په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٧\٢٠٢٤

بانگەوازێك بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یەکیتیە کرێکاریەکان و ئازادیخوازان:

 

بەرامبەر بە لەشکرکێشیی حکومەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستان وەرنەدەنگ!


 
ماوەیەکە حکومەتی تورکیا بە هەزاران سەرباز و تانك و زریپۆشەوە، لەژێر ناوی پاراستنی سنوورەکان و شەر لە دژی پەکەکە، هێرشێکی زەمینی بەرفراوانی بۆ نیو قووڵایی کوردستانی ناوچە سنوورییەکان دەستپێکردوە، کە بە هۆیەوە بە دەیان خەڵکی گوند نشین لە ژن و منداڵ پیر و پەکەوتەی ئاوارە و بێخانەولانە کردوە و چەندین ڕەز و باخ و ماڵی هاوڵاتیانی سوتاندوە. تەنانەت سوپا و لەشکریان گەیشتوونەتە ناو شاری دهۆك و ژیان و ئاسایشی خەڵکیان خستۆتە مەترسییەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی لە ماوەی ڕابردودا چەندین خەڵکی سڤیل بە هۆی هێرشی بەردەوامی تورکیاوە ژیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون.

ئەم لەشکرکێشیی و عەسکەرتاریەتەی حکومەتی ئۆردوگان بەشێکە لە ململانیەکی ناوچەیی کە تورکیا دەیەوێ بە سوودوەرگرتن لە دۆخی تازەی جیهان و کێشمەکێشی نێوان زلهێزەکان، جێگای پێی خۆی لە ناوچەکەدا تۆکمە بکات، بە تایبەتی نەخشی کاریگەریی هەبێ لە ئارایشدانەوەی ئایندەی سیاسی- ئابوری- ئاسیشی عێراق و سوریادا. تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی باڵادەستیی سەربازییەوە لە هەرێمی کوردستان و باکووڕی سوریادا، بەو ئامانجەی خۆی بگات. بەو جۆرەش بتوانێ وەڵامێك بە دۆخی ناوخۆیی بداتەوە، کە ئێستا دەسەڵاتەکەی ئۆردوگان لە هەموو کات زیاتر ڕوبەرووی نەفرەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی تورکیا بۆتەوە.

ئەوەی زیاتر دەستدرێژیی حکومەتی تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی کوردستانی عێراق ئاوەڵاکردوە، کەڵك وەرگرتنە لە بیدەنگی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەك و رەزامەندیی ئەمەریکا و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمە لە لایەکی دیکەوە، بە تایبەتی دوای سەردانەکەی ئۆردوگان بۆ بەغدا و ئەنجامدانی کۆمەڵێك رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.

بێگومان بیانووی تورکیا بۆ لەشکرکێشیی بۆ سەر کوردستانی عێراق، لێدانە لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەوە تەنها پاکانەیەکە بۆ هێرشە بەرفراوانەکەی بۆ داکوتانی قاچی خۆی لە ناو خاکی عێراق و دانانی کاریگەری لەسەر دەوڵەتی عێراق تا تورکیاش وەکو یارزانێکی ناوچەیی و ڕکابەری ئێران، نەخشی باڵای هەبێ لە عێراقدا، بە تایبەتی کە پرۆژەی (رێگای گەشەپێدان) وەکو پرۆژەیەکی ستراتیژی بڕیارە لە نێوان کەنداو و تورکیادا بە خاكی عێراقدا تێپەڕێ، کە تورکیا و عێراق و قەتەر و ئیمارات بە چەند ملیار تێیدا هاوبەشن، بە پاڵپشت و هاوکاریی چین.

ئیمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە کاتێکدا بە توندیی سەرکۆنەی ئەم هێرش و لەشکرکێشییەی حکومەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەکەین، هاوکات داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و تەواوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یەکیتی کرێکاریی و ئازادیخوازان دەکەین کە بە ئەرکی شایستەی خۆیان هەڵسن و گوشار بهێنن بۆ دەوڵەتی تورکیا کە:
١- دەستبەجێ لەشکرکێشیی سەربازی و تۆپبارانکردنی گوند و ناوچە سنوورییەکان ڕابگرێ.
٢- تەواوی هێزەکانی تورکیا لە کوردستان بچنە دەرەوە تا خەڵکی گوند و ناوچەکە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و ژیان و گوزەرانی خۆیان.
٣- قەرەبووکردنەوەی دانیشتوانی گوندەکان کە زیانیان پێگەیشتوە.
 

١٢\٧\٢٠٢٤
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

 

Dashty Jamal
Secretary
International Federation of Iraqi Refugees-IFIR
Tel:07856032991 Fax:08712664391

www.federationifir.com
www.csdiraq.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک