په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٢\٢٠١١

بە نەمانی موبارەکیشەوە هەرهەمووان گرەو لە سەر سوپا دەکەن.


مەهدی کاوانی     


بە شێوەیەکی گشتی و لە بەشی هەرەزۆری ئەو وڵاتانەی کە ڕاپەڕین تیایە لە پێناو ڕووخانی حکومەت و گۆڕینی سیستەمەوە بووبێ ، سوپا نەک تەنیا ڕۆڵێکی خراپی نەبووە ، بەلکو هەمیشە کەوتووەتە بەر گومانی ڕژێمەوە نەوەکا لە دژیا کودەتا بکەن یان خۆیان بدەنە پاڵ خەلکی ڕاپەڕینەوە . شتی وا ڕێدەدا کە ڕژێم تیمی تایبەتی و ڕاستەو خۆ بۆ پاراستنی خۆیەوە و وابەستە بە خۆیان هەبێت لە شکلی فرقە یان فەیلەق و لە زۆربەی وڵاتان بە سوپای کۆشکی کۆماری یان مەلەکی ناو دەبرێن وەک ئەوەی لە هەرەسی بلۆکی بەناو سوسیالیستی ڕوویدا و پێش ئەوانیشەوە فەیەلقی شاهەنشاهی لە ئێران و حەرەس جمهوری سەربە سەدام و هی میسرو ئەردەن و وڵاتانی تری کەنداویش ، بە هەمان شێوە . لەو حالەتەدا ئەو وڵاتانە لە دوا جاردا ئەگەر ناچار کران ئەو سوپا تایبەتیەیان دەخەنە پاڵ دەزگا داپلۆسینەکانی تریان لە بابەت دەزگاکانی ئەمن و ئیستخبارات .


لە تونس گەورەترین ترسی زینالعابدین سوپا بوو نەوەکا کودەتای بەسەردا بکات . سوپاش لەوێ هەلوێستی نیشتمانیانەی خۆی نواند کە شانبەشانی لیژنە دروست کراوەکانی خەلکی ڕاپەڕیو پارێزگاری لە و بارە نائاساییە بکەن کە هەلومەرجی ڕاپەڕین بەدوای خۆی دەهێنێ واتە پاراستنی دامەزراوە دەولەتیەکان . حالی حازر لە مسریش نێوانی سوپاو خەلکی ڕاپەڕین ، هەمان لێکەوتەی تونسی لێکەوتۆتەوە .


شەوی(٣١/١/٢٠١١) سوپا بە ڕەسمی لە بەیاننامەی خۆی شەرعیەتی خۆپیشاندانی داو گوتی ئێمە نەک لە دژی خەلکی ڕاپەڕیو کاروکاردانەوە ناکەین ، بەلکو پارێزگاریشیان لێ دەکەین . ئەو هەلویستەی ئێستای سوپاو ئەو سەرکەوتنەی کە خەلکی ڕاپەڕیو لە شەوی غەزەبی هەینی کە دەزگای ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیسیان لە گۆڕەپانەکە وەدەرنا ، مانای ئەوەت دەداتە دەست کە ڕژێم کەمترین سەرەداوی مانەوەی خۆی بە دەست ماوە بە تایبەتی (١/٢/٢٠١١) ، کە دوور لە پێشبینیەکان زیاتر لە ٨ ملیۆن لە سەرانسەری میسر ، پڕژانە سەر شەقامەکان . تەنیا هی ساحەی تەحریری ناوەڕاستی قاهیرە تەجاوزی دوو ملیۆن کەسی کردبوو ، واتە یەک ملیۆن زیاتر لە پێشبینیەکان .


لیدوانەکانی هەمان شەوی موحەمەد حوسنی موبارەکیش زیاتر وەها لێک دەدرایەوە کە بەهۆیەوە شەقام سڕ بکا بە کۆمەڵە گفتێک تاوەکو زەمینەی دامرکاندنەوەی جەماوەر پێیەوە مسۆگەر بکات . لێکدانەوەی وەهاش هەیەکە بیەوێ بە موشەڕەف لە ناو بارەکە دەرچێ . لێدوانەکانی شەقام و بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی بەدەوریانەوەن ، هەندێ جیاوازی بەدی دەکرا لە مەڕ مامەلەکردنیان لە سەر کێشەکان . خەلکی ڕاپەڕیو هاوار هاوارەکانی هەمووی ڕۆیشتنی بێقەیدو شەرتی موبارەک بوو . هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت داخوازیەکانی بگەیەنێتە عومەر سولێمان ، هەندێکیان دەیان گۆت ئەو کارە پاش دەست لە کار کشانەوەی موبارەکەوە بێت ، ئیخوان موسلمین لە یەکەمجاردا داوای بایەکۆتی بەتەواوەتی دەکرد هەتا لە گەل سەرانی تری ڕژێمیشەوە و دەیەویست مەجلیسێکی حکومی نیشتمانی لە تەواوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و خەلکانی ڕاپەڕیو دروست بکرێ تا هەلبژاردن دەکرێ ، کەچی دواتر وەک هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن و شەقام بەشداری لە یەکەم وتووێژی لە گەڵ عومەر سلێمان کرد . بەرادعی دەلێ هەرچی زووە دەبێ موبارەک بڕواو سێ کەسیش هەلبژیرین بۆ سەرۆکایەتی میسر و دەسەلاتی تەواویان بدرێتێ و بۆ ماوەی سێ مانگ و بە دواشیەوە هەلبژاردن بکرێ . دوا لێدوانەکانی ئەمەریکاو لە زاری ئۆبامەشەوە دەڵێن دەبێ حوسنی موبارەک بە سلمی دەسەڵات تەسلیمی گەل بکات . ئیسرایل و لە زاری ناتەنیاهۆ و گەورە لێپرسراوانی تریان دەڵێن ترسی ئەوەمانە ئیخوان موسلمین بێنە سەر کارو ئاسایشمان تێک بدەن و زۆر بە هەستیاریشەوە تەماشای میسر دەکەن و بە دەولەتی راعی ئاشتی نێوان عەرەبو ئیسرایلی دادەنێن و دەڵێن لە ڕێگای ڕۆیشتنی یان ڕۆیشتنی سیستەمیان بە تەواوەتی وەک بڵێن ڕیسەکەمان لێ دەبیتەوە خوری و دەکەونە بارێکی نادیارەوە لە پاش ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکە دەکرێن . ڕاگەیاندنی وەهاش لە ڕێگای ویکلکس و ئەم و ئەوی ترەوە ، ئیسرایل کار بۆ ئەوە دەکات کە خەلەفی موبارەک عومەر سلێمان بێت . ئەو هەلوێستە تەم ومژاویەی گەورە لیپرسراونی ئەمەریکی و هەندێ جودایی لێدوانەکانیان ، مرۆ دەخاتە سەر ئەو ڕایەوە کە ئەمەریکا ترسی ئەوەی لێنیشتبێ ئەگەر موبارەک ناچار بە بەجێهێنان بکەن و لە ڕێگای خیرایی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە وباڵادەستی تەیاری دینی تیایاندا و لە ڕێگەیەوە کۆنتڕۆل لە دەستیان دەرچێ . بۆیە من ئەو لێدوانەی کە گوایە ئیسرایل کار بۆ عومەر سلێمان دەکا داوایەکی ئەمەریکیش بێت و لەو نێوەندەشدا ئەگەرچی بەڕێوەبەرایەتی واشنتون کۆمەڵە پەرچە کرداری نیشانی دەسەڵاتی ئێستای میسری داوە کە نابێ توندو تیژی بەکار بێنن و دەبێ ئازادی تەواو بدەنە دەست خەلکی ڕاپەڕیو و داواکانیان و ..... بەڵام هێشتا بە ڕەسمی بانگێشەی ئەوەی نەکردووە کە حوسنی موبارەک وڵات بەجێ بێڵێ . بە کورتیەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکی و تا ئیستاشی لە گەڵ دابێ خوازیاری نێوەندێکە کە لە ئایندە حکومەتەکەی ئه‌حمه‌د شەفیق فراوان بکرێ و تەواوی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیشی تێدا بێت و دامەزراوە دەولەتیەکانیش گۆڕانکاری کەمیان تێ بکەوێ .

 
بەڵام شەقامیش شەقامە، لێدوانەکانی شەوی (١٧/٢/٢٠١١)ی حوسنی موبارەک و ئاخاوتنە بەدواوەکانی عومەر سلێمان و بەیاننامە ژمارە دووی سوپا ، بە تەواوەتی شەقامی میسری پەست کردو لە ڕێگایەوەو وەک پەرچە کردار ئەو هەینە(١٨/٢/٢٠١١) گۆڕەپانی خۆپیشاندەران لە تەواوی میسر تەجاوزی ١٠ ملیۆن کردو لە هەمان ڕۆژیشدا گەمارۆی ئێزگەو تەلەفزیون و بەشی هەرەزۆری دامەزراوە دەوڵەتیەکانیان کردو بەرەو کۆشکی کۆماریش بەڕێ کەوتن و پیشم وابوو هەر ئەو پەرچەکردارە توندیەی جەماوەر بوو حوسنی موبارەکی ناچار کرد کە لە بڕیاری شەوی پێشتری پەشێمان بێتەوەو بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند .


مرۆ دەبی دانیش بەوەدا بنی کە ئەوەی ئێستا لە شەقامی عەرەب دەکرێ زیاتر بە ئاقاری بای بای کردنە لەو سەرۆک و سیستەمە سیاسیانەی کە دۆستی ئەمەریکاو بە شکلەک لە شکلەکان دۆستی ئیسرایلیش بوون . ڕاستە لە خۆپیشاندنی تونس و میسر شەقام و کەرستەکانی کۆمەلگای مەدەنی و گەنجانی تازە پێگەیشتوو و دوور لە ڕێکخستنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە کارەکە هەستاون بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان بتوانن لە کۆتایدا دەست بە کارەکان دابگرن بە تایبەتی ئەوان هێزێکی عەفەوین و بەرەی ئۆپزسیۆن و تەشکیلە سیاسیەکانیان وەک هێزی ڕێکخەر دێنە مەیدانەوەو لە میانەیدا بمانەوی نەمانەوێ بەشێکی فراوانی شەقام با لەگەلیشیان نەبێ ، دەتوانن بە ئاڕاستەی خۆیان ڕێکیان خەن لەو نێوەندەدا تەیاری دینی پلەی یەکەم و بە زەینی خۆم و دواتریش تەیاری چەپ و ڕادیتکالی و بگرە نیشتمانیش بەشی دووەمیان بەربکەوێ . ئەگەر بێت و ئێمە بەرواردێک لەو ڕووداوانەی پاش ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێنو هاتنی ئەمەریکیەکان بکەین لە گەل ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە تونس و میسر دەکرێ ، هی یەکەم ئەگەر چی زەمامی موبادەرەو کۆنترۆلی عیراق بە تەواوەتی لە بن دەستی ئەمەریکیەکان بوو کەچی ئەو پڕۆسیسە سیاسی و دیموکراتی و لێکەوتنەوەی هەلبژاردنەکان و لە عیڕاقی عەرەبی بەشی شێر بەر تەیاری دینی کەوتووە . بۆ عیراق وابێ کە کۆنترۆل لە بن دەستی ئەمەریکیەکان بێت ئەدی بۆ تونس و میسر چۆنچۆنی دەبێت کە کۆنترۆل لە بن دەستی ئەمەریکا دەرچووبیت . خەریکە لە لوبنانیش حکومەت ببێتە هاوبەشی نێوانی لایەنگرانی ڕۆژئاواو ئێرانی دینی بە حیزبوللە و سوریاشەوە . ڕەنگە هەندی جیاوازی لە نیوان عیراق و ئەو دوو وڵاتە هەبێت لە ڕووی زەمەنیشەوە ئەو ماوەیەی کە بە سەر ڕوخانی سەدامەوە تێپەڕیوە گۆڕانی زۆری لە ناوچەکە کردبێت و هەمدیسان تەیاری نادینیش چ بەشێوەیەکی ڕێکخراو چ وەک شەقام وجودیان کەمتر نەبێ بە پێکەوەیی لە گەڵ تەیاری دینی بەڵام گۆڕانکاریەکانیش لە گەڵ هەموو ئەو هۆکارانەشەوە لە ماڵی ئەمەریکی وڕۆژئاواوەیەو پروشکی ئەو گۆڕانکاریانە ، لە سەرەتادا کەمتر بەر ئێران و هاوشێوەکانی دەکەوێت .


ئێستاش کە گەل ئاهەنگی سەرکەوتن و دەست لە کار کێشانەوەی حوسنی موبارەک دەگێڕێ و بە دوایەوە وڵاتی میسر یانی ئێستاکە کەوتۆتە نێوەندێکەوە کە دەسەڵاتی فعلی لە بن دەستی سوپاوەیەو هەر هەموانیش چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە سوپا بە جۆرەک لە جۆرەکان پشتگیریان لێوە بکات . ڕاستە تا ١٨/٢ کار بۆ دەستلەکارکێشانەوەی موبارەک کرا بەڵام بە دوایەوە پێم وانیە جەماوەری ڕاپەڕیو دەست لە ئەژنۆ دانیشێ بەلکو ئەرکەکانی تا وادەی هەلبژاردنی نوێ و بە ڕای خۆمەوە هەلەوەشاندنەوەی پەڕلەمان و حیزبی دەسەڵاتدارو حکومەتەکەی احمد شەفیق بێت یان بەلانی کەمی دەبێ حکومەتە کاتیەکە کەمترین خەلکانی سیستەمی موبارەکی دەستلەکارکێشاوەیی تێ بکەوێ . لێرەدا ئەگەر سوپا بە تەواوەتی خۆ بداتە پاڵ لاینگرانی شۆڕشی ٢٥/١/٢٠١١ ، دەبێ ملکەچی تەواوی داخوازیەکانیانەوە بێت، ئەگەر هەلوێستێکی مام ناوەندیش نیشان بدات کە لە میانەیدا هەم ڕۆژئاواو پاشماوەی ڕژێمی کۆن رازی بکات هەم ئازادیەکانی خەلکیس بە تەواوەتی بەرەلا بکات ، ئەوا بە دوایەوە هەلبەتە جەماوەریش بە ڕازی بوون و نەبوون هەلوێستی خۆی دەبێ و لە زۆربەی حالەتەکان بە هەلویستی مام ناوەندی سوپا رازی نابێت . ئەو دوو بەیاننامەی سوپاش دەری کرد ، یەکێکیان پابەند بوونی میسرە بە گشت پڕۆتۆکۆڵ و ڕێکەوتننامەکانی پێشترو هی دووەمیشیان هەلوەشاندنەوەی مەجلسی شەعب و پەڕلەمان ، مانای چلاکی سوپا دەگەیەنێ هی یەکەمیان دەوروبەر بە تایبەتی ئیسرایل و ئەمەریکا دڵنیا دەکا بەوەی کە ئەوەی لە میسر ڕوودەدا بە دژی ئەوانەوە ناوەستێتەوە هی دووەمیشیان دڵنیا کردنی خەلکانی ڕاپەڕیوە بەوەی سوپا و بۆ داکۆکی کردن لە شۆڕشگێرانی ٢٥/١ هەنگاوی کرداری دەهاوێژێ . بە هەر حال ١٨/٢/٢٠١١ سەرەتایەکە بۆ ئەو گۆرانکاریانەی کە لە میسر و ناوچەکە دەکرێن و هەنگاوەکانی دواوەشی بەڕێوەیە.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی حه‌مید