٢١\٨\٢٠٢٠
بەپیرەوەنەچوونی
خەڵکی کوردستان بە بانگەوازەکەی شاسوار و
نەوەی نوێ،
تا رادەیەک لە
دەڤەری سەوزیش چی دەگەیەنێ؟

تاهیر عیسا
سەرباری لەباریی زەمینەی بابەتی بۆ راپەڕین و جۆشوخرۆشی خەڵکی کرێکار و
رەنجدەری کوردستان، بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران و مووچە و دەستکەوتە
مادییەکانیان، بەڵام کۆششەکانی شاسوار و جووڵانەوەکەی، هەمدیسان لە ناو
ئەم هەلومەرجە بابەتییەدا، چرووک و مایەپووچ دەبێ.
خەڵکی کرێکار و رەنجدەری کوردستان، ئەگەر بەشی ئەوەش ئامادەکاریی سیاسی
و چینایەتیانەیان نەبێ، بۆ خۆڕێکخستن و تێکۆشان، لە دژی دەسەڵاتی
مافیایی لە کوردستان، بەڵام بایی ئەوەندە بە پێی مێژووی پتر لە دوو
دەیەی رابردوویان لە رووبەڕووبوونەوە و ناڕەزایەتیاندا، ئەزموونی
ئەوەیان پەیداکردوە، کە بەدوای دەنگی هەموو دۆڵ و زوڕنایەک نەکەون
ئەمجارە!
بای ئەوەندە وشیارییان هەیە، بتوانن لەوە تێبگەن، کە شاسواریش وەک
گەنەیەک "پندێک" و زەروویەک لە ناو جەستەی کۆمەڵگای کوردستان و لە ناو
زۆنگاوی گەندەڵکاریی لە کوردستاندا، وەک بازرگانێکی تەڵەکەباز و
چاوچنۆک، هەڵتۆقیوە و دەیەوێ، بە هەر نرخێک بێ سواری شەپۆڵی
ناڕەزایەتیەکانیان بێ و بەرەو ئامانج و بەرژەوەندییە سەرمایەداریەکانی
هەنگاو هەڵگرێ.
دەتوانن لەوە تێبگەن، کە شاسوار لە باشترین باری بانگەشە و
بانگەوازەکانیدا بۆ خۆپیشاندان و هێنانە سەرشەقامی خەڵک، نموونەیەکی
باشتر لە گۆڕان و ڕەوتە (ئیخوانیی) و ئیسلامیەکانی تر نابێ و
نموونەیەکی باشتریش لە حەڤدەی شوبات، کە لە پێکدادانی کاسەی خوێنی
رژاوی دەیان خۆپیشاندەری هەژار و نەداردا، کرایە دەستمایەی کۆبوونەوە
نهێنییەکانی (مەسیف و سەری ڕەش) و لە رێکەوتنی ژێربەژێری دوور لە چاوی
خەڵک و میدیادا، نۆشکرا و کۆمەڵێک دەستکەوتی مادییان بۆ خۆیان لێچنیەوە،
پێشکەش ناکا.
ناتوانێ لە باشترین باری خۆیدا، لە باوکی هەژاران، کە ئەمڕۆ کوڕەکانی
میراتگریی زەوی و گرد و تەپۆلکە و سەرمایە و کۆمپانیایەکانن، باشتربێ.
توانیویانە لەوە تێبگەن کە شاسوار و نەوەی نوێش، بە دوای هەمان
ئامانجێکەوەن کە گۆڕان بەدوایەوە بوو، کە ئەمڕۆ لەگەڵ خانە
شێرپەنجەییەکانی دەسەڵاتداریی ئەم کۆمەگایەدا، حکومەتی هاوبەشیان هەیە
و هاوسۆز و هاوپەیمانی یەکترن و خەڵکی هەژار و نەداریش دەبێ هەر لە
ئەژنۆی خۆیان بدەن.
شاسوار، وەک نوێنەری رەوتێکی لیبڕاڵی سەرمایەداریی، کە وەک لە بەرنامە
و کارنامەیاندا دیارە، کە بەدوای ئامانجی چینایەتیانەی خۆیانەوەن، کە
لە باشترین باریاندا، ناتوانێ نمایشی رەوتی لیبڕاڵی جیهانیی وڵاتانی
ئەمەریکا و ئەوروپاش بکا، کە لە سێبەریاندا، خەڵک تەنانەت نەیانتوانی
لە تەمەنی دوور و درێژی دەسەڵاتدارییاندا، لە دامودەزگایەکی
تەندروستییانەی تێروپڕدا بەهرەمەند بن و بە هەزاران کەسیان لە بێ
ئۆکسجینیی و بی دەرمانیی و بێ دکتۆریی و بێ قەرەوڵەییدا، بەوپەڕی
ئازارەوە گیانیان سپاردند.
ئەم رەوتە لیبڕاڵیەی لە ئاستی جیهاندا، لە وەڵامدانەوە بە خواست و
داواکاریی کرێکاران و رەنجدەران، نەک هەر بێدەربەستە، بەڵکو هەر رۆژە
لە کۆششی لێسەندنەوەی ئەو ماف و ئازادییانەشی دایە، کە لە مێژووی خەبات
و تێکۆشانی چینایەتیانەی خۆیدا، بەدەستیهێناون و نموونە هەرە
پێشکەوتووەکەشی، لە خنکاندنی "جۆرج فلۆیدی" رەش پێستدا، بینیمان کە تا
ئێستاش رق و قینی خەڵکی کرێکار و رەنجدەر و ئازادییخوازیی ئەمەریکا و
جیهانیش لە بەرامبەریاندا نەنیشتۆتەوە.
شاسوار و جووڵانەوەکەی، کە بانگەشەیەکی لەم جۆرەی هەیە و لە هەڵمەتی
راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشووش، نموونە قێزەونەکەی لەوەدا دەردەکەوت، کە
ململانێ چینایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستانی لە ناو تەپوتۆزیی نەوەی
نوێدا وندەکرد و نموونەی خۆی وەک بازرگانێکی دزیی سەرکەوتوو، بۆ تەواوی
گەنجانی کوردستان بەگشتیی دەکرد، ئەمەش بۆ خۆی چاوداخستن و خۆ
بێبەرییکردنێکی راشکاوانەی یاسایە کوێرەکانی سیستەمی سەرمایەداریی و
خاوەنداریەتی تایبەتیی و کاری بەکرێ و زیدەباییە، کە سەرچاوەی هەموو
جەور و ستەم و چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤی سەرجەم کۆمەڵگا و
سیستەمەکانی جیهانی ئەمڕۆیە.
شاسوار و جووڵانەوەکەی، چیەتی و نێوەرۆکی سیاسیی تەڵەکەبازانەی خۆیان،
زیاتر لەوەدا نیشاندا، کە خوازیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە و
هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و درێژەدان بە هەمان سیستەم و گاڵتەجاڕیی
هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیی پەڕلەمانن، لە کاتێکدا باش دەزانن، کە ئەوەی
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لە کوردستاندا یەکلادەکاتەوە، بانگەشە و
پڕوپاگەندە و خستنەڕووی پڕۆژە و بەرنامە و بەرنامەسازیی حیزب و
رێکخراوەکان نییە، بەڵکو جگە لە سەرمایەی زەبەلاح و میدیای زەبەلاح، لە
ناو پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستاندا، ئەوە میلیشیا و هێزی چەکداری
زەبەلاحە، سەرکەوتوو و براوەکان دەستیشان دەکا.
شاسوار و رەوتەکەی، بە دروشمی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بیانەوێ و
نەیانەوێ، جارێکی دیکە بەم دروشمەیان، دەیانەوێ دەسەڵات و سیستەمی
سیاسیی گەندەڵکاریی هەرێم، لە هاتنەدەنگ و تێکۆشانی وشیارانەی چین و
توێژەکانی خوارەوە، بپارێزن.
کۆمەڵگای کوردستان، وەک هەموو کۆمەڵگاکانی تر لە جیهاندا، کۆمەڵگایەکی
چینایەتییە، کە کێشە و گیروگرفتە قووڵەکانی لە دەسەڵاتی کەمایەتییەکی
قازانجپەرست و دز و مشەخۆردا، سەرچاوەی گرتووە و دەبێ بۆ کۆتایی
هێنانیشیی، خەباتێکی چینایەتییانەی هەمە لایەنەی کارساز بگیرێتەبەر و
چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا خۆیان رێکخراوبکەن و دەسەڵاتێکی
جەماوەریی لە شوێنی کار و ژیان و گەڕەکەکان و شار و شارۆچکەکاندا
دابمەزرێنن، کە لە جەماوەریی بوونەوەی ئەم دەسەڵاتە جەماوەرییەدا،
دەتوانێ کۆتایی بە نەخشی پارتیە بۆرژوازییەکان و دەسەڵاتی میلیشیاییان
بهێنێ و کەنارگیریان بخا.
هەڵبژاردن لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا کە زەمینە خودییەکانیشی
بەرجەستەیە، دەتوانێ واتای خۆی پەیدابکا و دەسەڵاتێکی سۆڤیەتیی
"شوورایی" کە خوارەوە نوێنەرایەتی سەرەوە دەکا، لە رێگای هەڵبژاردنی
نوێنەر لە کارگە و فەرمانگە و شوێنی ژیان و گەڕەک و شار و شارۆچکەکان،
کە لە کۆتاییدا شوورای سەراسەریی وڵات دادەمەزرێنێ و هەموو دەمێکیش ئەو
ئەنجوومەنی نوێنەرایەتییە، کە لە رێگای دەسەڵاتی خوارەوەی کۆمەڵگا
دامەزراوە و لە ژێر چاودێریی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی هەمیشەیی دایە،
پێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانیی کە بۆ چوار ساڵ جارێک لە رێگای
پەنجەمۆریی خەڵکەوە رەوایی دەسەڵاتدارێتی چوار ساڵ مسۆگەر دەکەن و بۆ
چوار ساڵیش خەڵک رەوانەی ماڵەوە دەکەنەوە و لە هەر جۆرە ویست و
چاودێریی و دەستتێوەردانێکی راستەوخۆش بێبەشیان دەکا.
١٥\٨\٢٠٢٠
taheresa_9@hotmail.com
|