په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٢\٢٠٢٦

بەربەریزمی مۆدێرن.
- خوێندنەوەێک بۆ بەڵگەنامەکانی“جێفری ئپستین” -

ئەکرەم سەعید     

"پسپۆرانی بێ ڕۆح و کات بەسەربەرانی بێ دڵ" - ماکس ڤێبەر.


تێوەگلانی نوخبەی خاوەن سامان و دەسەڵات لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، نیشانەێکی ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە لەژێر حوکمی بەربەریزمی مۆدێرندا ژیان بەسەر دەبەین، چونکە دەستدرێژی بۆ منداڵان، نەریەتی مرۆڤە دڕندەکانی سەردەمی کۆنە و ئەمڕۆکە لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا بەردەوامی هەیە. ئێمە لەم دورگەیەدا تەنها دیمەنی نوخبەێکی بەدڕەوشت نابینین کە دڕندەن و بەس؛ بەڵکە تایبەتمەندی سیستەمی سەرمایەداری دەبینین کە لەم خولەدا(دڕندەیی و گەندەڵی، چەتەگەری و مافیایی، بەدڕەوشتی و بەزاندنی هەموو هێلە سوورەکان تا پلەی جەنگی فەوتانی مرۆڤەکان و سروشت، بۆتە ڕێگا چارەی مانەوەی وجودی خۆی).


🔺بۆچی سیستەمی سەرمایەداری لە سکانداڵ ڕزگاری دەبێت، و بۆچی لێپرسینەوە لەتەک خاوەن سامان و دەسەڵاتدارەکان لە دادگاکانی سیستەمەکەی خۆیاندا تەنها شانۆگەرییەکە ئەو پەڕەکەی ستافی حکومەت دەگۆڕێ و ناتوانێ پێکهاتی ئابووری و سیاسی سیستەمەکە بگۆڕێ، وە بۆچی لە کۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرندا بە بەردەوام دوای ئەم سکەنداڵە ڕەوشتی و سیاسییانەدا کۆمەڵگە پاشەکشە دەکات و دەسەڵاتی بۆرژوازی بەهێزتر دەبێت. کۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرن وا گریمانە دەکات کە هەرکەسێ لادان لە یاسا و کاری تابو/ کاری قەدەغەکراو/ سکەنداڵ بکات دەچێتە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی لەتەک دەکرێ و سزا دەدرێ. بۆیە خەڵکی وا تێدەگەێنرێن لە بەرامبەر دادگادا کاتێک سکانداڵ سەرهەڵدەدات، جیاوازی نییە لە نێوان(نوخبەی پوڵ و سیاسەت لەتەک هاوڵاتێکی سادە)، بەمە هەموو وەک یەک لێپرسینەوەیان لەتەک دەکرێ و دواجار نوخبەی دەسەڵاتداران دەکەونە بەر مەترسی لێپرسینەوەو سزادان. لەڕاستیدا ئەمە وەهمە و گوتاری دەسەڵاتە(ئایدۆلۆژیایە)، دەنا مامەلەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەتەک سکەنداڵەکانی دوورگەی ئیپستین پووچی ئەم بڕوا و گریمانەیە دەردەخات.

 

ئەمڕۆکە ئێمە دەبینین کەهەموو(سەرۆک و ملیاردێرو شازادەکان) کەناویان لە دۆسیەی ئیپشتاین هاتووەو بەشداری تاوانەکانن، ئێستا هەوڵدەدەن ناوی خۆیان پاک بکەنەوەو تاوانەکە لەملی خۆیان داماڵن و بیکەنە خەتای خەڵکی تر. لەخوێندنەوەی مێژووی سەرمایەداری بۆمان دەردەکەوێت کە گەندەڵی و بەدڕەوشتی نوخبەی دەسەڵاتدارانی سیستەمی ئابووری و سیاسی و فەزیحەتەکانیان، بە دەگمەن سیستەمی دەسەڵاتی لاوازکردووە، بەڵکو زۆرجار زیاتر سەقامگیریان دەکات. سکەنداڵەکانی نوخبە توڕەیی کاتی خەڵکی و ناڕەزایەتی ڕواڵەتی بۆ لێپرسینەوە دروست دەکات، بەڵام دامەزراوە سیاسییەکان شۆکەکەی خەڵکی هێمن دەکەنەوەو خۆیان دەپارێزن، بێگومان هەندێ کەس لە نوخبەی سامان و دەسەڵات دەکرێنە قوربانی، بەڵام بەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمەکەدا. بەکارهێنانی سکانداڵەکان و توێژینەوەی کەیسەکان سوودی لێوەردەگیرێ بۆ کێشمەکشی نێوان باڵەکانی دەسەڵاتداران، بۆیە خەڵکی کە بڕوایان وایە بە(کەیسی گەندەڵی و بەدڕەوشتی نوخبەی دەسەڵاتداران)دەتوانرێ چاکسازی بکرێ، زۆرجار ئەم هیوایە شکست دەهێنێ، چونکە تەنها توڕەیی لە بێئەخلاقی دەسەڵاتداران کە خۆیان نوێنەری سیستەمێکی چەوسێنەرو بەدڕەوشت و نادادپەروەرن، بەبێ شۆڕش بۆ لە نێوبردنی نوخبەی سامان و دەسەڵاتی بۆرژوازی و گۆڕانی ئابووری و سیاسی سیستەمی سەرمایەداری، لە دواجاردا ئەو توڕەییەی خەڵکی بەبێ ئەنجام هێدی هێدی هێمن دەکرێتەوەو سەرمایەداری لە قەیرانەکە بە سەلامەتی قوتار دەبێ.


🔺(بەرهەمهێنەری هۆلیوود باری جۆزێفسۆن ئیمەیڵێکی بۆ ئیپشتاین ناردووە و تێیدا هاتووە: زۆر بیرم لەو پرسیارە کردۆتەوە کە تۆ لە“بیل گەیتست”کرد سەبارەت بەوەی چۆن ڕزگارمان بێت لە هەموو هەژارەکان.)- بەشێکی بەڵگەنامەکان پڕۆژەی دوژمنایەتی چینایەتییە: ئیپشتاین و هاوشێوەکانی بیردەکەنەوە کە چۆن هەژاران لەنێوبەرن. بیرکردنەوەی خاوەن سامانەکان بۆ لە نێوبردنی هەژاران لە مێژوودا نوێ نییە. لە پەیمانی کۆمەڵایەتی جان جاک ڕۆسدا(خەڵکی ئیلتزام بە یاساکانەوە دەکەن و دەوڵەت دەیانپارێزێ) بەڵام لەم سەردەمەدا دەوڵەتی سەرمایەداری لە پەیمانەکە یاخی بووە، و لەبری پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان بەبرسی کردن و کۆکوژی لەناویان دەبات، ئیدی یاسا و دادپەروەری و دەزگاکانی دەوڵەت تەنها چینی خاوەن دەسەڵات دەپارێزێ و مافی خەڵکی لە ژیان و کەرامەت پێشێل دەکات.


🔺گومان دەکرێ کە ئیپستین دەستێکی شاراوەی ڕێکخراوی هەوڵگیرییە لە تاریکیدا کە(کاری نائەخلاقی بە نوخبە دەکات و دواتر وەک کارتی گوشار بەکاری دەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتداران، و گرێبەستی ئابووری و سیاسی نایاسایی و نادەستوری بەو نوخبەیە دەکەن)؛ ئەمە تەنها عادەتێکی ئاسایی دەسەڵاتداران نییە کە لە مێژوودا چەندەها جار نموونەیمان بینیووە، بەڵکە ئەمە دیاردەێکی ترسناکی دەسەڵاتدارانە لە خولی تایبەتی سەرمایەداری کە پێی دەڵێین"سەرمایەداریی دڕندە یان بەربەریزم/ سەرمایەداریی لە خولی پایزدا/ سەرمایەداریی درەنگ Late Capitalism". دیارە ترەمپ و ستافەکەی لە ژێر گوشاری بەڵگەنامەکانی“جێفری ئپستین”دا لەبەردەم دووڕیانێکدان: یان جەنگ یان قەیرانی ناوخۆیی؛ بە جەنگ دژی ئێران جیهان دووچاری قەیرانێکی گەورە دەکات و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دووچاری کوشتارێکی گەورە، یان بێ جەنگ ئەوکات لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی قەیرانی حکومەتەکەی دەبێتەوە. لە هەردوو ئەلتەرناتیڤەکەدا ترەمپ و ستافەکەی گیرۆدەی کێشەی گەورە دەبن.


🔺دەوڵەت و ئەحزابەکان چۆن خۆیان لە بەربەڕیسمی“جێفری ئپستین” بەدوور دەگرن.
هەموو لاێک بەجۆرێک هەوڵ دەدات بیسەلمێنێ کە ئەوان لەو بەربەریزمەی نێو“دوورگەکەی ئپستین”ەوە دوورن:


‌ئەلف/ ئیسلامی سیاسی دەربارەی دوورگەکەی ئیپستین ڕای وایە کە(ئەمە تەنها ڕەفتاری تاکەکەسی نییە، بەڵکو بیری ئیلحادی لە پشتە، و شوکر بۆ نیعمەتی خودا کە ئێمە موسڵمانین و دوورین لەو بەدڕەوشتییە). بەڵام ئەم بەڕێزانە ئەوەیان بیردەچێ کە(لاقەی کیژانی خوار تەمەنی ۱٥ ساڵ، لێدان و ئازاردان و کوشتنی ژنان)کەلتوری هەموو ئایینەکانە بە ئیسلامیشەوە. ئەوەی لە دورگەێک دڕندە مۆدێرنەکانی خاوەن سامان و دەسەڵات بە نهێنی کردیان، ئایینەکان بەناوی شەرع و وەسیەتەکانی خودا بۆ پیاوان بە ئاشکرا حەڵاڵی دەکات.


بێ/ “ئەلێکسەندەر دۆگین”ڕای وایە بە دۆسیەی ئیپستین ئیدی ڕۆژئاوا ئیمزای لەسەر مەرگی خۆی کردووە. ئەو بەڕێزە لەوە حاڵی نابێ کە ئەم بەڕبەریسمە مۆدێرنە پەیوەندی بە جوگرافیاێکی دیاریکراو یان مۆدێلێکی کەلتوور و دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە نییە، بەڵکە هاوشێوەی دورگەی“جێفری ئپستین” لەهەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە.


سێ/ ڕای ناسیۆنالیستی کوردی:(جێی دڵخۆشییە، هیچ كوردێك ناوی لە دۆسیەی ئیپستیدا نییە). بۆ ئەم بیرتەسکانە من هیچ تەعلیقێکم نییە.


🔺لەشفرۆشی ئیلاهی دێرین و پیدۆفیلیای مۆدێرنی سەرمایەداری 
لەشفرۆشی و پیدۆفیلیای ئیلاهی(سۆزانی پەرستگاکان یان سۆزانی پیرۆز - لە زۆر جێکای هیندستان پێیان دەگووتن: خزمەتکارانی خودا، کە بەزۆری کیژی تەمەن نۆ ساڵ تا پازدە ساڵ بوون)، دیاردەێکی کۆنی کۆمەڵگە دێرینەکانی(میسری کۆن، میزوپۆتامیا، یۆنانی کۆن، هیندستان و چین)ە. ئەم دیاردەیە کە لەکۆندا ئایین پەردەپۆش و شەرعیەتی پێ دەدا، ئەمڕۆکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری جیهانیدا لە زۆربەی کۆمەڵگەکان گەرچی نایاسایین، بەڵام بە کردەوە بوونی هەیە و دەکرێ، لە هەندێ کۆمەڵگەش لە سایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئایینی شەرعیەتی پێ دەدرێ و بێ شەرمانە بەناوی ئایینەوە مومارەسە دەکرێ - وەک(لە ئێران هاوسەرگیری کاتی”زەواجی موتعە” کە لەشفرۆشییەکی ئیسلامیانەیە، وە لە ئێراق تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچانی ١٥ساڵ کە هێشتا منداڵە، لە هەمواری یاسای باری کەسی پێشنیارکراوە). شوێنکەوتوانی زۆرێک لە ئایینەکان لە هیندستان وەک شارستانیەتەکانی تر چەندین خوداوەند دەپەرستن وەک بەشێک لە کولتوورەکەیان. ئەم خوداوەندانە زیاتر لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە دەپەرسترێن کە لە شوێنێکدا کۆدەبنەوە‪”‬پەرستگا‪”‬، مەزارگە لە ژێر هەر دارێک یان لە سەرووی هەر سەکۆیەکەوە. ئەم کەسانە خوداوەند بە پارێزەری خۆیان و گوندەکەیان دەزانن لە نەخۆشی و یارمەتیان دەدات لە خۆشگوزەرانی.‪)‬هەندێک جار دایک و باوکێک بڕیار دەدەن کە منداڵەکەیان ئەگەر ئەو کۆرپەیە مێ بێت، ئەوە وەک لەشفرۆشێکی ئیلاهی پێشکەش بە‪”‬یێلامما‪”‬بکەن. کاتێک کچێک دوای چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی تەرخان دەکرێت بۆ مەزارگەی‪”‬یەڵەما‪”‬، دەنێردرێتە لای پیاوێک کە لە مەزارگەی پەرستگاکە چاوەڕێی دەکات بۆ جووت بوون. پێدەچێت لەو ڕۆژەوە ئەو خێزانەی کە کچەکەیان بە دیاری بەخشیوە بە خوداوەندەکە، چاوەڕێی بەدەستهێنانی نیعمەتی خوداوەندەکە و خۆشگوزەرانی بن.). سەرچاوە:- پەرستنی یەلامما و لەشفرۆشی ئیلاهی: پێشینەی مێژوویی و کولتووری/ ئارون جاگاناتان ڤی. ئاڕ زانای توێژینەوە، بەشی سانسکریت ساهیتیا، سری سانکاراچاریا زانکۆی سانسکریت، کالادی، کیرالا، هیندستان.
لەوتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تریبیون، لە ٨ی ئابی ١٨٥٣، مارکس ئینگلیزەکانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە قازانج لە(لەشفرۆشی)ی دەکەن، مارکس نووسی بووی:”ئایا ئەوان بۆ ئەوەی پارە لەو زیارەتکارانە پەیدا بکەن کە دەچنە پەرستگاکانی ئۆریسا و بەنگال، دەستیان بە بازرگانی لەشفرۆشی نەکردووە کە لە “پەرستگای جەگەرنۆت” ئەنجامدەدرا؟” ‪-‬ (تێبینی: “پەرستگای جەگەرنۆت” جێگاێکە بۆ لەشفرۆشی و پیدۆفیلیای ئیلاهی).
ئەما لە سەردەمی مۆدێرندا زۆر بە شەفافیەت لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا بەبێ سەرپۆشی ئایینی ئەوەی(لەشفرۆشی و پیدۆفیلیا)ی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، لە دەمێ ساڵەوەیە کردووە بە دیاردە، خواستی قازانجی سەرمایە و زاڵکردنی کەلتووری کۆنەپەرستی سەرکوتی ئینسانەکانە، چونکە گەر تەماشای دونیا بکەین، بنەمای ئەو دیاردەیە لە هەندێ لە وڵاتاندا بە ڕووکەش پەیوەندی بە ئایین و پیاوانی ئایینیەوە هەیە، بەڵام لە پانتایێکی جیهاندا ئەوە بزنسی تۆڕێکی گەورەی کۆمپانیاکانی کازینۆ و باڕو ڕێکخراوە مافیاکانە، کە بەشێکی سەرمایەی جیهانی ئەمڕۆکەن.


وەکاتێ داعش ئافره‌ته‌کانی وه‌ک کۆیله‌ی سێکس له‌ بازاڕی"نخاسه‌"بۆ فرۆشتن نمایش ده‌کرد، و پیاوه‌ شه‌هوانییه‌کان به ‌پاره‌ ده‌یانکڕین، دیمه‌نێکی هێنده‌ وه‌حشی و نائینسانی بوو مرۆڤی په‌ست و تووڕه‌ ده‌کرد. هه‌ڵبه‌ته‌ ئایینی ئیسلام هه‌م له ‌توراسیداو هه‌م له ‌مێژوویدا، گه‌لێ دیمه‌نی ناشرینی وای تیادایه‌. دیاره‌ هه‌ر ئایینی ئیسلام وا نییه‌، به‌ڵکه‌ زۆرێک له ‌ئایینه‌کان هاوشێوه‌ن. له‌م کاته‌داو به‌حیساب به‌رامبه‌ر و دژی ئه‌م دیمه‌نه‌ ناشیرینه‌ وه‌حشیانه‌ی داعش، چه‌ند وه‌حشێکی دی هاتبوونه‌ مه‌یدان:"برجوازه‌ مۆدێرنه‌کان، لیبڕاله‌کان، سیکۆلاریسته‌کان و بڕێک له ‌چه‌په‌کان"و چه‌ند ده‌وڵه‌تی وه‌ک"ئێران، سعودیه‌، تورکیا، ئه‌مه‌ریکا، روسیا و سوریا..هتد"، ده‌یان ویست به ‌خه‌ڵکی بسه‌لمێنن که ‌ئه‌و دیمه‌نه‌ ناشرین و وه‌حشیانه‌ی ده‌یانبینن، به‌رهه‌می سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نییه‌، به‌ڵکه‌ به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ی چه‌ند ده‌قی ئایینێکه‌، به‌رهه‌می نه‌ریه‌تی کۆنی ئایینێکه‌ که چه‌ند گۆمڕاکه‌رو سه‌رلێشێواوێک ده‌یانه‌وه‌ێ زیندووی بکه‌نه‌وه‌ له‌م دونیا جوانه‌ی ئێمه‌دا. ئه‌م ده‌ستەیه‌‌ درۆی گه‌وره‌یان بۆ خه‌ڵکی ده‌کردو ده‌یان گوت: شارستانی دونیای سه‌رمایه‌داری ناگونجێ له‌ته‌ک دیمه‌نی ناشرین و وه‌حشی له‌و شێوه‌یه‌دا، و ئه‌م دیمه‌نانه‌ سه‌ر به‌ ئێستا نین،‌ به‌ڵکه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی کۆنی که‌لتوری ئیسلامه‌وه‌ خواستراوه‌. به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌و له‌وه‌ش وه‌حشیتر ڕوویداوه‌و ڕۆژانه‌ ڕووده‌دات، و ئه‌م دونیای سه‌رمایه‌داریه‌ دڕنده‌یه‌ پڕیه‌تی له ‌دیمه‌ن و سه‌رگوزشته‌ی به ‌تاک و کۆی فرۆشتنی منداڵ و ژنان، و بازاڕی کۆیله‌کان گه‌رمه‌ له‌ به‌شێکی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی که‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ لێیان کردووین به ‌شامی شه‌ریف. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ک چۆن کرده‌وه‌کانی داعش جێگای نه‌فره‌ته‌ هه‌روه‌هاش ئه‌و بازرگانی سێکس و کۆیلایه‌تییه‌ به ‌ژن و منداڵ ده‌کرێ جێگای نه‌فره‌ته‌، و ئه‌مانه‌ به‌شێکن له ‌دیارده‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، و پایه‌کانی سه‌رمایه‌داری"پێویستی بازار و قازانج"مرۆڤ و جه‌سته‌ی ده‌کاته‌ کاڵاێک بۆ کرین و فرۆشتن، و بازار و قازانج دیمه‌نی له‌وه‌ وه‌حشیتری به‌رهه‌م هێناوه‌. ساڵی ۲۰۱۳ "ده‌زگای مافی ئوسترالیا "ڕاپۆرتێکی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له ‌ئێستادا نزیکه‌ی ۳۰ ملیۆن کۆیله‌ هه‌یه‌ له ‌جیهاندا که‌ به ‌زۆری له ‌ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا دان. ساڵی ۲۰۱٤ ڕاپۆرتی "ڕێکخراوی ووک فری"بۆ مافه‌کان پیشانیدا که‌ ۳٦ ملیۆن کۆیله‌ هه‌یه‌ له‌ ۱٦۷ وڵاتدا. گه‌ر که‌سێکیش به‌ ڕاپۆرته‌کانی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و یاساییه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا بچێته‌وه‌ له‌ دوای ڕمانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، ده‌بینێ لایه‌ک له ‌ئافره‌تانی ئه‌و وڵاتانه‌، مافیاکان بردیانن بۆ ئه‌مه‌ریکاو وه‌ک کۆیله‌ی سێکس کڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌کردن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌نگوباسی ڕێکخراوه‌کانی تاوان له ‌ئه‌وروپا و ئاسیا و ئه‌مه‌ریکا به‌لاشه‌ی منداڵ و ژنانه‌وه. ڕاپۆرتێکی ئه‌مه‌ریکا لە ساڵی ۲۰۱۲ ده‌ڵێت ساڵانه‌ بایی ۱٥۰ ملیار دۆلار بازرگانی به‌ کۆیله‌ی سێکس ده‌کرێت، یانی له‌ بازاڕی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی زیاترە، وه‌ لادێک له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌کسیک که‌ ناوی"تينينسينغ"ە، له‌ هه‌رێمی "تلاكسالا"یە، ئەوێ پایتەختی کۆیله‌ی سکێکسی جیهانە‌. له‌به‌رئه‌وه‌ محامیه‌کانی برجوازی زۆر گه‌مژه‌ن‌، چونکی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵکی ته‌ماشای ئینترنێت بکەن و به ‌دوای زانیاریدا بگه‌ڕێن، ئه‌وه‌ عه‌یب و عاری سه‌رمایه‌داری هێنده‌ که‌شفه‌ به ‌درۆی ئه‌وان داناپۆشرێ؛ داعش و “جێفری ئپستین” به‌رهه‌می سه‌رمایه‌داری‌ بەناو شارستانییەتی مۆدێرنە کە دڕندەییە، و ئه‌و کوڕه‌ له‌و باوکه‌یه‌.
____________________________________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
پەراوێز‪:‬
*‬ "پسپۆرانی بێ ڕۆح و کات بەسەربەرانی بێ دڵ" - ماکس وێبەر. / دەتوانین بڵێن کە تاونبارە دڕندەکانی دورگەی ئیپستین کات بەسەربەرانی بێ دڵن‪-‬ (Specialists without spirit, sensualists without heart)
ئەم گوزارەیە لە کۆتایی کتێبی «ئەخلاقی پرۆتێستانتی و ڕۆحی سەرمایەداری»(The Protestant Ethic and the Spirit of Capitalism)هاتووە. ڤێبەر بەم دەربڕینە وەسفی ئەو مرۆڤانە دەکات کە لەناو قەفەسی ئاسنینی (Iron Cage) مۆدێرنیتەدا گیریان خواردووە:‪”‬پسپۆڕانی بێ ڕۆح‪”‬ئەو کەسانەن کە لە بوارەکەی خۆیاندا زۆر شارەزان، بەڵام هیچ دیدگایەکی گەورەتر یان بەهایەکی مرۆیی و ئەخلاقییان بۆ کارەکەیان نییە؛ تەنها وەک ئامێرێک فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن. ‪”‬کات ‌بەسەربەرانی بێ دڵ‪”‬: ئەو کەسانەن کە تەنها بەدوای چێژ و کات ‌بەسەربردنی بێ میهرەبانی شەهوانیدا دەگەڕێن، بەبێ ئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتی یان قووڵییەکی ڕۆحی بکەن. ڤێبەر پێی وابوو ئەم جۆرە مرۆڤە «مەوجودێکی ئاوا» تەسەور دەکات کە گەیشتووەتە لوتکەی شارستانییەت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا تەنها پارچەیەکی بچووکە لە ئامێرێکی گەورەی بێ‌گیان.
‪**‬ لە ڕۆمانی(سەدو بیست ڕۆژ لە سۆدۆم)- (١٧٨٥)ی مارکیز دی ساددا، خاوەندارانی سامان، پیاوانی کەنیسە، دەسەڵاتی دادوەری و ئەرستۆکراسی، بۆ ماوەی چوار مانگ لە قەڵایەکی دابڕاودا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بە دڕندەترین شێوە دەستدرێژی بکەنە سەر قوربانییە گەنجەکان"کوڕ و کچ". ئەوان بە بێباکییەکی تەواوەوە بەرەوڕووی ئازارەکانی ئەم قوربانیانە دەبنەوە: ئەشکەنجەدان بۆ خۆی ئامانجێکە؛ ئەم ئەشکەنجەدانە تەنها چێژ نییە کە خزمەت بە تێرکردنی ئارەزووی دڕندەکان دەکات و بەس، بەڵکو خزمەت بە مەزنکردنی هۆشی ئەوانیش دەکات؛ زیاترمتمانەیان بەخۆیان دەبێ کە ئێمەی دەوڵەمەندو دەسەڵاتداران دەتوانین لە فەزای بێ یاسادا بەدڵی خۆمان چیمان بوێت دەتوانین بیکەن.
‪*** ‬ پاشخانی کولتووری و ئایینی خوێنمژگەرایی سێکسی لە چینی کۆن - پاوڵ ڕ. گۆڵدین
توێژینەوە لەسەر تەکنیکە سێکسییە ماکرۆبایۆتیکییەکانی چینی کۆن لە ژینگەی کولتووری و ئایینی کۆن، تیشک دەخاتە سەر ئەو ساتانەی کە بە ڕێنماییە نهێنییەکانی ژووری نووستنی”یەشت” ناسراوە. توێژینەوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دایکی ڕۆحی ڕۆژئاوا(هێزێکی ئایینی چینی دێرینە)کە لە بنەڕەتدا مرۆڤێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی دیکە بووە، هێزی زۆرێک لە کوڕانی گەنجی بە جووتبوون لەگەڵیان بۆ خۆی بردووە، و لەوێدا خۆی گۆڕی بۆ خوداوەندێکی بەناوبانگ. هەرچەندە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی پێشووی سێکسییەتی چینی تیشکیان خستۆتە سەر ئەم جۆرە شێوازانە (مێژوونووس R.H. van Gulik یەکەم کەس بووە کە بە “خوێنمژگەرایی سێکسێ” ناوی بردووە)، بەڵام بە دەگمەن پرسیار کراوە کە بۆچی کەسانی ڕوناکبیر و دانای ڕابردوو بە جددی وەریانگرتووە. لێکۆڵینەوەکە پیشانی دەدات کە خاوەن سامان و دەسەڵات لە کۆندا بڕوایاین بەوە هێناوە کە ئەم جووتبوونە سێکسییە لەتەک لاوان تەندروست و تەمەن درێژیان دەکات.
‪****‬ مارکسی لاو: فیتیشیزم و سێکس و ئایین - پیاچوونەوەێک بە "دەفتەرەکانی بۆن" / لەلایەن: کان کانگال ‪-‬ پەیوەندی نێوان"بازرگانی و ئایین و سێکسوالیتە" لە بەڵگەنامەی مێژوویی بۆتیگەردا سەبارەت بە ئایینەکان-یش سەرچاوەیەکی تیۆری مارکسە لە ژێر کاریگەری دی برۆسدا. ڕستەیەک کە مارکس نووسیویەتیەوە باس لە “کچانی گادیتانی” دەکات کە لە سەردەمی شانشینی ڕۆمدا لە ئیسپانیا وەک ژنە لەشفرۆش کاریان کردووە. مارکس کاتێک ئەم ناوە لە بۆتیگەرەوە وەرگرتووە، دەبێ بیری لە بەشێکی پێشوو کردبێتەوە کە بۆتیگەر تێبینییەکی لەسەر ڕێنمایی ئەسکەندەری مەکدۆنی کردبوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی "پەرستگای بێلۆس" لە بابل، کە شوێنێکی ناسراوە بۆ لەشفرۆشی پیرۆز. هەروەها مارکس لیستی نموونەکانی لەشفرۆشی پیرۆزی بۆتیگەری لە جوگرافیاکانی دیکەوە لەبەرچاو گرتووە. بۆ نموونە مارکس وێناکردنی هیرۆدولۆی لەلایەن بۆتیگەرەوە وەرگرتووە، کە کۆیلەی پەرستگاکان بوون و لە ناوچەی پۆنتۆس لە نزیک دەریای ڕەش و لە کاپادۆکیای ناوەڕاستی ئەنادۆڵ خزمەتیان بە "خودای گەورەی سروشتی ئاسیا" کردووە. لە دەفتەرەکانیدا مارکسدا دەنووسێت(هیرۆدولۆیەکان بەشداربوون لە[لەشفرۆشی] و "بازرگانی سۆزانی پیرۆز”دا).

سەرچاوەکان:
1‪/‬ The Cultural and Religious Background of Sexual Vampirism in Ancient China - Paul R.Goldin
* Yellamma Cult and Divine Prostitution: Its Historical and Cultural Background Arun Jaganathan V.R.
-2/ Yellamma Cult and Divine Prostitution: Its Historical and Cultural Background / Arun Jaganathan V.R Research Scholar, Dept. of Sanskrit Sahithya, Sree Sankaracharya University of Sanskrit, Kalady, Kerala, India.
3/ Young Marx on Fetishism, Sexuality, and Religion / Revisiting the Bonn Notebooks /by Kaan Kangal.4/ Marxism for Whores / by Magpie Corvid | August 1, 2015
5/ The most shameful practice:Temple prostitution in the ancient Greek world Strong, Rebecca Anne. University of California, Los Angeles ProQuest Dissertations & Theses, 1997.

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک