په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٥

بەرەو رووناکییەکە.. چۆن ھەنگاو بنێین؟


کاردۆ محەمەد     


لە دوای دەرکەوتنی داعشەوە قسەکردن لەسەر ھزری دەمارگیری ئاینی بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیاکان، رۆژانە رەنگە بینەر و بیسەری دەیان بابەت و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی ببین کە ھەموویان باس لە داعش دەکەن ، ئەگەرچی جاروبار بەھۆی دواندنی کەسانێکی ناوشیارەوە لە بوارەکەدا وایکردووە ھەست بە بوونی جۆرێک لە فەوزای میدیایی بکەین ،لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە مایەی دڵخۆشییە کە بۆ دواجار لەپاش سڕبوونێکی ھزری سەدان ساڵە جورئەتی ئەوەمان لادرووستبووە گومان بکەین، پێدەچێ تەنھا خاڵی ئیجابی داعشی تاریکپەرست ئەوەبێت بە کردەوە قێزەونەکانی ناچاری کردبین بیربکەینەوە و گومان لە دڵنیاییەکانی عەقڵی چەقبەستوومان بکەین، ئەمەیش یەکەمین تەکانی عەقڵە بەرە و رووناکی،بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ھەنگاوی دواتر بۆ گەیشتن بە رووناکییەکە چییە و چۆن دەسپێبکەین ،ئاخۆ ھیچ نەخشە و پلانێکمان ھەیە؟


بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەبێ دڵنابین ئەو توندوتیژییە ئاینی و مەزھەبییەی ئەمڕۆ چەندین وڵاتی ئیسلامی و عەرەبی گرتووەتەوە و بووەتە کێشەیەکی نێوەدوڵەتی ھەروا بە کتوپڕی لەماوەی شەوورۆژێکدا سەری ھەڵنەداوە ، بەڵکو رەگ وریشەیەکی دور ودرێژی ھەیە کە پەیوەستە بە ژیانی بەر لە سەرھەڵدانی ئاینی ئیسلام لە دوورگەی عەرەبی ،کەوایە رێگاکەمان دوورە و ھەڵوەستەی زۆری دەوێت، ئەبێت بگەڕێینەوە بۆ زیاتر لە ھەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر و ھەرچی ئامڕاز وکەڕەستەی گەڕان و ھەڵکۆڵینی مەعەریفی ھەیە پێمان بێت ،تا بتوانین لەرووی ئەنترۆپۆلۆجیەوە چۆنێتی ئاوێتەبوونی (سرووش - وەحی) لەگەڵ عەقڵی خێلەکی و شەڕخوازی تاکی عەرەبی لە (شوێنکات) ێکی دیاریکراودا حاڵی بین.


چونکە مەحاڵە وا بیربکەینەوە کە قورئان وەکو تێکستێکی ئامادەکراو دوور لە ھۆکار و ئەنگیزە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان لە ئاسمانەوە ھاتبێتە خوارەوە، ئیبن خەلدون لەبەشێکی پێشەکییەکەیدا بەڕاشکاوی دەڵێت عەرەب دواکەوتووترین میللەتن ، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خێڵەکین (بدو) و تەنھا ئاشنایەتیان لەگەڵ بیاباندا ھەیە و دوورن لە ئاوەدانییەوە(١)، ئەمەش وایکردووە دەمارگیریی عەشایەری و ھۆزگەرایی بەسەریاندا زاڵ بێت و بەردەوام بیریان لای داگیرکردنی ئەوانی تربێت بۆکۆکردنەوەی غەنیمە ،ئەمە جگەلەوەی خێڵەکان بەردەوام شەڕ و خوێن رشتنیان بە سیمبولی ئازایەتی و نەبەردی ، زانیوە، تەنانەت جاری واھەبووە لەسەر کێشەیەکەی بچووک گەورەترین شەڕیان ھەڵگیرساندووە، شەڕی (( بەسوس - ٤٩٥ز)).(٢)


کە لەنێوان خێڵەکانی تەغلوب بن وائل و بەنی شیبان لە باکوری دورگەی عەرەبی روویداوە بەھۆی کوشتنی حوشترێکەوە بووە و ماوەی چل ساڵ بەردەوام بووە ، ئەمە وێڕای شەڕو ململانێکانی نێوان بەنو ھیلالی قەحتانی و عەدنانیەکان و ئەوس و خەزرەج و چەندین شەڕی دیکەی ھۆزپەرستەکانی عەرەب کە لە ئایەتەکانی قورئاندا رەنگیانداوەتەوە:


''
وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا''.(٣)


واتا ئەو نیعمەت و چاکەکارییەتان لەیاد بێ کە ئێوە پێشتر دوژمنی یەک بوون بەڵام پەروەردگار یەکیخستن و لەسایەی چاکەی خوادا بوون بەبرای یەکتر،بەڵێ ئیسلام تاڕادەیەک کۆتایی بەشەڕی نێوان خێل وھۆزە شەڕانگێزەکانی عەرەب ھێنا بەڵام ھەرگیز نەیتوانی حەزی شەڕانگێزی لەناخیاندا دابمرکێنێتەوە بیانکات بە مرۆڤ دۆست و ئاشتیخواز ،بۆیە شەڕی دژ بە بێباوەڕان و فتوحاتیان بە باشترین ھەلزانی بۆ کپکردنەوەی ئەو حەزە خوێناوییە ،گەر بەوردیش لە مێژووی پەرەسەندنی ئیسلام بکۆڵینەوە بەتایبەتی لەدوای کۆچی دوایی پەیامبەرەوە مێژووی دەیان کوشتارگە و بەتاڵانبردنی ژن وماڵ و سەروەتی غەیرە مسوڵمان دەبینین،ئەمە جگە لە سەرھەڵدانی جەنگی نێوان شیعە و سووننە کە تا ئەمڕۆیش بەردەوامە ،دیارە ھەموو ئەو جەنگانە پشت ئەستوور بوونە بە وەرگرتنی شەرعیەت لە تێکستە ئاینییەکانەوە ،کەس ناتوانێت نکولی لەو راستییە بکات کە ھەمیشە بەر لەھەر ھێرش وپەلامارێکی مسوڵمانان بۆسەر لایەنی بەرامبەر ئایەت و فەرموودەیەک حزووری ھەبووە بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی فەتوا و شەرعییەتدان بەو پەلامارە،مەبەستیشم ئەوە نییە کە قورئان لە بنەڕەتدا ھانی شەڕانگیزی دەدات با بەو شێوەیەش تەفسیر نەکرێت ، بەڵکو مەبەستی من ئەوەیە کە نەتوانراوە ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی وسیاسی وئابووری ساتەوەختی دابەزاندنی ئایەتەکانی قورئان لەبەرچاوبگیرێت ، کە ھەر ئایەتێک و بەپێی پەرەسەندنی کردەی مێژوو یی قۆناغەکەی ھاتووە،و وابەستەی (شوێنکات)ی خۆی بووە.


تەواوی قسەکانم لەوەدا چڕدەبێتەوە کە وەک چۆن دەمارگیری ئاینی لە شەو و رۆژێکدا سەریھەڵنەداوە بەو شێوەیەش لە شەو ورۆژێکدا چارەسەر ناکرێت رەنگە دەیان ساڵمان بوێت بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لەو داخرانە لاھوتییە قوتارمان بێت، لەبەر ئەوە پێویستە وەک لەسەرتاشدا وتم جورئەتمان ھەبێت و لەسەر تەواوی ئاستەکاندا بەشێوەیەکی مەنھەجی و دوور لە دمارگیری و ئەرسەدۆکسییەتی عەلمانی دەست بەھەڵکۆڵین و پشکنین بکەین، تا بتوانین دەرگا بەڕوی یادەوەریی و بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ واڵا بکەین(٤) کە بەربەستێکی باڵا و بەھێزە لەبەردەم کرانەوەی فیکریمان و وایکردووە ھەموو بیروباوەڕێکی سەلەفیانە بە موقەددەس تەماشابکەین و نەوێرین پرسیاریان لەبارەوە بکەین.
________________________
پەراوێزەکان:
١- مقدمة ابن خلدون.
٢- حرب البسوس / ويكبيديا.
٣- آل عمران /  ١٠٣.
٤- داريوش شايغان / النفس المبتورة.

 

ماڵپەڕی کاردۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک