١٦\٨\٢٠١٠
بەرەو دامەزراندنی
زانکۆیەکی یەکگرتووی چاندن لە {کوردستان}دا.

دوکتۆر حوسێن
موحەممەد عەزیز*
ماوەیەکە، دەنگی ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە وەزیری خوێندنی باڵا دەیەوێ،
ئەو بارە نالەبارەی زانکۆکانی {کوردستان} ڕاستکاتەوە، ئەویش بە ئەوەی،
هێندێ بەش لە کۆلێژە جیاجیاکان داخەن و هێندێکی دیکەشیان تێکەڵکەن. ئەز
لێرەدا، هێندەی پێوەندیی بە کۆلێژی کشتوکاڵەوە هەبێ، بۆچوونی خۆم
دەردەبڕم.
پێشەکیی، من بە هیچ شێوەیە، لەگەڵ داخستن و تێکەڵکردندا نیم. بەڵکوو
لەگەڵ کۆکردنەوە و یەکگرتنی بەش و کۆلێژەکانی کشتوکاڵ دام. بۆ ئەم
بیرۆکەیەش، هێندێ نموونە دێنمەوە. ئەوڕۆ لە {کوردستان}، بە شێوەیەکی
فەرمیی، شەش کۆلێژی کشتوکاڵ لە {دهۆک، سەلاحەددین، کۆیە، کەرکووک،
سولەیمانیی و هەڵەبجە} هەیە. زۆربەی بەشەکانیشی دووبارەبوونەتەوە. ئایا
ئەو هەموو کۆلێژەمان پێویستە؟ لە کاتێکدا، هەرگیز کشتوکاڵ لە {کوردستان}
هێندە دواکەوتوو نەبووە، زۆربەی هەرە زۆری بەروبوومی {کێڵگە، میوە،
سەوزە، گۆشتی سوور و سپی، شیرەمەنیی ...}، لە دەرەوەی ووڵاتەوە دێنین،
بەرهەمی خۆماڵیی هیچ بایەخێکی پێ نادرێ و کەلێنێ لە دابینکردنی
ئاساییشی خۆراکیش پڕناکاتەوە، کە لە ڕاستییدا، ئەمە کاری کەرتی
کشتوکاڵە و ئەوەش ڕەوشەکەیەتی!
کەواتە، ئەو هەموو کۆلێژە کشتوکاڵانە بۆچی باشن؟ کورد گوتەنی: زۆربێ و
بۆربێ، کەڵکی نییە، بەڵکوو نەخت و پوخت بێ، باشترە و پتر جێی خۆی دەگرێ!
چونکە هەم زانست پێشدەکەوێ. هەم لە کۆڵ دیاردەی گەندەڵیی و بێرۆکراسیی
دەبینەوە. هەم وولاتەکەشمان گەشەدەکا. ئەم هەڵەیەش تەنیا هەر لە
زانکۆکاندا نییە، بەڵکوو هەڵە هەرە گەورەکە، ڕووی سەرکردایەتی هەر دوو
پارتی دەسەڵاتدار و میریی هەرێم دەگرێتەوە. چونکە ئەوان، چەندین کۆلێژ
و زانکۆیان دامەزراندووە و بە شێوەیەکی بەردەوامیش دایدەمەزرێنن، ئەمەش
لە بەر پێویستیی ووڵاتەکەمان نییە، بەڵکوو وەک پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی
لێهاتووە و دڵی دانیشتووانی ئەو نێوچانەی پێ ڕازییدەکەن، وەک چۆن لە
کابینەی پێنجەمی میریی هەرێمدا، {44} شالێارگەیان دامەزراندبوو، کە چەن
ووڵاتێکی گەورەی وەک: {چین، هیند، ئەمێریکا، ڕووسیا، فڕەنسە، بریتانیا،
ئەڵمانیا ...}، لە مێژووی خۆیاندا، ئەو هەموو شالیارگەیەیان نەبووە، تا
دواتر دانیان بە هەڵەکانی خۆیاندا نا و لە کابینەی شەشەمدا، ژمارەکەیان
زۆر کەمکردەوە. ئاخر لە مێژووی چ گەلێکدا ڕویداوە، ڕووبەری خاکەکەی
نزیکەی {80}هەزار کم2 و ژمارەی دانیشتووانەکەشی {4 – 5} میلیۆن بێ، شەش
دانە کۆلێژی کشتوکاڵی هەبێ، زۆربەی بەشەکانیشی دووبارەبووبنەوە؟! با
لێرەدا، چەن نموونەیەک بێنمەوە:
ژمارەی دانیشتووانی دەوڵەتی {مەڵدۆڤە}، پتر لە شەش میلیۆن کەس و
ڕووبەری خاکەکەشی نزیکەی {200} هەزار کم2 دەبێ، تەنیا یەک ئینیستیتووتی
کشتوکاڵی تێدا هەیە. بەڵام هەموو کۆلێژ و بەشەکانی کشتوکاڵی تێدا
کۆکراوەتەوە، بە مەرجێ، بە ووڵاتێکی گرنگی کشتوکاڵیی دەژمێررێ،
پێداویستی خۆی لە خۆراک دابیندەکا و زیادەکەشی بۆ دەرەوەی ووڵات دەنێرێ.
هەروەها، ووڵاتێکی گەورە و پانوبەرینی وەک {سوید}، نزیکەی دە میلیۆن
کەسی تێدا دەژی و ڕووبەرەکەشی پتر لە {500} هەزار کم2 دەبێ، تەنیا دوو
کۆلێژی کشتوکاڵی تێدا هەیە. چونکە ئەو جۆرە ووڵاتانە، بە شێوەیەکی
هەڕەمەکیی کارناکەن، بەڵکوو پلانی زانستانە دادەنێن، سروشتی خاک، ژینگە،
پێداویستی گەل و دابینکردنی خۆراک لەبەرچاودەگرن.
بۆیە، وەک چۆن زانکۆی پزیشکیی لە {هەولێر} هەیە، بۆ ووڵاتێکی وەک {کوردستان}،
لە ئەم قۆتاغەدا وا باشترە، زانکۆیەکی یەکگرتووی چاندن هەبێ، هەموو
بەشە سەرەکیی و گرنگەکانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ، لە چوارچێوەی خۆیدا
کۆکاتەوە. ئەویش بە ئەم شێوەیە دەبێ:
1. هەموو کۆلێژەکانی کشتوکاڵ، لە یەک زانکۆی تایبەتدا ڕێکخرێ و
سەرۆکایەتی زانکۆ لە پایتەختی هەرێم بێ. گەر یەک زانکۆش کەمبێ، ئەوا
دەتوانرێ، دوو زانکۆی چاندن بکرێتەوە، یەکێکیان لە دەڤەری {بادینان} و
ئەوی دیکەشیان، لە پارێزگەی {سولەیمانیی} بن. گەر لە داهاتووشدا، ڕەوشی
کشتوکاڵ نەگۆڕا و نەبوژایەوە، دوو زانکۆ زۆربوو، ئەوا دەکرێ، جارێکی
دیکە هەر دوو زانکۆکە یەکخرێنەوە و زانکۆیەکی یەکگرتوو دامەزرێنرێ.
2. هەموو بەشەکان ببن بە کۆلێژ و لە هیچ نێوچەیەکی هەرێم
دووبارەنەبنەوە.
3. کۆلێژەکان، بەگوێرەی نێوچەی جوگرافیایی و ڕەوشی کشتوکاڵی نێوچەکان
بکرێنەوە.
4. هەر کۆلێژێ، چەندین بەش و لقی جیاوازی هەبێ، بایەخ بە پسپۆڕیی ورد و
دەگمەن بدرێ. بۆ نموونە: هەموو بەش و لقەکانی کۆلێژی باخداریی، لە
دەڤەری {بادینان} بێ، هەر خوێندکارێ لە هەر نێوچەیەکی {کوردستان}، لە
کۆلێژی باخداریی وەرگیرا، ئەوا دەبێ، لە ئەوێ بخوێنێ. بە مەرجێ، هەموو
پێداویستییەکانی خوێندن و بەشی نێوخۆیی خوێندکارانیان بۆ دابینکرێ.
هەروەها دەتوانرێ، کۆلێژە گرنگەکانی دیکەش، بە سەر پارێزگە و نێوچەکانی
دیکەی هەرێمدا دابەشکرێ، کۆلێژی نوێش بکرێتەوە.
5. هەموو کۆلێژەکان و سەرۆکایەتی زانکۆ، بە تۆڕێکی بەهیزی نێت پێکەوە
ببەسرێنەوە.
6. کەڵکی ئەم پڕۆژەیە، تەنیا هەر ئەوە نییە، کۆلێژەکانی کشتوکاڵ
یەکدەگرن و رێکدەخرێن، بەڵکوو لە لایەکەوە، هەموو مامۆستا باشەکانی ئەو
بەشانە، لە یەک کۆلێژدا کۆدەبنەوە. لە لایەکی دیکەوە دەتوانرێ، چی بۆ
ووڵاتەکەمان پێویستە، پلانێکی زانستانەی یەکگرتووی بۆ دانرێ و پێشخرێ.
لە لایەکی دیکەشەوە، خەڵکی نێوچە جیاجیاکانی {کوردستان} وەک ئێستە، لە
یەکدی دانابڕێن و تێکەڵاویییەکی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی
بەهێز درووستدەبێ.
لێرەدا پێویستە، چەن خاڵێکی دیکەش ڕوونکەمەوە:
1. خوێندکاری بەکەلۆریۆس و خوێندنی باڵا دەبێ، بەپێی پێویستیی ووڵات
وەرگیرێن.
2. ئاستی زانستیی کۆلێژەکان بەرزکرێنەوە، هەموو جۆرە پێداویستییەکی
زانستییان بۆ دابینکرێ.
3. کۆلێژەکان دەسەڵا تی تەواویان هەبێ، خۆیان بڕیار لە سەر هەموو
شتەکان بدەن. بۆ نموونە: ساڵانە توانای چەن خوێندکاریان هەیە، وەریگرن.
هەر پلانێ پێوەندیی بە خوێندن و بەڕێوەبردنی کاری کۆلێژەکانەوە هەبێ،
بەرەوڕووی خۆیان بکرێتەوە.
4. پۆستەکانی ڕاگر، یاریدەدەری ڕاگر، سەرۆک بەش و لقەکان، لە باشترین
کادێری کارگێڕیی هەڵبژێررێن و پارتەکان دەسیان لە دانانیاندا نەبێ.
5. مەرجەکانی وەرگرتنی خوێندکاران لە کۆلێژەکان قورسترکرێ، نەک گەر
خوێندکارێ نمرەی بەرزی نەهێنا و لە کۆلێژەکانی دیکە وەرنەگیرا، لە یەکێ
لە کۆلێژەکانی کشتوکاڵ وەرگیرێ!
6. بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتی بێکاریی و دامەزراندن بکەین، مەرج نییە،
ئەو خوێندکارانەی خوێندن تەواودەکەن، میریی دایانمەزرێنێ، بەڵکوو
دەتوانرێ، کەڵک لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتوو وەرگیرێ، زەوی بە سەر
دەرچوواندا دابەشکرێ، بانکی کشتوکاڵ پارەیان بۆ دابینکا، کێڵگەی
تایبەتیی و هەرەوەزیی هاوچەرخ بکەنەوە.
لە کۆتاییشدا دەڵێم: ئەم پڕۆژەیە، هەر وا بە ئاسانیی جێبەجێ ناکرێ،
بەڵام هەوڵی دڵسۆزانەی دەوێ. جگە لە ئەوەی، زۆر لێپرسراو، ڕاگر،
یاریدەدەری ڕاگر و سەرۆک بەش هەن، لە بەرژەوەندیییان دەدرێ و
کورسییەکانیان لەکیسدەچێ، بە تایبەتیی، ئەوانەی خۆیان بە هەر دوو پارتی
دەسەڵاتداردا هەڵواسیوە. چونکە هێندەی بیر لە بەرژەوەندیی تایبەتیی
خۆیان دەکەنەوە، هێندە بیر لە پێشخستنی زانست ناکەنەوە. هێندەی بایەخ
بە دەسکەوتی تایبەتیی خۆیان دەدەن، هێندە بایەخ بە پێشکەوتنی زانکۆکان
نادەن!
بۆیە زۆر پێویستە، لێپرسراوان چاوێ بە بەرنامە و پلانەکانیاندا
بخشێننەوە، پلانی ستراتیژیی نوێ دانێن، بە ئەو شێوەیەی لەگەڵ
گۆڕانکاریی و پێشکەوتنی زانست، چەرخی تێکنۆلۆژیای سەردەم و
پێداویستییەکانی کۆمەڵی کورددا بگونجێ.
___________________________
*
نووسەر و مامۆستای زانکۆ.
ماڵپهڕی دوکتۆر حوسێن محهممهد عهزیز
|