په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٢\٢٠١٥

    به‌ راشكاویی.

هەڵۆ سامی

خودا خۆت لێم ئاشكراكە
تا كەی ئەم راكەڕاكە
خۆ دەزانی ئەگەر خوا بی
بە راكردن چ چانابی
من پرسیاری زۆرم پێیە
تۆش یاخی بووی ئە لەو جێیە
كە گشت ناویان ناوە ئاسمان
شوێنی مانگ و ئەستێرەی جوان
چ دەكەی وا لە بۆشایی
توند گرتووتە پلەی خوایی
نزم بەوە وەرە خوارێ‌
وەكو دۆست بە تەنیا جارێ‌..


  
 خۆشەویستیی دەکەمە ئاین.
من سەیرى دەوروپشت دەکەم
لغاوى قەدەر کشت دەکەم
(کاروان کوژە) ناڕەنجێنم
کاروانچیان سەرزەنشت دەکەم
من هیچ شتێ ئازار نادەم
ئەشقی پیرۆز فێرى کردم
هەرچى هەیە خۆشم بووێ
ئەوەندە چاو تێرى کردم
پاروە نانێک دەبێ بیخۆم
بۆ ئەوەى لە برسان نەمرم
شوێنێک دەبێ لێی راکشێم
کە بە قەد (دیۆگنیس) جێ دەگرم
لەسەر هەر خاکێکى زەوى بژیم

بۆ من نیشتيمانە
هیچ میللەتێک نەبوویمە و نابم
ئەندامێکم لەم جیهانە.


  
 پەنابەریی.
نە بۆ خاك و نە بۆ نیشتیمان دەگریم
نە بۆ شار و شارۆچكەی وێران دەگریم
نە بۆ بێ بەرگیی و بێ‌ نەوایی خۆم
نە بۆ ماڵ و سەروەت و سامان دەگریم
نە بۆ ئاوارەیی و دووریی خۆشەویستان
نە بۆ بێ‌ جێیی و دەردی شەوان دەگریم
من بۆ پیرەمێردێكی ردێن سپی
یان بۆ پیرێژنێكی بێ‌ تاوان دەگریم
من بۆ كچە پەرییەكی داوێن پاك و
بۆ منداڵێكی بێ‌ ئاو و نان دەگریم
من نەوەكو هەر بۆ خەڵكی (كۆبانی)
یاخود (شەنگال) بەڵكو بۆ جیهان دەگریم
چۆن دەتوانم چاو بپۆشم

لە ئاستی زوڵم و زۆریی

نەخێر بێ‌ وچان دەگریم
تا لە رێگای گریانەوە بزانن
بەم زمانە بۆ مافی مرۆڤ دەگریم.


ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆی سامی
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک