٥\٦\٢٠١٤
بەرد و...

فاتیح سەلام
١
رەنگە ئیتر من و
هەتاو
چیڕۆکى بارینى
بەفر و
تواننەوەى، لە دوند و قەد پاڵى مێرگا
نەگێرینەوە بۆ کانیاو
رەنگ دوا وشەم گـڕ بگرێ
جەستەم ببێتە کوانووى سوور
لە رستەیەکى نەزۆکا سەفەرێکم بیبا بۆ خۆى
فوویەک ناوى بنێ پشکۆ
کاتێ لە قۆزاخەى سۆزا
ملم نا بە دوورییتەوە و.. بۆ لات هاتم
تۆش لە فریشتەى شەوانى کەمەر شکێنى عەشقەوە
بووى بە تەلسیمێ پوکاو و..
پەیکەرێکى سارد و سڕى
هەلًهاتن و.. ساختە و درۆ.
٢
چەند بە عەشقێکى شێتانەى فڕینەوە باڵم گرت و
شاباڵەکانم پربوون لە رەنگى
نۆبەرەى یەکەم دیدار و
گیرسانەوەى پەیڤەکانى کەنارى سەرگەردانیتا
تاکو هاتن.. تا ئەوپەرى متمانەى پردى دەست گرتن
رۆژ لە تۆدا کرۆشتمى و
چاوگێک بووم لە ئەرشیفى پەیامێکى سپى تەرحا و
دەستى چەپم لەسەر شانى راستت دانا
کەچى نەتوت: عەزیزى دڵ
جەهەنم یانى تەماشاى دوو چاوى کەسەر تێزاوى
ئەو توولە رێى واتایەکى نبمچە زۆڵى
هاویشتە تاسەى دەستبردن
من دەستێکم لە وێرانەى چۆڵ و کڵۆم دراوتا
ماتل بوو تاکو بێیتەوە
بە غەریبییم بڵێى سڵاو
ماندوویەتیم دابماڵى بەر لە مەرگم
دەمێ وتن ژان دەیگرێ و
هەردوو لە ژۆى روانینێکى رۆمانتیکى رووت و قوتا
دەکرێنەوە لە دەلاقەى کۆرپە حەزێکى سەربڕاو.
٢٦\٥\٢٠١٤
- سنە
ماڵپەڕی فاتیح سەلام
|