په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١١

 بەردەرکی سەرا دوا شانسی یەکێتی بوو کە ده‌یتوانی چارەی خۆی تێدا بنووسێتەوە.


زمکان عەزیز     


لە سەردەمی ڕۆمەکان و لە کەرنەڤاڵەکانی کۆشکی پاشایەتیدا وەک باوکلتورێکی ئەو سەردەمە ئاھەنگی شەڕیان لەنێوان دوو دیل یان دوو زیندانیدا ئەگێڕا و لە دوای زۆرانبازیەکی زۆر لە مەیدانی شەڕدا یەکێکیان ئەویتری ئەکوشت . لەگەڵ ئەوەشدا دیلە براوەکە ئازاد نەئەکرا بەڵکو تەنھا حوکمە زیندانیەکەی لەسەر سووک ئەبوو بەمەرجی ئەوەی کە لە ھەموو ئاھەنگەکانی شەڕدا بەشدار بێت تا لە شەڕێکیتردا خۆشیان ئەکوشتەوە .

لەم سەردەمەشدا بارزانی و حیزبەکەی بە ھۆی تاڵەبانیەوە ھەرکاتێک بیانەوێت یەکێتی وەک دیل و ژێردەستە بەکار دێنن و بە گژ جەماوەریدا ئەدەن ، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بۆ خاتری پارتی یەکێتی جەماوەری کوردستانی سەرکوت و پێشەل کردووە و پارتیش بەردەوام داواکاریەکانی لەسەر یەکێتی قورستر ئەکات و زیاتر لە کەرنەڤاڵی کوشتنی گەلدا ئەیگلێنێت تەنانەت کار گەشتۆتە ئەوەی کە پارتی لە زۆرانبازیەکەی یەکێتی لەگەڵ جەماوەردا تێگەشتووە و ئەزانێت نەک ھەر یەکێتی لەو شەڕەدا دۆڕاوە بەڵکو چارەی خۆشی بەرە و نەمان ئەچێت لەبەرئەوە ئێستا بە لۆژیکی ( دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە ) بیرئەکاتەوە بۆ بچوککردنەوەی یەکێتی و ھەیمەنەی خۆی و متمانەی جەماوەریش ئەمڕۆ پێویستی بە ھێزێکیتری وەک بزوتنەوەی گۆڕان ھەیە بە مەرجێک ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان ملی بۆ بدا.


ئەوانەی تاڵەبانیان خست و ئەوانەشی تاڵەبانییان بەرزکردەوە.


کوردستان ئاگادارە بە بڕیارێکی تاڵەبانی لەشکرکێشیەکی گەورە کرایە سەر سلێمانی و کۆترەکانی ئاشتی بەردەرکی سەرایان ھەڵفڕاند ، ئەو دەنگانەی بەردەرکی سەرا ھەر ئەو دەنگانە بوون لە دوای ئاشبەتاڵ و ھەرەسی شۆڕشەوە تاڵەبانیان گەیاندەوە کەشکەلانی فەلەکی سیاسی و ئەو تاڵەبانیەی لە ھەموو ژیانی خەباتیدا لەبەردەم ڕژێمە شۆڤێنیەکانی عێراقدا ھەمیشە توشی ھەرەسی سیاسی و دۆڕان و کەوتن بووە و ئاوارە و سەرگەردانی سوریا و ووڵاتە ئەوروپیەکان کراوە . تاڵەبانی لە قۆناغی مێژووی سیاسی خۆیدا دەردیسەری زۆری دیوە و پارتی و بە تایبەتی ماڵی بارزانی ئەوەندەی سەرقاڵی ڕاوکردنی ئەو بوون ئەوەندە خۆیان بۆ شۆڕشی کورد خەریک نەکردووە ، لە پاش ئەو ھەموو موسیبەتەی لەلایەن ماڵی بارزانیەوە بەسەر تاڵەبانیدا ھات ھەر ئەو جەماوەرە تووڕە خۆپیشاندەرەی کە تاڵەبانی بێدەنگی کردن و ئاشبەتاڵی پێکردن ئەوانیش بوون جارێکیتر تاڵەبانیان لەو پەڕی بێدەنگی و پەراوێزخستنەوە گەڕاندەوە بۆ ناو مەیدانی سیاسی و وەک کەسایەتیەکی ناو جیھان زیندویان کردەوە و تاکپەرستی و خێڵچێتی ناو شۆڕشیان پێشکاند و فرە دەنگی و فرە حیزبیان لە ناو کوردستاندا دامەزراند.

ئەو قوربانیە گەورەی کە ملی خەڵکی سلێمانی و ناوچەکانی خرایە بەر دیاریەکی تر بوو لە لایەن تاڵەبانیەوە بۆ بارزانی کە سلێمانیش وەک ھەولێر و دھۆک پێویستە کپ و کڕ کرێت ھەروەک چۆن تاڵەبانی و یەکێتی بۆ پارتی کڕکراون لەگەڵ ئەوەشدا پارتی بێئاگا نیە لەوەش کە ھەولێر و دھۆک و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی تەنگاوتر و پڕتر و تووڕەترن.


بێدەنگ کردنی سلێمانی بەو ھێزەی کە لە ناویدا تەنراوە واتە بێدەنگ کردنی پەڵپ و بیانو و داواکاریەکانی بارزانی لە تاڵەبانی و بێدەنگ کردنی مرۆڤی کورد لە بەدەنگھاتنی مافی ڕۆژانەی خۆی مافێک کە ھی خۆیەتی و لێی زەوتکراوە مافێک کە لە دەیان ساڵی حوکمڕانی دەسەڵاتدا کوتەککاری و پێشەل کراوە ، تاڵەبانی ئەوەی کرد بۆ شکانی ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتی یەکێتی لە کوردستان و دەسەڵاتی خودی خۆی وەک سەرۆک کۆماری عێراق .

تێکشکان و پەرەوازەکردنی خۆپیشاندەرانی سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بە مانای تێکشکان و داپڵۆسینی ڕەوتی دێموکراسیەت و ئازادی تاکی کورد لە کوردستان و ئەو کوتەککاریەش بەرھەمی متمانەبەخشین بوو لە نێوان تاڵەبانی و بارزانیدا بۆ درێژەپێدانی دەسەڵاتی خێڵ ئەگەرچی باجی ئەو بێدەنگکردنەش لەسەر ئاستی خوێن ڕشتن بێ.


گروپە ئیسلامیەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن لە فەرھەنگی دەسەڵاتدا یەکسانن بە سڕینەوەی مافی خۆپیشاندان.


سەیرە ئەمڕۆ دەسەڵاتی ھەردوو حیزب لە دژی کۆمەڵ و یەگرتوو سیاسەتی بەرگریکردن لە توندڕەوە جیھانیەکان بەکارئەھێنێت ، ئەی ھەر ئەو گروپ و ڕێکخراو و بزوتنەوە ئیسلامیانە نەبوون کە جاران ھاوپەیمان و وەزیر و لێپسراو و بەڕێوەبەری گشتی ناو حوکمەت بوون خۆیان ووتەنی بزوتنەوەی ئیسلامیش لەوان سەلەفیتر نەبن عیلمانیتر نین بۆچی بزوتنەوە ھاوپەیمانە و کۆمەڵ و یەگرتووش ئەمڕۆ بونەتە دوژمنی سەرسەخت ئەگەر تەنھا لەبەرئەوە نەبێت کە ئەمان ھاتونەتە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە ، لە بەرژەوەندی خۆی ھەوڵەکانی دەسەڵات لەبەردەم ڕای جیھانیدا ئەوەیە کە بە ھۆی سەلەفیە تووندڕەوەکانەوە ئۆپۆزسیۆن تێرۆرکات و لە ھەمان کاتیشدا گروپی ئیسلامی وەک دەسکەلایەک لە موشێنی سیاسیدا بەکاربێنێ.

لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ڕێژەی ئیسلامی کورد نزیکەی لە سەدا حەفتا بۆ ھەشتا کەمتربوو ، کەچی ئەم ڕێژەیە لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردا بەرز بویەوە بۆ لە سەدا نەوەدیش زیاتر ئەوەش لە سایەی شەڕی ناوخۆ و پێشبڕکێی دەسەڵات بوو لە نێوان پارتی و یەکێتی کە تا ئێستاش پارتی لە گەمەی ئەو پێشبڕکێیە بەردەوامە .

ئۆپۆزسیۆن ھەمیشە پێویستی بە دەنگی گەل و خۆپیشاندانی جەماوەری ھەبووە بەڵام مەرج نیە خۆپیشاندانی جەماوەر لە پشتی ئەو حیزب و گروپانەوە بێت کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن ، لە ئێستادا دەسەڵاتی ھەردوو حیزب وەک ئەوەی بە پەنجە بەرچاوی ئەمەریکیەکان بگرێت ئۆپۆزسیۆن بە ناوی گروپە تووندڕەوەکانەوە وەک دەسکەلایەک بە کار دێنێت بۆ شکانی ئیرادەی جەماوەر و دەنگی ئازادی و دروشمی دێموکراسیەت ، لەو پێناوەشدا بۆ پێشەلکردنی داوای خۆپیشاندەران کۆمەڵی ئیسلامی و یەگرتووی ئیسلامی تێوەگلاندووە بە مەرجێک ھەر لە وەزارەتی ئەوقاف و پەرلەمانتار و گروپ و پارتە ئیسلامیەکان لە لایەن دەسەڵاتی ھەردوو حزبەوە متمانەیان پێدراوە.


بۆ نەمانی یەکێتی ھەمیشە پارتی سەری لە رێی دوژمندا نزم بووە.


پارتی لە سەدا ھەشتای دەسەڵاتی ئێستای کوردستانە و بارزانی و کوڕو برا و برازاکانیشی سەرکردەی پارت و ھەرێمەکەن.


پارتی و بارزانی ئێستاش وەک کلتوری تاک حیزبایەتی جارانیان ئەیانەوێت لە دواوە یەکێتی ھاوپەیمان لغاوکەن یەکێتیش ئەوە نیە نەزانێت بەڵکو کەوتۆتە ناو ئەمری تاڵەبانیەوە نەک ئەمری واقیع.


ئەم لغاوکردنەی یەکێتی لە لایەن پارتیەوە سەرەتای ھەیە و کۆتایی نیە ، ھەر لەسەرەتای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆوە تا ئەم کاتەش پارتی توانیویەتی پلانەکانی بۆ نەمانی یەکێتی و خودی تاڵەبانی بە چەند قۆناغێک تێپەڕێنێ.


یەکەم: ئەوەبوو لە کاتی شەڕی ناوخۆدا لە ڕێی خۆی و گروپە سەلەفیەکانەوە دەوڵەتی ئێرانی دژ بە یەکێتی بەکار ھێنا و سنوری ھات و چۆی لێداخست و بشێوییەکی ئابوری لە ناوچەکانی یەکێتی دروستکرد تەنانەت بەوەشەوە نەوەستا زیاتر بۆ لاواز کردنی پێگەی ھێزی یەکێتی لە ناوچەکەدا گروپی جوندوڵای بە سەرکردایەتی ئەدھەم بارزانی کە ئامۆزای مەسعود بارزانیە دروست کرد و ئەو جوندوڵایەی کە ئێستا پاشماوەکەی بە ناوی جۆراو جۆرەوە دەسەڵاتی ھەردوو حیزبی سەرقاڵ و ھەراسان کردووە و بووەتە ئامانجی سەرەکی پارتی و یەکێتی بۆ ئەمەریکیەکان تا لەو ڕێگەیەوە دەنگی ناڕەزایی گەل و خۆپیشاندەران بە مەرامی تێرۆریستان و ئاژاوەگێڕی بخەنەڕوو.

دووەم: بەکارھێنانی پێکاکا و تا ئێستاش شەڕکردن دژی گەریلاکانی پێکاکا لە لایەن پارتیەوە بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی تورک و ھێنانە ژوورەوەی جەندرمەی تورک لە ھەرکاتێک پێویستی کرد ، ھەروەھا بە ھۆی تورکیاوە توانی پردێک لە نێوان خۆی و ئەوروپادا دروست بکا.


سێیه‌م: لەو سەردەمەدا و لە شەڕی ناوخۆدا پەیوەندیە گەرمەکەی نێوان پارتی و دەوڵەتی تورک بوویە جێی متمانەی سەرانی ڕژێمەکەی سەدام و زیاتر گرنگیدان بە بارزانی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە و کردنەوەی ڕێی دبلۆماسیەتی عێراقی بۆ ناو ئەوروپا و جیھانی دەرەوە کە ئەو کاتە لە لایەن ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی قەدەغە کرابوو بە تایبەت ھات و چۆی دبلۆماتە بەعسیەکان لە ئاستی بەرزدا لە سنوری پارتیەوە.


چوارەم: تەنانەت ئەو گرنگیدانەی تورکیا بە پارتی گەشتە ئەو ئاستەی ئەمەریکیەکان متمانەیەکی تەواویان بە پارتی ھەبێت وەک ئەوەی لەسەر یەکێتی ھەیانبێت تەنھا جەمسەرێک کە یەکێتی بۆ خۆی ھێشتبویەوە دەنگ و ھێزی گەل بوو ئەو کاتەش پارتی لای ئەمەریکیەکان یەکێتی بە ئێرانەوە ئاڵاند بوو .

پێنجەم: لە قوڵایی ھاوپەیمانێتی و گەرمەی حوکمی دوو حیزبی دەسەڵات جارێکی تر پارتی یەکێتی لە ناو تێرۆر و سەلەفیە توندڕەوەکان گەوزاند و ئەمەریکیەکانی تێگەیاند کە لە ناوچەی یەکێتی خۆپیشاندان ھەیە و بە دەست ئیسلامیەکانەوەیە ئەوەبوو تاڵەبانی لەبەر پاڵەپەستۆی پارتی و ئەمەریکیەکان ناوچەکانی سلێمانی بە ھێزی عەرەب و زێرەڤانی تەنی.

شەشەم: بشێوی ناوچەکە و تووڕەکردنی جەماوەر و کوشتنی ھەر خۆپیشاندەرێک ئەمڕۆ لە ئەستۆی تاڵەبانی و یەکێتیدایە ئەگەرچی بە فیشەکی پارتیەکانی ئەو ناوچانەشەوە بێت خۆ ئەگەر بێتو یەکێتی بەردوام بێت لەو پێشبڕکێیەدا لەسەر خوێنی خەڵکی سڤیل و خۆپیشاندەر ئەوە ئەبێتە یەکەم دۆڕاوی ناو مەیدانی دەسەڵات و دبلۆماسیەتی دەرەوەشی لەدەست ئەدا.


دوا شانسی یەکێتی جەماوەر بوو کە ده‌یتوانی چارەی خۆی تێدا بنووسێتەوە.


ئەوەبوو جارێکیتر تاڵەبانی کەوتەوە ناو ھەڵەی مێژووەوە کە دەنگی ڕەوای خەڵکی خۆپیشاندەری بێدەنگ کرد ، ئەبوو بیزانیایە کە بەردەرکی سەرا بۆ یەکێتی تۆڵەیەکی گەورە بوو لەو ھەموو ساڵانەی کە پارتی یەکێتی تیا بەرەو نەمان ئەبرد ، بۆ نموونە لە ڕووی دەسەڵاتی کوردستانەوە تاڵەبانی ئەیتوانی پارتی بخاتە مەترسیەکی گەورەوە و بەردەرکی سەرا بکاتە نمونەیەکی دیموکراسی ژێر دەسەڵاتی و ھێزی پارتی لەسەر خودی پارتی خۆی لێژکاتەوە و تووڕەبونی جەماوەری ژێر دەسەڵاتی پارتی تووڕەترکات و دەسەڵاتی خۆی لەمسەری کوردستانەوە بۆ ئەوسەری کوردستان پان و بەرینترکات ، بەھەمان شێوە لە ڕووی دەسەڵاتی عێراقیشەوە خۆی بکاتە یەکەمین ھێز لە ھەرێمەکەدا و دەنگی گەل بە بنکەیەکی بە ھێز لە پشتەوەی خۆی دانێت و ئاڵای کوردستان و ئاڵا سەوزەکەی لەو بنکەیەدا بەرزکاتەوە . لە ڕووی سیاسەتی دەرەوەش ئەیتوانی ئەو دیموکراسیەتە وەک وەرەقەیەک لە پێناو خۆیدا بۆ ڕای جیھانی بەکار بھێنێت و ئەوروپا و بە تایبەتی ئەمەریکیەکان دڵنیا بکات کە یەکێتی دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە و ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە ئەیتوانی ناسیۆنالیستە عەرەبەکان بخاتە مەترسیەوە بە ھۆی پشتگیری کردنی جەماوەرەوە لە کاتێکدا کە ئەمەریکیەکان بیانەوێت بۆ خاتری عەرەبەکان سیاسەتێکی چەوت لە ناوچەکەدا بە کاربھێنن.

 

ماڵپه‌ڕی زمکان عه‌زیز

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک