به‌ره‌و کۆنگره‌ی فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران.
عامر سابیر وه‌ڵام به پرسیاره‌کانی (به‌ره‌و کۆنگره‌ی یه‌که‌م) ی فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی: پ١/ کۆنگره‌ی فیدراسیۆن ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦/ ٨/٢٠٠٧ له ستۆکۆڵم ده‌به‌سترێ، چاوه‌ڕوانیتان له‌م کۆنگره‌یه چی یه، له‌م کۆنگره‌یه‌دا ده‌تانه‌وێت له ڕێگای باس و بڕیاره‌کانی کۆنگره‌وه به‌شداریکردنی ئێوه فیدراسیۆن به‌ره‌و چ نموونه‌یه‌ک له ڕێکخراوی په‌نابه‌ری هه‌نگاو هه‌ڵگرێ؟ عامر سابیر : چاوه‌ڕوانیم له کۆنگره‌ی فیدراسیۆن ئه‌وه‌یه که ئه‌و گیروگرفت و به‌ربه‌ستانه ده‌ستنیشان بکات و ڕێگه‌ی وه‌لانانیان دیاری بکات، که بۆچی فیدراسیۆن له نێو سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ری عێراقی و کوردی عێراقیدا خاوه‌نی ده‌یان هه‌زار ئه‌ندام نییه؟ به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و هه‌موو کاره به‌سود و پڕ بایه‌خه‌ی که فیدراسیون له ساڵی ١٩٩٢ ه‌وه له هه‌موو وڵاته جیا جیاکاندا له دیفاع به په‌نابه‌ران و بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانیان ئه‌نجامیداوه، ئه‌بوایه ئێستا زۆر له‌مه‌ی که هه‌یه گه‌وره‌تر بووایه.به‌داخه‌وه من له ئوسترالیام و زۆر نیگه‌رانم له‌وه‌ی که ناتوانم به‌شداری کۆنگره‌ی فیدراسیۆن بکه‌م. هیوادارم فیدراسیۆن له دوای کۆنگره نموونه‌ی ڕێکخراوێکی په‌نابه‌ریی چالاکی زۆر ئه‌ندام بێت، که بتوانێت لانی زۆری ئه‌و ئه‌رکه ده‌ستبه‌جێیانه‌ی بۆ ساڵی ئاینده بڕیاری له سه‌ر ئه‌درێ له کۆنگره‌دا، به ده‌ست بهێنێ.
پ٢/ به بڕوای ئێوه ئه‌رک و ئه‌وله‌ویات و هه‌ڵسوڕانی فیدراسیون، ئه‌م ده‌وره‌یه ده‌بێ چی بێت له پێناو به‌رگری و داکۆکی له مافه‌کانی په‌نابه‌ران؟ عامر سابیر : ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌م ده‌وره‌یه، ئه‌وه‌یه که فیدراسیۆن بتوانێ په‌نابه‌ران له‌م په‌رته‌وازییه‌ی ئێستا ڕزگار بکات و هه‌ڵیانخڕێنێ و له ڕیزه‌کانی خۆیدا یه‌کگرتوویان بکات، ئه‌بێت ئه‌وه له ناو په‌نابه‌راندا جێکه‌وته بکرێت، که کاری کۆ و ده‌سته‌جه‌معی جێگه‌ی کاری فه‌ردی و ڕێگه چاره‌ی شه‌خسی بگرێته‌وه، په‌نابه‌ران به ڕیزی یه‌کگرتووی خۆیان له فیدراسیۆندا ئه‌توانن به هه‌موو ئاوات و ئامانجه‌کانیان بگه‌ن.
پ٣/ چ پێشنیارێکتان هه‌یه بۆ کۆنگره‌ی فیدراسیۆن؟ پ٤/ به‌بڕوای ئێوه شێوازی کار و ئه‌وله‌ویه‌تی کاری فیدراسۆن ده‌بێت چی بێت؟ پ٥/ پێشبینی یا پێشنیاری چ جۆره گۆڕانکاریه‌ک ده‌که‌ن له سیاسه‌ت و به‌رنامه‌و ئامانجه‌کانی فیدراسیوندا؟ عامر سابیر: ئه‌م سێ پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا وه‌ڵام ئه‌ده‌مه‌وه.١) پێم باشه فیدراسیۆن به‌ڵگه‌نامه‌ی (په‌نابه‌ر و مافه‌کانی) که له لایه‌ن UN ه‌وه له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه ڕاگه‌یه‌دراوه و زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا ئیمزایان کردووه، بکات به بنچینه‌ی خواسته‌کانی بۆ په‌نابه‌ران، وه هه‌ر ئیزافه‌یه‌کی هه‌یه بۆی بیکاته پاشکۆی، زۆر له وڵاتانی دنیا و ئه‌وروپا ئێستا ئاماده‌نین که ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی خۆیان ئیمزایان کردووه په‌یڕه‌و بکه‌ن، ئه‌بێت ئه‌مه به‌سه‌ریاندا بسه‌پێندرێ، بۆ فیدڕاسیۆن کارکردن له‌سه‌ر ئه‌مه ئاسان تر و عه‌مه‌لی تره. ٢) له په‌یڕه‌وی ناوخۆیی فیدراسیۆن که له ژماره یه‌کدا بڵاوکراوه‌ته‌وه، ئه‌ڵێت سکرتێری فیدراسیۆن، له نێوان ئه‌ندامانی فیدراسیۆندا، له ژماره‌یه‌ک ئه‌ندام سکرتاریه‌ت داده‌مه‌زرێنێ و بۆ ڕاگیری له سه‌ری و ته‌ئید کردنی ده‌یخاته به‌رده‌م کۆنگره. به بڕوای من دروست تر و دیموکراتی تر ئه‌وه‌یه که کۆنگره ئه‌ندامانی سکرتارییه‌ت(لیژنه‌ی به‌ڕێوه‌بردن) هه‌ڵبژێرێ و پاشان سکرتارییه‌ت له نێو خۆیدا سکرتێر هه‌ڵبژێرێ، وه یان ده‌کرێت سکرتێر و سکرتارییه‌ت ڕاسته‌وخۆ له کۆنگره‌وه هه‌ڵبژێردرێن. ٣) بڕیارنا‌مه‌ی ژماره (٣) سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی ئاواره‌یی، که له ژماره ٢ی به‌ره‌و کۆنگره‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، پێویسته ئه‌م به‌شه‌ی (ده‌بێ نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له داهاتی نه‌وت مه‌سره‌فی لانی که‌می ژیانیان له ئه‌ستۆ بگرێ) لا بدرێت. چونکه ئه‌گه‌ر نه‌وتیش نه‌بێت، ئه‌وه ئه‌رکی ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری عێراق وUN ه که به‌رپرسیارێتی و دابینکردنی ژیانی ئاواره‌کان بگرنه ئه‌ستۆ، ئه‌م کاره نابێت ببه‌سترێت به نه‌وتی عێراقه‌وه. ٤) کارتی ئه‌ندامێتی پێویسته ساڵانه تازه بکرێته‌وه و مێژووی به‌سه‌رچونی له‌سه‌ر بێت، به بڕوای من ئابونه‌ی ئه‌ندامێتی (١٠) ده یورۆ بێت بۆ ساڵێک، به تایبه‌ت بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که کار نا‌که‌ن و قبوڵ نه‌بونه و له که‌مپه‌کاندان، وه هه‌ر که‌سێک ئه‌توانێ زیاتر کۆمه‌ک بکات، ده‌ستی خۆشبێت و هانبدرێت، به‌ڵام نابێت له ١٠ یورۆ زیاتر بکرێته به‌ربه‌ست له به‌رانبه‌ر په‌یوه‌ستبوونی به لێشاوی په‌نابه‌ران به فیدراسیۆنه‌وه. ٥) فیدراسیۆن ڕێکخراوێکی په‌نابه‌رییه (جه‌ماوه‌رییه)، حه‌تمه‌ن کارێک که ئه‌یکات سیاسییه، به‌ڵام (هاتنه‌دی جیهانێکی بێ سنور) نه ئه‌رکی وه نه له توانای فیدراسیۆندایه، تا ئه‌مه بکات به شیعار. بۆ کۆتایی هێنان به دیارده‌ی ئاواره‌یی، له دوو ژماره‌ی ڕابردوودا، چه‌ند شتی زۆر جیا له یه‌ک ئه‌بیندرێ، پێویسته دیاری بکرێ و ڕۆشنبین له سه‌ری.
٥/٨/٢٠٠٧ تێبینی: ئه‌م وه‌ڵامانه له به‌ره‌و کۆنگره‌ی یه‌که‌م...فیدراسیۆن، ژماره 3 له 20/8/2007 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
asabir79@hotmail.com
|