١٢\١\٢٠٢١
بە
پێنووسی ژنێک.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
١
ئەی پیاو
تۆ بۆچی نوێژ بۆ بەھەشت دەکەیت
کە خواوەند لە ماڵەکەی خۆتدا
بەھەشتێکی پێ بەخشیووی کەژنە.
٢
سەیرە من گوڵمء تۆ ھەنگیت
ھەنگ لە پێناوی گوڵدا گیان دەبەخشێ
من لە پێناوی تۆدا تیرۆر دەکرێم.
٣
ژن لە رووبارێک دەچێ
نەتینوێتیتان لێی دەشکێ،نەکەم دەکات
بەڵام کامتان دەتوانن
مەلەی تیا بکەنء نەخنکێن.
٤
ئاواتم بوو
تۆ ژن بوویتایەو منیش پیاو
بەڵام جیاوازییەک نەبوو
ئەوکاتە من تۆم دەچەوساندەوە.
٥
حەز ئەکەم ببمە تەوارێک
باڵ بگرممء بفڕم
بەڵام تۆ ھەمیشە باڵەکانم دەدزی.
٦
ئێمە ھەردووکمان زیندانین
تۆ زیندانی دابء نەریت
منیش زیندانی ترس.
٧
جیاوازییەک لەمنء تۆدانیە
بەڵام ئەبێ
من لەئاگری دۆزەخا بسوتێمء
تۆ لەبەھەشتێکی خەیاڵیدا بژیت.
٨
کچەکەم ناوێرێ لەوانەی سروودا
گۆرانیەکانی کازم بڵێ
چونکە لەوانەیەکی تردا (سفر) وەردەگرێ.
٩
ژیانی تۆ
خەونێکی بێ ئومێدو
ژیانی من ھەگبەیەکە
پڕە لەووشە شاراوەکانی خۆشەویستیء
عەشقی خەیاڵء ماچی دزراو.
١٠
نیشتیمانەکەم
شەقامەکانی پڕن لەبۆنی ترسء
دەستەکانی پڕن لەبۆنی خیانەتء
زمانەکانی پڕن لەدرۆ
ئەم نیشتیمانە ناو بنێم چی.
١١
بە پاکیزەیی لەدایک بوونء
نەمانتوانی پاکێتی خۆمان بنووسینەوە
چاوێک نیە بۆ عەشقء
دڵێک نیە بۆ خۆشەویستی
ناچارین بەم خاکە بڵێن ماڵئاوا.
١٢
لەبری ئەوەی دوو مرۆڤی جیاوازین
دەکرا دوو رەنگی تێکەڵ باین
یا دووگوڵ یەک بۆنیان ھەبا
ئەستەمە سەمای ئارەزووەکان
کێ لەنزای عەشق دەگا؟
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|