٣\۴\٢٠١٠ بەربەستەکانی بەردەم پرۆژەی روناکبیری...
فەرەیدوون سامان
لەم نووسینەمدا نامەوێ بگەڕێمەوە سەر پێناسەو چەمکەکانی روناکبیر کە بەپێی بۆچوون و هزرە جیاوازەکانی بیرمەندان و روناکبیرانی خۆراوا زۆری لەسەر نووسراوەو گوتراوە، بۆیە ئەم پێناسەکردنانە زۆرهەڵدەگرێ تا قسەی لەسەر بکەین بەتایبەتیش چەمکی روناکبیری ئۆرگانی کە کارەکتەرێکی رەخنەگرەو باندۆری راستەوخۆی بەسەر جڤاک و رای گشتی و دەسەڵاتیش هەیە ، رۆناکبیری ئۆرگانی لەهەمبەر گەندەڵی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریدا دەکارێ رۆڵی ئەکتیڤی مێژوویانەی خۆی بگێڕێت و ببێتەسەر مەشقی نموونە جوان وباڵاکان لەخزمەتکردنی دۆزی ئاڵۆزی گەلێکی دواکەوتودا ، ئەم ئیلیەتە کە هەمیشە لەگەڵ ترادیسێونە سونەتیەکاندا لەکێشەو ململانێدایە تاچەند لەجڤاکی خۆیدا بوونی کاریگەری هەیەو دەکارێ بوونی واقیعی خۆی بسەلمێنێ، ئەویش بەئامانجی پێشکەوتنی رەوتی شارستانی کۆمەڵگاو بەشداریکردنی لەپرۆسەی بنیاتنانی ئەو کایە جیاوازانە کە ئاماژەم پێکردن ، ئایا روناکبیری ئۆرگانی لە کۆمەڵگای کوردستاندا بوونی راستەقینەی هەیە و کاریگەری روناکبیری ئۆرگانی لەسەر وروژاندنی رای گشتی و کۆمەڵگا وهەڵوێستی بەرامبەر رەفتارو سیاسەتی دەسەڵات چییە لەکاتێکدا ئەگەر خودی دەسەڵات لەرێرەوی خزمەتکردن بە خەڵک لایداو لەپێناو بەرژەوەندی توێژیک یان ئگروپێکی کۆمەڵگا گشتیەکە دەسەڵاتەکانی بۆخۆی قۆرخ کرد . باشە رۆڵی روناکبیری ئۆرگانیی چیبووە لەبەشداری کردنی لەپرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و روشنبیری ئێمەدا ، پەراوێزخستنی روناکبیر و کاریگەری دزێوی لەدواخستنی کۆمەڵکادا لەم رەوشەدا چی دەگەیەنێ، هەڵبەت چەندین پرسیاری دیکەش کە هەمیشە لەخۆمی دەکەم و دەڵێم ئەرێ بەڕاست تۆ بڵێی ئێمەی کوردیش بەپێ ی ئەو پێناسانەی ئەنتۆنی گرامشی و ئیدوارد سەعید تەنانەت لینینش کاتێ دەڵێ : ئەگەر رۆناکبیر هەڵوێستی نەبوو یان شۆرشگێر نەبوو خائینە . راوبۆچوونی چەندین بلیمەتی دیکە کە لەئەزموونی سیاسی وڵاتەکەی خۆیاندا ئەم چەمکانەیان هەڵێنجاوەو باس لەبایەخی ستراتیژی روناکبیری خۆیان دەکەن ، بۆ نمونە( ژان پۆل سارتەر) لەو روناکبیرە ئۆرگانیانە بووە کە بە پێچەوانەی سیاسەت و خواستی دەسەڵاتی فرەنسای سەردەمی دیگۆل سەرسەختانە بۆسەربەخۆبوون و داکۆکی لەمافی چارەنووسی گەلی بندەستی جەزایر کرد ، تارادەیەیەکی زۆریش ئەم هەڵوێستەی سارتەر رۆڵی باشی گێڕا بۆسەربەخۆیی گەلی جەزایرو رزگاربوونی لەژێردەسەڵاتی ئیمپریالیزمی فرەنسیدا ، کە وەزارەتى ناوخۆى فەرەنسا بڕیاریداو وتى سارتەر بگرن، دیگۆڵ ئەوەى دەزانى کە سارتەر بۆ زیندان دروست نەکراوە، بۆیە ناچاربوون وازی لێبنن و ئازادی کەن ، بەڵام ئایا تا ئێستا روناکبیرێکی ئێمە هاتووە بتوانێ وەک سارتەر یان ئیسماعیل بیشکچی بیرمەند و کۆمەڵناسی تورکیا، هەڵوێستێک بنوێنێ لەئاست مەسەلە چارەنووسسازەکاندا بۆنموونە وەک دۆزی رەوای گەلی باکورو رۆژهەڵات و رۆژاوای کوردستاندا کە بەبەرچاوی کەناڵەکانی میدیایی هەمووجیهاندا سادەترین مافەکانیان پێشیلدەکرێ ، رۆناکبیرانی ئێمە مەگەر تاک و تەرا نەبێ چیمان بینی وەکو دەربرینی هەڵوێستێکی نەتەوەییانە و مرۆڤپەروەرانە کە ئیدانەی کوشت و بڕی خەڵکی بێدیفاعی ئەو بەشانەی کوردستان بکەن ، تەنانەت لەو بەشەی خۆشمان کە رۆژانە دەیان پێشیلکاری دەبینین کە بەرامبەر بە هاووڵاتیان دەکرێن وبەدەگمەن کەس نوزەیەکیان لێوە ناێی ، روناکبیری دەرەوەی بازنەی دەسەڵات ئەگەر هەرجۆرە هەڵوێستێک نیشان بدات لەگەلڕ خواستی دەسەڵاتدا نەگونجێ ئەوا بەجۆرەها شێوە سەرزەنشت و پەراوێز دەکرێت و توشى جۆرەها سەرئێشە دەبێت ، زۆرینەی روناکبیرانی ئێمە کە لەگەڵ دەسەڵاتی کوردیدان لەیەکێکیش لەئۆرگانە رۆشنبیری و میدیاییەکانی حزب و حکومەتدا شوێنێکیان داگیرکردووە ، بێ قەیدو شەرت رادەستی ویست و ئیرادەی دەسەڵات بوونە ، وەلێ مخابن هێشتا دەسەڵاتی کوردی وەک مرۆڤ سەیری روناکبیرانی ناکات ، چونکە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە کارى چاک کردووە لەخزمەتى کۆمەڵگا بووە نەک توێژێک و گروپێک ، بەراستی لەخزمەتى رەوشى کولتورى و ئازادى مرۆڤ و بەهاکانى ژیان بووە، ئەوا ئاساییە روناکبیرانی ئێمە ستایشی بکەن و تەنانەت خۆشیان لەپێناویدا بکەنە قوربانی ، بەڵام ئەگەر دەسەڵات هەرتەنها خەریکی قەڵەوکردنی گروپێک یان توێژێکەی سەربەخۆی بوو، هەموو دەسکەوت و داهات و ئیمتیازێکیش هەربۆ ئەوان بوو، تەنانەت ئاگای لەپێداویستییە سادە و رۆژانەییەکانى خەڵک نەماو وروناکبیری دەرەوەی حاشیەی وەک دوژمن هەڵسەنگاند ، ئیدی لێرەدا روناکبیری راستەقینە دەبێتە قوربانی ئەو بارودۆخە هەلپەرستەی کە ریاکاری و مەرایی و بنەماڵەڕانی و حزبڕانی شوێنی دڵسۆزی و رەوشتبەرزی و نیشتمانپەروەری و دەوڵەتڕانی دەگرێتەوە ، مخابن روناکبیری بوودەڵە و گوێرایەلڕ بەسەرروناکبیری داهێنەرو دڵسۆز، روناکبیری سیخورو مشەخۆر بەسەر روناکبیری نیشتمانپەروەر دەسەپێنرێت ، هەر ئەم رەوشە نالەبارەشە کە تارادەیەکى زۆر ئەو ئامادە بوونەى رۆناکبیرى ئەکتیڤی بزرکردووەو و کاریگەریشی نەبووە کە بتوانێ کەم وکوڕییەکانی دەسەڵات نیشان بدات و کۆمەڵگا واگابهێنێتەوە ، ئەرێ بەڕاست روناکبیر زادەى نێو کۆمەڵگاى خۆیەتى ، یان بەرهەمی خوێندنەوەی نێو کتێبەکانە، بەداخەوە لاى ئێمە رەوشى روناکبیر بەگشتى بووەتە باکگراوندێک کە دەسەڵات خۆی دەستنیشانى ئەوە دەکات کە روناکبیر کێیەو ئەرکەکانی چین ، دەبێ ئێمەش ئەوەمان بیرمان نەچێت کە روناکبیر لەهەموو گۆڕانکاریەکدا بەشدارەو هەمیشە کەسایەتیەکى سەربەخۆی هەیە و کەدواجار قسەى خۆى وهەڵوێستى خۆى و دەنگى خۆى هەیە و بەرپرسە لەسەرکەوتن و شکستەکانی کۆمەلچگاو دەسەڵاتدا ، راستە بەحوکمی دەیان ساڵی ژێردەستی و چەوسانەوەی گەلەکەمان،ئەزموونى پراکتیزەکردنی ئازادى و دیمۆکراسیەت لاى ئێمە نامۆ بووە ، ئەو ماوەیەی کە ئێستا کوردستان هەناسەی ئازادی هەڵمژیوە، سەبارەت بەزۆر هۆکار ئازادییەکە شێوەیەکى لەفەوزاو ونامەنتیقی بەخۆوەگرتووە، چونکە رۆناکبیرانیش لەکۆمەڵگاى ئێمەدا ساڵەهاى ساڵە لەژێر کاریگەرى ستەمى دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرستیدا بەهەمووجۆرێک و شێوەکانى چەوساندنەوە ناڵاندویانەودووچاری داپڵۆسینی جۆراوجۆر هاتوون، باشە چۆن ئێستا دەکارین لەو جۆرە کۆمەڵگایەدا روناکبیێکی ئۆرگانی بەرهەم بهێنین تا سەرەنجام کاریگەرى خۆى بەسەر رای گشتی و دەسەڵاتدا هەبێ ، بێگومان ئێستا ئەو پەیامەى روناکبیری کورد هەیەتی تا ئاستێک گۆڕاوە، چونکە تۆ دەسەڵاتەکەت لەخۆتە، باکەموکوڕی وگەندەڵیشی هەبێت، با ئەو دەسەڵاتەش کەوەکو پێویست نەیتوانیوە ئەو پردە ئینسانیەی نێوان روناکبیرانی خۆى و رایەڵەکانی دەسەڵات دروست بکەیت، ئاشکراشە لە هەموودنیادا دەسەڵات هەمیشە ویستویەتى روناکبیرێک دروست بکات کە هەڵگرى ئید و ناسنامەى ئەو بێت نەک روناکبیران خۆیان ،هەربۆیەش لەحاڵەتی وادا روناکبیرى راستەقینە پەراوێز دەخرێت،و کەپەراوێزیش کرا ئیدی ناتوانێ بەو شێوەییەى کە پێویستە پەیام ودەنگى خۆى بگەێنێتە کۆمەڵگا وکارى لەسەر بکات وهاوکارى دەسەڵات بکات، ئێمە کە کۆمەڵًگاییەکى داخراومان هەبووە، سەدان ساڵ لەژێرهەژموونی کۆمەڵە نەریتێکى باو وسواوژیاوین و لەژێر کاریگەری کولتوری خێل و عەشیرەت ورایەڵەکانی ئاییندا نڵاندوومانە، ئەوانە دەسەڵاتی راستەقینەیان بەسەر چارەنووسى میللەت هەبووە نەک هزرە رۆشنەکانی فەلسەفەو رێنیسانس و مۆدێرنێتە ، هەتا نهۆش مرۆڤی کورد شانازی بەرۆژهەڵاتی بوونی خۆیدەکات و هەمیشە سۆزی بۆ رابردووی خۆی هەیە لەرەوشێکی نۆستالیژی بەردەوام دەژیت ، پشتی لەشۆرشی زانیاری و تەکنەلۆژیا کردووە و تەنها وەک بەکاربەر کاری پێکردووە نەک بەرهەمهێنەر ، بۆیە ئەگەر کوردستان لەگەڵ وڵاتێکى وەک فرەنسا بەراورد بکەین ، ئەوا ستەم لەروناکبیرو جڤاکی کورد دەکەین ، چونکە ئەوەی بۆروناکبیرانی خۆراوا و وڵاتانی پێشکەوتوو دابین کراوە وهەیە رەنگە بە قەرنێکی دیکەش لە کوردستاندا فەراهەم نەبێ ، بۆیەش روناکبیری کورد زێتر لەروناکبیرانی هەر وڵاتێکی دیکە دەبێ لەخەباتی بێ وچان بێ بۆرزگاربوون لەژێرستەمی ئەوهەموو غەدرەمێژووییەی کەبەرامبەر بەخۆی و گەلەکەی کراوە، ئەگەرچی لەساڵانی رابردووش دەسەڵاتى کوردى هێشتا نەیتوانی بەو شێوە کاریگەر و مۆدێرنە رۆڵی دەسەڵاتێکی گشتگیر بگێرێَت، مخابن ئیستاش هەر لەبورجى عاجى خۆى دانیشتووە وبەچاوێکى سووک تەماشای روناکبیری سەربەخۆ دەکات و تەنانەت ئەگەر بۆی بلوێ لەکاتی رووبەرووبوونەوەدا مافی هاوڵاتى بوونیشی پێ رەوا نەبینێ ، باشە کە روناکبیرنەتوانێ ببێتە پردى نێوان ئازارەکانى بێ دەنگى خەڵک وخەمساردی دەسەڵات،ئیدی ئەوە روناکبیرانن ئەو پردەی نێوان دەسەڵات و خەڵک پێکەوە دەگەیێنێت و ئەو کێشە و کۆژانانەی پەیوەندى بەرۆژانەى خەڵک هەیە دەگەێنێتە کەناڵەکانی ، بۆیە روناکبیر دەبێ هەمیشە چاودێرى دەسەڵات و رەفتارەکانى بکات و ئاگاى لەخەم وئازارەکانى خەڵک هەبێ، بۆیەش ئەگەر روناکبیر لەو هاوکێشەیە بترازێت ئەوا روناکبیرێکی کاراو ئۆرگانی نییە، ئەگەربەچەمکە سونەتیەکەش روناکبیر بێت ، ئەوا روناکبیرێکى بێ هەڵوێستە ، گەرەکە هەمیشە هەنگاو بەهەنگاو دەبێ ئاگاى لەدەسەڵات و کەتواری کۆمەڵگایەکەى خۆی بێت، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان لەو واقعیە دابڕا ، ئەوا دیارە گرفتێک لەهزرو هەڵوێستی ئەو روناکبیرە هەیە. بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەگەر ناراستەوخۆش بێت روناکبیران بەشداریان لەپرۆسەی بونیاتنانی کۆمەڵگای کوردستانیدا هەبووە ، بەڵام بەداخەوە هێشتا لەکوردستاندا ئەو کێشەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە نەدراوەتێ کە بتوانن وەک دەنگێکى تاک و جیاواز، بتوانن قسەى خۆیان لەسەر دەسەڵات بکەن ، بەداخەوە دەسەڵات هەمیشە کەسانی مەسلەکی خۆى بەناوى روناکبیرەوە ئامادەن و نوێنەرایەتى دەسەڵات دەکەن و کۆمەڵێک دام ودەزگای بەناو رۆناکبیریش هەن ، کەتوانستی ماددی باشیان بۆ مەیسەرکراوە، راستە ساڵانە بەسەدان کتێب چاپدەکرێن کۆرو سیمینارو فیستڤال سازدەکرێن ، مخابن دیسانیش وەکو پێویست ئەم روناکبیرە وەزیفەدارانە نەیانتوانیوە خزمەت بە رەوشی رۆشنبیری کوردی بکەن ، بۆ ئەو جۆرە روناکبیرانە کە نوێنەرایەتى روناکبیرى دەسەڵات دەکەن دیسانەوە دەڵێم روناکبیرى جددی کە بەرادەییەکى کوشندە فەرامۆشکراوە ، بەڵام دیسانەوە نابێ روناکبیر لە واقیعی رۆژانەى کۆمەڵگاکەى خۆیدا بپچرێت ، لەو برواییەدام لەکۆمەڵگاى کوردیدا پرۆژەى دروستبوونى روناکبیرانێک هەن، ئەگەر ئێستاش بەو کاریگەرییە و بەو رێژەیە نەبن، بەڵام چەند ساڵێک تر رۆڵى کاراى خۆیان دەبینن. بۆیەش فەرامۆشکردنی روناکبیر لەلایەن هەردەسەڵاتێکەوەبێ تاوانێکی گەورەیە ، ئەگەر دەسەڵات بیەوێت روناکبیرانی ولاتەکەی کونترۆل بکات ، وەکو سەردەمانی فیۆداڵ و میرنشینەکان بیکاتە روناکبیرانی دەربار و بەئارەزووی خۆی بەگەڕی بخات و رکابەری پرۆژە روناکبیرەکانی پێ بکات ، ئەوا بەرلەهەرکەسێک و هێزێک زەبری کوشندە لەمانەوەی خۆی دەدات، مخابن تا بەئەمرۆکە دەگات لە کوردستاندا بەپەراوێزخستنی روناکبیران زیاتر لای هەندێ روناکبیرانی دەسەڵاتدارەوەیە نەک راستەوخۆ خودی دەسەڵات ، دوورخستنەوەی روناکبیر نەخشەی بۆ کێشراوە پرۆژەی بۆ دانراوە ، بەڵام دیسانەوە دەسەڵات بیەوێ و نەیەوێ ، ئەوەی مەبەستە کەدواجار روناکبیرانی کۆمەڵگاکەی روناکبیرانێکی کۆنترۆڵکراوبن کارێکی مەحاڵە، وەلێ ئەگەر روناکبیری راستەقینە بتوانیت لەکۆمەڵگاکەی خۆیدا رۆڵی ئەکتیڤی خۆی بگێرێت ، پێم وایە زۆر کێشەی گەندەڵی هەن بەئاسانی چارەسەر دەکرێن ، ئیدی ئەوکێشانەنش هەر لەزانکۆکان و سەنتەرە روشنبیرییەکان و دامودەزگاکانی روشنبیرییەکانەوە بگرە تا دەگاتە دەزگا رۆشنبیرییە حکومییەکان کە خۆیان بەربەستن لەبەردەم پرۆژەی رۆشنبیرییەکاندا .
|