په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٠\٢٠١٧

بەرەو پێکھێنانی ناوەندەکانی خەبات.

 


رووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە ڕادەستکردنەوەی شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بە سوپایەک کە مێژووەکی خوێناویی ھەیە لە سەرکوت، لە ئەنفال و کیمیایی و ئاوارەکردن و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان، بە سوپایەک کە ھێزێکی دەستەگەریی تایەفیی پێش خۆی داوە بە ناوی "حەشدی شەعبی"ەوە، کە بە واقعیی "داعش"ێکی شیعە مەزھەبە، بەڵێ رادەستکردنەوەی ئەو ناوچانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە، و بە دیاریکراویی لە لایەن "یەکێتی" و "پارتی"یەوە، چ بە ساتوسەودای ژێربەژێر لە پشت سەری خەڵکی کوردستانەوە و چ بە پاشەکشەیەکی شەرمەزارانە و ئابڕووبەرانە، بارودۆخێکی قەیراناویی ھەمەلایەنە و تراژیدیایەکی مرۆیی ھێناوەتە ئاراوە لە کوردستانی باشوور.


لەم بارودۆخەدا، ھاوڕای دەرپەڕاندن و ماڵ سوتاندن لە لایەن سوپا و حەشدی وەحشیەوە، ئاوارەیی سەدان ھەزاریی، گیان لەدەستدانی سەدان، لەگەڵیشیدا داخرانی ئاسۆی دەرچوون لە برسیەتی و ھەژاریی و کارەساتی ئابووریی، ھەست بە شکانی شکۆ، ھەست بە تەنھایی و دەردەسەریی، باڵیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا  کێشاوە. ئەمەش لە بارێکدایە کە دەسەڵاتی گەندەڵ و برسیکەری خەڵک، دەسەڵاتی سەرکوتگەر و دژە ئازادیی ھەرێم، نەک ھەر ھێزی سەربازیی و توانای ئابووریی لەدەستداوە، بەڵکو ھەرچی زیاتریش سووک و ریسوا بووە و ھیچ پێگەیەکی نەماوە.


لەم نێوەدا، پێنووس بەدەستانی لیبڕاڵ، ئۆپۆزیسیۆنی تازە شێوەگرتوو "نەوەی نوێ"،و نیوە ئۆپۆزیسیۆنی کۆن و ریسوابووی ناسیونالیی- ئیسلامیی، (گۆڕان و کۆمەڵ)، ھەموو ئەوانە دەیانەوێ بە ناوی گوشارھێنان بۆ دەسەڵات و ناچارکردنی "حوکمەتی ھەرێم" و "بارزانی" بە دەست لەکار کێشانەوە،"حوکمەتێکی رزگاریی نیشتمانیی" پێکبھێنن و ھەر ئەوەی کە بڕیارە ئەم "حوکمەتی ھەرێم"ە و "بارزانی" سەرشۆڕانە بچن لە بەغدا واژۆ لەسەر شکست و دۆڕاویی خۆیان بکەن لە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەندییدا، ئەوانە بە ناوی "رزگاریی نیشتمانیی" و نوێنەرایەتیی "میللەتی کورد"ەوە ھەڵسن پێی. بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە برسیەتی و چاوەڕوانییدا راگرن و رێگربن لەوەی ئەو جەماوەرە کارێکی سەربەخۆ ئەنجام بدا بۆ خۆڕێکخستن، بۆ وەستانەوە دژی برسیەتی و دەستێوەردانیان لە چارەنووسی سیاسیی خۆیاندا.


کرێکاران، زەحمەتکێشان، جەماوەری ئازادیخواز، نابێ نەک ھەر رێگە بدرێ ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دژە ئازادیی و ملکەچکەرە جارێکی تر خۆی رێکبخاتەوە و دەسەڵاتی نەگریسی دووبارە بەسەر سەرماندا توند بکاتەوە، بەڵکو وێڕای دادگاییکردنی بەرپرسانی ئەم ڕۆژەڕەشییە و دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامانەکانیان کە بە گەندەڵیی و دزینی سامانی گشتیی بەدەستیانھێناوە، لە ھەمانکاتیشدا نابێ رێگە بدرێ بە ناوی "حکومەتی رزگاریی نیشتمانیی"ەوە، بە ئاڵوگۆرێکی رووکەش و لە سەرەوەڕا، کۆمەڵێک حیزب و لایەنی سیاسی تر بێن و خەڵکی لە چاوەڕوانیی و برسیەتیدا راگرن، تا مۆدێلێک لە حوکمڕانی بیست و شەش (٢٦) ساڵە ئەمجارە بە شێوە و شێوازی "رزگاریی نیشتمانیی" درێژە پێبدەنەوە.


دەبێ ئەم ئەزموونە لە حوکمڕانیی بە ھەموو شێوە و شێوازێکیەوە، چ دوو ئیدارەیی، چ حوکمەتی ھاوپەیمانەیی "پارتی و یەکێتی"، چ "حکومەتی بنکە فراوان" و "تەکنۆکرات" و چ ئێستا بە ناوی "حوکمەتی رزگاریی نیشتیمانیی"ەوە لە ریشەوە بنەبڕ بکرێ، و سیستەم و مۆدێلێک لە حوکمرانی لە کوردستاندا جێگەی بگرێتەوە کە لەسەر بنەمای ئیرادەی راستەوخۆی جەماوەری کرێکاریی و زەحمەتکێشی کوردستان دامەزرابێ.


کرێکارانی پێشڕەو، ھەڵسوڕاوانی سۆشیالیست، جەماوەری ئازادیخواز! ئەمڕۆ ڕۆژی دەستپێشخەریی و ھاتنەمەیدانە بۆ رێکخراوکردنی جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەکێشی کوردستان، بۆ بەرجەستەکردنەوەی خواستەکانیان، بۆ پێدانی ئاسۆیەکی رۆشن بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی کۆمەڵ و چەکداربوون بۆ داسەپاندنی ئیرادەی خۆیان.


جا بە بێ یەکگرتوویی و رێکخراوبوونی ریزەکانی خۆمان، رێکخراوکردنی جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەتکێش وە ئاسۆدارکردنیان و ھێنانەمەیدانیان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی کۆمەڵ دا کارێکی سەختە، بۆیە کاری دەستبەجێ و ھەنووکەیی ئەمڕۆ پەیوەندییگرتنی خۆمانە بە یەکتریەوە و ھێنانەدی ناوەندەکانی خەباتە لە شار و شارۆچکەکاندا، لە شوێنی کار و گەڕەکەکاندا. لەو ناوەندانەدا کار و پلانی ھاوبەش بخرێتە دەستووری کارەوە بۆ رابەرایەتیکردنی ناڕەزایەتییەکان و ئاسۆدارکردنیان، بۆ دەستبەکاربوون بۆ ھێنانەدی ئۆرگانەکانی ئیرادەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە شۆرا و رێکخراوەکانیاندا.

 


٢٣\١٠\٢٠١٧
ناوەندی خەباتی جەماوەریی و کرێکاریی لە کوردستان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک