په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١١

بەرامبەر کۆمەلکوژییه‌کەی سلێمانی پارتی رەفتار فاشیسته‌ و به‌رهه‌ڵستکارانیش ناچیزه‌.

قادر نادر    

دەکرێ کۆمەڵێک لێکدانەوە و زەنگی مەترسیدار له‌ خۆپیشاندانەکەی دوێنێی سلێمانی هەڵبهێنجین:


١. خۆپیشاندان چەندە بە شێوازی مەدەنیانەی هاوشێوەی میسر ئەنجام بدرێت ئەوەندە سەرکەوتوترە، بە داخەوە دوێنی کۆمەلێک گەنج بە شێوازی هەڵچوون مامەلەیان لەگەل بارودۆخەکە کرد، ئەمەش بە شێوەی کاتی لە قازانجی دەسەڵات کۆتایی هاتوە.

٢. گەرچی لە ناو ئەو هەموو بارەگا حکومییەی دەسەڵات و یەکێتی لە شاری سلێمانی، خۆپێشاندەران بەرەو بارەگای پارتی هەنگاویان نا، ئەمەش ئەگەر لە بوونی بەرنامەیەک هەست پێ بکەین، بەڵام ناکرێ و نەڵێین ئەمە لوتکەی بێزاریی تاسەر ئیسقانی خەڵکە لە پارتی.

٣. کاردانەوەی پارتی بەرامبەر خۆپیشاندەران فاشستانە یە و زۆر توندترە لە رەفتاری دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەلاتی وەک قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵحی یەمەن و مەلیکی بەحرێن لە کاتێکدا زەنگی کۆتایی ئەم دەسەڵاتە چەندین ڕۆژ لێ دەدرێ و چەندین بارەگای حیزبیی و حکومیی لەم ولاتانە سوتاوە کەچی هاوشێوەی پارتی رەفتاریان نەکردوە. لە وێنە ڤیدیۆکە بە روونی دیارە، کۆمەڵێک لاو لە دەرگای بارەگاکەی لقی ٤ دەدەن و چەکیان پێ نییه‌ ئەوان دەیانتوانی بە تەقەی ئاسمانی وەلامیان بدەنەوە نەوەک بە مەبەستی شەهیدکردنیان فیشەک بارانیان بکەن، خۆ ئەگەر بهاتنایە ناو بیناکەش هەر دەبووایە ئاراستەی تەقەکردن بۆ دەست و پێیان بووایە نەوەک بە مەبەستی شەهیدکردنیان.

٤. هەلوێستی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت (مەسعود بارزانی و بەرهەم سالح) رەنگدانەوەی هه‌ڵوێستی حیزبیی پارتی و یەکێتیە، نەوەک ئەو بەرپرسیارەتییه‌ ئەخلاقیەی لەسەر شانیانە. چونکە ئەوان ئەوەندە باس لە بەکارهێنانی هێز و ئیدانەی بارەگاگرتنەکەی پارتی و ڵێکۆڵینەوە لەگەل "ئاژاوە گێران " دەکەن بە یەک دیڕێش ئیدانەی تەقەکردنی پاسەوانەکانی لقی ٤ ی پارتیان نەکردەوە کە ئەو کوشتارە بە کۆمەڵەی بۆ خەلکی سلێمانی دروستکردوە.

٥. به‌رهه‌ڵستکاران هەلوێستێکی زۆر شەرمنانه‌یان گرتۆتەبەر بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان کە ماوەیەکە لە رێی راگەیاندنەکەی خەڵک ئامادە ده‌کا بۆ خۆپیشاندان، کاتێک خەلکیش دێتە سەرشەقام ئەوان بەشداریشی ره‌ت دەکەنەوە. لە هەمووی قێزەوەنتریش نەوشیروان مستەفا و یەکگرتوو کۆمەل ئیدانەی خۆپیشاندەران دەکەن و بە کەسانی گیڕەشوێن لە قەلەمیان دەدەن، بەڵام بە یەک وشەش ئیدانەی ئەو قەتل و عامەی خەلکی سلێمانی ناکەن.

٦. یەکێتی هۆکاری سەرەکی ئەو رەوشەیە کە ئەو تاوانەی لێ هاتە ئاراوە، چونکە هیچ هەولێکی بۆ پێشگرتنی ئەو کارەساتە نەداوە. بە واتای ئەوەندەی وەک گەمەی سیاسی و دەستکەوتی حیزبیی مامەڵەی لەگەڵ رووداوەکە کردووە وەک بەرپرسیارەتی ئەخلاقی لە پاراستنی ئەمنیەتی شار و رێگرتن لە تەقەکردن و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان ئەنجام نەداوە.


بە کورتی پارتی هێشتا دروشمی (برۆخی و دەست لەکارکێشانەوە)ی بەرامبەر بەرزنەکراوەتەوە و کۆمەلکوژییه‌کی بۆ خەلکی سڤیل دروست کرد و لە سیستەمە دیکتاتۆرییه‌کانی ناوچەکەی لە مامەڵە لەگەل خۆپیشاندەران تێپەڕاند و به‌رهه‌ڵستکارانیش نیشانیاندا هاوشێوەی پارتە به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی میسڕن و بۆیە هەموومان دەبێ هاوشێوەی گەنجانی میسڕ رەفتار بکەین و تٶلەی ئەو کۆمەلکوژییه‌ی سلێمانی بکەینەوە.

 

ماڵپه‌ڕی قادر نادر