بەردبارانکردنى
زیناکاران
بەردبارانکردنى مرۆڤایەتى.
خوێندنەوەیەکى سەرەپێى بۆ سزاى بەردبارانکردنى
زیناکاران لە ئایینى ئیسلام و وڵاتى ئێراندا.
ئەنیران غەفوورى
(3-3)
پێشەکى:
لە بەشى یەکەم قسە لەسەر سزاى بەردباران وەک دیاردیەکى مێژوویى و
دەروونى کرا و لە بەشى دوەمیشدا ئاماژەى پێدرا وەک دیاردەیەک لە ئایینى
ئیسلامدا و لەم بەشەشدا کە دوابەشە باسى ئەم سزایە دەکرێت لە وڵاتى
ئێراندا کە وڵاتێکى رۆژهەڵاتییە بە یاسا و حوکمى ئیسلامی.

بەردباران لە ئێراندا:
بۆچی بەرپرسانى ئێرانى ئیزن بە (تاوانێکى قورس)ى وەک بەردباران دەدەن؟
چۆن و بە چ شێوەیەک مەیلى جنسی ژنێ، سامان و نەزمى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگا
دەخاتە مەترسییەوە و بۆچی ئەوە هەر ژنانن کە زێتر لە پیاوان دەکەونە
بەر سزاى مەرگى پر لە ئازار و بێ رەحمانەى بەردبارانەوە لەم وڵاتەدا؟
وەڵام ئەم پرسارانە لە وڵاتێکى وەکو ئێران، سیستەمەکە ئەیداتەوە، چونکە
لە ئێراندا سیستەمێکى ئیسلامى بەوپەڕى شەرع و سووننەتەوە حوکم دەگێڕێت
و هەر لەم شڕوپڕیەى دین و مەزهەبەکاندا مرۆڤى مێینە ئەوەندە مافى
بەردەکەوێت. ژن هەموودەم لەم وڵاتەدا بە پلە دوو هەژمار دەکرێت و
ناچێتە قالبى پلە یەکەکانەوە. هەرچەندە کە لە ئێراندا فارس زمانەکان بە
مەزهەبى شێعەیانەوە حوکم دەگێڕن، بەڵام دواجار هەموو نەتەوە و
مەزهەبەکانى دیکە، زەجر دەکێشن و مەحروومن لە گشت شتێک و تەنانەت ئەبیت
پەیڕەوى لەو یاسا و دەستوورانە بکەن کە لە مەزهەبى ئەواندا نییە و لە
مەزهەبى شێعەوە هەڵێنجراون کە بەردبارانیش سەرەڕاى ئەوەیکە لە دینى
ئیسلامدا بەشێوەیەک لە شێوەکان و بەو بەڵگانەى سەرەوە ئاماژەمان پێدا
باوە، بووەتە یاسایەکى دیارى نێو وڵاتى ئێرانیش.
بەپێى توێژینەوەکانى مامۆستا "پترۆشفسکى"، نووسەرى پەرتووکى (ئیسلام لە
ئێراندا)، بۆنەى بەردبارانى ژنان و پیاوانى زیناکار، یەکەمجار لەلایەن
فەقێکانى ئەهلى سووننەتەوە (شافیعى و حەنەفییەکان) قسەى لێوە کراوە. وا
پێدەچێت کە شێعە ئەم بۆنەیەى لەوانەوە وەرگرتبێت. "پترۆشفسکى" لەسەر
ئەوەیە کە (سزاگەلێکى قورس کە بۆ زینا وەبەرچاو گیرابوو، کەمتر بەڕێوە
دەبرا، چونکە پێویست بە چوار شاهید هەبووە جگە لە مێردەکەى. هەربۆیە
بارودۆخێکى لەم شێوەیە زۆر بە دژوارى هەموار دەبوو.) لە راستیشدا
وەهایە، چونکە کەسى زیناکار هیچکات لەبەرچاوى خەڵک و چوار کەسەوە زینا
ئەنجام نادات. هەرچەندە کە دانپیانانى کەسى تاوانبار بەسە بۆ ئەم
تاوانە، بەڵام هەر لەو دەمەشدا ئەم دانپیانانە لە لایەن تاوانبارەوە
زۆر دژوارە.
سزاى بەردباران بەردەوام لە یاساکانى سزادانى ئیسلامى ئێراندا وەبەرچاو
گیراوە. لە ساڵەکانى دوایی چەندین سزاى لەم شێوەیە راگەیاندراوە کە
بوونەتە هۆى ئەوەى ئێران بخرێتە بەر فشار و پاڵەپەستۆوە. "محەمەد هاشمى
شاهرودى" سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى لە ساڵى (2003) سەبارەت بە چاکسازى و
قسەکردن لەسەر ئەم سزایە هەندێک شتى راگەیاند وەکوو (بەرێوەبردنى حوکمى
بەردباران لە دەسەڵاتى حاکمى شەرعیدایە و لە حاڵى حازر جمهورى ئیسلامى
بە دواى دیاریکردنى سزایەکى دیکەیەوەیە لەبرى ئەم سزایە.)
هەروەها لە لایەکى تریشەوە (غولام رەزا رەزوانى) لە فەقێیەکانى (شوراى
نیگەهبان) لە دیسامبەرى (2002) رایگەیاند کە (لە برى سزاى رەجم
ناتوانرێ سزایەکى دیکە دیارى بکرێ، چونکە حوکمەکانى ئیسلام جێگاى
پەسەندکردن و پەسەندنەکردنى خەڵکى نین و رەنگە هەر ئەم حوکمە لە
رۆژەکانى سەرەتایی ئیسلامدا جێگاى رەزامەندى خەڵکى نەبووبێت.)
رێکخراوى لێبوردنى نێونەتەوەی لە ساڵى (2006 ـ 2007) دوو سزاى
بەردبارانى راگەیاندووە کە یەکیان راپۆرتى بەردبارانى "جەعفەر کیانى"
لە پارێزگاى قەزوین بوو و ئەویتریشیان حوکمى بەردبارانى "ژیلا ئیزەدى"
بوو کە تەمەنى (16) ساڵ بوو و بە هۆى ئەوەیکە لە ساڵى (2004) پەیوەندى
سێکسى لەگەڵ براکەى خۆى هەبووە کە بە (150) قامچى مەحکوم کرابوو. ژیلا
دواى ئەوەیکە حامیلە ببوو و منداڵەکەى لەدایک بوو، دواتر لە زیندانێکى
کوردستاندا چاوڕێی بەڕێوەبردنى حوکمەکەى دەکرد، بەڵام بەهۆى فشارە
نێونەتەوەیی و رێکخراوەکانى مرۆڤ و تەیارکردنى هزرى گشتى لە ئێران، ئەم
دوو مەحکومە ئازاد کران.
لە یاساکانى (کەیفەرى) ئێراندا واتە ئەو یاسایانەى وەکوو قەساس کە لە
مەجلیسى شوراى ئیسلامى لە ساڵى (1982) و لەسەر بنەماى ئایینى ئیسلام
بنیات نراون، بۆ کارى زینا، سزاى مەرگ لە رێگاى بەردبارانەوە و یا سزاى
تازیانە و قامچى لێدانەوە وەبەرچاو گیراوە. هەر بۆ شاهیدیدانى ئەم کارە
پێویستە لەناو داداگادا ئەم کارە دانى پیابنرێت و یا پێویستە تاکى
زیناکار دانى پیابنێت و یا چوار پیاوى باڵغ و دوو ژنى ساڵح و پاک لە
داداگادا شاهیدى ئەم کارەى لەسەر بدەن (مادەى 91ب). ئەو شاهیدانە ئەم
کارە سێکسیەیان بە چاوى خۆیان بینیبێ(مادەى 94). یەکسانى و هەماهەنگى
کات و شوێن و چۆنیەتى کردەکە لە لایەن شاهیدەکانەوە زۆر پێویست و
زەروورە و لە کاتێکدا کە ئەم هەماهەنگى و هاوسەنگییە لەنێو قسەکاندا
نەبێت ئەوا بە تۆمەتلێدان، سزایان دەدرێت(مادەى 95). بە پێى مادەى
(82)ى یاساى سزا و قەساسى ساڵى (1991) بۆ کارى زینا لەم بوارانەى
خوارەوە بەبێ وەبەرچاوگرتنى تەمەن و یا بارودۆخى ژن و منداڵداریەتى
کەسى زیناکار، سزاى مەرگ دیاریکراوە:
* تێکەڵبوونى
سێکسى لەگەڵ کەسێکى بێگانە.
*
تێکەڵبوونى سێکسى لەگەڵ هاوسەرى باوکدا.
*
تێکەڵبوونى سێکسى پیاوى ناموسوڵمان لەگەڵ ژنى موسوڵمان.
*
لادانى سێکسى.
لە هەندێک بواردا بۆ سزاى زینا، سزاى بەردباران
وەبەرچاو گیراوە وەکو:
پەیوەندى سێکسى زێتر لە ژن و مێردایەتى پیاوێکى ژن و منداڵدار، واتە
کەسێک کە هاوسەرى هەمیشەیى هەبێت و لەگەڵیدا هاوجێگایى کردبێت و هەر
کاتێک کە ویستبێتى توانیویەتى لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پەیوەندى سێکسى
ببەستێت، پەیوەندەى سێکسى زێتر لە ژن و مێردایەتى ژنێکى هاوسەردار،
واتە ژنێک کە هاوسەرى هەمیشەیى هەیە و لەگەڵیدا هاوجێگەیى کردووە و
هەرکاتێک حەزى لێبووبێت سێکسى لەگەڵیدا کردبێت، بەڵام ژنێکى هاوسەردار
(تەنانەت ئەو ژنەى کە تەڵاقى وەرگرتووە بە شێوەیەکى زارەکى)، ئەگەر
هاتوو تووشى زینا بوو ئەوا بەرلەوەى کە بەردباران بکرێت، دەبێت قامچى
لێبدرێت (مادەى 88ى هەڵبژێردراوى ساڵى 1991)، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم
کەسانە لە کاتى غیاب و ئامادەنەبوونى هاوسەرەکەیان وەکو (زیندان و
سەفەر و هتد) زینایان کردبێت، سزاى بەردبارانیان بەسەردا ناسەپێنرێت.
زۆرجاران لەبەر پێوەبەستراوى مادى ژنان بە مێردەکانیانەوە، ناچار دەبن
کە ئەم تاوانە بگرنە ئەستۆى خۆیان و دان بەوەدا بنێن کە بۆ ماوەیەکى
زۆر لە سەفەردا بوونە و یا لەگەڵیدا جووت نەبوون، هەربۆیە لە سزاى
بەردباران بەدوور دەبێت، دەنا دەورووبەرى ژنەکە و خزم و کەسوکارى
پیاوەکە ژنە بە بەرپرسى کوشتنى پیاوەکە دەزانن و تووشى بەڵا و دەرکردنى
دەکەنەوە. هەروەها هەبوونى مافى فرەژنى بۆ پیاوان و هاوسەرى کاتى وەکوو
(سیغە) کە لەبەرژەوەندى پیاوانە و لە یاساکانى ئیسلام و جمهورى
ئیسلامیدا دیاریکراوە، بیر و هزرى ژن خۆش دەکەن بۆ زیاتربوونى خیانەتى
هاوسەرە پیاوەکانیان، لە بەرامبەردا نامووس و پاکداوێنى ژنان و بنەماڵە
لەسەر شانى پیاوان دانراوە و هیچکات پیاوێک بەرگرى لە ژنە زیناکارەکەى
ناکات، چونکە کۆمەڵگا بە بێ غیرەت و بێ ناموسى لەقەڵەم دەدەن.
کەوابێت لەم یاسا ئیسلامییانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ژنى زیناکار هیچ
رێگاچارەیەکى نییە جگە لە مەرگ نەبێت کە ئەویش بە ئازاراویترین و
خراپترین شێوەیە کە بەردبارانە، بەڵام پیاوى زیناکار ئەتوانێت لەو
سزایە هەڵێت، ئەویش بە هاوکارى ژنەکەى و تەنانەت ئەگەر هاتوو پیاوەکە
لەگەڵ ژنێکى سینگڵدا پەیوەندى سێکسى بەستبوو ئەوا تەنها کارێک کە
قوورسە بۆ پیاوەکە، مارەکردنیەتى بە رێگایەکى شەرعى. هەروەها پیاوانى
زیناکارى سینگڵ، سزاى مەرگیان بەسەردا ناسەپێنرێت، بەڵکو تەنها بە
لێدانى قامچى رزگاریان دەبێت لە مەرگ.
سەبارەت بەو ژنەى کە زیناکارە و حامیلەیە، بەداوى ئەوەیکە منداڵەکەى
دەبێت، سزاى مەرگەکەى بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر هاتوو کەسێک نەبوو
کە منداڵەکەى بگرێتە لاى خۆى، ئەوا سزاکەى وەدوا دەخرێت (مادەى 91،
162). لە یاساکانى سزا و قەساسى جمهورى ئیسلامیدا، سزاى بەردبارن موو
بە موو دیارى کراوە و تەنانەت ئەو بەردانەى کە لە تاوانبار دەگیرێت
دیاریکراون. بەرپرسانى بەڕێوەبردنى حوکمەکە و تەنانەت جارى وەها هەیە
کە هاووڵاتیانى ئاسایى ئەتوانن لەم سزایەدا بەشدار بن. بە پێى مادەى
(102)ى یاساى سزاى ئیسلامى، بەر لە بەڕێوەبردنى حوکمى بەردباران،
زیناکار ئەگەر پیاو بێت تا ناوقەدى و ئەگەر ژنیش بێت تا سینەى لە
چاڵێکدا دەیکەنە ژێر خاکەوە. بە پێى مادەى (104) نابێت ئەوەندە
بەردەکان گەورە بن کە بە یەک و دوو بەرد بمرێت، بەڵکوو دەبێت بچووک بن
تاوەکوو تاوانبار وردە وردە و بە ئازارەوە بمرێت. ئەگەر هاتوو کەسەکە
خۆى دانى بە تاوانەکەیدا نا، ئەوا حاکمى شەرع واتە ئەو حاکمەى کە
حوکمەکەى بۆ بڕیوەتەوە یەکەم بەردى تێدەگرێت و ئەگەر هاتوو بە پێى
شاهید تاوانەکەى لەسەر ساغ بووەوە، ئەوا یەکەم بەرد شاهیدەکان تێى
دەگرن (مادەى 99).
کۆمەڵگا پیشەسازى و پێشکەوتووەکان، زۆرجاران قسە لەسەر سزاى ئیعدام بە
پەتى سێدارە دەکەن، چ بگات بە بەردباران. ئیدى مرۆڤى ئاقڵ و مۆدێڕن
ئەوە قەبووڵ ناکات کە هاوشێوەکانى بکوژرێن و لەنێوببرێن لەسەر تاوانێک
کە رەنگە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى دیکە بگۆڕدرێت. هەر بۆیە کۆمەڵێک
رێکخراو و سەندیکا و ناوەند دروست بوونە کە ئیش لەسەر پاراستنى مافى
مرۆڤ دەکەن و قاوى ئەو تاوانانە دەدەن کە لە وڵاتەکاندا دەکرێن هەربۆیە
ئەمەش بە خراپ دەکەوێتە سەر ئەو وڵاتانەى کە سزاى نامرۆڤانە دەسەپێنن
بەسەر تاوانباراندا و رەنگە لە بوارى ئابوورییەوە ئابڵوقە و فشار
خستنەسەرى لە دواوە بێت.
تووڕەیى کۆمەڵگاى نێونەتەوەیى لەبەرامبەر سزاى مەرگ لە رێگاى بەردباران
کە زۆربەیان بەرۆکى ژنان دەگرن و پاڵەپەستۆکانى ئەوان بەسەر بەرپرسانى
ئێرانییەوە، هەندێک لەم بەرپرسانە کە بە دواى یەکسانکردن و
هاوسەنگکردنى وڵاتەکەیانەوەن لەگەڵ کۆمەڵگاى نێونەتەوەیى، وەهاى لێکردن
کە ئەم سزایە وەدوا بخەن و هەڵوەستە و پیاچوونەوەى بەسەردا بکەن. لە
دیسەمبەرى (2003)، "ئایەتوڵا هاشمى شاهروودى"، سەرۆکى دەسەڵاتى داد،
چەند رێنوێنییەکى لەمەڕ بەڕێوەبردنى ئەم حوکمەوەدا و بە یاسادانەرانى
پێشنیار کرد کە شێَوەى دیکەى سزا لەبرى سزاى بەردباران وەبەرچاو بگرن.
ئەوەبوو لە سپتامبەرى 2003، پەرلەمان یاسای چاوەدێرى بەسەر هەندێک سزا
لەوانەش سزاى بەردبارانى پەسەند کرد. "هاشمى رەفسەنجانى"، سزاى
بەردبارن بە نائەوڕۆیى دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پیاوە سوودى لە
دەسەڵاتى خۆى وەرنەگرتووە وەکوو سەرۆکى ناوەندى دیاریکەرى بەرژەوەندى
نیزام بۆ لابردن و هەڵگیرانى ئەم سزایە. ئەمەو تەنانەت لە کاتى سەرۆک
کۆمارى خاتەمیشدا ئەم سزایە لانەبرا و تەنانەت "زەهرا شوجاعى"،
راوێژکارى خاتەمى و سەرۆکى ناوەندى بەشدارى ژنان، سزاى بەردبارانى
مەحکووم نەکرد. لەگەڵ ئەوەى کە بەهۆى ئەو فشار و پاڵەپەستۆ و
مەحکومییەتانەى کە لە لایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتییەوە سەبارەت بە ئێران
لەگۆڕێدانە، رێژەى ئەم سزایە هاتووەتە خوارەوە و کەم بووەتەوە، بەڵام
هێشتاکەش لەنێو یاساکانى وڵاتدا لانەچووە. بە پێى راپۆرتى رێکخراوى
لێبوردنى نێونەتەوەیى، لە ساڵى (2004)، بەلانیکەمەوە نزیکەى (159)کەس
کە کچێکى مێرمنداڵیان تێدایە، ئیعدام کراون.
دواجار ئەوە ماوەتەوە بیڵەین کە مرۆڤ لە هەر وڵات و سەرزەوینێک بکوژرێت
و بە شێوەیەکى نامرۆڤانە لەنێو ببرێت، ئەوا ئەبێت هاوشێوەکانى دیکەى
لێى بێدەنگ نەبن. ئەوەى کە لەم وتارەدا ئەتوانین وەک دەرەنجام
وەریبگرین ئەوەیە کە پێویستە ئەم ژیانە بەشێوەیەک شایەنى مرۆڤ بێت تا
تیایدا بە ئاسوودەیى تەمەن بکات و مرۆڤیش ئەوەندە بچووک نییە کە بە
شێوەیەکى نائەقڵانى و نامرۆڤانە بخرێتە مەترسییەوە.

|