په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١٢

بەردەوامیی و قووڵبوونەوەی قەیرانەکان سەلماندی

کە سیاسەتی ئابوورییناسە لیبراڵەکان ھەر لە سەرەتاوە فەشەلی ھێناوە.


زاھیر باھیر      


لە دوای جەنگی جیھانی دووھەمەوە دوو جۆرە سیاسەتی ئابوریانە لە بەڕیوەبردن و بەردەوامبوون و پتەوبوونی ئابوری سەرمایەداریدا تائەمڕۆ لەلایەن ئەمەریکاو کەنەداو وڵاتانی خۆرئاواوە و ھەندێک لە وڵاتانی تریشەوە گیراونەتە بەر. سیاسەتی یەکەمیان ، سیاسەتی قوتابخانەی کینزییە کە لە دووی ئابوریناسی بەناوبانگی بریتانی John Maynard Keynes (١٨٨٣ - ١٩٤٦) وەرگیراوەو بووەتە قوتابخانەیەک و زۆربەی زۆری سییاسییەکان و ئابوریناسە سەرمایەداریەکانی ئەو سەردەمەو ھەندێک لە ئێستاشدا دەرچوی ئەو قوتابخانەیەن و باوەڕو متمانەی تەوایان بە ڕێگای کینزی ھەیە لە بەڕیوەبرنی ئیدارەی کاپیتاڵیزمدا. ئەم ئابوریناسانە وایان پێشبینی کردووەو دەکرد بە ھەند وەرگرتن و کارکردن بە تیوری کینزی تاکە ڕێگایەک دەبێت لە پاراستنی ئابوری سەردەم لە ڕوبەڕوبونەوەی کێشەو قەیرانەکانیدا ، لای ئەمان ھەر ئەمەش تەنھا ڕێگایەکە لە بەرەنگاربوونەوەی ئابوریەکەی کارل مارکس و ڕێگەگرتن لە جێگرتنەوەی ئابوری و کۆمەڵگەی سەرمایەداری بە ئابوری و کۆمەڵگەی سوشیالیستی.‌


کینز، کەڵە ئابوریناسی بریتانی لە سەرەتای چەرخی ڕابوردووو پاش دەرکردنی یەکەم پەرتوکی لە ساڵی ١٩١٣ وە لەژێرناوی Indian Currency and Finance، دواتریش وەکو فەرمانبەرێکی ئابوریناسیش لە دەوڵەتدا کاری کردوە، دەرکەوتووە، بەردەوامبووە لە وتنەوەی وانەی ئابوری لە زانکۆکاندا. ھەروەھا ھەر لە سەرەتای جەنگی جیھانی یەکەمەوە بەردەوام بووە لە لێدوان و توێژینەوەی ئابوریانەو ئامۆژگارییکردن و ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و کەڵەپیاوانی دەوڵەت.


کینز لە ساڵی ١٩٢٦ دا سەردانێکی شورەوی کردووەو سەرسام بووە بە شێوەی بەڕێوەبردنی ئابوری لەوێ، ڕەنگە ئەم سەردانەی بیروبۆچونە ئابوریەکانی ئەوی دەوڵەمەند کردبێت، لە بواری ئابورییدا چەندەھا پەرتوکو وتاری بەپێزی نوسیوە. لە پەرتوکە بەناوبانگەکەی کە لە ساڵی ١٩٣٦ بەناوی A General Theory of Employment, Interest and Money کرۆکی بیری خۆی خستۆ‌تە ڕوو کە جەوھەرەکەی، دەوڵەتی بەرپرسیار کردوە لە سیستەمی ئابوری و ڕۆڵی وی بە گرنگ زانیوە ، لەگەڵ دەستتێوەردانی دەوڵەت و گونجاندنی و کۆنترۆڵکردنی (Regulate ) بزنس و بازاڕدا، بووە. ھەر بۆ ئەمەش، کینز، لە سەروەختی ژیانیدا دەورێکی باڵای بینیوە بە بەشداری کردنی لە دەیەھا کۆبوونەوەی گەورەو کۆنفرانسی ئابوریانە لەگەڵ ئابوریناسان و سیسیاسییەکانی سەردەمی خۆی لە دەرەوی دەسەڵات و لە دەسەڵاتدا ، ھەتا لە سەردەمی جەنگی جیھانی دووھەمدا بەبێوەرگرتنی پارە، بەخۆڕایی،‌ ڕاوێژکاری ئابوری شالیاری دارایی بریتانی بووە. لە یەکێک لە نوسینە گرنگەکانی تریدا لەژێرناوی Possibilities for our Grand Children Economicکە لەگەڵ ئەو کتێبەی کە لەسەرەوە ناوم ھێنا، تەواوکەری یەکترین . ئەو، لەم نوسینانەیدا پێشبینی ئەوەی دەکرد کە لەم چەرخەدا کۆمەڵگە لەپاڵ کێشەی بەتاڵەدا کە بەھۆی قەیرانی ئابوریەوە تووشی دەبێت ، لەگەڵیدا ڕوبەڕوی کێشەی Technological Unemployment واتە بێکاری بەھۆی تەکنەلۆجیاوە، دەبێتەوە. ئەو وای دەبینی ڕادەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لە چەرخی ٢١ دا بە ڕادەیەک دەبێت کە بڕی کاری ھەفتانە دێتە سەر تەنھا ١٥ کاتژمێر کارکردن و ئەوە کافی دەبێت بۆ بەرھەم ھێنان.


دیارە کینز لە دیدو بۆچونی تیورە ئابوریەکەی خۆیەوەو شیکردندەوەی ئابوری ئەو سەردەمەو پەیوەستبوونی دەوڵەت بە بزنس و کۆنترۆڵکردنی بازاڕو ، گەلێک فاکتەری تر ، بەو بەرئەنجامەی سەرەوە گەیشتوە. ڕەنگە گران بێت یان ڕاست نەبێت گەر بڵێین کینز دەرکی بەو ڕاستییە نەکردوە کە سەرمایە وەکو ئەسپی سەرکێش و یەسری چەمووش وایە،‌ لغاوو ڕەشۆ دەبچڕێنێ و گرتنەوەی مەحاڵە، یا ڕەنگە کێشەکە ئەوە بووبێت کە ئەمەریکییەکان ھەر لە کۆنفرانسی Bretton Woods کە لە ساڵی ١٩٤٤ گیراو ئەو دەورێکی سەرەکی ھەبوو لەو کۆنفرانسەدا، کەچی ئەمەریکییەکان ‌ لەگەڵ ئەودا جوت نەبوون ھەوڵیان دەدا کە بەپێچەوانەی ڕاو بۆچونی ئەوەوە ڕەفتار بکەن. بەلام ھەموو ئەمانە ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە کینز چجای ڕاستبوونی یا ھەڵە بوونی ‌ لە پێشبینیەکانیدا بۆ کاپیتاڵیزم لەم چەرخەدا،‌ لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا ھەوڵ و کۆششەکانی ئەو لە بواری ئابوری ئەو سەردەمەدا، بایاخ و گرنگی و تایبەتێتی خۆی ھەبووە.

بیردۆزی کینزو قوتابخانەکەی لە ئەوروپای خۆرئاواو گەلێک لە دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی تر،‌ جگە لە ئەمەریکا لە برەوو پێشەوەچووندا بووە و ھەندێکیش لە پارتە فەرمانڕەواکان، پەیڕەویان کردووە. بەڵام دەرکەوتنی Milton Freedman و قوتابخانەی شیکاگۆ لە سەرەتای حەفتاکان و ھەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو ، وردە وردە قوتابخانەی کینزییان خستە پەراوێزەوە.


فریدمان کە پڕۆفیسۆرێکی ئابوریناسی لیبراڵ بوو وانەی ئابوری لە زانکۆی شیکاگۆ دەوتەوە،‌ چەندەھا قو‌تابی ئابوریناسی لیبرا‌ڵ لەسەر دەستی ئەو پەروەدەکران و شەھادەی بەرزی وەکو ماستەرو دوکتۆرایان وەرگرت ، ئەو دەورێکی زۆر گەورەی ھەبوو لە ھاندانی ئابوری لیبراڵ و سیاسەتی لیبراڵ و بازاڕی ئازاددا، کە دواتر لە بزوتنەوەی گڵۆبەڵایزایشندا خۆی گرتەوە. فریدمان کاریگەرییەکی زۆر زۆری لەسەر سەرەک ڕێگنی ئەو کاتەی سەرۆکی ئەمەریکاو ئیدارەی ئەمەریکی ، ھەبوو.


کرۆکی بیری فریدمان و قوتابیانی قوتابخانەی شیکاگۆ کەمکردنەوەو دەستکێشانەوەی دەوڵەت بوو لە بزنس و بازاڕدا ، بچوککردنەوەی قەبارەی دەوڵەت بوو، دابڕینی بوو لە ڕۆڵی بزنس و بازاڕو باوەڕی تەواوی بەوە ھەبوو کە بازاڕ خۆی دەتوانێت کێشەکان لابەلا بکاتەوە و دەبێت بەر بۆ بازاڕ بەرەڵا بکرێت، ئەو خۆی ھەڵکشان و داکشانەکانی ئابوری بەپێی یاساکانی بازاڕو بزنس دەگونجێنێ و چارەسەریان دەکات.


فریدمان و قوتابییەکانی قوتابخانەی شیکاگۆ کەوتنە تاقیکردنەوەی تیورەکەیان، یەکەم وڵات کە بەسەریاندا سەپاند لە ساڵی ١٩٧٤ دا بوو کە وڵاتی چیلی بوو ، ئەو کاتە جەنڕاڵ پینۆشێت فەرمانڕەوا بوو. فریدمان و قوتابییەکانی ھانی جەنڕاڵیان دا کە دەوڵەت سییاسەتی دەسگرتنەوە ( تەقەشوف) بگرێتەبەر و کەرتە دەوڵەتییەکان بکات بە کەرتی تایبەتی، بە فرۆشتنیان تاکو بتوانێت قەرزەکانی دەوڵەت و نوقسانی بوجەکەی کەمبکاتەوە. بەڵام ئەم سیاسەتە گەورەترین کارەساتی بۆ چیلی ھێنا، بەڕادەیەک، چیلی کەوتە قەیرانێکی یەکجار قوڵەوەو، ڕێژەی بەتاڵەی لە ساڵی ١٩٧٥‌ دا سەرکەوت بۆ لە ٣٠٪ ، ھەڵئاوسانی پارەش بە ڕێژەی لە ٣٧٥٪ چووە سەرەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ دا چیلی وا درایە قەڵەم کە یەکەم وڵات بوو لە ھەموو جیھاندا لە نابەرامبەری و نایەکسانی کۆمەڵگەکەیدا. حکومەت وردە وردە بۆی دەرکەوت بەردەوام بوونی سیاسەتی ئابوریناسەکانی قوتابخانەی شیکاگۆ یانی ئیفلاسکردنی دەوڵەت بەتێشکانی تەواوی بەھای پارەکەیان و داخستنی زۆربەی کارگەو کارخانەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان و کەوتنەوەی بەتاڵەیەکی زۆرتر. سەرئەنجام ھەموو ئابوریناسەکانی قوتابخانەی شیکاگۆ لە چیلی دەرکران و ھەموو سیاسەت و ئامۆژگاریەکانی ئەوان ڕەتکرایەوە ، ئەمەش یەکەمین تێشکانی سیاسەتی لیبراڵەکان بوو لەوێ و لە ئەمەریکای لاتینی.

Paul Krugman کە ئابوریناسێکی گەورەی ئەمەریکییە ڕای وایە ئەو سیاسەتە لیبراڵەی کە ئێستا ئەمەریکاو بریتانیاو وڵاتانی ئەوروپاو دەزگە دراویەکانی جیھانی وەکو سندوقی دارایی نێودەوڵەتی و بانکی ناوەندی ئەوروپا، دەیگرنەبەر لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەدا، نە لەئێستاداو نە لە ڕابوردوشدا ئیشی نەکردوە. ئەو وەکو کابرایەکی ئابوریناس کە لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردووە تا ئێستا دەنوسێ و قسەوباس و توێژینەوە لە سەر ئابوری دەکات و وەرگری خەڵاتی نۆبڵیشە لەو بوارەدا، ھەروەھا بۆ ڕۆژنامەی New York Time دەنوسێت و لە زانکۆی Princeton یش وانەی ئابوری دەڵێتەوە، قسەو لێکدانەوەکانی سەنگ و قورسایی خۆیان ھەیە،‌ ئەو بۆ سەلماندنی قسەکەی لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ CNN کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، مانگی حوزەیران، کردی، بە بەڵگەوە پشتگیری لە قسەکانی دەکرد. ھەروەھا لە کۆتایی مانگی ئایاریشدا دیمانەیەکی لەگەڵ Radio٤s Today Programme کرد ، ھێڕشێکی گەورەی کردە سەر کامیرۆنی سەرەک شالیارانی ئێرەو کابینەکەی سەبارەت بە سیاسەتی دەسگرتنەوە (تەقەشوف) ، کە بەڕای ئەو لە کاتێکدا وڵات بە قەیرانی ئابوریدا دەڕوات دەبێت حکومەت زیاتر پارە سەرف بکات تاکو ئابوری ببوژێنێتەوە. وتی" لێرەدا، بێگومان، ھۆ ھەیە کە بۆچی ئەمان ئەمە دەکەن: تەماحەو بەدیھێنانی دەستکەوتە" . ھەر لەو گەشتەیدا بۆ بریتانیا، لە ڕۆژی ٢٩-٠٥-١٢ موحازەرەیەکی لەسەر دەستگرتنەوە ( تەقەشوف) لە London School Of Economic دا، لە یەکێک لە قسەکانیدا وتی " بریتانیا چوەتە قەیرانێکی واوە کە نزیکەی لە ٣٠٪ بێکارانی ٥٢ ھەفتە و زیاتریشە بێکارن، کە ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە ٩.٥٪ بووە".

نمونەی قەیرانە یەکبەدوایەکەکانی وەکو ساڵی ١٩٨٢ ی وڵاتانی تازە پەرەسەندوو (Developing Countries ) ، قەیرانی مەکسیکۆی ساڵی ١٩٩٤ ، قەیرانی وڵاتانی ئاسێوی ١٩٩٧ ڕوسیاو بەرازیل لە ١٩٩٨دا ھەروەھا ئەرجەنتین لە ساڵی ٢٠٠٢ دا، ‌ نموونەیەکی زیندوون و بەڵگەن بۆ قسەکانی ئەو. ‌


ھەر بە تەنھا Krugman نییە کە ڕەفزی سیاسەتی لیبراڵ و نیو-لیبراڵیزم دەکاتەوە سەبارەت بەچارەسەریان بۆ ئەم قەیرانە ئابورییەی کە ئێستا جیھانی پیادا دەڕوات بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی ، بەڵکو گەلێکی تریش لە ئابوریناسە ‌بەناوبانگەکانی ئەمەریکاو بریتانیاو وڵاتانی تریش ھاوڕان لەگەڵ ئەودا. ھەتا Ha-Joon Chang کە ئابوریناسێکی تری گەلێک ناسراوە ئەوەندە توڕەیە لە سییاسییەکانمان لەسەر ئەوەی کە ھەمان ڕێگەچارە دەگرنەبەر بۆ حەلی قەیرانەکە و بەڵام ئەنجامێکیش نادات بەدەستەوە، دەڵێت گەر ئێمە پێناسەکەی ئەلبێرت ئەنیشتاین کە بۆ کەسانی شێتی کردوە،‌ بەکاربێنین، ئەوە ئەمانە شێتن. ئەنشتاین دەڵێت " دووبارەکردنەوەی ھەمان شت لە ھەمان کاتدا بەدانەدەستی ھەمان ئەنجام"
ا
بێگومان تا ئێستاش ھەندێک لە ئابوریناسانی قوتابخانەی شیکاگۆو نیو-لیراڵەکانی تریش باوەڕیان وایە کە سیاسەتی نیو-لیبراڵیزم و حکومەتەکانیان لە چارەسەری ئەم کێشە ئابوریەی ئێستادا بە بەرزکردنەوەی باج و خولقاندنی باجی ترو ، دەستگرتنەوەی دەوڵەت لە خزمەتگوزارییەکان و بیمەکان و بڕینی ھەندێکیان و کەمکردنەوەی کرێ و مووچەو پارەی خانەنشینی و فرۆشتن و ھەڕاجکردنی بەشەکانی کەرتەکانی سەر بەدەوڵەت ، تەنھا دەرمانێکە بۆ چارەسەری قەیرانەکە. سییاسییەکانی لای ئێمەش ، بریتانیا، بە ھەموو عەقڵی خۆیان دەیانەوێت کە کاپیتاڵیزمی سەردەم بگۆڕن بۆ : کاپیتاڵیزمێکی مۆدێرن، کاپیتاڵیزمێکی بەرپرسیار، قبووڵکراو گونجاو لەگەڵ ئەم باروودۆخەدا و ھتد، تاکو لەم قیرانە دەرچێت.

ڕەنگە بەتەنھا جەدەلەکان و لێدوانەکان لە ڕوانگەی ھەردوو لاوەو یا ھەردوو بەرەوە ، کافی نەبێت بۆ سەلماندنی ڕاستی و ھەڵەی بۆچونەکانیان ، بۆیە تا ڕادەیەک لێرەدا دیاریکردنی براوەو دۆڕاو لەو میانەدا گرانە. بەڵام ئەوەی کە گرنگەو گەواھی (شاھیدی) دەدات کە چ دەستەیەک لەم ئابوریناسانە ڕاستن یا ھەڵەن، بەڵگەکانە، دەیتاکانە، ڕووداوەکانە ، ئەزموونەکانە،‌ چارەسەسەرەکانە بۆ کێشەکان کە لە ژیانی ڕۆژانەدا دەیانبینین. واتە ئا لێرەدا ئەوە گرنگ نییە کە ئابوریناسە لیبراڵەکان و لایەنگرەکانیان لە بواری فەرمانڕەوایی و لە بواری بزنس دا چی دەڵێن و پاساوو چارەسەریان چییە بۆ باروودۆخەکە، چونکە ئەوەی کە گرنگە، لە سەرەتای ڕودانی ئەم قەیرانەوە، لە ٢٠٠٨ وە تا ئیستا، ئەوان چییان وتبێت و چ چارەسەرێکیان ھەبوبێت، بەڵام نەیانتوانیوە کە ئاسۆیەک لە ڕەواندنەوەی قەیرانەکە بە ئێمە نیشانبدەن ،‌ بەڵکو لەبری ئەوە تارمایی ھەرەسی تەواوی دراوی یورۆو سستی و ئیفلیجبوونی تەواوی دراوە سەرەکییەکانی تری جیھان، دەبینین.


پێویستمان بەوە نییە کە لە ئابوریناسیدا پڕۆفیسۆر بین ، یا بەلانی کەمەوە ھەتا ھەر ئابوریناسیش بین تاکو بزانین کۆمەلگەی بەشەرییەت لە سای سیاسەتی لیبراڵەکان و نیو-لیبراڵیزمدا بەرەو کوێ مل دەنێت. ئەوەی کە ئەو ئابوریناسانە بۆ نشونمای ئابوری دەیزانن و بەڵام نەھی دەکەن یا ڕەتی دەکەنەوە، دووشتە، کە ھەردوکیشیان ھاوکێشەو تەواوکەری یەکترین ئەویش بەرزی توانای کڕینی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیە ( Purchasing Power ) تاکو ئەوەی کە بەرھەم دەھێنرێت لە بازاڕدا، نەمێنێتەوەو بکڕرێت. ئەویتریشیان:‌ داھاتی من ‌ بەکاربەری تۆیە ‌(خەرجیات یا سەرفکردنی تۆیە)، داھاتی تۆش سەرفیاتی منە. ئەمەشیان یانی ئەوەی ئەمڕۆ لە باخەڵی تۆدایە بەیانی ھی منە، پێچەوانەکەشی ھەر ڕاستە. ئاڵێرەدا ئابوری لە دوو حاڵەتدا تووشی ڕاوەستان و سستی و قەیران دەبێت. حاڵەتی یەکەمیان کە پارە ھەبوو بەڵام یا زۆر بەکەمی لێی خەرج بکرێت یا ھەر ھەمووی پاشەکەوت بکرێت. حاڵەتی دووھەمیان نەبوونی پارەیە تاکو خەڵکی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیی و ئەوکاڵانەی تریش کە لە بازاڕدا ھەیە بکڕێت.


ھەر لەبەر ڕۆشنایی ئەو دوو خاڵە سەرەتاییەی سەرەوە ئێمە پێشەکی دەبێت بیزانین کە ئەو سیاسەتەی ‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوریەکە گیراوەتە بەر و دەگیرێتە بەر ، نەک ھەر کێشەکەی لابەلا نەکردۆتەوە بەڵکو بەرەو قوڵبوونەوەیەکی زیاترییشی بردووە. سیاسەتی خولقا‌ندنی بەتاڵەی زیاتر ، بەرزکردنەوی نرخی سەرجەمی پێداویستیەکانی ڕۆژانە لەپاڵ کەمکردنەوەی کرێی کارو مووچەو بیمەکان و خانەنشینی و زیادکرنی باج، کە ھەر ھەمووی دەبێتە ھۆی گیرفان بەتاڵکردنەوە ، بەواتایەکی تر کەمکردنەوەی توانای کڕین، بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێت کە بڵێێن سیاسەتی لیبراڵەکان و نیو-لیبراڵیزم کار ناکات و قەیرانەکانیش ناڕەوێنەوەو بەردەوام دەبن.

وکو پێشتر وتم ئامارەکان، ڕوداوەکان کە ڕۆژانە دەیان بینین دەیسەلمێننن ئەوەی کە ھەر لە ساڵی ٢٠٠٨ وە تا ئێستا کراوە بۆ ڕەوانەوەی قەیرانەکە ، ھەر ھەمووی کێشەکەی زیاتر زەحمەت کردووە. وڵاتانی سەرەکی ناو زۆنی یورۆ وەک یوێنان ، ئیسپانیا، ئیتالیا ، پورتوغال ئیرلەندە، کاتو ساتی چوونە دەرەوەیانە لەو زۆنە و ھەرەسھێنانیانە وەکو وڵاتی بەکارھێنەری دراوی یورۆ، تێکڕایی ڕێژەی بەتاڵە لە ئەوروپاد سەرکەوتووە بۆ لە ١١.١٪.


یوێنان، دەمێکە لە دووڕیانی مان و نەمانەوەدایە ‌ لە زۆنی یورۆ ، دوای ئەوەی کە دووجار لە ئایاری ٢٠١٠ دا ١١٠ ملیار یورۆ و لە ئازاری ئەمساڵیشدا ١٣٠ ملیاری تر، قەرزی پێدرا، بەڵام بەھۆی دانانی مەرج و بەندی قورسەوە لەلایەن دەزگە دراوییەکانەوە لەبری ئەوەی ببێتە ھۆی بوژانەوەی ئابوریەکەی ، بگرە بارودۆخەکەی بە جۆرێک بەرەو خراپتر برد کە ناڕەزاییەکان و بەیەکدادانەکانی نێوانی دەوڵەتی یوێنان و دەزگە دراویەکان لەگەڵ زۆربەی زۆرری خەڵکی یوێنان، بەرەو ئاقارێکی تازەتر برد ، وایکرد کە پارتی چەپ ،Syriza ، بە ڕابەرایەتیAlexis Tsipras لە ڕۆژی ١٧-٠٦-١٢ لە سوڕی دووھەمی ھەڵبژاردندا لە سەدا ٢٧ ی دەنگەکان بھێنێت، کە دووھەم دەنگ بوو، کە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٩ دا ھەمان پارت تەنھا لە ٤.٦٪ی دەنگەکانی ھێنابوو. گەرچی پارتی پاسۆک و پارتی دیمۆکراسی نوێ (موحافیزین) توانیان حکومەتێکی ھاوبەش دروست بکەن بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئیدی لەمەولا کێشە ئابوریەکان چارەسەر دەکرێن و بارودۆخی یوێنان بەرەو باشی دەڕوات و ئەگەری ھاتنە دەرەوەی لە زۆنی یورۆ بەسەر دەچێت. بزوتنەوەی خەڵکی لەوێ گەر نەیتوانیبێت و نەتوانێت چۆک بە لیراڵیزم و حکومەتەکانی دادات و مێژویەکی تر دروست بکات، بەلام دەتوانێت مێژوی ئەوروپا بگۆڕێت.


‌ ئەو دوو پارتە کە ئێستا لە دەسەڵات دان، ئەوانیش وەکو خەڵکی یونان و پارتە چەپەکان دەرکیان بەمەترسی بەجێھێنانی بەندومەرجەکانی سند‌وقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی ناوەندی ئەوروپی و یەکێتی ئەوروپا، کردووە بۆیە دەیانەوێت سەرلەنوێ لەسەر بەندو مەر‌جەکانی مانگی دووی ئەمسال کە پەیوەست بوو بە دانی قەرزی ١٣٠ ملیار یورۆکەی مانگی ئازارەوە ، ڕاوێژ لەگەڵ دەزگە دراویەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپییدا بکەن تاکو چیتر لا‌نیکەمی کرێ و کرێی کرێکاران و مووچە و پارەی خانەنشینان دانەگرن ، باج زیاد نەکەن، ماوەی مافی دانی بیمەی بێکاری بکەنەوە بە دوو ساڵ لە ساڵێکەوە. بەڵام ھەر لە ئێستاوە ئەنجلا مێرکڵ ھەڕەشەی خۆی لێکردون و پێی وتن کە قسە لەسەر بەندو مەرجەکانی دانەوەی قەرزەکان دووبارە ناکرێتەوەو دەبێت یوێنان پابەندی تەواوی مەرجەکان بێت، بۆیە داوایان لێدەکەن کە ھەتا ناوەڕاستی مانگی تەموز، یوێنان دەبێت ١٠ ملیار یورۆ پاشەکەوت بکات، واتە بەتاڵە کردنی زیاتری کرێکاران و کارمەندان کە لە حاڵی حازردا ڕیژەی بێکاران لە نێوانی گەنجانی تەمەن ١٦ ساڵ و ٢٤ ساڵدا لە ٥٤٪ و لە دەرەوەی ئەوانیش لە ٢٤٪، توانای کڕینی کاڵاو پێداویستییەکانی ژیان بە لە ٣٥٪ ھاتۆتە خوارەوە، ھەرچی ئیسپانیاش ھەیە بەرەو ھەمان ھەڵدێری یۆنان مل دەنێت، ڕیفۆرمەکانی حکومەتەکەی RaJoy Mariano بەفریای باروودۆخەکە نەگەیشت ھەر بۆیە ڕێژەی بەتاڵە لە نێوەندی گەنجان و دەرەوی گەنجاندا لە سەرکەوتن و برەودایە، لە ھەمان کاتیشدا ڕێژەی ناڕەزاییەکانی خەڵک و ھاتنە سەر شەقامیان، ژمارەی خۆپیشاندانەکان و خۆپیشاندەران لە زیادبووندایە ئەمە جگە لەوەی کرێکارانی کانە خەڵوزییەکان ماوەی چەند ھەفتەیەکە لە مانگرتندان و بەردەوامیش دەبن ھەتا داخوازییەکانیان بەدەست دێت ، قوتابیان و خوێنکارانی زانکۆکانیش بەبەردەوامی لە کردنی چالاکی ڕاستەوخۆدان.


قەیرانە ئابورییەکە لە ئیسپانیا وا قووڵبۆتەوە ھەندێک لە ئابوریناسەکان وا پێشبینی دەکەن کە بچڕانی ئەڵقەی زنجیرەی وڵاتانی زۆنی یورۆ لە وێوە دەست پێدەکات نەک یوێنان. Bankia، کە یەکێکە لە بانقە گەورەکانی ئیسپانیا بەرەو مایەپوچی ڕۆیشت ، بەپەلە دەوڵەت فریای کەوت. مەترسی ھەرەسی بانقەکان گەیشتە ڕادەیەک کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا لە ماوەی ھەفتەیەکدا خەڵکی زیاتر لە ١ ملیار یورۆیان لە بانقەکان ڕا‌کێشا. ئەم مەترسییە تا نوسینی ئەم وتارەش ھەر بەردەوامە ھەر بۆیە شالیارەکانی دارایی وڵاتانی زۆنی یورۆ بڕیاریان وایە کە لە ڕژی ٠٩-٠٧-١٢ کۆبوونەوەیەک لە برۆکسل سەبارەت بە قەیرانی بانقەکانی ئیسپانیا، بکەن، تاکو ڕاوێژ لەسەر دۆزینەوەی ڕیگاچارەیەک بکەن لە ڕێگەگرتن لە نابووتبوونیان. لەولاشەوە ڕێژەی پشکەکانیش بە لە ٠٣٪ ھاتنە خوارەوە. ئابوریەکەشی لە ٤ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی لە ٠.٣٪ داکشاوە، واتە نەک ھەر نشونمای نەکرد کە وەکو چاوەڕوان دەکرا ، بگرە ھەنگاوێکیش چووە دواوە، بەمەش باری ئابوریەکەی خستە قەیرانێکی ترەوە کە بەڕای ئابوریناسەکان ئەم قەیرانە ھەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی ٢٥-٠٦-١٢ لەلایە ئەیجنسییەکەوە، مەکتەبەی ھەڵسەنگاندنی ستاندەری بانقەکان، کە پێی دەڵێن (Moody ) کە دەتوانێت پلەو پایەی بانقەکان داگرێت، پلەی ٢٨ بانقی لە بانقەکانی ئیسپانیا، بەھۆی ئەو بارودۆخەی کە لەوێ ھەیە،‌ ھێنایە خوارەوە. ئابوریناسەکان وای بۆ دەچن کە ئەو قەیرانەی کە ئیسپانیا تێی کەوتووە پێویستی بە ٣٥٠ ملیار یورۆ ھەیە کەلەم پارەیە ٧٥ ملیاری دەچێت بۆ کۆمەکی بانقەکانی.‌


بارودۆخی ئابوری ئیتالیاش لە ئیسپانیا باشتر نییە، ڕوداوەکان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەی سەلماندی کە پێشبینییەکانی دەزگە دراوییەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپی بە دانانی تەکنۆکراتێکی وەکو Mario Monti بە سەرۆک شالیاران، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، لەمەشیاندا ، بە ھەڵەدا چوون، ئەوەتا ئێستا ھاواری لێھەڵساوە چونکە کێشە ئابورییەکەیان ‌ لە قوڵبونەوەدایە، دادوبێدداییان لە دەست فەرەنساو ئەڵمانیا، لە نێوەندی میدیاوە بە ئاشکرا ، دیارە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ھەفتەی پێشو لە ڕۆم گیرا Monti توڕەیی خۆی بەرامبەر ئەنجلا مێرکڵ و فرەنسووا ھۆڵەند، ‌ سەبارەت بە ئەو مەرج و بەندانەی لەسەر وڵاتانی زۆنی یورۆ دانراوە، نەشاردەوە، داوای کرد کە ڕێژەی ئەو سووەی کە لەسەر دانەوەی قەرزەکانی ئیتالیا دانراوە ، بھێنرێتە خوارەوە.‌ دیسانەوە لە ڕۆژی ٢٨-٠٦-١٢ نیگەرانی خۆی بەرامبەر بەبارو دۆخەکە دەربڕییەوەو وتی " گەر ئیتالیا ھیوابڕاو بێت وا لە ھێزە سییاسییەکان دەکات کە بڵێن: با ئەوروپا، با یورۆ ، با ئەم وڵات یا ئەو وڵات بڕوا بۆ جەھەنەم".


ئیرلەندەو پورتگالیش لەم قەیرانەدا لەشانی ئیتالیاو ئیسپانیاوەن. پورتوغال، بۆ ئەوەی قەیرانەکەی قوڵتر نەبێتەوە ماوەیەک لەمەو بەر بەبڕی ٧٨ ملیار یورۆ قەرزی پێدرا، ھەر لەم یەکدوو مانگەی ڕابوردوودا بوو کە ٣‌ لە ھەرە بانقە سەرەکییەکانی ، Millennium, BPI, Geral de Depositos , گەر بە ٥.٨ ملیار یورۆ کۆمەک نەکرانەیە، ئەوە بەرەو نابووتی ومایەپووچی دەڕۆیشتن.


بۆ دەزگە دراوییەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپی سەنگی ئەم دوو وڵاتە وەکو وڵاتە سەرەکییەکانی زۆنی یورۆ قورس نییە، ھەر لەبەر ئەمە لەناو میدیادا کەمتر دەکەونە بەرچاوان. بەڵام میدیاو دەزگە دراوییەکان ھەرچۆن حساب بۆ ئەم دوو دەوڵەتە بکەن مەسەلەیەک نییە چونکە ئەوانیش بەپێی سەنگی ئابوری خۆیان و ژمارەی دانیشتوانیان پشکێکی گەورەن لەناو زۆنی یورۆدا، وەکو ھەموو وڵاتانی تری ئەوروپا پسانی ئەڵقەکەیان لە زنجیرەی بەیەکەوە گرێدراوی زۆنی یورۆدا، مەترسیەکی کەمتر لە یونان و ئیسپانیاو ئیتالیا لەسەر ھەموو ئەوروپاو دەزگە دراوییەکان ، دروست ناکات.


ھەرچیش سەبارەت بە بریتانیا ھەیە، گەرچی وڵاتێک نییە لە زۆنی یورۆ ، بەڵام قەیرانە ئابوریەکە زۆر بە خەستی ھەر لە ٢٠٠٨ وە ئەمیشی گرتۆتەوە. ئابوریناسەکان دەڵێن ئەمە یەکەم جارە ئەم وڵاتە قەیرانی وا گەورەی لە دوای قەیرانە گەورەکەی نێوان ساڵانی ١٩٢٨ و ١٩٣٦ بەخۆوە بینیبێت. ئامارەکانی ئەم دواییە نیشانی دەدن کە ئەم وڵاتە لە کۆتایی ساڵی پارەکەوە و سەرەتای ئەم ساڵەوە قەیرانەکەی قوڵتر بووەتەوە، ڕێژەی بەتاڵە لە ٨.٥٪، بە ژمارەو بەپێی ئاماری دەوڵەتی لە سەرو ٢.٧ ملێونەوەیە، بەڵام ئاماری نقابەی ناوەندی وڵاتەکە دەیسەلمێنێت کە ژمارەی بەتاڵە لە سەرو ٦ ملێونەوەیە، ھەر لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییدا ٣٨١٠٠٠ کەس، ھەر بە تەنھا لە کەرتەکانی سەر بە دەوڵەت بێکار بوون. ڕێژەی ئەو کەسانەی کە ھەر بە تەنھا لە لە لەندەن دا لانەوازەو بێشوێن و ڕێگان و لە لۆچی دوکانەکان و وێستگەی پاس و میترۆو ئاودەستی شوێنە گشتییەکاندا دەخەونو کات دەبەنە سەر، ٥٦٧٨ کەسن کە لە ساڵی پارەکەوە بەڕێژەی لە ٤٣٪ زیادی کردوە. باروو دۆخەکە بەو شێوەیەیە لەبری ئەوەی دەوڵەت پارە پاشەکەوت بکات کەچی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ١٧.٩ ملیار پاوەندی تری قەرز کردووە. ھەر ڕۆژی سێشەمە بوو، ٢٦-٠٦-١٢ ، کە Mervyn King ، سەرۆکی بانقی ناوەندی ئینگلتەرە، بۆ جارێکی تریش نائارامی خۆی بەرامبە دراوی یورۆو وڵاتانی زۆنی یورۆ، دەربڕی و وتی: ئەو ڕەشبینە بەرامبەر بارودۆخی وڵاتانی زۆنی یورۆ ڕەنگدانەوەیان لە سەر ئابوری بریتانیا. ژمارەی ئەوانەی کە داھات و ژیانیان لە خوار ستاندەری ژیانەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە بە ژمارەی ٣ ملێون سەرکەوتووە ، جێگای سەرنجە لە وڵاتێکی خاوەن داھات و سامانێکی زۆر کەچی چواریەکی خەڵکەکەی ستاندەری ژیانیان نزم بێت.


نرخی پێداویستیەکانی ژیان و ژمارەی منداڵان کە لە دەوروبەری ھێڵی برسێتیدا دەژین و ژمارەی زگورت و خێزانەکان کە بە ھۆی ئەم بارودۆخەوە بێخانووبەرە بوون لە ھەڵکشاندایە. لەم ڕۆژانەدا بوو کە ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی وتارێکی بە ئامارەوە بڵاوکردەوە کە لە ھەندێک قوتابخانەدا مامۆستاکان خواردن و میوە دەھێنن بۆ ئەو قوتابیانەی کە برسین کە بەھۆی بێکاربوونی باوک و دایکیانەوە لەم دواییەدا ناتوانن دابینی نانی بەیانانیان بکەن.

قەیرانەکە ڕۆژ بە ڕۆژ وڵاتانی تریش دەگرێتەوە. لە ڕۆژی ٢٦-٠٦-١٢ دا قوبرس کە وڵاتێکی تری زۆنی یورۆیە داوای بەھاناوەچوونی دەزگە دراوییەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپی، کرد. ئەویش بۆ ئەوەی قەیرانەکەی بارسوکتر بێت پێویستی بە ١٠ ملیار یورۆ ھەیە ئەمە بێ لەوەی کە پارساڵ ٢.٥ ملیار یورۆی لە ڕوسیا قەرز کرددووە، بۆ ئەمجارەش ڕویکردە ئەوان و چین بەلام لەسەر ھەل و مەرجەکانی قەرزەکە ڕێکنەکەوتن بۆیە ئێستا داوا لە دەسگە دراوییەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپی دەکات. بێکاری لە قوبرسیش دەردێکی کوشندەیە، بە پێی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەی بەتاڵە لەوێ لە ١٠٪ دایە.‌

دەزگە دراوییەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپی و ئیدارەی ئەمەریکی بەتایبەت سەرەک ئۆباما، لە دوای بردنەوەی سوشیالیستەکان لە فەرەنساو خولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکەی یوێنانەوە کە بە ھەر ھەموو پارتەکان نەیانتوانی لە ٥٠٪ دەنگەکان بھێنن و نەتوانرا حکومەت دروسست بکەن، بەمە زۆر نیگەران بوون چونکە ئەو ھەڵبژاردنە زیاتر ڕاپرسییەک بوو لە ڕەتکردنەوەی ھەر پارتێک کە لەگەڵ سیاسەتی دەسگرتنەوە (تەقەشوف) دا بڕوات و پابەندی تەواوی بەندو مەرجەکانی دەزگە دراوییەکان بێت. بەواتایەکی تر ڕەتکردنەوەی سیاسەتی لیبراڵ و نیو-لیبراڵیزم، بوو، لە بواری ئابوری و سیاسییدا. ئەمان ترسی ئەوەیان لێنیشتبوو کە گەر لە یوێنان Syriza ‌ ‌ھەڵبژاردنەکەی ١٧-٠٦ بباتەوە ئەوە ھەموو بەندوو مەرجەکانی ھەردوو قەرزەکەی کە دراوە پێیان ھەڵدەوەشێنێتەوەو ئامادە نابێت کە پەیڕەوییان بکات. قبوڵکردنی ئەمەش لەلایەن دەزگە دراوییەکان و کۆمیسۆنی ئەوروپییەوە، لەسەریان زۆر دەکەوت چونکە ئەو کاتە دەبوایە بە سەرجەمی ئەو قەرزانەی کە بە وڵاتەکانی تریشیان داوە، بچونایەتەوە، خۆگەر ئەمەش قبوڵ نەکرایە ئەوە یوێنان ڕەنگبوایە لە زۆنی یورۆ بھاتایەتە دەرەوەو ئەمەش دەبووە ھۆی ئەوەی کە وڵاتانی وەکو ئیتالیاو ئیسپانیاو پورتوغال و ئیرلەندەش ھەمان ڕێگە بگرنە بەر ، ھەر ئەمەش لە کۆتاییدا دەبووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی دراوی یورۆو لاواز بوونی دراوە جیھانیەکانی تر، ئەوکاتەش دەبوایە بە ئاشکرا بانگەشەی ئاشبەتاڵکردنی حکومەتی لیبراڵ و نیو- لیبراڵیزم لە بواری سیاسی و ئابوریدا بکرێت.


گەرچی ئەمەی سەرەوە حەتمیەتی مێژوییەو لیبراڵ و سیاسەتی نیو-لیبراڵیزم بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات، چونکە ڕوداوەکان و ئەزمەکان و ئامارەکان ھەر لە سەرەتای حەفتاکانی چەرخی ڕابوردووەوە ، ئەوەیان سەلماندوە کە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە لە ئیدارەدانی دەوڵەت و ئابوریدا سەرکەوتوو نەبووەو بەرەو فەشەلی کۆتایی دەڕوات. بەڵام وڵاتانی زۆنی یورۆو بریتانیاو ئەمەریکا و یابان و چین ھەندێک وڵاتی تریش لە ھەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکدان، ئینگلیزوتەنی بۆ پاراستنی پێستەکەیان. ھەر لەبەر ئەمەش سەرێک لە مەکسیکۆ کۆ دەبنەوەو جارێکی تر لە ڕۆم و پاریس و جاری داھاتویان کە ڕۆژی پێنجشەمەو ھەینی، بوو، ٢٨-٠٦ و ٢٩-٠٦، لە برۆکسل. لە ساڵی ٢٠٠٨ وە ئەمە نۆزدەھەم کۆبوونەوەی لوتکەییانە کە سەبارەت بەم قەیرانە ئابورییە دەیگرن. بێگومان ئەمان ھەر وەکو ھەموو جارەکانی پێشتریان ناتوانن بگەنە چارەسەرێک لە لابەلاکردنەوەی قەیرانەکە. گەرچی قەیرانەکە ئەوان خۆیان و بە سیاسەتی لیبراڵانەی خۆیان خولقاندویانە، بەڵام حەلەکەی لە دەرەوەی ویست و خواستی ئەوانە، ئەمە جگە لەوەی کە ئەمان لە نێوانیاندا کەلێنێکی گەورە دروست بووە و زۆر لە ‌ یەکتری دوور کەوتونەتەوە و ناتوانن بە کۆڕا بگەنە بڕیارێک . بۆ نموونە فەرەنسە تەرحی ئەوە دەکات کە لە ١٪ داھاتی نەتەوە بخرێتەلاوە بۆ یارمەتیدانی بانقەکان لە کاتی لێقەومانیاندا، بەڵام ھەندێکیان گوێ بۆ ئەم پێشنیازە ناگرن، ھەرچی ئۆباماو ئیتالیاو جارجارەش بریتانیان بە جددی داوا لە ئەنجلا مێرکل دەکەن کە تۆزێک مەرج و بەندەکانی قەر‌زەکان شل کات و باشتر بەدەم ئەو وڵاتانەوە بچێت کە باریان لارە، بەڵام مێرکڵ ئەمە ناچێت بە گوێیدا. لەلایەکی ترەوە حکومەتی تازەی یوێنان لەسەر قەرزەکانی کە پێیاندراوە، داوای وتووێژی نوێ دەکات، دیسانەوە مێرکڵ دەڵێت ئەمە کاری نەکردەیە. ھەندێکی تریان داوا دەکەن کە ئەڵمانیا ڕێژەی باج داگرێت و مووچەو کرێ سەرخات تاکو وڵاتانی تر بتوانن کاڵاکانیان بنێرنە ئەوێ، بەڵام مێرکڵ بۆ ئەمەشیان ڕازی نابێت. تازە ترین پێشنیاز دروستکردنی " یەکێتی بانقەکانە" واتە ڵێسەندنەوەی بڕیارە گرنگەکانە لە سەران و ئەندامانی دەوڵەت سەبارەت بە قەیرانی دراو تاکو ئەمان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. دیسانەوە مێرکڵ بۆ ئەمەشیان تا ئێستا ڕازی نەبووە.‌ لە کۆبوونەوەی لوتکەیی ئەمجارەیان کە ٢٨-٠٦ و ٢٩-٠٦ بوو، مێرکڵ بەوە ڕازی بووە کە ١٠٠ ملیار یورۆ بۆ بانقەکانی وڵاتانی زۆنی یورۆ تەرخان بکرێت ئەویش بەو مەرجەی کە ھەموویان پێکبێن لەسەر پڕۆژەی یەکێتی بانقەکانی وڵاتانی زۆنی یورۆ ، بۆ ئەمەش بڕیاریان دا کە سیستەمێکی چاودێریکردنی بانقەکان لە یورۆ زۆندا ، ھەنگاوی یەکەم بێت لە دروستکردنی یەکێتی بانقەکاندا، کە ئەمەش نزیکەی ٢ ساڵ دەکێشێ تاکو سیستەمەکە بکەوێتە کار. ئەم سەرئەنجامەی کە لەم کۆبوونەوەیەدا پێێ گەیشتوون شتێک نییە کە چارەسەرێکی ھەتا وەختی قەیرانەکە بکات.

‌ھەڵبەتە ئەمە دوا کۆبونەوەی G٢٠ نابێت چونکە لە ئێستادا ئەمان ناتوانن بەم بۆچون و ھەڵوێستە جیاجیایانەوە چارەسەرێک، ھەتا گەر وەختیش بێت، بۆ ئەم قەیرانە دابنێن، بۆیە قەیرانەکە بەردەوام دەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا مەحاڵیشە لە ئێستادا بزانرێت سەرئەنجامەکەی بەرەو کوێ دەڕوات و چی دەھێنێتە بەرھەم.‌ بەڵام ئەڵتەرناتیڤی کۆتایی و ئایندە ھەر کۆمەڵگەی سۆشیالیزم و ئەنارکیسزمە.

 

لەندەن

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک