرد تا لەوێ خۆت گرتەوە، هاتی تا بیرێک لەخۆت بکەیەوە
خۆت لەبەردەم شەپۆڵی تەمەنی داهاتووت راگریت، تا بزانێت بەرەو کام
قەراغ وکام لێوارت ئەبەن، بە خەیاڵ بەرەو دوا سەردانت بۆ (کوردستان)
ئەچووی کە لەوێ (هیوا)ت ناسی وخۆت ناسی وژیانت بە جۆرێکی دیکە ناسی،
هاتی تا لێرەوە چەندجارێکی تر بە قسەکانی ئەو دابچیتەوە، پێشتر بە خەون
بەرەو کوردستان ئەچووی بەڵام ئێستا گەڕانەوەت بۆتە واقیعێک، واقیعێکی
تاڵ بەڵام ناچاری بیری لێ بکاتەوە...
لەگەل (هیوا) هاوتەمەنی یەک بوون، ئاشنا بوونیشت لەگەل ئەو زۆر خێرا
بوو، ئەو رۆژەی لە کوردستان بوویت لە پڕ هات وەکو فریشتەیەک خۆتی پێ
ناساندو راستی ژیان وبنەماڵەکەی ئاشکرا کردی، بە زانیاریەکانی ئەویش
بوویە خاوەنی ناسنامەیەکی تازەو سەربوردەیەکی تەمەن وژیانی تازەت، (هیوا)ش
ئەو راستیانەی لە گیرفانی خۆی دەرنەهێنا بوو، بەلکو لە لایەن دایک
وبنەماڵەکەیەوە دەستی کەوتبوون، بە تایبەتی (حاجی حەسەن)ی باپیری، ئەو
پیرەپیاوە کۆڵنەدەرەی تۆپەڵەیەک بوو لە هێزو ئیرادەی پیاوەتی، پیاوێک
کە خوادانی دڵێکی گەورەو جورئەتێکی سەیر بوو، لەبەردەم ئەو کارەساتە
وەکو داربەڕوو وابوو کە بە رووی رنووەبەفر رائەچێت وهەرەس ناهێنێ،
لەکاتێکدا ئەو لەیەکچاوقوچاندا هەموو شتێکی دائەڕمێت...
ئەو کارەساتەی هەرەسێکی ناوەختی بە کۆشکی ژیانی هێنا ئەوەی بە درێژایی
تەمەنی دایئەناو تێکی ئەناو لەسەر یەکی دائەنا نەماو بەبا چوو ، بەڵام
ئەو دەستی لە خۆی بەرنەداو ملکەچی مردن نەبوو، بەلای ئەو لەوێ ژیان
تەواو نەبوو، بەلکو ژیان بەلای ئەوەوە بریتی بوو لە کومەڵێک کارەسات
ورووداو، مرۆڤیش ئەبێت بەردەوام بێت ولە ژیانێکی دیکە بگەڕێت تا
بەختەوەری ئەدۆزێتەوە، ئەو سوورتر بوو لەسەر ژیان، ئەگەرچی ئەو لەو
رووداوەدا هەر چوار کوڕەکانی کە هەموو شتێک بوون، لەیەک چرکەساتدا وەکو
چەند پەلکێکی داری تەمەن لە پاییزدا ئەوەرێن وئەکوژرێن، لە یەک وەختدا
رەگوریشەی بنەماڵەکەی لە بن دێت وخانەوادەکەی کۆر ئەبێتەوە، شتێک لە
ژیانیدا نەما کە ناوی کوڕ بێت، هەر چی هیواو خەونە بە کارەساتی
گوللەباران کردنی (٢٣ شەهیدەکانی شەقڵاوە) لە لای ئەو کۆتایی دێت...
لەپڕ لەیەک کاتدا هەر چوار بووکەکانی بێوەژن ونەوەکانی هەتیو ئەبن، (حزبی
بەعس) هەر چوار کوڕەکانی دەست بەسەر ئەکات ولە زیندانێکی (ئەمنی هەولێر)
بەندیان ئەکات لەپاش مانگێک چاوەڕێ بوون بە هیوای ئەوەی هەر چواریان
بگەڕێنەوە باوەشی گەرمی باوکیان، (ئەمنێکی) رەشتاڵەی چڵکن بە چوار (وەفاتنامە)وە
لەبەردەمیدا ئەچەقێت، (وەفاتنامە)کانی لە دەست ئەنێت وبێشەرمانەش داوای
پارەی ئەو گوللانەی لێ ئەکات کە کوڕەکانی پێ گوللەباران کراون،هەر
ئەوەش نا پێی ئەلێت:
_ ها ئەوە بگرە پیرەمێرد ..ئەوە وەفاتنامەی کوڕە موخەریبەکانتە...سەرکردایەتی
(حزب) بریاری عادیلانەی خۆیدا..تاوانباران سزا دران، ئێوە بۆتان نیە
باسی تەرمەکانیان بکەن، ئەوان لە قەبرستانێک نێژراون بۆتان نیە
بەدوایان بگەڕێن..لێیان بپرسن.. گریان وگلەیی وتازیە دانانیش مەمنووعە،
نامانەوێت گوێمان لە هیچیان بێت، ئەوان تاوانبارن، ئەگینا ئەنگۆش بە
دەردی ئەوان ئەچن، ها بگرە پیرەمێردی ئاخیر شەڕ ئەوە پاداشتی (حزب)مانە
بۆ تۆ کە نەتزانی منداڵەکانت لە خزمەتی (حکومەت)دا پەروەردە بکەی..ئەوە
پاداشتی ئەوەیە کە کەسێک لە دژمان بوەستێت...
(هیوا) ئەو چیرۆکە تراژیدیایەی گەلێکجار لە باپیرە گەورەکەی بیست بوو،
قسەکان یەکە یەکە لە مێشکیدا ئەزرینگانەوە، هەروەها گەلێکجار ئەو قسانە
لە لایەن دایکیدا دووبارە ئەبوونەوە، بەڵام تۆ نە دایکت هەبوو تا
راستیەکان لەوەوە بزانیت نە ئەوەندەش لەگەل باپیرت ژیا بووی تا شتەکان
لە نزیکەوە بە خۆت ببینی تاکە سەرچاوەت ئەو بوو، راستیەکان تەنیا لە
چاوی (هیوا)وە ئەکەوتنە بەرچاوی تۆ، هەر ئەوەندە لەپڕەوە زانیت ئەو
ئەبێتە ئامۆزات وهەمان خوێنی گەرم بە ناو شانەکانتان دێت وئەچێت، هەمان
هەست ونەستی هاوخەمیش کۆتان ئەکاتەوەو ئامێزتان لێ وەرئەنێت، بیرت لەو
بەڵێنەی (هیوا) کردەوە کە بە خۆی دابوو ئەوها بۆتی ئەگێڕایەوە:
_ ئێ ئاخر نازانم خوا کو قبول ئەکات..خۆ ئێمە هێلانەی پەرەسێلکەمان تێک
نەدابوو.. ئەو بەعسە بێ ئەخلاقە لە شەوو رۆژێکدا بەرەی چار برای هەموو
بێ باب وبێ مام کرد.. هەر هەموو ئەو ئامۆزاو براو خوشکانە لە یەک
دەقەدا بێ باب وبێ مام بووین..وەکو ئاردی ناو تەراشمان لێهات..ئەگەر
خواش ئەوەی قبول کرد.. ئەمن ئەوە قبول ناکەم....ئەو زەمانە رۆیشت...نابی
دوای نەمانی بەعسیش لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆی ئازادیدا راستیەکان گۆڕبەگۆڕ
بکرێن.. هەروەکو شەهیدەکان گۆڕ بزر بکرێن.. ئەبی بنەماڵەکەم
یەکبگرێتەوە تا ئەوەی ماوە لەناونەچێت.. ئەبێت ئەو کوڕەمامەم ببینمەوەو
قسەی لەگەل بکەم..تا لە نوێ دەست پێ بکەینەوە.. زیاتر نابی بە ئێکتر
غەریب بین خۆ ئێمە بێگانە نین بە یەکتر..هەرچیەکم پێ ئەلێت..با
بیلێت..خۆ ئەمن قسەی خۆم ئەکەم رازی دڵم ئەلێم...وەسیەتی باپیرم بە جێ
ئەگەیەنم.. تا کەنگی راستیەکان لەبەرچاومان شێلوو بن و.. ئەویش لۆ من
بێگانە بێت نەک ئامۆزا...
هێدی هێدی لە کەناری رووبارە ئارامەکەدا بە پیاسە ئەڕۆیشت وهەولی ئەدا
وەکو ئاوەکە هێور بێت وخۆی هێور کاتەوە، تا بزانێت کەناری چ قەدەرێک
پێشوازی لێ ئەکات..
حەزی کرد جۆش وخرۆشی ئەو رۆژە بێنێتە بەرچاوی کە (هیوا) بە چ خرۆشێکەوە
دیت و چۆن قسەی بۆ ئەکرد...
لەو رۆژەی (هیوا) زانی بووی بۆ یەکەم جار لە هەندەران گەڕاویتەوە،
ئەوەندەی دیکە پەرێشان وبی ئۆقرەتر بوو، وەکو ئەوەی کێچەکەی چەندی
ساڵەی کەولی لەنوێوە کەوتبێتە گێرەو شەنە کردن بە لەش وهۆشی، لەگەل
هاتنەوەی تۆ ئەو لە شوێنێک ئۆقرەی نەئەگرت هەمیشە لە جووڵەو هەڵپەدا
بوو، تاوی ئەدا خۆی، ددانی لەسەر یەکتر جیڕ ئەکردنەوە، نە شەوی شەو بوو
نە رۆژ، ئەو نە ئاگای لە خۆی بوو چی ئەکات، نە بیریشی لە ژیانی خۆی
ئەکردەوە نەیئەتوانی لە شتێکی دیکە دەست پێ بکاتەوە، زۆرجار لەگەل خۆی
بەو هیوایە دڵی خۆی خۆش ئەکرد:
" خین قەت نابیتە ئاو...تا زووە ئەمن ئەبی شتەک بکەم.. ".
ئەو هەمیشە لە خەمی ئەوە دابوو شتێک بکات بۆ ئەوەی راستیەکان دیزە
بەدەرخۆنە نەبن، تا کات وتەمەنیش جارێکی تر هەلێکی تری لە دەست نەدەن،
ئەو لە درشت ووردی سەربووردەکانی ژیانی تۆ ئاگادار بوو، بەڵام تۆ لە
زۆر شت بێ خەبەرو بێ ئاگا بووی، وەکو ئەو نەبووی لەبەرامبەر بەسەرهات
ورووداوەکانی بنەماڵەکەت، ئەو خۆی بۆ ئەوە تەرخان کرد بوو، بۆیە
بریاریدا ئەوجارە واز نەهێنێت، هەموو هەولەکانی بۆ ئەوە بوو کە بتوانێت
لە دەرفەتێکدا لەگەلتدا بدوێت، بەڵام لە نەگبەتی تۆو ئامۆزاکەت،
بنەماڵەی باوکت لەگەل ماڵی باوکی دایکت هیچ داوەدەزووێکی پەیوەندیان لە
نێواندا نەبوو تا بە ئاسانی قسە لەگەل یەکتر بکەن، هەرلە ساڵە شوومەکەی
دوای ئەوەی دایکت بە خۆی ولانکێکەوە لە زیندان ئازاد ئەبن، تۆش وەکو
کۆرپەلەیەکی پێنج مانگی ناو لانکەکەو کوڕی زیندان ئەو شەوە بۆ یەکەمجار
جادە ئەبینی، بەیەکەوە ئەکەونە رێ یەکێک بێ مێرد وئەوی دیکەش بە بێ
باوک، تۆ ئەو منداڵە ئەبیت کە لە زینداندا لە دایک ئەبێت وناوی (بەندی)یت
لێ ئەنرێت دایکت دوای ئەوەی خۆی وەکو بێوەژنێکی تەنیا ئەبینێت، لە
رەسەنێتی ژنێتی خۆی و سروشتی دایکایەتی تۆ خۆش ئەبێت وئەکەوێتە دوای
چارەنووسێکی تەمەنی گەنجی خۆی و لەبەرچاو بزر ئەبێت وبەرەو شوێنێکی
نادیار رێگا ئەگرێت..
ماڵێک کە تێکچوو بە ئاسانی وەکو جارانی لی نایێتەوە، ئەگەر هەژان
وتێکشکانی گەورەتریشیان بە دواوە نەیەت، بارەکان ئاسایی نابنەوە، بەعس
هەر ماڵەکانی تێک نەدا، بەلکو باری ژیانی ئاسایی ئەو کەسانەشی تێکدا کە
لە ماڵەکەدا مانەوەو نەمردن، ئاسەوارەکان لە کارەساتەکان گەورەتر بوون..
لە کاتێکدا مناڵێکیش نایەوێت بێ دایک بێت، ژنێک دەست لە دایکایەتی خۆی
بەر ئەدات، بەڵام ئەو بڕیاری خۆی ئەدات کەسێکیش ناتوانیت رایگرێت بۆیە
بە لای ئەو گرنگ نەبوو چۆن بژیت، هاوکات ژنێکی دیکە ئەبێتە دایک و وەکو
فریشتە بۆ تۆ لە ئاسمانەوە دائەبەزێت بۆ تۆ ئەبێتە دایکی راستەقینە،
ئەویش خوشکێکی ئەو دایکە بێبەری لەو کۆرپەلەیە بوو، وەکو کوڕی خۆی
پەروەردەی ئەکات تا ئەو کاتەی دوای راپەرین بەیەکەوە ئەبنە پەنابەرو لە
وڵاتی (ئوسترالیا) جێنشین ئەبن، ئەو ژنە ژیانی ئەو ئەگرێتە ئەستۆی خۆی...
ئەوە بنەوانی چیرۆکی ژیانی تۆ بوو بە بێ ئەوەی تۆش ئەو راستیانە بە
باشی بزانیت..
باران لە دەست هەورە تاریکەکان خۆی رائەپسکان، تۆش ئەورۆژە ئەوەندەت
حەز لە بارینی باران بوو، ئەتەویست لەگەل تنۆکە نەرمەکانی ئەو بارانە،
ئارام ببیت ووەکو تنۆکیکی بێدەنگ داباریت، ئەمڕۆکە زیاتر لە رۆژان حەزت
لە باران کرد، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت تا کەسێک فرمێسکەکانت نەبینێت
وکەسیش بە خەمت نەزانێت، حەزت ئەکرد باران بێت و پەڵە تاریکیەکانی
ناوەوەت بشواتەوە..
(هیوا) ئەوجارە بڕیاری دا ئەو هەلە لە دەست خۆی نەدات بە هەموو شێوەیەک
هەول بدات ئامۆزاکەی خۆی ببینێت وقسەی لەگەل بکات، بەڵام چۆن دەست پێ
بکات ئەگەر شتێک نەبێت لێیەوە دەست پێ بکات، ئەو بڕیارەش خۆی لەخۆی
شتێکی سەختە، ئەوەی سەختیشە ئەو تۆ ئەناسێت، بەڵام تۆ ئەو ناناسیت وبێ
ئەوەی لە سەر سیماو روخساری ئەوەوە رەسمێکی دیاریکراوی ئەوت هەبێت یان
لە خەیاڵتدا شتێک هەبێت ناوی (هیوا) بێت...
ئەو دڵنیا بوو تۆ هیچ زانیاریەکی ئەوتۆی وات لەسەر واقیعی ژیانی خۆت
نیە، دەمێکە ئەو خۆزگەیە لە ناوەوەی (هیوا)دا کڵپە ئەکات وبڵێسە ئەدات،
تا سەر دەربێنێت، بۆیە وەکو راوچیەک خۆ مەلاس دابێت لە نێچیرێک، خۆی
تەیار کرد، پەلە بوو تا ئەو چرکەساتە ببینێت کە دەمێکە لە چاوەڕوانی
دایە، ئەو هەلە بقۆزێتەوە کە دەمێکە وەکو خەونێکی خۆش چاوەڕێی ئەکات،
بەپەلە بوو تا لەبەردەمتدا بچەقێت ویەکاویەک پاش سڵاوێکی گەرم وئامێز
لێک نانێک، خۆیت پێ بناسێنێت، هەرچەندە ئەوە بە قسە ئاسانە بەلام بە
کردەوە شتێکی دیکەیە، چونکە هەردووکتان بەرامبەر یەکدی دوو کەسی نەبان
ونامۆو نەناس و بێگانە بوون...
بۆیە ئەو ئەیەویست لەو زەمەنەدا یاخی بێت وبوار بە کات وتەمەن نەدات
چیتر غەدری خۆی لێتان بکات، ئەو بە ئیرادەیەک شەڕی ئەو قەدەرەی ئەکرد
تا ژیانێکی دیکە بۆ خزمایەتی ودۆستایەتی وبنەماڵە دابنێتەوە، رێگا لە
قەدەرێکی دیکەش بگرێت...
هەمیشە لە کاتی تەنگانەو پەرۆشیدا ئەو بۆ ئەو مەسەلەیە دەروویەکی وای
لە خۆی ئەکردەوە:
" ئەمن چیتر ئەو غەدرە زیاتر قبوول ناکەم ...بەعس باب ومامی لێم ستاند
ئەوانیش کوڕەمامم...تازە ئەمن قراری خۆم داوە قەتیش لێی پاشگەز نابمەوە...".
تۆ ئەو ساتە خۆشەت هاتەوە بەرچاو کە هەردووکتان لە کۆلانێکی تەسک
وباریک کە بە ناوقەدی کۆسپینداری (مەحمەوێسان)دا ئەڕۆیشت، ئامێزتان لە
یەکتر وەرێنا بوو لە بن دارسپیندارێک دووبەدوو دانیشت بوون، هەموو ئەو
رازو نهێنیانەی لە دڵ ودەروونی ئەودا پەنگیان ئەخواردەوە، لە بەردەمی
تۆدا دایئەنان، وەکو ئەوەی کۆڵێکی گرانی دێرزەمانێک لە شان بێت وداینا
بێت، بە قووڵی هەناسەیەکی خۆشی دا، ئەتزانی ئەو چەند بە پەلەو دڵخۆش
بوو بۆ هاتنی ئەو رۆژە، تا هەردووکتان بەیەکەوە دانیشن وگوێ لە یەکتر
بگرن...
ئەو ئەیەویست وەکو ناوەکەی خۆی رەفتار بکات، ناوی (هیوا) ببێتە هیوایەک
بۆ تۆ تا گڕێکی گەشی ژیانی تازەت ببینی، راستە هەردووکتان لەیەک کات
وبە یەک قەدەریشدا بێ باوک بێ مام وهەتیو ئەبن، بەڵام ئەو لە ناو
ماڵێکی ئاسایی خۆی وخێزانێکی سروشتی خۆیدا هەراش ببوو تۆش لە ناو
ئامێزێکی دوور لە دایکی رەسەنی خۆت ودەوروبەرێکی جیاوازو نائاسایی، لە
ماڵێک گەورە بوویت کە هیچ شتێک بۆنی ژیانی ئاسایی لێ نەدەهات، هەروەکو
سات وشوێنی لە دایک بوونت ئاسایی کە نەبوو هەموو شتەکانی دیکەشت ئاسایی
نەبوون...
ئەو ناوەی (بەندی) چەند لە خۆم هاتووە من لە ژیانمدا چەند بە بەندیی
ژیاوم، ئەو کاتەی من لە ناو زگی دایکمدا بووم بەند بووم ئەویش لەناو
زیندانێکدا بەند بوو، هەردووکمان لە بەندیخانەیەکدا بەند بووین، یەکەم
شتم ناسی بەندیخانە بوو هەر لە بەندیخانەشدا لە دایک بووم وچاوم بە
قوفل وشیشی دەرگا ژەنگاویەکانی ئەوێ هەڵێنا، ئەو کاتەی من هاتم، باوکم
دەمێک بوو لەگەل سێ مامەکانم لە بەندیخانەدا گوللەباران کرا بوون،
بەندیخانە سەرەتای ژیانم بووە ولەوێشدا کۆتایی بە هەموو شتێکم هات...
من لە ناو زگی دایکمدا جگە لە زڕەی زنجیرو دەنگی تەقەتەقە ناخۆشەکەی
کردنەوەی دەرگای زیندان، مۆسیقایەکی خۆش و قسەیەکی خۆشم نەبیست، چەند
خۆش بوو لە بڕی ئەوانە دەنگی باوکم لەبن گوێم دەنگی بدابایەوە، من چۆن
ئاسایی بم کە ژیانم سەرتاپای هەر نائاسایی بوو بێت، من کە زمانم لەبیر
کردووە ناهەق نەبووم هەوڵم داوە خۆم لەبیر بکەم ویستم بەندیخانە لەبیر
بکەم، وڵاتم لەبیر بکەم، ئەو وڵاتەی کە ناسیم جگە لە ناخۆشی
ونابەختەوەری شتێکی دیکەی بە من نەناساند...
ژنێک دوور لەماڵ بە بێ مێرد، دوور لە بنەماڵیەک، لە بەندیخانە منداڵیکی
ئەبێت وهەرچەند ئەگەڕێت ناوێک نادۆزێتەوە، تا لە کات وشوێنی لەدایک
بوونت بێت، جگە لە ناوی (بەند)ی هیچ ناوێکی دیکەی بە خەیاڵیدا نایێت،
بەبێ شیرو بەبێ خواردنی باش لە زیندان گەورەت ئەکات و خۆی ئەبێتە باوک
وخۆیشی ئەبێتە دایک، ئەو ئەبێت خەم لەخۆی وخەم لە هەموو شتێکی تۆ بخوات،
(بەند)ی ئەو ناوە لەو رۆژەوە وەکو مۆرێکی ناکام بە هەنیەو سیماو
چارەنووستەوە ئەنووسێت ولێت نابێتەوە هەرچەند خۆت رابتەکێنی ولە دەستی
رابکەی ولێی دوور کەویتەوە، هەر ئەبێت رۆژێک بگەرێیەوە لای ولێت دوور
ناکاوێتەوە، هەمیشە لەگەلت ئەبێت و لەگەلت ئەژیت ولەگەلت ئەمێنێتەوە..
ژیانێک کە ئاسایی نەبێت، مرۆ چۆن ئەتوانێت ئاسایی بێت، ئەو ژیانی خۆی
چۆن ئاسایی کاتەوە، ئەو لە بەندیخانەدا بە بەندی لەدایک بووە، ئاسان
نیە خۆی لەو دەوروبەرەدا ئازاد بکات وخۆی بە بەندی نەزانێت کە ناوی
بەندی بێت وهەموو ژیانی بەندی بێت، خۆی چۆن پێ ئاسایی ئەکرێتەوە چۆن
خۆی بە ئازاد بزانێت چۆن ببێت بە منداڵیکی دیکەو مرۆیەکی دیکە، کە
هەموو شتەکانی لە دەوربەری ئەو نائاسایی بن، رەنگە مەنفاو تاراوگە
باشترین وکۆک ترین دەوروبەر بن بۆئەوەی خۆی لەبیر بکات ورابردووی لەبیر
بچێت، هەرلەبەر ئەوەش هەولیدا زمان لەبیر بکات وڵات لەبیر بکات، بەڵام
کێ ئەتوانێت لە سێبەرو تارماییەکانی وڵات ونیشتمان رابکات، کێ ئەتوانێت
زمانی دایک لەبیر بکات ئەگەرچی دایکی بەندی ئەوی لەبیر کرد، نیشتمان بە
کەلتوورەکانی هەمیشە وەکو دێوەزمەو کابووس راوی هاوڵاتیەکانی ئەنێت،
ئەوەتا دوای چەند ساڵیک نیشتمان لە سەر زمان وپەیڤ وپەیکەری (هیوا)وە
دێت وقسەو رابردووی وەکو شریتێکی کۆن بۆ لێ ئەداتەوە...
ژیانی دایکی (بەند) یش خۆی لە خۆی رۆمانێکی دوورو درێژی پڕ لە مەینەتیە،
چەند (بەندی) قوربانی گوناهی دایک وباوک ودەوروبەرەکەیەتی، ئەویش
قوربانی گوناهی کۆمەلگا ودەوروبەرو خۆیەتی، هەر بۆیەش لەتاو ئەو
گوناهانەی بەرامبەر هاوسەرەکەی وماڵەکەی کردی، نەیتوانی زیاتر درۆ
لەگەل خۆی ودەوروبەرەکەی بکات، هەڵات ماڵەکەی بەجێهێشت مناڵەکەی
بەجێهێشت وخۆی تەنیاتر کرد، تا لە تەنیاییدا خۆی لەبیر بکات ورابردووی
لە بیر بکات، تارمایی مێردو کەسوکارەکەی لەبیر بکات، بۆیە بڕیاریدا
رابکات وخۆی بزر کرد، ئەو بەمە خۆی کوشت وتۆڵەی لە تارمایی خۆی کردەوە...
گەلێکجار خەمێکی گەورە ئەبێتە هۆی نزیک بوونەوەی ماوە دوورەکان،
سنوورەکان هەرەس دێنن ،(بەندی) بەرلەوەی بگەڕێتەوە، بێخەم بوو یاخود
رەنگە بیری لە خەمێکی لەو رەنگ ولەو بابەتەی نەکرد بێتەوە، بەڵام کێ
ئەیزانی (بەندی) خۆشبەخت، لە دوورەوڵاتێکی بەختەوەردا خەمێکی
نابەختەوەر هەیە خۆی لی شاردۆتەوە، لەپڕ لە ژیانیدا لە یەکەم سەردانی
بۆ وڵاتی دایک سەردەر دێنێ وچاوەڕێی ئەکات، کێ بوو ئەیگووت رابردوو
ئەڕوات ووەکو مردوو وایە ناتوانێت هیچت لەگەل بکات، ئەوە نیە لە
کاتێکدا ئەو ئەیەوێت لەگەل داهاتوودا بڕوات ورابردوو بخاتە دواوەی خۆی،
رابردوو رێگەی پێ ئەگرێت وناهێڵیت رەت بێت، مرۆ ناتوانێت لە خەمەکانی
رابکات وخۆی لێیان دابڕێنێت...
(هیوا) تەنیا ئەوەی ئەزانی کە تۆ لە دەوربەرێک گەورە بووی ئاسان نەبوو
راستیەکان لەوێوە بە ئاسانی وبە ئاسایی دەستت بکەون، یان وەکو خۆی
بگێڕدرێنەوە، چونکە بەرژەوەندی ئەوان لەوە دابوو هەندێک شت نەئەبوو
دەرکەوێت وشاردنەوەی باشتربوو، بۆیە (هیوا) بریاڕی دا خۆی قسەت لەگەل
بکات، بەڵام دیارە هەموو رێگایەکیش بە بێ گرفت نابێت، ئێستا ئەو بیر
لەوە ئەکاتەوە چۆن وبە چ زمانێک لەگەلت بدوێت، چونکە وەکو بیست بووی کە
کوردیزانێکی باش نیت و زیاتر بە ئینگلیزی قسە ئەکەیت...
ئەو رۆژەی چاوەکانی تۆ بۆ یەکەمجار فرمێسکێکی گەرمتریان تێئەزا ئاسمانی
سەر سەریشت بە هەور دڵی پڕ ئەبوو لە ئاوی تێزاو ، لەو پاییزەدا
پاییزەکان لەبەردەمت ئەگۆڕێن، تۆ لە پاییزی شار نەئەگەیشتی کە چ
وەرزێکی پڕ دەردو ناهەموار بوو چ هەستێکی ناخۆشیش بوو بۆ خەڵکی ئاوایی
شەقڵاوە، چونکە تۆ بە گەورەیی لەو شارەدا دابڕای ورۆیشتی، تا دوینێ
پاییزی تاراوگە بەلای تۆوە رەنگ گۆڕین و وەرانی قژی زێڕینی دارەکان
وخەزانی زیوین بوو، بەڵام لە ئەمڕۆکەوە پاییز بەلای تۆوە رەنگ وبەرگێکی
دیکەی ئەبێت دوای پاییزی ١٩٨٧ کە خەمی ئەو خەڵکە جارێکی دیکە لەگەل
خەمی ئەو داروبارەی شار ئاوێزانی یەکتر وهاوژانی یەکتر ئەبن تا
سەبووریان بەیەکتر بێت، لەگەل دابارینی مەرگی پەلکە زەردو گەڵا سۆرو
نارنجیەکان، مەرگی ٢٣ کەس لەو پاییزەدا وەران، ئاخر پاییز لەو شارەدا
لە حەشری نامرادی و نائومێد کردنی خەلک زیاتر شتێکی بۆنخۆش ومژدە
هێنەری لەگەل نەبوو، تۆش لە پایزدا هاتیەوە تا رەنگەکان وەکو خۆیان
ببینی، بەڵام تۆ وەکو ئەو کەسە نەبووی ساتێکی دوورو درێژت لە سایەی ئەو
پاییزەدا لەو شارەدا بەڕێ کرد بێت تا وەکو هەموو ئەو دەورو بەرەت لە
شینی داروبار ودەرد وحەیفی ئەو خەڵکە تێبگەی...
باران تا ئەهات بە خوڕتر دایئەکرد بۆ تۆش ئەو رۆژە رۆژێکی تازە بوو لە
ژیانت وبە شێوەیەکی دیکە هەستت بە ژیان وباران وپاییزەوە ئەکرد، لەوانە
بوو پێشتر ئەوها نەبوو چونکە تۆ لە هەندەرانی ئوسترالیا هەرگیز وەکو
ئەمڕۆکە بەو شێوەیە پاییزت نەبینیەو بە هاتنی پاییز هەراسان ودڵگران
نەبوویت بەلکو بە گۆڕانی رەنگەکان دڵت خۆش ئەبوو هەستێکی وا لە دەروونت
گەڵالە ئەبوون تۆ لە ناو تابلۆیەک دابیت وبە پێی حەزی خۆتەوە دەستکاری
رەنگەکان بکەی کاڵ وتۆخ وتێرو ناتێریان بکەی...
هەروەها بارانیش بۆ تۆ لەزەتێکی تری جیاوازی ئەوتۆی هەبوو کە هەستت بە
خۆدابڕانێکی زەمەنی ئەو شتانەی دەوروبەرت نەئەکرد، بەڵام ئەمڕۆکە بە
لای تۆوە شتێکی دیکەن وئارەزوو ونەستێکی دیکەن باڵ بە سەر ناوەوەو
دەرەوت دائەگرن، عەشقی خۆدابرینت وەکو ئەو بارانە وا بە دڵ راچووە کە
ناتوانی بریار بدەی و وەکو ئەو خەڵکە لە دەورو بەرت دان وابیت کە بە
پەلەیانە زوو بگەنەوە ماڵەوەیان تا لەوە زیاتر تەر نەبن، کەسانێک لە
قەدەری خۆیان رائەکەن، تۆش ناتوانیت لە قەدەری خۆت رابکەی ئەبێت ئەو
بارانە بێت وتەڕت بکات ، ئەبیت ئەو قەدەرەشت بێت وبیبینی...
تۆ حەزت ئەکرد ئەمرۆکە بەو بارانە رۆح وجەستەی هیلاکت بدەیە بەر شەپۆڵی
رێژنەو لێزمەی ئاوە داچۆڕاوەکە تا خۆت سەر لەنوێ بشۆیت وپاک ببیتەوە
وەکو ئەوەی یەکێک بیەوێت وسڵێک لەخۆی دەربکات وگوناهەکانی یەکە یەکە بە
ئاوی دەستنوێژێک بشوات ولە گوناه رووت ببیتەوە، مرۆڤی خۆشبەخت ئەوانەن
کە لە نائاگاییدان کە بە ئاگا دێیتەوە ئنجا گوناهە وکوفرەکانی رابردووت
دەست پێ ئەکەن سەرت تێ ئەکەن، ئەویش نابێت دەست هەڵگرێت وئەبێت بەتاڵ
ببێتەوە..
بۆیە ئەو رۆژە پاییزە جیاوازتر لە رۆژانی دیکەی حەزت ئەکرد هەموو
کۆڵانەو جادە تەسکەکانی شەقڵاوە، لە نوێ بخەیتە زاکیرەتەوە، بۆیە حەزت
کرد پێ بە پێ بگەرێیت وهەستیان پێ بکەیت، بۆنی گەڵاو خەزەڵ ودارە
رووتەکان بکەی، جگە لەوانیش تێکەڵاوی هیچ جیهانێکی تر نەبیت ونەهێلیت
کەسیش لەگەلت هاودەمی ئەو هەستە نامۆیەت ببێت، هەر خۆت بە تەنیا بیت لە
سەرکەوتنی ئەو هەورازەدا بەتەنیا سەرکەویت کە ئەشێت ژیانی داهاتووت لە
سێبەری ئەو واقیعە تازەیە پڕ هەوراز ببێت..
تۆ ئەو خۆدابڕانەت لەگەل دەوروبەرت دەمێک بوو پێویست بوو، بۆ ئەوەی
بتوانیت بوێرانە رووبە رووی هەموو ئەو حەقیقەتانە ببیتەوە کە رابردووی
خۆت ودایک وباوکی راستەقینەت پێیانەوە بەندە، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانیت
بە دلێکی فراوەنەوە دوور لە سۆزو وەفا، راستگۆیانە مامەلە لەگەل ئەو
کەسانە بکەی کە راستی واقیعی ژیانتیان لێ گۆریوە، تۆ پێویستت بەوە بوو
سیمای بن دەمامکەکان بناسیت کە ئەمڕۆکە دەمامکەکان لە بەردەم راستیدا
ئەکەونە خوارو ناوەرۆکیان ئاشکرا ئەبن....
ئەو تەنیاییەت خۆرزگار کردنێکە لە واقیعی رابردووی دوێنێکەت وچوونە ناو
سەربوردە راستەقینەکانی ژیانی منداڵیت، چونکە تۆ ئێستا بە راتەکاندنت
لە لایەن (هیوا)وە لەخەوێک راچەنایت و لە خەیاڵێک با ئاگا هاتیتەوە، بە
شێوەیەک هەموو ئەو رۆژانەی تەمەنت ئەخەنەوە بن پرسیاری وردو درشت کە
ساڵانێکی دووورو درێژە جیهانی خۆت لە سەر بناغەی وەهم وئەندێشەی رووت
ونائاسایی هەڵچنیوە، ئەمرۆکە لەو خەوە قووڵەت بێدار ئەبیتەوە...
ئەمڕۆکە حەزت نەئەکرد هیچ کەسێک لەوانەی لە نزیکتەوە هاودەمت بوون لە
ژیان، بێنە بەرچاوت، لەبەرئەوەی هەستت ئەکرد ئەوان ئەو کەسانە دڵیان
بەو قسانە خۆش نابێت کە گوێت لێ بگرن، راستە پلکەکەو مێردی پلکەکەت
ژیانێک خۆشیان پێ بەخشی کە جێگەی دایک وباوکتیان گرتەوە، بەڵام لە تەک
ئەو بەخشەندەییانەوە درۆیەکی گەورەت بەرامبەر ژیانی خۆت ئەدیت،
ئەوانیشت وەکو درۆزنێکی گەورە ئەدیت، هەستت ئەکرد ژیانت درۆیەکی
گەورەیە بە گوناهێک هاتیە دونیاو بە درۆیەک گەورە بوویت وحەقیقەتەکانیش
بەگوێرەی درۆو گوناهەکان دیاری ئەبن...
لەو کاتە سەرو سیمای پڕ بەرائەتی هیوات هاتەوە بەرچاو ئەو گەنجە پاک
وبێگەردەت لەبەردەم قیت بووەوە، کە هەولی ئەدا بە هەموو شێوەیەک لەگەلت
قسە بکات وباسی راستیەکان بکات، هەستت ئەکرد تاکە کەس کە لە دەوروبەرت
بن ئەوها راستگۆ بن وشتت لێ نەشارنەوە ئەوا (هیوا)یە، ئەو دەم وچاوەی
بە درێژایی ژیانت لەبەردمت بوونی نەبوو ونەناسراو بوو، ئێستاش لەو
ماوەیە کورتەدا، رۆژی چەند جارێک بە بەرچاودتدا دێت ورەت ئەبێت کە
هەولی ئەوە ئەدا شتێکت پێ رابگەیەنێت، بەڵام بە بێ ئەوەی تۆ بزانیت ئەو
شتە خۆشە یان نا...
ئەو لە هەولەکانی خۆی نەکەوت تا ئەو رۆژە هات کە دواجار وەکو
پاڵەوانێکی خەیالی لەبەردەمت بە قەمەرەکەی قیت وەستاو بە بێ سێو دوو
دەرگای پێشەوەی لێ کردیەوەو بەپڕتاوێک پێی گووتی:
" بەندی وەرە سوار بە هەندێک راستی هەیە لە ژیانی توو ..حەز ئەکەم گێم
لێ راگری..لۆ خۆشت باشە ئەو شتانە بزانی...".
سەرت سوڕمابوو لە جورئەت راستگۆیی گەنجێکی نەدیتی ونەناسی، تۆش
یەکاویەک زوو باوەڕت پێ کردو بێ دوودڵی متمانەت بە قسەکانی کرد بێ
ئەوەی پێشتر ئاشناییتان لەگەل یەکتردا هەبوو بێت لەگەلیدا سوار بووی،
ئەو رێکەوت وبەسەرهاتەت وەکو خەون ولایەنێکی چیرۆکە ئەفسانەییەکانت
ئەهاتە بەرچاو کە چۆن ئەوها زوو توانی لە دڵت بێتە ژوورەوە...
بە تایبەتی ئەو بەو زمانە کوردیەش ئەدوا کە تۆ زەمانێکی زۆرە لێی دوور
کەوتیتەوەو زۆر باش شارەزای ئەو چەمک ووشەو دەستەواژانە نەما بوویت،
چونکە ماوەیەکی زۆر بوو زمانی (ئینگلیزی) بە سەر زمانی دایک ومالەوەتان
زاڵ ببوو، جا ئەوەی تۆی لە (هیوا) نزیک کردەوە، زمانی سۆزو سادەیی
ناوەوەی هیوا بوو نەک زمانی قسە کردنی کوردی (هیوا)، بۆیە بڕیارت دا
لەگەلی بچی وگوێشت بەوە نەدا چ ئەبێ یان نابێت....
لە کۆڵانەکە بەو رەهێلە بارانە سەرئەکەوتی یەک دووجار پێت خزی
وسەرسمێکت برد، بەڵام باش بوو نەکەوتی وخۆت راست کردەوە، لەگەل
تاودانێکی خۆت سەرو سیمای پڕ بەرائەت وراستگۆیی هیوات هاتەوە بەرچاو کە
لە کاتی قسە کردندا بە بزەیەکی جوان جارجار لە بڕی وشەیەک، سیمای
رووناک ئەبووەوە، هەروەها کاتێک نیگای چاوەکانت لە نیگای چاوەکانی ئەو
یەکانگیر بوون جۆرەها پرسیارو وەڵام وقسەت لێی خوێندەوە، بەڵام لەبەر
ئەوەی ئەو ئینگلیزی نەئەزانی هەر ئەوەندەی لێ تێگەیشتی:
" بەندی کاکە ئەمن ئامۆزاتم یانی کوڕە مامتم...گێم لێ بگرە ئەوەی ئەمن
پێت ئەلێم هەمووی راستە ...درۆ نیە... ".
ئەتووش نەتئەزانی چی پێ بلێی وچۆن پێی بلێی هەموو ئەو شتانەی ئەو
ئەیلێت ئاسان نیە لێیان تێبگەی، بۆیە وەکو کەڕولال بە دەست وئیشارەت
پێت گووت ئەمن تێناگەم ئەلێی چی، هیواش کە زانی ئەو زمانە هاوبەشەی باب
وباپیرانت کە لە نێوان دوو ئامۆزادا دەبوو حزووری هەبووایە، نەماوە
رۆژگاری ناڵەبار ناهیڵێت لەیەکتر تێبگەن ئەوها رووی تێکردی:
" باشە کاکە بەندی ئەمن لێت تێگەیشتم...ئەتوو زمانی ئینگلیزیت لەمن
ئەوێ.. بەران باور کە ئەمن فڕم بەسەر ئەو زمانە نیە..بەران ئەمن واز
نایەنم تا هەموو شتێکت پێ نەرێم..هەستە با بچینە ماری خارم ئەو
مامۆستایە ...با ئەو بێتە ما بەینمان بە تەرجەمە قسەت لۆ ئەکەم.... "
ئەو کۆڵانەشت تەواو کردو گەیشتیە سەر جادەی (بێترمە)، هەموو لەشت لە
ناو ئاوی باران ئەچۆڕایەوە هیچ شوێنێکت نەمابوو تەڕ نەبێت تەنیا
ددانەکانت نەبێت وشک بوون، ئەو رۆژە باران بۆ تۆ هەر بارانێکی ئاسایی
نەبوو هاوەڵێکی سەر راستت بوو، ئامێزتان بۆ یەکتر کرد بووەوە، دڵنەوایی
یەکترتان ئەکرد، دوای چەند ساڵ دوور کەوتنەوە لە وڵاتەکەت وشارەکەت پاش
دەرکەوتنی راستیەکان، ئەو رۆژە چەند حەز ئەکرد تامی پەژارەی پاییز
وبۆنی بارانەکەی بکەی....
ویستت لە سۆمای ئەو بارانەوە بە خەیاڵ سەفەرێک بۆ ساتەکانی بەربارانی (ئوسترالیا)
بکەی، بەڵام یەکاو یەک روخساری پڕ قسەی (هیوا)ت لە بەردەم چەقاو
نەتتوانی بەو خەیاڵە خۆت مەست کەی، قسەکانی هیوات هاتنەوە بیر کە
مامۆستا (رەشید) بۆ هەردووکتانی تەرجومە ئەکرد، بەڵام ئەوجارە
دانیشتنێک نەبوو لە چاوەڕێی بریاڕێکی پەنا وەرگرتن بێت پاش خستنە رووی
کێسەکەی خۆت، بە زمانێکی بێگانە بۆ ئەوەی لەو وڵاتە بمێنیەوە، بەلکو
کێسی راستەقینەی ژیانی خۆت بوو لە وڵاتی خۆت بەداخێکی زۆرەوە ناتوانیت
بە زمانی دایک ورەسەنی خۆتەوە چاوەڕێی بکەی تا بڕیارێک بۆ مانەوەوەی
خۆت لێرە بدەی...
چاوەکانت پڕ ئاو بوون دەستێکت بە هانای چاوەکانت برد تا وشکیان کەیەوە،
لە سەر رووبارەکەی(ئوسترالیا)دا ئەو رۆژە باشتر بیرت لە قسەو سۆزە پاک
و رەوانەکەی (هیوا) کردەوە، بۆیە بڕیارت دا بگەرێیەوە ئەوجارە هەول
بدەی بچیت وزمانە کوردیەکەت لەوێ باش بکەی وجارێکی دیکەش بە زمانیکی
کوردیەوە گوێ لە ئامۆزاکەت بگریت بە کوردیەکی تێر، تێر قسە لەگەل
ئامۆزاکەت بکەی وباوەشێکی کوردانەی گەرمتر بەیەکەوە بکەن، تا لە
حەقیقەت بگەی، تا باوکت و دایکت و بنەماڵەکەت سەرلەنوێ بناسیەوە لە
نێوان وڵات ودوورەوڵاتیدا ئەبێت یەکێک هەڵبژێریت، لە نێوان رابردوو
وداهاتوودا هەرئەبێت یەکێک هەڵبژێریت، ئەو ئەزانێت ئەگەر دوورەوڵاتی
وداهاتوویەک لە دوورەوڵاتی هەڵبژێریت، هەرگیز ناتوانێت ئاسوودە بیت،
ئاسوودەییش دابین نابێت، ئەگەر وڵات و رابردووش هەڵبژێریت، ئەوا دیسان
ناتوانیت تا رادەیەک ئاسوودە بیت، ئاسوودەییش دابین بکەی، چونکە
هەردووکیان سەرچاوەی دڵنیایی ونادڵنیا بوونن، کەوابوو ئاسوودەیی لە کوێ
ئەدۆزیەوە....
بەندی ئەوها لەگەل خۆی هاتە قسە:
" ئاخر ئەمن ئەگەر لە ناوەوەی خۆم ئاسوودە نەبم کو ئەتوانم ئاسووودە بم....قەت
ناتوانم ئاسوودە بم ئەگەر لە بەهەشتیش بم...هەموو ئاسوودەییەک لۆمن
کاتییە هەمووشیان دواییان دێت..ئەوەی دوایی نێت چیرۆکی ژیانمە..جا
ئەبێت بڕیار بدەم بە بێ ئەوەی بیر لە ئاسوودەیی بکەمەوە..ئەبی بیر لە
گەڕانەوەیەک لۆ خۆم ورابردووم بکەمەوە..هیچ کەس بە بێ رابردوو
ناژیت..ئەگەر رابردووت دیار نەبێت ناتوانیت بگەیە داهاتوویەکی دیار...بە
بێ رابردوو هیچم پێ ناکرێ..ئەمن ئەبی بگەڕێمەوە..تا بزانم ئەمن کێم..چ
کەسێکم..لەوێوە ئەتوانم دەست پێ بکەمەوە..لەوێ هەول ئەدەم لەنوێوە
بژیم..جا ئەتوانم ئەوکات بیر لە ئاسوودەیی بکەمەوە..."
٢٠١١
- ٢٠١٢ - کوردستان - هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|