په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠٢٠

بەرنگاربوونەوەی کۆرونا یان فریاکەوتنی سەرمایەداران!


كاوه‌ كه‌ریم     


لەسەرووبەندی کارەساتی نەخۆشی کورونادا کە بەرۆکی بە تەواوی مرۆڤایەتی گرتووە لەسەر گۆی زەویدا، کە لەلایەکەوە بۆتە هۆی تووشبوونی سەدەها هەزار کەس بە نەخۆشیەکە و گیانلەدەستدانی هەزارەهای تر، وە لە لایەکی ترەوە بۆتە هۆی برسێتی و هەژاری و بێکاری زیاتری ملوێنەها لە خەڵک و چینی کرێکار لە تەواوی جیهاندا.


ئەم کارەساتە پێویست بوو لە جیهاندا بەیەک دەست و لە زووترین کاتدا بەرەوڕووی ببنەوە، بۆئەوەی بەکەمترین زەرەر خەڵکی جیهان خۆی لێ رزگار بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە. بەلام ئەوەی دەیبینیت لە واقعیدا شتێکی ترە و ڕێڕەوەکە بەرەو جایگایەکی تر دەڕوات.

من لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر نەخۆشەیەکەو چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی بکەم، بەڵام دەموێت ئاماژە بە مەسەلەیکی گرنگ بکەم کە ووڵاتانی سەرمایەداری جیهان بەچ ئاراستەیک و سیاسەتێک خۆیان ئامادەکردوە بۆ بەرنگاربوونەوەی لە نەخۆشەیەکە و ئەنجامەکانی، هەوڵدانیان و ئامانجیان لەسەر چی فۆکوسی کردوە.

ئەگەر تەماشا یان گوێبیستی تەواوی پلانەکانی ووڵاتە سەرمایەدارەکانی گەورەی جیهان بین لەم قەیرانەدا، دەبینین ئاراستەی سیاسەتەکانیان پێچەوانەی ئارەزوو وئیرادەی زوربەی خەڵکی جیهانە. ئەوەی تێبینی دەکەیت لە بەرنامەو سیاسەتی ئەو ووڵاتانەدا ئەولیەت بەرنگاربوونەوەی نەخۆشیەکە و چارەسەری نییە، بەڵکو یەکدەستی سەرمایەداری جیهانییە بۆ خۆئامادەکاری بۆ بەرئەنجام و هەلومەرجی داهاتووی دوایی کارەساتەکە و ڕزگاربوونیان لەهەلوومەرجێ ئێستا.

دەتوانین بڵێن سەرمایەداران و حوکمەتەکانیان کاردانەوەی پراکتیکی و داڕشتنی سیاسەتی ئەوان بە ئاراستەی فریاکەوتنی خەڵکی جیهان نیە لە کارەساتەکە، بەڵکو ڕزگارکردن و پشتیوانی کۆمپانیاکانی سەرمایەدارەکان بووە بۆ پاراستانی قازانج و بەرژەوەندیەکانیان.

لە تەواوی ووڵاتانی سەرمایەداریدا، پاش بلاوبوونەوەی نەخۆشەیەکە، هەموویان ملیارەها دولاریان خستەبەردەست کۆمپانیا گەورەکان، هەموو باج و تاکسێکیان لەسەر لابردن بۆ ئەوەی کێشە نەیەتە بەردەم بەردەوامی کارو کوکردنەوەی سوودی زیاتریان. بڕی ئەو پارانەی تەرخان کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکە لەسەدا یەکی بڕی ئەو پارەیە نییە بۆ کۆمپانیاکان و خاوەن کارگەکان و سەرمایەداران تەرخانکراوە.

کۆمپانیاکانی سەرمایەداران لە جیهاندا بەپێ سەرچاوە ئابووریەکان لە ماوەی دە ساڵی پێشوودا بڕی سوودیان و دەستکەوتیان هەزارەها جار بەرابەر بووە، وە کەپیتاڵ یان سەرمایەی زوربەی زۆری کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی جیهان بە هەزارەها جار زیاتر بووە، بەڵام لەوپەڕی لوتەکی بەدستهێنانی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەیان دەبوایە نوێنەرانی نیقابەکرێکاریەکان بەشەڕ و بەزۆر یان بە هەڕەشەی ماگرتن بتوانن بڕێکی کەمی کرێ و مووچەی ساڵانەی کرێکاران زیاد بکەن. لە ئێستاشدا هاواریان لێبەرزبۆتەوە و هەڕەشەی دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران دەکەن، ئەگەر حوکمەتەکان پشثیوانی مادیان نەکەن و خەرجی کارمەندو کرێکارەکان نەگرنە ئەستۆ، ئەوا بە ملوێن لەخەڵک بێکار دەکەن و ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکەن. بەکوردیەکەی خۆمان قازانج بۆ خۆمان و زەرەر بۆ ئێوە.

ئایا نەدەکرا حوکمەتەکان فشار بخەنە سەر کۆمپانیاکان کە لە قازانجی ملیارەها دولاری ساڵانی پێشوو کە کەڵەکەیان کردبوو، تەحوملی چەند مانگی مووچەی کرێکاروکارمەندانیان بکردایە لەم قەیرانەدا، یان چاوچنۆکی و نامرۆڤایەتی سەرمایەداری بەڕادەیەکە کە قازانج و سوود لەسەروو ئینسانەوەیە.

حوکمەتەکان کە حوکمەتی پاراستنی بەرژەوەندی ئەوانن ئەم کارە ناکەن و قورسی باری قەیرانی ئەوان دەخەنە سەر شانی خەڵک بە گشتی و کرێکاران بەتایبەتی، نەخۆشیەکەیان بیرچۆتەوە و بەدەم داواکاریەکانی سەرمایەدارانەوە دەڕۆن و بەپێچەوانەوە داوای هاوپشتی لە کرێکاران و خەڵک دەکەن کە تحمول بکەن و باری قورسیە بخەنە سەرشانیان.

ئەگەر بڕوانینە سیاسەتی دەوڵەتان لە قەیرانەکەدا، دەبینین کۆمەلگا بە گشتی و چینی کرێکار زەرەرمەندی گەورە دەبێت لەم قەیرانەدا، لەلایەکەوە سەرمایەدارانکرێکار بێکار دەکەن یانمووچەیان نادەنێ ، لەلایەکی ترەوە پارەی بودجەی گشتی حوکمەت کە لە تاکس و باجی چینی کرێکارو خەڵک کۆدەکرێتەوە، دەبێت جارێکی تر بدرێتەوە بە سەرمایەداران و کۆمپانیاکان بۆ بەردەوامیان لەسەر کەڵەکەی سەرمایەی خۆیان.

بۆ نمونە تەنها لە ئەمریکادا لە پاکێتی یەکەمدا چوار ترلیون دولار خرایە خزمەت کۆمپانیا گەورەکانەوە بۆ قەرەبووی زەرەریان بەهۆی قەیرانەکەوە. کە ئەمە خۆی لەخۆیدا لە پارەی گشتی خەڵکە بۆ دامودەستگا خزمەتگوزاریەکان و مووچەی کارماندانی کەرتی گشتی.ئەمە لەهەمان کاتدایە کە دەوڵەتەکەیان دەناڵێنن بەدەست نەبوونی ئامێری هەناسەدان و پێداویستەکانی تر بۆ هەزەرەها لەوانەی کە تووشی نەخۆشیەکە بوون، یان ملوێنەها لە خەڵک ئەوانەی پێویستان بە پێداویستیەکانی ترە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو بێدەنگیەی نقابەو یەکێتە کرێکاریەکان و نوێنەرانی چىنی کرێکار بە گشتی لەبەرانبەر ئەم هێرشە پێچەوانەی سەرمایەداران و حوکمەتەکانیان بۆ سەر چینی کرێکاران. ناکرێ بڵێن بۆچی دەبێ ئەوان باجی قەیرانەکە بدەن؟ ژیانی ملوێنەها لە کرێکاران لە بارێکی زۆر باشدا نەبوو لەپێش کارەساتی کۆروناوە، ئێستاش دەبێت سەد بەرابەر زیاتر ژیانیان خراپترو برسی تر بکرێن.

کورونا دەبێت وانەیەک بێت بۆ چینی کرێکار، بەوەی سەرمایەداران و حوکمەتەکەیان لەخەمی ژیان و مانەوەی ئەواندا نین، حوکمەتەکان نوێنەری ئەوان نین، بەڵکو نوێنەری دەسڵاتی سەرمایەدارانن بۆ پاراستن لە قازانج و بەرژەوەندی ئەوان. دەبێت چینی کرێکار بیر لەداهاتووی خۆی بکاتەوە ، دەبێت لە بەرانبەر هێرشی وەحشیگەری و بێمبالاتی سەرمایەداری بوەەستێتەوە، خۆی ڕێک بخات ڕیزی خۆی جیابکاتەوە.

پرسی تەندروستی گشتی و پێداویستیەکانی دەبێت پرسی داهاتووی کۆمەلگا بە گشتی و چینی کرێکار بێت، پرسی داهاتووی ژیان و مسوگەرکردنی ژیانی نەوەکان ئێستا و داهاتوو، دەبێت پرسی چینی کرێکار بێت. نەک هەر تەنها ئەم پرسانە، پرسی تەواوی ژیانی دوای کورونا دەبێت پرسی چینی کرێکار بێت. بەڵام بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەم پرسانە، داواکاریەکی پێوێستە، داواکاری دەسڵات، یان بەرنگاربوونەوەی دەسڵاتی سەرمایەداران. نابێت بیر لەپێکەوە ژیان بکەنەوە لەگەڵ دەسڵاتی نامرۆڤانەیان، دەبێت بیر لەژیانی جودای خۆیان بکەنەوە. ئەم کارەساتەی کرونایە دەریخست کە هیچ بەرژەوندی هاوبەش لە نێوان ئەوان و سەرمایەداریدا نیە، سەرمایەداری زۆری هەیە لەدەستی بدات، بەڵام ئەوان هیجیان نییە جگە لەزنجیرەکانیان نەبێت لەدەستی بدەن، لەوەشەوە دنیای خۆیان بەدەست بێنن.
 


karemkawa7@gmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک