په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١١

بەراوردێک لە نێوان بوعەزیزى و بن عەلى دا!!!

سەباح تاهیر   


ئەگەر چەند مانگێک لەمەوبەر باس لەبەراوردێکى لەمجۆرە بکرایە، ئەوە نەک مایەى قبوڵکردن نەبوو، بەڵکو ئەگەر یەکێک لە تونس زاتى ئەوەى بکردایە تەنانەت خەونى لەم شێوەیە بگێڕێتەوە، ئەوا دوور نەبوو بەئیعدام یاخود بەبەندکردنى هەتا هەتایە حوکم بدرایە.. ئاخر وایە دیکتاتۆرەکان خۆیان لە ئینسان زۆر بەگەورەتر دەبینن. هەرگیز قبوڵ ناکەن لەریزى میللەت ئەژماربکرێن چجاى ئەوەى لەگەڵ عەرەبانچیەکى سەوزە فرۆش، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە جۆرێکى ترە.


تەواوى ساڵى رابردوو سەرجەم گۆڕەپان و پارک و سەرکۆلان و کتێبى قوتابیان بەوێنەو پەیکەرى زین ئەلعابدین تەنرابوون، موحەمەد بوعەزیزیش مۆڵەتى وەستانى عەرەبەکانەشى نەبوو لە کوچەیەکى ئەم ووڵاتە سەبارەت بە وێنەو رەسمیش ئەو تواناى گەورەکردنى وێنەى دەرچوونیشى نەبوو کەبەم دواییە لەزانکۆ تەخەروجى کردبوو. بن عەلى و خانەوادەکەى خاوەنى چەندان کۆمپانیاو ئاپارتمان و رەسیدى چەندەها ملیۆنى بوون لەبانکەکانى دەرەوە کە بەپێى هێندێک زانیارى بن عەلى خاوەنى چەند ملیارێک دۆلارە، بەڵام بوعەزیزى و خانەوادەکەى جگە لەو عارەبانەیە بۆ پەیداکردنى قووتى رۆژانەى خێزانەکەى تەنانەت کونجى ژیانیان خانوویەکى کرێ نشینى بوو، هیچى تریشیان شک نەدەبرد.


مناڵەکانى زین عابدین ئاهەنگى دەرچوون و گواستنەوەیان لە پایتەختە گرانبەهاکانى دونیاو مناڵ بوونیشیان لەنەخۆشخانە هەرە جیهانیەکانى کەنەداو ئەمەریکاو.......... هتد بوو، کەچى خانەوادەکەى بو عەزیزو زۆربەى خەڵکى تونس پارەى چارەسەرى نەخۆشخانەو نۆڕینگەکانى شارەکانى تونسیشیان نەبوو.
بەڵام لەشەوو رۆژێکدا ئەم بەراوردە نەک لە جێگاى خۆیدا بوو بەڵکو پێچەوانەش بۆوە، ئەو هەموو وێنەو پەیکەرانەى بۆ ماوەى زیاتر لە 23 ساڵى حوکمڕانى خۆى بن عەلى بە درێژو پانى سەرتاسەرى ووڵات بڵاویکردبۆنەوە کە سەدان و ملیۆنەها دۆلارى قووتى میللەتى لێسەرفکرابوون بەچەند رۆژێک فەنابوون نەمان. کەچى وێنەى ئەو گەنجەى کەبوە ژیلەمۆى شۆڕشی برسیەکان و نەداران نەک هەر کوچەو کۆڵانى تونس بەڵکو دەتوانم بڵێم سەرتاسەرى دونیاى تەنى، ئەوەندە بەسە کلیکێک لەسەر بوعەزیزى یاخود تونس بکەیت سەدان و بگرە هەزاران لاپەڕەى باسوخوازى بوعەزیزیت لە ئینتەرنێتدا بۆبکاتەوە... لەوەش زیاتر دۆست و هاوڕێ و خەڵکى تونس بەنیازن پەیکەرێکى ستایش بۆ باڵاى بوعەزیزى لە شوێنى کارو فیداکاریەکەى هەڵچنن، بە دوورى نازانم لە ووڵاتانى تریش ئەم کارە ئەنجام بدرێت. چونکە بلێسەى ئەم شۆڕشە لە ئێستادا زۆر لە ووڵاتانى ناوچەکەى گرتۆتەوە.


ئێستا خانەوادەکەى بوعەزیزى شانازى بە کوڕەکەیان دەکەن و سەربڵندن و مایەى رێز و پێزانینى تونسیەکانن، کەچى خانەوادەو دەست و پێوەندەکانى بن عەلى نەفرەت لەو ڕۆژە دەکەن کە بن عەلى لێ دایک بوو، چونکە ئەوەى کەوتە بەر رق و توڕەیى جەماوەر و ئەویتر لە هەوڵى خۆشاردنەوەو راکە راکەى خۆدەربازکردنن، سەرەڕاى بەدواداچوونى یاسایى بەدواى خۆیان و موڵک و ماڵیان، هەڵبەت ئەوانەى دەرەوەى ووڵات چونکە ئەوانەى نێو تونس هەر زوو دەستیان بەسەردا گیرا...


خانەوادەى بن عەلى لە ئێستاوە کەوتونەتە بەر سەرزەنشتى یەکترو یەکتر تۆمەتبارکردن بە هەڵەکان و شاردنەوەى موڵک و ماڵیان، ئەوەتا تەنانەت خێزانەکەى بن عەلى سەزەنشتى راکردنەکەى دەکات، چونکە خانەوادەى تەرابولسى کەوتونەتە بەر مەترسیەوە، لێرەو لەوێش لەخانەوادەى بن عەلى خانەوادەى لەیلى تەرابولسى بە چلیس و چاوچنۆک ناوزەد دەکەن و تاوانباریان دەکەن بەوەى ئەوان لە پشت ئەو گەندەڵیانەى تونس بوون.. زۆریشیان بآ بەرى بوون لەم خانەوادەیە رادەگەیەنێت، چونکە خۆیان بەشەرمەزار دەزانن کە رۆژێک لە رۆژان لە خزم و نزیکەکانى ئەم دیکتاتۆرە بوون کەچى نەک تەنها خانەوادەکەى بەڵکو سەرجەم مرۆڤایەتى شانازى بەسیمبولى شۆڕشى عەدالەتى کۆمەڵایەتى دەکەن کە لاوى لە خۆبردوو شەهید موحەمەد بو عەزیزیە.
 

 

sabahtaher67@yahoo.com