٨\٨\٢٠١٠
بەقاچاغبردنى
نەوت بەردەوامە و
ئێمەش وەکو قەرەج
لەسەرەداین بۆ بەرمیلى بایعى..
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ*
ئەوەى لەو هەفتەیەى رابردوودا روویدا جێى سەرنجى هەموو کەسێکە، چونکە
هەم کۆمیدیایە و هەم تراژیدیایە.. داواکەى سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتى
دیموکراتى کوردستان، لەسەر رۆژنامەى رۆژنامە و سەرنووسەر و بەڕێوەبەرى
نووسینەکەى و غەرامە کردنى بە یەک ملیار دۆلار یان بڕیارى سەفەر
نەکردنیان بۆ دەرەوە یان داخستنى ئەو رۆژنامەیە، لەسەر ئەوەى راپۆرتێک
لەسەر بردنە دەرەوەى بە قاچاخى نەوت و ئاودیو کردنى بۆ ئێران و دەرەوەى
وڵات، بە بەڵگەو دۆکومێنتەوە، دووچارى شۆکمان دەکات. چونکە هیچ تەسریح
و روونکردنەوەیەک نەبووەو چەند تەسریحێکى جیاواز لە ئارادان، حکومەتى
بەغداش جەخت لەوە دەکات کە ئەوە ناردە دەرەوەى بە فەرمى نەوت نییە
بەڵکە بەقاچاخبردنى نەوتەو تاڵانفرۆشى نەوتەو داهاتەکەشى دەچێتە
گیرفانى بەرپرسە گەورەکانى هەردوو حزبى
دەسەڵاتدارەوە، میللەتیش بۆ تۆزێک نەوت زەقەى چاوییەتى، وەکو قەرەج
سەرەى بەرمیلى بایعییەکەى گرتووە و دیمەنى
ئەو دابەشکردنى نەوتە لە سۆماڵ و ئەفریقاش بەدینەکراوە.
بەڵام پێویستە ئەم دەسەڵاتە خۆ دەوڵەمەندکەرو خۆپەرستەى کوردستان، باش
ئەوە بزانێت کە ئێمەى خەڵکى کوردستان نە نابیاین و نە کەڕین و نە لاڵین،
چاومان لەو هەموو تەنکەرانەن کە شەوو رۆژ، بەرەو باشماخ و سنوور دەچن،
شۆفێرى ئەو تانکەرانە خەڵکانێکن و یان سۆرانى یان بادینانى یان عەرەبن
و دانیشتووى ئەم عێراقەن، خزمو کەسوکارى ئێمەن، ئەوان ئەزانن ئەم
تەنکەرە نەوتانە لە کوێوە بەرەو کوێ دەچن، مانگى چەند مووچەیانە، ئایا
بە رەسمى و فەرمى یان بە قاچاخ دەچن بۆ دەرەوەى وڵات و داهاتەکەى بەرەو
گیرفانى کێ دەچێت.. لەنێوان تەسریحاتى وەزیرى سامانە سروشتى و دارایى و
سەرۆکى حکومەتدا سێ جۆر لێدوان بەدیدەکرێت و هاوسانگ و هاوڕا نین..
کاتێک وەفدێکى ئەمەریکى دەچێتە پێنجوێن و باشماخ، بە فەرمانى
بەڕێوەبەرانى باشماخ ئاراستەى ئەم تانکەرانە دەگۆردرێت و دوور لە چاوى
ئەمەریکییەکانەوە رایاندەگرن.
ئەم دیاردەى بە قاچاخ فرۆشتنى نەوتى کوردستانە تازەو نوێ نییەو چەند
ساڵێکە بەو رێگایەدا سەفەر دەکەین و دەیانبینین و رێگاى هاتووچۆى ئەو
باشماخە (کە خۆى یەک سایتە) تەواو وێرانەو تەنانەت لە داهاتى ئەو
نەوتەش رێگاو بانەکە چاک ناکرێت و رۆژانە رووداوى دڵتەزێن روو دەدەن و
هێندەى ئەنفالێک خەڵکى ئەم نیشتمانەى بە مەرگ سپاردووە.
ئەم دوو حزبە بەرپرسیارێتییان هەیە بەرامبەر بە مێژوو کە ئیدارەیەکى
ناشەفاف و نادیموکراسى و تاکڕەوییان هێنایە گۆڕێ و مۆنۆپۆڵکردنى سامانى
هەرێمیان ئەفراندو شێوەى دیکتاتۆرەکان لەسەر وشەو وتارێک گەنج و
جوانیان تیرۆر کرد، لەسەر خۆپیشاندان و مانگرتنى ئاشتییانە فیشەکى
گەرمیان لە جەستەى ساردى لاواندا رێژنەباران کرد.. توێژو چینەکانى ئەم
کۆمەڵگایە ماندوون و دەناڵێنن، مامۆستاو کارمەندو خوێندکارو کرێکارو
جوتیارو شوان و گاوان و باخەوان و تەنانەت پۆلیس و پێشمەرگەو
پاسەوانەکانیش ئاسوودە نین.. ئەوان لەبەردەم خواى مەزنیشدا، روویان زۆر
سوور نییە، چونکە نە منداڵان و نە پیران و نە ژنان و نە لاوان و نە
قەیرەو نە کەمئەندام و نە نابیناکانى ئەم کوردستانە هەتیوە ئاسوودە نین
و بە هەزاران هەزار دەردەدڵ و خەم و پەژارەیان لە ناخدایە.. نەک هەر
ئەوەندە بەڵکو هەموومان (زۆرینەى دانیشتوانى کوردستان) دووچارى خەمۆکى
و بێئومێدى و رەشبینى و هیستیریاو تووڕەیى و تەنیایى بووینەتەوە.
بەرپرسانى ئەم کوردستانە بێکەسە، دەبێًت ئەوە باش بزانن، کە هەموومان
ئێستاکە واتە ئەو زۆرینەیەى کە بێ پشتوپەناو بێکەس و هەژارین بووینەتە
چاوو کامێراو ئاشکراکەرانى گەندەڵى و دزى و گزى و ناهەقى ئێوە دەرهەق
بە میللەت و گەلى سەربەرزى بەشمەینەت و هەتیوى کوردستان. هەرچەندە
هەوڵبدەن دەنگ و رۆژنامەو گۆڤارو میدیاى ئۆپۆزسیۆن کپ و بێدەنگ بکەن
بەڵام چاکبزانن کە لەم سەردەمى عەولەمەیەدا، دەیان و سەدان پەنجەرەى
ئازادو سەربەستمان هەیە کە لەوێوە دەردەدڵى خۆمان لەدەست رەفتارو
کردەوە ناجۆرو ناهەقییەکانتان دەرببڕین و ئێمەى کورد هەرگیز، ملکەچى و
بێدەنگى و تاریکیمان قبوڵ نییە، ئێمە وێڵین بە دواى رووناکیداو لە
رووناکیشدا حاکمى رووناکمان دەوێت.
_______________
*
کۆمەڵناس.
ماڵپهڕی
حهمهی ئهحمهد رهسوڵ
|