٢٩\٥\٢٠١٨
بەراوردێک لە
نێوان لایەنگرانی گشتپرسیی کوردستان و ئەوانی کەتەلۆنیا.

عەلی مەحمود محەمەد
سەرەتای پایزی ساڵی ٢٠١٧(٢٥-٩ و ١-١٠) لەناو یەک ھەفتەدا ھەردوو ھەرێمی
کوردستان و کەتەلۆنیا گشتپرسییان ئەنجامدا بۆ سەربەخۆیی, دەیان خاڵی
لێکچوو لە نێوان ھەردوو ریفرادۆم و کاردانەوەکانی بەرامبەری ھەبوو,
گشتپرسیی دێوی فاشیزمی لەم دوو وڵاتە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەخەو
ھەڵستاند, گشتپرسیی ئەم دوو گەلە وەک سندوقی باندۆرای لێ ھات, دەتوت
ھەموو شەڕو نھامەتیەکانی مرۆڤایەتی لەوێدا ھەڵگیرابوو, رۆژی
بیدارکردنەوەی شەیتانە مەڵاسەکانی مێژوو بوو, لە گەڵ ھەڵدانەوەی
سەرقەپاغی سندوقە وێشومەکە, ھەموو نەھامەتییەکان دەرچونە دەرەوەو
پەلاماری ھەردوو گەلیان دا, ١٤٠ وڵات لە گامبیاو جامیکاوە تا دەگاتە
سلۆڤاکیا کە خۆی بە گشتپرسیی ئازاد بوو دژ بە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا
وەستانەوە, بەریتانیا کە مافی گشتپرسیی دا بە سکۆتلەندیەکان دژ بە
گشتپرسیی کوردستان و کەتەلۆنیا بوو بە توندی, ھەروەھا کەنەدا لە
کاتێکدا دژ بە گشتپرسیی کەتەلۆنیایە, کەچی ھەمان مافی دا بە کیبکیەکان
لەناوخۆی وڵاتەکەی خۆی.
ھاوکات سێ خاڵی زەقی جیاواز لە نێوان ھەردوو گشتپرسییدا ھەبوو, کە
تایبەت بوو بە کارکردی دەستبژێر و پەرلەمان و پارتە لایەنگرەکانی
گشتپرسیی لە ھەردوولاوە, ئەوانیش دەریانخست کە گشتپرسییەکەی کوردستان
جدی نەبوو دور لە تیۆری موئامەرەی نەیاران, وە کوردیش لە ئێستادا
ئامادەیی رۆیشتنی نییە بۆ سەربەخۆیی بەم کەرەسەیەی ھەیە, دەنا ھەمیشە
گشتپرسیی وەک بەشێک لە سیمای دیموکراسی راستەوخۆ داواکارییەکی رەوایە
بۆ ھەر پرسێک, بۆ سەربەخۆیی گەلێکی وەک کوردیش زەرورەتی ژیانە.
ھەرچەندە رێژەی بەشداری و رێژەی بەڵێی کوردەکان زیاتر بوو لە
کەتەلانیەکان " ریِژەی بەشداریکردن: کوردستان- کەتەلۆنیا ٧٢.٨٢٪
٤٣.٠٣٪, رێژەی بەڵێ: کوردستان - کەتەلۆنیا ٩٢.٧٣٪ ٩٢,٠١٪", وەلێ
یەکگرتوونە بوونی کوردان و کەوتنە داوی تەڵەی داگیرکەرانەوە, تا سەر
نەبوون لەگەڵ پرۆسەکە و پاشگەزبوونەوە لێی, سەرکردایەتییەکی نا پەیگیر,
تەنانەت ئەوکەسەی کە ٢٥ی سەپتەمبەری بۆ رۆژی گشتپرسیی پێشنیارکرد,
ھێشتا مەرەکەبی پەنجەی وشک نەببوەوە دژی وەستایەوەو کەوتە لێدوانی
پەشیمانی لە ھەمبەری, ئەمە وایکرد گشتپرسییەکەی کوردستان بە شکستی
کەمەر شکێن نەک تەنھا سەربازی بگرە سیاسیش کۆتایی پێ بێت, دۆڕان تەنھا
شکستی سیاسی و سەربازی نییە, بگرە داڕمانی بیروباوەڕ و ملکەچی
دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتدار بۆ بەرامبەر گەورەترین شکستە, خۆ
دەستەبژێری سیاسی کەتەلانییەکان زۆریان چارەنوسیان زیندان و ھەڵاتنە بۆ
دەرەوە , وەلێ لە روی ئەخلاقییەوە وەفادار بوون بەرامبەر پرسەکە براوەن.
ئەو سێ جیاوازییەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەم لە نێوان ھەردوو
گشتپرسیی, لە ٣ ئەکتەری گرنگی سیاسەتکردنی ھەردوولا بەرجەستە دەبێت
ئەویش" پارتە سیاسیەکان, پەرلەمان, دەستەبژَێرە دەسەڵاتدارەکان", واتا
کێشەی شکستەکە ناوخۆییە نەک ھۆکاری وڵاتانی سەردەست و نێونەتەوەیی و .
. . .تاد .
١- پەرلەمانی کەتەلۆنیا لە سەرەتاوە تا کۆتایی پرۆسەکە و راگەیاندنی
سەربەخۆیی کارپێنەکراو لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ بە رۆڵی پێشەنگایەتی
خۆی ھەڵستا, سەرکردایەتی پرۆسەکەی کرد و بڕیاری بوێرانەی داو
دەستپێشخەر بوو, تەنانەت دوای ھەڵوەشاندنەوەی حکومەتی خۆجێیەتی و
پەرلەمانی ھەرێمی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەوەش " لە ھەڵبژاردنی ٢١ی
سەپتەمبەر ی ٢٠١٧ی کەتەلۆنیا, لایەنگرانی سەربەخۆیی ٧٠ کورسییان
ھێنایەوە لە کۆی ١٣٥ کورسی پەرلەمانی ھەرێمەکە(ھەموو لە پێناو
کەتەلۆنیا ٣٤ کورسی, پارتی چەپی کۆماری کەتەلۆنی ٣٢ کورسی, کوپ ٤ کورسی)
" مکوڕ و بەردەوام بوو لە داواکارییەکەی, وەلێ بە پێچەوانەوە پەرلەمانی
کوردستان وەک داوەشاوێک مامەڵەی کرد تەنھا یەک دانیشتنی بۆ گشتپرسیی
سەربەخۆی ئەنجامدا پێش پرۆسەکە, ئەویش ھەموو بانگکرابوون بۆ بەڵێ نەک
گفتوگۆ و بڕیاردانی سەربەخۆیی, دوای ٢٥ی سەپتەمبەر بە یەک وشەش
نەھاتنەوە سەری, بە پەسەندکردنی ئەنجامەکان یان رەتکردنەوەی, تەنانەت
یەک فراکسیۆنی پەرلەمانیش نەبوو فشار بخاتە سەر پەرلەمان بۆ
باسکردنەوەی ئەم دۆسیە گەورەیەو لێکۆڵینەوە لێی و باسکردنی لێکەوتەکانی
و بڕیاردان و ھەڵوێستن وەرگرتن لە ھەمبەری, بە پێچەوانەی کەتەلۆنییەکان,
لایەنگرانی گشتپرسیی لە کوردستان وەک مشکی ناو پاپۆری غەرق بوویان
لێھات, پۆل پۆل پەشیمان دەبونەوە لە بڕیارەکانیان و نایانەویست باس
بکرێتەوەو بەرەو بەرەی نا رایاندەکرد.
٢- پارتە سیاسییە لایەنگرەکانی گشتپرسیی کەتەلۆنیا موزایەدەیان لەسەر
یەکتر دەکرد بۆ سەربەخۆیی بەردەوام فشاریان دەخستە سەر یەکتر بۆ چون
بەرەو راگەیاندنی سەربەخۆیی, بە تایبەت پارتە چەپەکان, لەوانیش پارتی
کوپ " Popular Unity Candidacy–Constituent Call" " پارتی یەکبونی گەل
لە ١٤-١٢-١٩٨٦ دامەزراوە, خاوەنی ٣٨٢ کورسی لە کۆی ٩٠٧٧ کورسی
شارەوانییەکانی کەتەلۆنیا و ١٠ کورسی لە کۆی ١٣٥ کورسی پەرلەمانی
کەتەلۆنیایە" خولی پێشوو", ١٩١٢ ئەندامی ھەیە دووەم بچوکترین پارتی
ھەرێمەکەیە لە دوای پۆدیمۆس لە روی ئەندامگیرییەوە ,ناوەکەی لە ناوی
ھاوپەیمانی یەکبونی گەل بە سەرۆکایەتی سلفادۆر لیندی سەرۆک کۆماری
شیلیەوە وەرگرتراوە, رێکخستنێکی دژ بە سەرمایەدارییە, بڕیارە گرنگەکان
بە دەنگدانی ھەموو ئەندامان و کاندیدە ھەڵبژێردراوەکانی دەدرێت, باوەڕی
بە دیموکراسی تەشارکی ھەیە"دیموکراسی راستەوخۆ" لەناو خۆو بۆ ھەموو
کەتەلانیا, خەبات دەکات بۆ کەتەلۆنیایەکی سەربەخۆی سۆسیالستی ژینگە پاک,
دژ بەوەیە موچەی تایبەت بدرێت بە سیاسییەکان و مرۆڤ لەسەر سیاسەت بژێت,
چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی خەباتکاران لە پێناو (( سەربەخۆیی کەتەلۆنیا,
داکۆکی لە مافی کرێکاران, داکۆکی لە زەوی , زمان, ناسنامەی نیشتمانی,
دژایەتی باوک سالاری)), کوپ بە ھەموو شێوەیەک ھاتە پشت سەربەخۆیی
کەتەلۆنیاوە,وەک یەکەم بزووتنەوەی سیاسی کەتەلۆنی بەشداری ھەڵبژاردنی
پەرلەمانی ئیسپانیای رەت کردەوە,بایکۆتی پرۆسەکەی کردو باوەڕی بەو
ھەڵبژاردنە نییە و نوێنەر بۆ مەدرید نانێرێت, فشاری دروستکرد بۆ
راگەیاندنی سەربەخۆیی لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧, رایگەیاند ئەگەر
سەربەخۆیی رانەگەیەنرێت ئەوا پشتیوانی لە حکومەتی خۆجێیەتی کەتەلۆنیا
دەکشێنێتەوە, لەو بارودۆخە گەرمەدا کە ئیسپانییەکان لە ھەموو لایەکەوە
پەلاماری بەرشەلۆنەیان دەدا, بە کشانەوەی ئەویش کە ١٠ کورسی لە کۆی ١٣٥
کورسی پەرلەمانی ھەرێمەکەی ھەبوو , حکومەتی ھەرێمی کەتەلۆنیا دەڕوخا,
چونکە بەرەی سەربەخۆ خوازان ٧٢ کورسیان ھەبوو,بە بێ پشتیوانی کوپ ٦٢
کورسی دەمایەوە کەمتر بوو لە نەسابی قانونی بۆ پێک ھێنانی حکومەت لە
لایەن سەربەخۆ خوازانەوە, بۆ گشتپرسیی یەکی ئۆکتۆبەر, کوپ لە ژێر
دروشمی ( یاخی بوونەوە لە ئیسپانیا, مافی چارەی خۆنوسین, کۆماری
کەتەلۆنیا) ھەڵمەتی پشتیوانی لە گشتپرسیی و سەربەخۆیی کەتەلۆنیای دست
پێکرد, بەرەو کۆماری کەتەلۆنیایەکی سۆسیالستی لە دوارۆژدا دروشمی بوو,
کوپ لە لایەن بەشێک لە چەپەکانەوە تاوانبار کرا بەوەی پاشکۆی دوو پارتە
بۆرجوازییە دەسەڵاتدارەکەیە, بەتایبەت حیزبی سەرەک وەزیرانی کەتەلۆنیا"
کارلس بوتجدمون" کە پارتێکی راستگەرای پارێزگارە Catalan European
Democratic Party " و سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری سەپاند بەسەر گەلی
کەتەلۆنیا. کوپ لە کاتی دەنگدان بە کابینەی حکومەتی کەتەلۆنیا لە ١٢ی
یۆن ٢٠١٦, سێ مانگ پێکھێنانی کابینەکەی دوا خست, رایگەیاند دەنگدان بە
ئەرتۆر ماس سەرۆک وەزیرانی پێشوی کەتەلۆنیا مردنی رێکخراوە, ھەر کوپیش
بوو لە سەرەک وەزیرانی ھەرێمەکە دوری خستەوە, ھاوکات پێی وابوو دەنگدان
بە نا لە گشتپرسیی مردنی سەربەخۆیییە, بۆیە سەرەک وەزیرانی گۆڕی بە"
کارلس بوتجدمون " و کۆمەڵێک دەستکەوتی لە پێناو ھەژاران و قوتابیان و
پەنابەران و خانەنشینان وەدەست خست لەبەرامبەر سازشی دەنگدان بە
کاندیدی راستی پارێزگار بۆ پۆستی سەرەک وەزیرانی ھەرێمەکە, لەھەمان
رێکەوتن رایان گەیاند تا سەپتەمبەری ٢٠١٧ پێویستە گشتپرسیی سەربەخۆیی
ئەنجامبدرێت لە کەتەلانیا, واتا ئەنجامدانی گشتپرسیی لە ژێر فشاری
کوپدا بوو, لەو ماوە کورتەی دوای پێک ھێنانی حکومەت.
کوپ لە کابینەی تازەی حکومەتی کەتەلانیا ناڕازی بوو کارل بوتجدمۆن لە
ژێر فشاری حکومەتی ئیسپانی بگۆڕدرێت, ھەرچەندە نزیکایەتی لە گەڵ کیم
تۆرا سەرەک وەزیرانی تازەدا ھەیە, بۆ ئەوان کەسەکە گرنگ نەبوو,
ئەوەندەی لە ژێر فشاری حکومەتی پاشایەتی مەدریدا نەچەمێنەوە, بۆیە
دەنگی بە کابینێتەکە نەدا, بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد, نەچوو بە نا دەنگ
بدات, لێ دەیزانی بەرەی سەربەخۆیی بە ٦٦ دەنگ بەرامبەر ٦٥ی دژبەرانی
سەربەخۆیی دەیبەنەوە, بۆیە ئەگەر بیزانیایە ژمارەکە تەواوی ناکات بۆ
بردنەوە بەشداری دەکرد لە دانیشتنەکە.
بە پیچَەوانەی چەپەکانەوە, بۆرجوازی کەتەلۆنی, ساڵی ١٩٣٥ تەمویلی
کودەتای دکتاتۆر فرانکۆیان کرد, کە حکومەتی خۆجێی کەتەلۆنیای
ھەڵوەشاندەوەو تەنانەت زمانی کەتەلۆنیشی قەدەغە کرد تا کۆتایی دەسەڵاتە
٤٠ ساڵییەکەی, ھەروەک چۆن سەرەک خێڵ و دەرەبەگ و ئاغاکان و ھەردوو
باڵەکەی پارتی (جەلالی و مەلایی) پشتیوانی کودەتای بەعسیەکانیان کرد و
ھاوکاری بوون لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣دا, دەرگای بەڵایان بۆ کوردو
عێراقییەکان کردە سەرپشت, بۆرجوازی کوردی و کەتەلۆنیی دەڵێی کۆپی
یەکترن.
بە پێچەوەانەی کەتەلۆنیا لە لە کوردستان تەوژمێکی سیاسی سەربەخۆ خواز
نییە, ئەوەی ھەیە موزایەدەی ھێزە سیاسییەکانە بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی
عەبادی و مالکی, دوای گشتپرسیی لە رۆژی حەجە گەورەکە ٥ شاند لەیەک
رۆژدا بەرەو بەغدا رۆیشتن, ئامادە بوون سازش لەسەر نەھێشتنی قەوارەی
سیاسی ھەرێمی کوردستانیش بکەن,لە بەرامبەردا کەتەلۆنیا یەکگرتووانە
داکۆکیان لە پرۆسەکە کردو بە بێ بونی سوپا بێزیان لە پرۆسەکە دەرچوون و
کەرامەت و بیروباوەڕو بەھاکانیش پارێزراو بوون, موزایەدە بۆ دواوە
نەبوو وەک کوردستان, بەڵکە راکردن بوو بۆ پێشەوە, لە کوردستان
حیزبەکانی لیژنەی باڵای گشتپرسیی بێدەنگ بوون و خۆیان نەکردە شەریکی
دۆڕانەکە, شاییەکەی ئێوارەی ٢٥ی سەپتەمبەری بەردەم بارەگاکانیان لە بیر
کرا, زۆری ئەو سەرکردانەی ٢٥ی مانگ لەبەردەم کامیراکان پەنجەی
مۆرکراویان نیشان دەدا, رۆژی دواتر ھەڵگەڕانەوە, بە پەنجەی مۆرکراوی
گشتپرسییەوە لەسەر مێزی قاسم سلێمانی دانیشتن, ھەندێکیش لە بەغدا
لێدوانی وایان دەدا لە تەمەنی ٣٥ ساڵەی بەعس ھیچ جاش ئەفەندییەک
لێدوانی ئابڕوبەری وایان نەداوە, لێ کەتەلانییەکان بەرەو روی
سەختییەکان بونەوەو وازیان نەھێنا لە ویستی سەربەخۆیی.
٣- کەسەیاتی جیاوازی دەستبژێری سیاسی و لایەنگرانی گشتپرسیی ئێمە و
دەستەبژێری سیاسی و لایەنگرانی گشتپرسیی کەتەلۆنیەکان دوای قەیرانەکە,
راستە کەتەلۆنیا بەرەو روی دەستور بوەوە, کوردستان بەرەو روی سوپا و
ھەڕەشەی سەربازی ھەرێمایەتی بوەوە, دەرکەوت دەستوری ئیسپانیا و عێراق
لەگەڵ ویستی گەلاندا یەک ناگرێتەوە, راپرسی رای گەلە و دەستور بووەتە
زیندانی گەلان لەم وڵاتانە, لێ کاردانەوەی لایەنگرانی گشتپرسیی
کوردستان بەزین و خۆبەدەستەودان بوو, تا گەیشتە شان و لامل ماچ
کردنەکانی بەغدا, لێ دەستەبژێری سیاسی کەتەلۆنییەکان بەرەو روی
پێشھاتەکان بونەوەو لە ویستی خۆیان نەھاتنە خوارەوە, زیندان و
ھاندەرانیان ھەڵبژارد, سەربەخۆیی ئەگەر ئیدعایەک سیاسیش بێت مکوڕ بوون
لەسەری, کیوم تورا" Quim Torra, ٢٨ desembre ١٩٦٢" " سەرۆک وەزیرانی
دیاریکراوی کەتەلۆنیا لە ١٧ی ئایاری ٢٠١٨ , ئامادە نەبوو لەبەردەم پاشا
سوێند بخوا کە ئەوان خواستاری ھەڵوەشاندنەوەی سستەمی پاشایەتی و بۆ
کۆماری کەتەلۆنیا تێدەکۆشن, ھاوزەمان سوێندی بە ملکەچی بۆ دەستوری
ئیسپانی نەخوارد, بەڵکە سوێندی بە ئیرادەی گەلی کەتەلۆنی خوارد, تۆرا
رایگەیاند ئەوکار بەڕێکەرە نەک سەرۆک وەزیران, سەرۆکی راستەقینە کارلیس
بۆدجیمۆنتە ئێستا بەھۆی سەربەخۆییەوە ناخۆشترین کاتەکانی ژیانی بەسەر
دەبات, ئەوکار بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیاو گەڕاندنەەی سەرۆک دەکات, ھاوکات
بەھۆی مکوڕییان لە دیاریکردنی دوو وەزیری زیندانی و دووی ھەڵاتوو ئەوا
سوێند خواردنی کابینە دوا خرا, بۆیە رۆژی ٢٥ی ئایار بە تەنھا لەسەر
کورسی پێشەوەی پەرلەمان دانیشت, لە جیاتی وەزیرەکان پەڕۆی زەردی
لولدراو وەک ھێمای سەربەخۆیی کەتەلانیا داندرابوون.
بۆیە لە داھاتوودا پێویستمان بە دەستەبژێری سیاسی خاوەند مۆراڵ و پارتی
سیاسی سەربەخۆییخواز نەک گشتپرسییخوازی پەیگیر و پەرلەمانی بوێرو
خاوەند ئیرادەو دەستپێشخەر ھەیە, بۆ رزگار بوون لە کۆیلەیەتی ستەمی
نەتەوایەتی, لەم نێوەدا پێویستە ئەزموون لە خەباتی کوپ وەربگرترێت کە
داینەمۆی گۆڕانکارییەکانە بۆ پێشەوە لە کەتەلان.
alimahmud2001@yahoo.com
|
       |