٢٠\٤\٢٠١٩
بەرەیەکی نوێی
سیاسی لە باشووری کوردستان.

سالار باسیرە
لە ماوەی دروستبوونی ھەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراو و
حیزبی سیاسی دروستبووە بەشێکیان حیزبی سێبەرو بەشێکیان حیزبی بەشداربوو
لە دەسەلات و بەشێکیش گوایە ئۆپۆزیسیۆن بەلام تا ئێستە بێکاریگەر لەسەر
گۆڕەپانە سیاسیەکە. لەبەر ڕۆشنایی ئەزمون و واقیع و مێژوە سیاسیەکە ئەم
نوسینەم ئامادە کردوە ، تا ئەم بارودۆخەش بەم جۆرە بمێنێتەوە بیرۆکەی
ھەمە چەشنە دروست دەبێت وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو بارودۆخە سیاسی و
کۆمەلایەتیە چەقبەستو و ناھەموارەی دەسەلات و کۆمەلگەی کوردیی لە باشور
تێی کەوتوە.
لە کاتێکدا کایەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان توانایەکی ڕاستەقینە ناداتە
ئۆپۆزیسیۆن بۆ کارکردنی سیاسی ، چ جای بینینی ڕۆلێک. کار بۆ لەیەکتر
ترازاندن و دابەش کردنی ئۆپۆزیسیۆن دەکات ، ئیتر ھی ناو پەڕلەمان یان
ئەوەی شەقام بێت ، بەم میتۆدە دەسەلات کار بۆ سەقامگیر کردنی
دەسەلاتەکەی دەکات. دەسەلات دەیەوێ بەناوی ئازادی و دیموکراسیەوە
ئازادی و دیموکراسی لەناو بەرێت. ھەربۆیە ئۆپۆزیسیۆن بوون بۆ باشوری
کوردستان وەک ھەوا وایە بۆ ژیان ، بەلام کام ئۆپۆزیسیۆن؟
ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەلاتەی ھەرێم ، دەسەلاتی خێڵ و
خێزان و دەسەلاتی تەقلیدیی و کۆنەپارێز ھی چاکسازی و دەستاودەست کردنی
دەسەلات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواکاریەکانی گەل و پەیڕەویی
پڕەنسیپە دیموکراتیەکان و رێفۆرم کردنی ڕاستەقینە بکات ، ئەوا لە
بازنەیەکی داخراوی بۆش و خەیالاویدا دەخولێتەوەو ھیچ لە سیاسەت و
ئەزمونە سیاسیەکان و مێژووی سیاسی تێنەگەیشتوە سەبارەت بە جیھانبینی بۆ
دەسەلات و کۆمەلگە.
ھەڵبژاردنی گالتەجاری و دیموکراسیەتی ساختە.
بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی گاڵتەجاری و دیموکراسیەتی ساختەدا لە
ھەرێمێکی داگیکراودا بەو ھەلومەرجەی دەگوزەرێت تەنیا شەرعیەتدانە بە
دەسەلاتی ستەمکارو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئەو شێوە
دەسەلاتەوە ، ھەموو ئەوانەی لەو دەسەلاتەدا بەشدارن. دەبێت دوای
ئەزمونی ٢٨ ساڵ بزانرێت خەباتی پەڕلەمانیی لە ھەرێمی کوردستان بەو
شێوەیەی دەگوزەربَت کۆتایی ھاتووە چونکە دەسەلاتی ڕاستەقینە لای
پەڕلەمان و حکومەت و دادوەریی نیە بەلکو لای تاک و خێزان و خێڵی سیاسیە
کە خاوەن موئەسەسەو ئیدارەو پارەو میلیشیای خۆیەتی.
لێرەدا دەبێت بیرۆکەی بەنرختر بۆ ئایندەو چارەنوسی گەل دەستەبەر بکرێت.
خوێندنەوەی ڕاستەقینەمان بۆ دەسەلات و کۆمەلگە ھەبێت. ئێمە دەبێت
مرۆڤەکانمان فێری یاخی بوون بکەین چونکە لەسەر ھەقن و ئینتیمای
نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەھا مرۆییەکانی بۆ بگێرینەوەو لە ئازادی خوود
تێبگات بۆ ئەوی نەبێتە بتێک. ئەو مرۆڤانەی ئێمە کە ھەمیشە ئامرازی
سیاسی بوون بەلام ئەکتەری سیاسی نەبوون.
ئێمە دەبێت ھەنگاو بۆ شێوە کارو خەباتێکی تری جەماوەری و سیاسی بوێر
بنێین وەک سەرەتایەک بەدەر لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە تەقلیدیەکانی جێگای
ھیواو متمانە نەماوون و لە بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێنەوە. "گەمژە ئەو
کەسەیە چەندین جار یەک کار دوبارە بکاتەوەو چاوەرێی ئەنجامی جیاواز بێت".
ئەو ئۆپۆزیسیۆنانەی کە ئامادە نین پشتگیریی بزوتنەوەی شەقام بکەن یان
شەرمنانە دەیکەن. ١٧ی شوبات نمونەیەکی بەرچاوە.
کەرەسەکان لە بارن بەلام شەقام پێویستی بە قیادەیەکی بوێرو شۆڕشگێڕو
ژیرو پاک ھەیەو دەست لەگەڵ دەسەلاتدا تێکەڵ نەکات و بزوتنەوەکە
نەفرۆشرێت و بڕوای وابێت کە ڕێفۆرمی ڕاستەقینە بەم دەسەلاتەی ئێستەی
ھەرێم ، دەسەلاتی تەقلیدیی خێزان و خێڵی سیاسی ناکرێت. بزوتنەوەیەکی
نوێی فکری و سیاسی و کۆمەلایەتی و ئەخلاقی و سێکولار بۆتە پێویستیەکی
ژیانیی.
بەرەیەکی نوێی ئۆپۆزیسیۆن.
ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی و گروپەکانی فشار
ھەن کە رێکخراوی سێبەر نین و خاوەن ھەڵوێستی تەندروستن ، خاوەنی کەسانی
ڕۆشنبیرو ئەکادیمیست ، نوسەر ، ڕۆژنامەنوس و مامۆستایان و ڕەنجدەرو
کەسایەتی بە ھەڵوێست و بوێرین ، خاوەن چەندین رێکخراوی گەنجان و ژنان و
خوێندکارانی ڕەخنەگری دەسەلات و ژمارەیەک لە لایەنە چەپەکان ھەن ...
ئەگەر ھەموو ئەمانە بە ڕاکێشانە ناوی زەحمەتکێشان ، کاسبکاران و
فەرمانبەران ، مەبەستم چین و توێژە کۆمەلایەتیەکان ... بتوانرێت بە ڕۆح
و ھەڵوێستێکی رێکخراوەیی شۆڕشگێڕانەوە لەسەر (پلاتفۆرمێکی، بەرنامەیەکی
ھاوبەش) لە بەرەیەکداو لەژێر چەترێکی جەماوەریداو لەژێر (سەرکردایەتیەکی
دەستەجەمعیدا) بۆ ئەم قۆناغە رێکبخرێن و کۆبکرێنەوەو خاوەن مەرجەعیەتێک
بێت بۆ سەرکردایەتی کردنی بە پلان و ستراتیژو بەرنامەو بە نەفەس درێژی
و ورە بەرزی دەکرێت ببێتە ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی داھاتووی
شەقام.
دور نیە لە ئەنجامی توڕەیی جەماوەر بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی ،
ڕاپەرینێکی جەماوەریی عەفەوی بێ سەرو سەرکردە ڕوبدات و دواتر
دامرکێتەوەو کورت خایەن بێت ، ھەربۆیە پێویستی بە سەرکردایەتیەکی
مەحکەم دەبێت بە تایبەت کە ریزەکانی دەسەلات ناتەباو لێکترازاو بن. ئەو
دەسەلاتە لە بنەڕەتدا ئەوە نیە کە نەتوانرێت نەگۆڕدرێت یان نەخرێتە ژێر
فشاری ڕاستەقینەوەو خۆی لەبەردەم بزوتنەوەیەکی جەماوەریی شۆڕشگێڕی
بوێرو رێکخراو و نەفەس درێژ بۆ مەودای دوور بگرێت.
دوای نزیکبونەوەی لایەنە ئاماژە پێکراوەکان کار لەسەر نوسینەوەی
پلاتفۆرمێکی ھاوبەشی گونجاو بکرێت و لە کۆنفرەنسێکی سیاسیدا شیکردنەوەو
ئامادەکاری خۆی بۆ بکرێت. ئەو بەرەیە کراوەیە بۆ ھەموو تاک و لایەنێک
بڕوای بە گۆڕانی شۆڕشگێرانەی ریشەیی ھەبێت لە باشوری کوردستان لە
دەرەوەی ئەو دەسەلاتە.
سەبارەت بە چەپەکان وەک حیزبی شیۆعی کوردستان و حیزبی کۆمۆنیستی
کوردستان و گروپە چەپ و کۆمۆنیستەکانی تر بە پێویستی دەزانم بچنە ناو
یەک بەرەوەو ئەم بەرەیەش ببێتە بەشێک لە بەرە سیاسیە نوێکەی ئۆپۆزیسیۆن
، ئەوانە بەو شێوەیەی ئێستەیان لاوازو بەربلاون. بەدەر لەوە گۆرینی
ناوی وشەی کۆمۆنیست و شیۆعی چونکە گونجاو نیە بۆ کۆمەلگەیەک زۆرینە
موسوڵمان و دژەکانی ئیدیعای کافر بونیان دەکەن ، بەلام دەکرێ لە
کرداردا کۆمۆنیست بن.
ئەوەی لێرەدا گرنگە قسەی لەسەر بکرێت:
* نوسینەوەی پلاتفۆرمێکی ھاوبەش
* لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن بوون لە باشوری
کوردستان بە گشتی .
* ھەڵسەنگاندنی ئەزمونی ئۆپۆزیسیۆنەکان لەگەڵ دەسەلات.
* ستراتیجیەتی نوێ بۆ کاری ئۆپۆزیسیۆن لە باشور لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە کێیەو دەبێت چۆن بێت.
* دەکرێ لە دەرەوەی ولات لق و نوێنەرایەتی بۆ بکرێتەوەو کەم نین ژمارەی
کوردانی تاراوگە کە ئامادەی ئەم کارە دەبن.
وتنی ئاسانترە وەک لە کردنی.
دیارە وتنی کاریکی لەم جۆرە ئاسانترە وەک لە کردنی. خۆ ئەگەر
بزوتنەوەیەکی نوێی ئۆپۆزیسیۆنێکی نوێی شەقام خاوو کەمیش بێت بەلام
دەبێتە سەرەتاو ناوک و داینەمۆو وزەیەکی نوێ بۆ ئایندە. پڕۆسەیەکی
درێژو زەمەن خایەندو دوای ھەر لێدان و لاواز بوونێک دەکرێ دوبارە
ھەستێتەوە سەر پێی خۆی. خۆ ئەگەر سەرکەوتووش نەبێت ، رێگا خۆشکەر دەبێت
بۆ ئەوانەی دوای خۆی. جا ئەم کارە چۆن و کەی ڕوو دەدات و کێ ئەنجامی
ئەدات بەندە بە چەندین فاکتەرەوە بەلام زوو یان درەنگ تەنیا رێگایەکە
بۆ ڕزگاریی لە کۆت و زنجیری چەوساندنەوەو کۆیلایەتی. جێگای دڵخۆشکەریی
دەبوو ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێستە توانای گواستنەوەی ئەم مەھامەیان ھەبوایە.
بێرتۆلت برێشت وتەنی "ئەو مرۆڤەی خەبات دەکات و تێدەکۆشێت لەوانەیە
بدۆرێت ، بەلام ئەوەی نایکات ئەوە ھەر دەمێکە دۆڕاوە".
ناوچەی باشوری کوردستان لە ڕووی جوگرافی و دەورەدانی بە چەند دەوڵەتی
دیکتاتۆرەوە بارودۆخەکەی ئالۆز کردوەو ھەوڵی سەپاندنی ھەژمونی خۆیان
دەدەن بەسەر باشوری کوردستانیشدا ، ئەگەر ئەو دەسەلاتەی باشور لەو بیست
و ھەشت ساڵەداو لە چوارچێوەی ھەرێمێکی بەناو فیدرالیەوە لە ڕووی سیاسی
و ئابوری و کۆمەلایەتی و خزمەتگوزاریەوە ھەنگاوی جدی و عەمەلی بنایە
ئێستە دەوڵەتێکی ئیعلان نەکراوی پتەو دەبووین و لە پۆزشنێکی ھێزەوە
مامەڵە لەگەڵ مەرکەزو دەرەوەشدا دەکرا ، بەلام ئەو مەھامە مێژووییە بە
دەسەلاتی خاک و گەل فرۆش ناکرێت کە بەرژەوەندی تاک و خێزانی سیاسی
ئەولەویەتی ھەبێت و سوپایەک لە خەلکی خۆفرۆش و کاسەلێس دروست بکات.
چەندین لە دەوڵەتەکانی کەنداو لەلایەن ئەمیرو شێخ و خێزانەوە
فەرمانڕەوایی دەکرێت ، ئازادی و مافی مرۆڤ تێیاندا بابەت نیە ، بەلام
لانی کەم ولاتانی خۆیان پێشخستوە، خزمەتگوزارییان ھەیەو نان ھەیە. ئێمە
بەدەر لە خەباتمان بۆ نان و ژیانێکی شایستە خەباتمان بۆ ئازادییشە ،
بەواتا بۆ ئازادی فکر ، ئازادیی و پاراستنی کەرامەتی تاکو نوسین و
ئازادیی بیرکردنەوەو ڕادەربڕین و کۆمەلگای مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ و
دەستوری عەلمانیە...
لەوانەیە گۆڕانێک لە ھاوکێشە سیاسیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکەو ناوخۆی
عێراقدا ببێتە ھۆی گۆڕانکاریەک لە تەواوی عێراق و باشوری کوردستانیشدا
، بەلام مەرج نیە ئەرێنی بێت.
سەرجەم کۆمەلگە تەقلیدیەکان لە قۆناغی پەرینەوە بۆ کۆمەلگەیەکی مۆدێرن
بەناوچەیەکی خۆلەمێشیدا دەڕۆن کە ماوەی گواستنەوەی لە کۆمەلگەو
ولاتێکەوە بۆ ئەوی دی جیاوازە ئەویش بە پێی ھوشیاری کۆمەلگەو فاکتەرە
لە بارەکان بۆی. ئێمە دەکرێ بۆ ئەو قۆناغی پەرینەوەیە ڕۆلێکی ئەرێنی
ببینین. ئەوروپاش بەو قۆناغەدا ڕۆیشتوە ، بە قۆناغی شۆڕش و رێنسانسدا
ڕۆیشتوە. ئێمە دەکرێ پاڵ بە مێژو بنێیین بۆ پێشەوە.
Dr.salarbasira@hotmail.com
|