په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٤\٢٠١٥

بەرەو بەدیجیتالکردنی رۆژنامەی کوردی.

فەرمان عەزیز شەریف  

 
یەکێک لەکارە ھەرە گرنگەکان بۆ مێژووی کورد ، ئەرشیف کردن و پاراستنی رۆژنامەی کوردی یە ، کە بەیەکێک لەسەرچاوە گرنگەکانی نووسینەوەی مێژوو دادەنرێت.


بەدرێژایی مێژوو لەدەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی لەساڵی ١٨٩٨ بەناوی (کوردستان) ، تاکو ئێستا بەسەدان رۆژنامە و گۆڤار دەرچوون و دواتر وەستاون ، ھەرچەندە نەمانتوانیووە تەواوی ژمارەکانی ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە کۆبکەینەوە و ئەرشبف یان بکەین لەکتێبخانەیەکی نیشتمانی ، بۆ ئەوەی ھەموو لێکۆلەرەوانان و کەسانی دیکە بەئاسانی بتوانن دەستیان پێ بگات و بۆ نووسینەوەی مێژوو ، و توێژینەوەکان لەھەموو بوارەکان سودی لێ وەربگرن . لەدوای ساڵی ١٩٩١ قۆناغێکی دیکەی رۆژنامەگەری کوردی دەست پێ دەکات و بەدەیان رۆژنامە و گۆڤار دەرچوون ، بەڵام ئەرشیفەکەیان نادیارە . وە لەدوای رووخانی رژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ ، رۆژنامەگەری کوردی لەباشوری کوردستان چووە قۆناغێکی گرنگی دیکەی رۆژنامەگەری ، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە رابردوو نەمانتوانیووە رۆژنامەگەری کوردی بەئەلیکترۆنی بکەین ، بەڵام لە ١٠ ساڵی رابردوو بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەرفراوان بوونی زیاتری تۆڕەکانی ئەنتەرنێت وای کردووە کە ھەموو رۆژنامە و گۆڤارێک خاوەن (سایت)ی تایبەت بەخۆی بێ ، بەڵام بەھۆی ناشارەزایی یان کەمتەرخەمی ئەرشیفی رۆژنامەکە لەسەر سایتەکەیان نییە ، ھەموو رۆژنامە و گۆڤارەکان لینکی (ئەرشیف) یان داناوە ، بەڵام زۆربەیان یان بەتاڵە یان ئەرشیفێکی کرچ و کاڵی رۆژنامەکەیە ، کە چەند ژمارەیەکیان داناوە و ئەوانی دیکە کارناکات.


وەک ھەنگاوێکی سەرەتایی داوا لەھەموو رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکان دەکەم ھەریەکە و لەلایەن خۆیەوە کاربکات بۆ ئەوەی تەواوی ژمارەکانی رۆژنامەکەی لەبەشی ئەرشیفی سایتەکە دابنێت لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار وەک:


١- بۆ ئەوەی لێکۆڵەرەوانان و توێژەران لەھەموو بوارەکان و لەھەر شوێنێک پێویستیان بوو بتوانن دەستیان بگات بەئەرشیفی رۆژنامەکە.


٢- خاڵێکی دیکەی گرنگ پاراستنی خودی رۆژنامەکەیە لەھەموو لەناوچونێک . بۆ نموونە ئەرشیفی سەدان رۆژنامە دوای کەوتنی موسل، وداگیرکردنی لەلایەن داعش ، وەک میدیاکان باسیان کرد داعش زیاتر لە (١٠٠٠٠٠) کتێبی کتێبخانەکانی (موسل) ی سوتاندووە ، ئەی دەبێ ئەرشیفی چەند رۆژنامەی لەناو ئەو کتێبخانانەش دا سوتاندبێت.


٣- گرنگترین شت لەنووسینگەی سەرەکی ھەر رۆژنامەیەک ، خودی رۆژنامەکەیە لەئەگەری سوتاندنی بارەگای رۆژنامەیەک یان وێرانکردنی ، دەتوانرێت کەل و پەلەکانی دیکە ، لەم ئامێرانەی بۆ کاری رۆژنامەکە بەکاردێت ، پەیدا بکرێتەوە ، بەڵام ئەرشیفی ژمارەکانی رۆژنامەکە کەسەدان و ھەندێک جار لەھەزار ژمارە تێپەڕی کردووە . چۆن پەیدا بکرێتەوە؟


٤- ھەر رۆژنامەیەک لەسەر سایتەکەی خۆی بەشی ئەرشیف چاڵاک بکاتەوە و ئەو ژمارانەی کە دەردەچن دوای فرۆشتنی لەبازار دواتر بیخاتە سەر سایتەکە و ھەوڵ بدات ھەرچی ژمارەکانی پێشوترە لە ژمارە(١) ەوە بیخاتە سەر سایتەکە ، دواجار دەتوانین کۆکراوەی ئەرشیفی ھەموو ئەو رۆژنامە و گۆڤارانە کە بەدیجتاڵی کراون بکەینە ئەرشیفێکی گرنگ و دەوڵەمەندی رۆژنامەگەری کوردی.


بەسەیرکردن و بەدواداچوونم بۆ زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان ، دەتوانم بڵێم ھیچ رۆژنامە و گۆڤارێک ئەرشیفێکی تەواو و بێ کەم وکوڕی لەسەر سایتەکەدا نییە ، کە تەواوی ژمارەکانی بەرێک و پێکی بەبەرنامەی (PDF)یان ھەر بەرنامەیەکی دیکە ھەبێت ، تاکو بتوانی سود لەئەرشیفەکەی ببینی ، بەڵام بەشێکیان لەوانی تر باشترە و ژمارەیەکی زۆریان داناوە ، کەچی ھەندێکیان تەنانەت یەک ژمارەشیان لەسەر سایتەکە دانەناوە.


رۆژنامەی (القدس العربی) کە رۆژنامەیەکی رۆژانەی عەرەبی نێودەوڵەتیە ، ئەرشیفەکەی لەساڵی (١٩٩٨) ەوە تاکو ئێستا ھەمووی لەسەر سایتەکە ھەیە ، کە دوایین ژمارەکانی تاکو ناوەراستی مانگی ئازاری ئەمساڵ لە (٨٠٥٠) تێپەڕی کردووە ، ھەرچەندە ئەو رۆژنامەیەش لەساڵی (١٩٩٠)ەوە دەردەچێت و تاکو ژمارەی (٢٦٩٩)ی لەئەرشیفی سایتەکەی نییە.


تاکو ئێستا ئەرشیفی ھیچ رۆژنامەیەکی کوردی لەسەر پێگە ئەلیکترۆنییەکان نییە کە لە نێوان ساڵی ١٩٩١ تاکو ٢٠٠٣ دەرچوونە . لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا دەیان رۆژنامە و گۆڤار دەرچوونە . ھەرچەندە ئەو رۆژنامانەی کەبەردەوامن لەدوای راپەڕینی ١٩٩١ تاکو ئێستا لە پەنجەکانی یەک دەست تێناپەڕن . سەبارەت بەو رۆژنامە و گۆڤارانەی کە ئێستا وەستاون چۆن لەداھاتوو بتوانین بیان دۆزینەوە و بەشێوەی دیجیتاڵی و ئۆنڵاین ئەرشیفیان بکەین ، تاکو لەداھاتوو مێژووی رۆژنامەگەری کوردیمان گەشاوە و روناکتر بێت بەئەرشیفێکی دەوڵەمەند.

 


farmandween@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک