په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٤\٢٠١٧

  بێپەروایی.

نەژاد عەزیز سورمێ

دەنوویەوە؟
لە ئاژاوە و سەرگەردانی ئاسۆی لێڵ بوو و
ڕۆژگاری تووش و بابردووی
تەمەنی تارماییبەند و شکۆفەڕێژت..
کەی لە شەوی پڕ ئەستێرە و ھێمنی وا ھەڵدەنگوی؟

دەنوویەوە؟
سبەی کە ڕۆژ دەبێتەوە
ئەم تەنیاییەت
لە کوێ دەست دەکەوێتەوە؟
( تۆ و ئەستێرە و دنیای کپ بوو
تۆ و گلۆپە چاوزیتەکانی سەر شەقام
تۆ و ھەوای خوا و
بۆنی گوڵەکانی بەھەشت..
تۆ و خۆت و
تونێڵە گوشادەکانی
خوێنی گڕگرتووی بێ پەروات..
تۆ و غوربەتی دوا نەھاتوو..
تۆ و تۆ و.. و.
..........
..........
...........)
بە ڕۆژ لە کوێ؟
لە ئاسمانی بەرتەنگ و
زەوی ھەوەسبازی سوڵتان ..
یا ڤڕەڤڕی فڕەی داڵە زیوکفتەکان
سمکوڵ و
سەرەسم و
تیلاکی خوار و سمێڵی بریقەدار
چی دەبینی و
چی دەبیەی؟!
سبەی کە ڕۆژ دەبێتەوە
ئەم تەنیاییەت
لە کوێ دەست دەکەوێتەوە؟

دەنوویەوە؟
(نووستن
مردن)
لێ ڕامینە!
بەینیان تاڵە موویێکە
لەشەوی ئەم ڕۆژگارەدا
ھەموو شتێک وەکو یەکە
مرۆڤ لە چۆلەکە دەکا
چۆلەکەیش وەک مرۆڤ وایە،
تنۆکێکی نەڕژاوە
لەچاوی ئەوانەی تەنیا بەدڵ دەگرین..
لێ ڕامینە!
لە خۆشبەختی شەوە یا
بەدبەختی ڕۆژ
گزنگی خۆر بەسەر تاوانەکانی شەو دادەڕژێ؟
دەنگ : ( کلیلی ژیانت بەخۆتە پێ نازانی
پێ نازانی
پێ
  نا
    زا
      نی..!
لەقسان ئاڵی زەنگانی
لە کارانیش....)
-: کار دەترازێ
      دەترازێ..
        دە
          ترا
            زێ....
تێر نەبووی..!؟
دەنوویەوە..
سبەی کە ڕۆژ دەبێتەوە
جارێکی دی
دەبێ لە خۆت جیابییەوە..
پشت لە دەرگای کراوە بکەی
ڕوو لە ڕێگایێ بێ ئاسۆ و دنیای گومان..
دەنگ: (کێن ئەوانەی شەو بەھیوای سبەینێ
بەرێ دەکەن؟
کێن ئەوانەی ڕۆژ بە ئومێدی شەوی وا
دگوزەرێنن؟
ئاپۆرەی شاری خامۆشان
لەکوێرا گوریسی کورتی خەونەکانتان
دەپچڕێنن؟)
تەنیا ون نەبوون بەس نییە،
تۆ بەتەمای ھەلێکی
کە نە ڕەنگ و
نە دەنگ و
نەناونیشانی دەزانی!
ھەلێ ، کە دێت و نایێ..
تەنیا ون نەبوون بەس نییە.

 

ئەیلوولی ١٩٨٤
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک