په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١١

بەرەو دامەزراندنەوەی کوردستانی قەفقازیا.


رەمەزان کەریم    


پێویستە لەسەرمان ئەو دەوڵەتە دابمەزرێنینەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لێیان داگیر کردووین، ئەوەش بە دەست دێنین، بە پشت بەستن بەو گۆڕانکارییانەی دوایی کە بەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھاندا ھاتوون، شان بە شانی ھەوڵ و کۆششەکانی خۆمان، لە کاتی ئێستادا ئەوە بەدی دەھێنن، پێویستە لەسەر کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی گشتی و کۆمەڵگای کوردی لە شارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، کە بیر بکەنەوە و ھەوڵەکانیان یەک بخەن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی وەک ئەڵێن چوار پارچەی کوردستان، کە لە راستیدا پێنج پارچەیە و لە ناویشیاندا کوردستانی سوور. پێویستە دەست بەکاربین لە پێناوی دووبارە دامەزراندنەوەی کوردستانی سوور و ناوی لێبنێین (کوردستانی قەفقازیا)، من لەم بوارەدا ماوەیەکی زۆرە لە پەیوەندیدام لەگەڵ سەرۆکی کوردستانی سوور بەڕێز (وەکیل موستەفایف)، لەو باوەڕشدام ئەمجارە، کە جاری سێیەم و کۆتاییە، کوردستان لە قەفقازیا دروست دەکەین و ھەموو پارچەکانی تریش یەک دەخەین و بەم شێوەیەش خەونی گەورەی ھەزاران ساڵەی کورد بە دامەزراندنی کوردستانی گەورە بەدی دێنین، ئێمە ئەو نامەیەی سەرۆکی کوردستانی قەفقازیا (وەکیل موستەفایف)مان گەیاندۆتە سەرۆکی روسیا (میدفیدف) و کۆپییەکی نامەکەمان بۆ ھەریەک لە سەرۆکی ئازەربیجان و ئەرمینیا ناردووە، لە نامەکەدا بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا ئەوە نووسراوە کە کۆمەڵەی (مینسک) چارەسەری قەیرانی (کاراباخ) ناکات، بەڵکو دووبارە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی کوردی لە چوارچێوەی سنوورە کۆنەکەی خۆیدا چارەسەری ئەم قەیرانە دەکات.

کورتەیەک دەربارەی مێژووی کوردستانی سوور و قەفقازیا.


شەدادییەکان- دەوڵەتی کوردی لە قەفقاز، لە قۆناغی رووخانی خەلافەتی عەرەبیدا ٩٥١ز، پلە و پایەی والی ویلایەتی ئەرمینیا بە پایتەختەکەی (دوین)ەوە، لە دەستپێکی ساڵی ٩٦٧ز وردە وردە بەھێز بوو، ھەروەھا شەدادییەکان فەرمان رەوایی ناوچەی ئاران و (گەنجە)ی پایتەختیان کردووە، کە پێشتر لە ژێر ئیدارەی والی عەرەبی ویلایەتی ئەرمینیادا بوو، کە دوای داگیرکاری سەلجوقییەکان بۆ قەفقاز بوون بە شوێن کەوتووانیان، لە ساڵی ١٠٧٢ز بوون بە پاشکۆی پاشایەتی (بەغراتیت) ئانیسییەکان، پێکەوە ئیمارەتی ئانیسییەیان لە ناوەڕاستەکانی سەدەی پێنجەمدا دروست کرد، لە ژێر فەرمان رەوایی سالارییەکان (گەنجە) بوو بە پایتەختی نەوەی کوردی شەدادی، لە ماوەی فەرمانداری (فچلون ١٠٣٠-٨٩٥)ز، (گەنجە) بەھێزتر بوو، لێرەدا شەدادییەکان قەڵایان دروست کرد، لەگەڵ کۆشک و شوێنی حەوانەوەی قافڵەکانی (خان) و دەستیان کرد بە سەکی دراو و لە دەوروبەری شارەکەدا قەڵای نوێ و تۆکمەیان دامەزراند، لە ساڵی ١٠٦٣ز دا دەروازە رازاوەکانی (گەنجە) دروست کران، بە گۆڕانی (گەنجە) بۆ ناوەندێکی بەھێز و گەورە، رووبەرەکەیشی فراوان بوەوە و گەڕەکی بازرگانی و پیشەسازی نوێی تیا دروست کرا، ئاوریشم و پیشەسازی ئاوریشم سەرنجی نەک تەنیا کڕیاری ناوخۆیی بەڵکو بیانیشی رادەکێشا، وەکو ئاشکرایە فەرمانداری کورد (سەڵاحەدینی ئەیوبی)، کە دژی سەلیبییەکان بەرگری لە جیھانی ئیسلامی دەکرد، بە رەگەز سەر بە ھۆزی (رەواد)ییەکان بوو.


(بھاءالدین بن شداد) سکرتێری تایبەتی سەرکردەی مەزن لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی: (باوکی سەڵاحەدین لە دوین لە دایک بووە)، ھەروەھا (ابن الاسیر) کە یەکێک بووە لە ھاوچەرخەکانی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) لە بارەی پێگەی جوگرافی (دوین)ەوە ئەڵێ: (باو و باپیرانی سەڵاحەدین لە دوینەوە، کە کەوتۆتە ئازەربیجانەوە، کۆچیان کردووە بۆ عیراق بۆ لای (مجاھدی بەھرۆزی)، کە دواتر باوکی (سەڵاحەدین)یان وەکو بەرپرسی قەڵای تکریت دەست نیشان کردووە.


لە راستیدا باوکی (سەڵاحەدین) لە (دوین) لە دایک بووە و ئەیوبییەکان و شەدادییەکانیش لە نەوەی روادییەکان بوون، ئەمەش وامان لێدەکات باوەڕ بە بوونی پەیوەندییەکی نزیکایەتی لە نێوانیاندا بکەین. وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، کە شەدادییەکان لە رەچەڵەکدا سەر بە (دوین) بوون، وەکو زانراویشە دایکی شاعیری گەورەی رۆژھەڵات (نیزامی گەنجەوی)، کە ھەموو ژیانی لە (گەنجە) بەسەر بردووە، بە رەچەڵەک سەر بە نەوەی رەوادی بووە، (نیزامی گەنجەوی)یش لە پێشەکی داستانی (لەیل و مەجنون)ەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە دایکی کچی سەرکردەیەکی کورد بووە.


فەرمان رەوایی شەدادییەکان کە نزیکەی ھەموو قەفقازیای گرتبۆوە بۆ ماوەی ١١٣ ساڵ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەشدا شەدادییەکان فەرمانڕەوای (ئاران، نەخیتشڤان، گەنجە، بارد، دوبەیل و بەیلکان) بوون.


ناوچەی یان ھەرێمی کوردستانی ناسراو بە (کوردستانی سوور)، بە زمانی ئازەریش (قزل کوردستان) بریتییە لە یەکەیەکی ئیداری لە چوارچێوەی ئازەربیجانی سۆڤیەتیدا، لە ساڵی ١٩٢٣ز دامەزراوە تا ساڵی ١٩٢٩ز، سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی دانیشتووانەکانی کورد بوون، بەڵام ھەرێمی کوردستانی نەیتوانی حوکمی زاتی بۆ خۆی دابڕێژی.

دابەشبوونی ئیداری:


ناوەندی یەکەی ئیداری- شاری لاچین بوو (تا ساڵی ١٩٢٣ز لە رووی ئیدارییەوە- گوند بوو- لە ساڵی ١٩٢٦ز ناوی لێنرا (ئابادەلیار)، دابەشی سەر شەش بەرێوبەرایەتی کرابوو: قەرەقشلاق، کالباجار، قوباتلنی، قوتورلی، کورد-گەنجی، و مراد ھانلی. سەرجەم دامەزراوەکانی کوردستانی سوور لەبەر ئەوەی پێی نەدەوترا ھەرێم، لە شوشە بوو.

دانیشتوان:


لە ساڵی ١٩٢٦زدا، ٥١,٢ ھەزار کەس لە ھەرێمەکەدا ژیاون، کە ٧٣% کورد بوون و ٢٦% ئازەری بوون، ژمارەی کوردەکانی ئازەربایجانی سۆڤیەت ٤١,٢ ھەزار کەس بوون و رێژەی ١,٨% ی دانیشتوانی کۆمارەکەیان پێک دەھێنا، کە زۆربەیان لە نێو ئاپۆرای رۆشنبیری ئازەربایجانیدا توانەوە و ئەوەش روون نییە کە ئاخۆ ئەمە لە ئەنجامی لێکچوونی رۆشنبیری و شێوازی ژیانیانەوە بووە، یاخود ناچار کراون. وەک ئەزانین کە تەنیا ١٧% واتە؛ ١٤,٢ ھەزار کەس لەو کوردانەی لە ئازەربیجانی سۆڤیەتدا ژیاون زمانی کوردییان بە زمانی دایکی خۆیان داناوە.


ھەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە ھۆی نەزانینی کورد بۆ خودی زمانەکەیان، بۆ ئەو بارودۆخە ئەگەڕێتەوە کە یاسا و بڕیارەکانی دەسەڵاتی فەرمان رەوای ئازەربایجانی سۆڤیەتی بەسەر کوردەکانیدا سەپاندبوو، بە رێگەخۆشکردن و نالەبارکردنی بارودۆخەکە بۆ فێربوونی زمانی کوردی.


پیتە کوردییەکان بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٢٤ز، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری کۆماری ئازەربیجانی سۆڤیەتییەوە دانران، بەڵام ھەر لە شوێنی خۆیاندا مانەوە، (جۆزیە) پرۆفیسۆری پێشوو لە زانکۆی ئازەربیجان لە ھەڵوێستێکیدا دژی شۆڕشی ساڵی ١٩٣٠دا، لە پەیمانگای ئازەربیجانی بۆ توێژینەوەی زانستی، لە گفتوگۆیەکیدا لە بارەی مەسەلەی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەی راگەیاندووە: ئینگلیزەکان زۆر خزمەتی کوردی عیراقیان کردووە (ئەمەش کوردانی تورکیا بەلای خۆیدا رادەکێشی) لە پاڵ ئەم درۆ و دەلەسانەدا سیاسەتی نەتەوەیی یەکێتی سۆڤیەت شێوێنرا و لەو ماوەیەشدا ھیچ خوێندنگەیەک بە زمانی کوردی لە ئازەربیجاندا بوونی نەبوو.

مێژوو:

ھەرێمی کوردستانی لە ساڵی ١٩٣٠ز.


ئەوەی پەیوەنداربێ بەم ناوچەیەوە، ناوی کوردستان لە ساڵی ١٩٢١ز دا بەکارھاتووە، (ساڵێک پێش دامەزراندنی ھەرێمی کوردستان) لە ١٦ی تەموزی ١٩٢٣ز ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری لیژنەی ناوەندی تەنفیزی/ ئازەربیجانی سۆڤیەتی بەسەرپەرشتی (کیرۆف) دامەزرێنرا. خوێندنگە و شانۆی کوردی سەریان ھەڵدا، ھەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئایاری ١٩٢٣ بۆ ٨ی ئابی ١٩٣٠ بەردەوام بوو، کە ناوەندەکەی شاری (لاچین) بوو، بەڵام بەھۆی فشارەکانی (موستەفا کەمال ئەتاتورک)ی سەرۆکی تورکیا و ئەو رێککەوتنە نھێنییەی لەگەڵ ستالین و باگیرۆفدا ھەیبوو، توانرا دەست بەسەر کوردستانی سووردا بگیرێت.


لە ئەرشیفی تورکیدا چەند بەڵگەنامەیەک بەرچاو دەکەون، تیایاندا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە دامەزارندنی ھەرێمی کوردستانی لەلایەن کوردەکانی سۆڤیەتەوە کاریگەری ھەبووە لەسەر ھەڵگیرساندنی راپەڕینەکەی ئاراراتی ساڵی ١٩٣٠ز. کۆماری ئارارات لە باکووری رۆژھەڵاتی تورکیاوە بۆ ناوچەی ئاگری ئێستا بڵاوببۆوە (ئاگری ناوی تورکی ئاراراتە، کە تورکەکان ئەم ناوەیان لێناوە). (ئیحسان نووری) سەرکردایەتی راپەڕینەکەی ئاراراتی دەکرد و سەرکردەیەکی عەسکەری بوو، ھەروەھا توانیان ھێزی سەرۆکی عەشیرەتی جەلالییەکان (ئیبراھیم حسکی) لە تیلۆ بۆ خۆیان رابکێشن و وەکو سەرکردەیەکیش دیارییان کرد، بەم جۆرەش بناغەیەکیان داڕشت بۆ دروست بوونی دەوڵەتێکی کوردی لە داھاتوودا، لەو ناوچەیەشدا کە راپەڕینەکەی تیا بەرپابوو، یاسای توند و تۆکمە دژی دزی و تاڵانی دەرکران، ھەروەھا پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردەی شۆڕشەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان (سمکۆ شکاک) لە ئێران رێکخست، پاشان کۆماری سەربەخۆی ئارارات لە ساڵی ١٩٢٧زدا راگەیەنرا، لە کاتی راپەڕینەکانی کورد لە باشووری رۆژھەڵاتی تورکیادا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٧ز، گوندێکی نزیکی ئارارات وەکو پایتەختی کاتی کوردستان دەست نیشان کرا.


کۆمەڵەی خۆییبوون بانگەوازێکیان ئاڕاستەی ھەریەک لە دەوڵەتە زلھێزەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ھەروەھا بەمەبەستی وەرگرتنی ھاوکاری و یارمەتی، نامەیان بۆ کوردانی ئێران و سووریا دەنارد، بەڵام پێش گەیشتنی ھاوکارییەکان، لە ساڵی ١٩٣٠ز دا کۆماری ئارارات دەستی بەسەردا گیرا واتە؛ رووداوەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان یەک بەوی ترەوە کاریگەرە.


لە ساڵی ١٩٣٧ز دا دەستکرا بە راگواستنی کوردانی ئازەربیجان و ئەرمینیا بۆ کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست و کازاخستان، لە ساڵی ١٩٤٤ز یشدا کوردەکانی جۆرجیا لەگەڵ تورکمانەکان و میسەخەتییەکان بۆ ھەمان شوێن راگوێزران.


لە ٢٧ی ئازاری ساڵی ١٩٩١زدا کۆمەڵەی یەکێتی کورد (یەکبوون) لەلایەن وەزارەتی دادی سۆڤیەتییەوە مۆڵەتی پێدرا و تۆمارکرا و بە شێوەیەکی یاسایی ئەوە دووپات کرایەوە کە: کێشەی کوردستانی قەفقازیا بە شێوەیەکی نایاسایی چارەسەر کراوە و پێویستە دووبارە بە رێگای دەستووری دابمەزرێنرێتەوە، دوای ئەوە (وەکیل موستەفایف) سەردانی (لاچین)ی پایتەختی کرد، لە ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٢ز کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان رێکخرا لەلایەن ئەو کوردانەی بە چەندین پاس لە یەریڤانەوە ھاتبوون، لەو کۆبوونەوە بەرفراوانەدا و بە ئامادەبوونی (وەکیل موستەفایف) نوێنەری بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد، بڕیاردرا بە (دووبارە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی کوردی).


بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ٤١/٩١ لە رێککەوتی ٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٦ز.
بڕیاری ٤٢/٩٣ لە رێککەوتی ٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٧ز.
مادەی ٧٣-٧٦ لە یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان.
مێژووی رابردووی گەلی کورد و ھەستی بەرپرسیاریەتی لە چارەنووسی داھاتوویدا.
پێداگیری لەسەر بەرپابوونی یەکسانی مێژوویی.
کۆبوونەوەکانی دامەزراندنەوەی بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد و سەرجەم رێکخراوە کۆمەڵایەتییە- سیاسییەکانی کوردی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، رایدەگەێنێ:
دووبارە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی کوردی و ناوەندەکەیشی شاری لاچینی پایتەختی کۆنی کوردستان دەبێت.
تا کاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، دەوڵەتەکە لەلایەن بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردەوە بەڕێوە دەبرێت.
ھەڵبژاردنی گشتی بۆ دیارکردنی نوێنەری گەلی کوردستان لە ١٩ی تەمووزی ١٩٩٢ز.
سەرۆکی کۆبوونەوەکان/ وەکیل موستەفایف
٩ی حوزەیرانی ١٩٩٢ شاری لاچین
بە کۆی دەنگ بەیاننامەکەی بزوتنەوەی رزگاری خوازی کوردی، دەنگی لەسەردرا و بە ھەردوو زمانی کوردی و روسی چاپ کرا.


ئەو رۆژنامەنووسانەی لەلایەن ئەرمەنەکانەوە بانگھێشت کرابوون، ھەواڵەکەیان لە سەرتاپای جیھاندا بڵاو کردەوە، بەڵام نەتوانرا پارێزگاری لە مانەوەی دەوڵەتەکە بکری لەبەر چەندین ھۆی جیاواز، یەکەم: ناتەبایی و نایەکگرتوویی نێوان کوردەکان. دووەم: ھەر یەک لە ئێران و تورکیا رۆڵێکی نەرێنی گەورەیان گێڕا، بە تایبەت تورکیا، ئەمە سەرەڕای چەند ھۆکارێکی تر.


دواتر (موستەفایف) بوو بە پەنابەرێکی سیاسی لە ئیتاڵیا، لەو بارەیەشەوە بە دوور و درێژی کتێبێکی نووسیووە بە ناونیشانی (مێژووی کوردستانی قەفقازیا)، کە لەم لینکەدا http://pukmedia.com/russi/images/stories/pdf/bookku.pdf  بە زمانی رووسی ھەیە.


جێی بەبیر ھێنانەوەیە کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨ز تا ساڵی ١٩٩٥ز و ساڵەکانی دواتریش، بە ھەزاران کورد ناچار کران کۆمارەکانی قەفقازیا (جۆرجیا، ئەرمینیا، ئازەربیجان) بەجێ بھێڵن و بۆ روسیا و کازاخستان و ئەوروپا و وڵاتانی تر بگوێزنەوە.


لە ١٩٩١-١٩٩٢ و تا ئەمڕۆش، پارتی کرێکارانی کوردستان کاریگەرییەکی ئەرێنی زۆری لەسەر سەرجەم لایەنەکانی کوردی یەکێتی سۆڤیەتی جاران دروست کردووە و دروست دەکات، ھەروەھا دروستبوونی ھەرێمی کوردستانی عیراق بە تایبەت دوای ساڵی ٢٠٠٣ز.


بە درێژایی سەدان ساڵ لە ھەموو کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، کۆمەڵگای کوردی توانیویەتی لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری لە بوونی نەتەوەیی خۆی بکات، جگە لە کوردەکانی تورکمانستان و ئازەربیجان، چونکە بەشێکی زۆر لەو کوردانە بە شێوەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو، لە رووی نەتەوەییەوە ئەسڕانەوە و ئەتوێنرانەوە، بە پێچەوانەی ئەمەشەوە دەبینین کوردەکانی ئەرمینیا و کازاخستان لەلایەنی نەتەوەییەوە پێشکەوتووترن.

__________________________________________
* چاودێری سیاسی (کوردی سۆڤێتی پێشوو).

* ره‌مه‌زان که‌ریم: سه‌رکێ پلاتفۆڕما دامه‌زراندنا کئردستانێ مه‌زن.

 


remezankerim98@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک