٢٠\١\٢٠١١
بێن تێ ...
بێن تێ.

هیوا رەش
ئەمەى سەرەوە نە واژەیەکى بیانییە و نە ڕۆژێک لە ڕۆژان بیرم لێى
کردۆتەوە بەر گوێم بکەوێت، ئەو دەمە من سەرپەل بووم ، بڕوا بکەن
زیندانى بەعسییەکان کارێکیان پێ کردووم زۆربەى شتەکانیان بیر
بردوومەتەوە بۆیە داواى لێبووردن لە خوێنەران ئەکەم لە دیارى کردنى
کاتەکە و دەستنیشان کردنى شوێنەکە و ناوهێنانى هاورێکان، تۆ بڵێى ئەمە
هۆنینەوەى خەیاڵ بێت! یان زۆرێک لەو هاوڕێیانەى وەکو من هێشتا تاجى
شەهادەتیان لەسەر نەناوە و ماون شایەتحاڵى ڕووداوەکانن ؟ئاى لەو دەمانە
خۆزیا منیش شەهید دەبووم و ئەم ڕۆژەى ئێستا هاتۆتە دى وەکو ئاواتێکى
وەدینەهاتوو دەمبردە ژێر گڵەوە چش لەوەى دایک و باوک و خوشک و برام
لەبەردەم بارەگا حزبییەکاندا دەست وەڕوویانەوە دەنرا و لە پاشملەیاندا
پێیان دەگووتن : ((ئەمانە زۆر سەیرن کێ پێى وتوون کوڕەکانتان شەهید بن
، خۆ بۆ ئێمە شەهید نەبوون ؟ !)) .
بە هەرحاڵ (( بێن تێ ، بێن تێ )) سەرەتا و بۆ جارى یەکەم لە زارى
هاوڕێى تێکۆشەرى خاکى و پشوودرێژم هاوڕێ - مام ئەسکەندەر - ژنەفتم ،
لەم کاتەى ئەو بەعسییانەى ئێستا لەسەر دەستى سەرانى کورد خەریکە هێدى
هێدى دێنەوە سەر شانۆى سیاسى ئەوان خاوەن دروشمى = امە عربیە واحدە .
دات رسالە خالدە = بوون و ئاڵاى قڕ کردنى گەلى کوردیان بە - ئەنفال -ى
ریسالەکەیانەوە گیرسابۆوە ، ئەو کاتە بە تواناى هێزى جەماوەر و
پێشمەرگە پارێزگاریى لە - قەرەداغ - ى جێدەستى داگیرکاریى ئیسلامتورکى
عوسمانلییەکان ئەکرا نەبادا قەرەداغ لە سەر دەستى ئیسلامعەرەب ناوى
بگۆڕدرێ بۆ - جبل اسود -!
ئێمەى بە ژمارە کەم و بە چەک و تفاقى سادەوە قەراغى لانکەى شۆڕشە یەک
لە دوا یەکەکانمان ئازاد کرد و لە چنگى بەعسییانمان دەرباز کرد و
ئەوانیش وەکو هەمیشە پیشەى ترسنۆکانەیان پەنایان وەبەر چەکى کیمیاوى
برد .
لە یادمە ، وا ئەزانم ئێستایە ! هەندێک شت هەن بۆ ئەزەلى لە یادم ناچن
! ئەو دەمەى 8 فڕۆکەى جەنگیى بەعسییە فاشیستەکان گەییشتنە ئاسمانى
ناوچەکە و هێندەى نەبرد لە نزیکمانەوە گرمە و لرمە پەیدا بوو ،
ئەمجارەیان جیا لە زرمە زرمى تر ، دوکەڵێکى چڕ و دەنگێکى نزمتر
دەوروبەرمانى تەنى، و بێ ئەوەى درک بە کارەساتێکى چاوەروانکراو بکەین ،
شەهید سیڤەر هاوارى کرد ::: هاوڕێ هیوا با ناوچەکە جێبهێڵین مام
ئەسکەندەر ئەڵێت (( کیمیاوییان لێداین ))، ئەوسا لە مەبەستى ((بێن تێ ،
بێن تێ)) ى مام ئەسکەندەر نەگەییشتم کە بۆنى کیمیاوى میوانى
بەرلووتمانە تا شەهید سیڤەر بۆى ڕاڤە کردم کە مام ئەسکەندەر دەڵێت :
بۆن دێ . بۆن دێ ! جێگەى ئاماژە پێدانە کە کاریگەرترین بەرکەوتووى
کیمیاوى لەم مەیدانەدا و لەو هاوڕێیانەى لەگەڵ ئێمەدا بوون کاکە - ئاسۆ
بیارەیى - بوو ، لێرەوە ئەوپەڕى ڕێزم بۆ مام ئەسکەندەر و سڵاو و
حورمەتیشم بۆ هاوڕێ ئاسۆ کە لەوێ دەمەدا بە - ئارام هەورامى - ناسرابوو
، بەو هیوایەم ئەم سەرەداوەى سەربوردەى نەهامەتیمان زیندوو بکەنەوە و
لە فەتان بیانپارێزن تا مێژووى بەرخودانى هێزى پێشمەرگە و جەماوەر
نەکەونە خانەى نەمانەوە .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|