په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١٢

بەردەوام بن، دڵی ھەموو کورد لاتانە!


محەمەد ئەحمەد     


ئازادکردنی کوردستان و بەدەوڵەت کردنی خەونی ھەموو کوردێکی دڵسۆزە, بۆیە بەشێکی زۆر لە گەلی کورد خەباتی جۆراو جۆریان کردوە لەوانە (شاخ, شار, قەڵەم) بۆ بەدیھێنانی خەونەکەیان و بەشێکی زۆریان لێ شەھید بووە و گیانی خۆیانیان بەخت کردوە لەپێناو رزگاری کردنی خاکەکەیان لە دەستی زۆردار و رزگاربونیان لە چەوساندنەوەی دوژمن.


ماوەیەکە کوردانی باکوور بە روحێکی کورد پەروەرانە و بە شێوەیەکی ئاشتییانە ھەستاون بە مانگرتنی سەرتاسەری بۆ فشارخستنە سەر حکومەتە دیکتاتۆرێکەی تورکیا بۆ بەدەست ھێنانی مافەکانی خۆیان, رژێمی تورکیا ھەرچەندە بە ھێز بێت ناتوانێت تا سەر بەرگەی تورەیی گەلی کورد بگرێت چونکە کوردانی باکوور ھەستی نەتەوایەتییان بەرزە و پێکەوە دەست لە ناو دەست ھەردوو پرۆسەی ئاشتییانە و عەسکەری ئەنجام دەدەن دژ بە عەسکەرتارییەتی تورکیا, مانگرتنی کوردانی باکوور نزیکە دوو مانگە دەستی پێکردووە تاکو ئێستە بەردەوامی ھەیە, ھەر بۆیە وای کردوە تورکیا نەختە نەختە ملکەچی داواکارێکانی میلەتی کورد بێت و یەکەم بڕیاری ئەوەبوو کە ( لە دادگاکان بە شێوەیەکی رەسمی زمانی کوردی بەکار بھێنن), ئەم بڕیارە شتێکی ئەوتۆ نییە بۆ گەلی کورد بەتایبەتی لە دوای ھەڵبژاردنەکەی تورکیا وەکو کورد توانرا ٣١ کورسی پەرلەمانی بەدەستبھێنن ئەمەش لە خۆیدا دەسکەوتێکی باشە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سیاسی لەلایەن پەرلەمانتارانی کورد لە نێو ھۆڵی پەرلەماندا.


خەوتی تورکیا ئەوەیە بخرێتە پاڵ یەکێتی ئەوروپا و ببێتە ئەندام لەو یەکێتییە, کێشەی کورد لە تورکیا رێگەرێکی سەرەکییە بۆ بەدینەھێنانی ئەو خەونەی تورکیا, بۆیە پێویستە فشاری زیاتر بخرێتە سەریان بۆ پێدانی مافی زیات ربە گەلی کورد لە باکوور.


مانگرتنی کوردانی تورکیا توای سەرەنجی زۆربەی رێکخراوانی مەدەنی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆلای خۆی رابکێشێت تا وایکرد یەکێتی ئەوروپا لە بروکسول کۆبونەوەیەکی تایبەت ئەنجامبدات سەبارەت بە کێشەی گەلی کورد.


من لای خۆمەوە رەخنەم ھەیە لە میدیای کوردی لە ھەرێمی کوردستان, چونکە وەکو پێویست بەھانای براکانیانەوە نەھاتوون ئەگەر چی لە دەرخستنی راستێکانیشدا بێت, دۆسی کوردی باکوور دۆسی ھەموو کوردە لە ھەرشوێنێک بێت بۆیە لەسەر ئێمەیە بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاری براکانمان بکەین تاکە بتوانن بەردەوامبن لە فشارخستنەکەیان بۆ سەر تورکیا.


ھەڵھاتنی خۆری ئازادی گەلی کورد نەختە نەختە بەرەو ھەڵکردن دێت, بۆیە پێویستە بە ھەموولایەکەوە و دەست لە ناو دەستی یەکتر ھەوڵبدەین بۆ رێکخستنی ھەستە نەتەوایەتێکەی خۆمان بۆ بینینی خۆری ئازادی گەلی کورد لە ئاسمانی دەوڵەتی کوردستان.


ھەر بۆیە بە کوردانی باکوور ئەڵێم, بەردەوامبن... دڵی ھەموو کورد لاتانە.
 

ماڵپه‌ڕی محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک