١\١\٢٠١١
نامەیەکى کراوە بۆ بابا نوئێل:
بەڕێز بابا نوئێل درۆت کرد..

کــاردۆ
پێموتى ،ئەگەر ویستت لە سەرى ساڵدا بەئەرزشترین دیارییم بۆ بهێنیت ،باوشێک
خۆشەویستى و تامەزۆرییت دەدەمى لە نێو چارۆکەکەتدا شەتەکى بدە، وتت:
"
باشە بە چاوان..".
وتم "دەبێ گالیسکەکەت تەواوێ ئامادەبکەیت ، تێشوو ى سەفەرێکى سەخت
لەگەڵ خۆتدا بەریت"
"ئەویش بەچاوان".
"گەشتى ئەم جارە ت پانتاییەکى ئەفسانەییە ، دەیان بیابان و دۆڵ و نشێوت
دێتە بەردەم"
" بە چاوان".
"لەگەڵ چەندین رمووزن و بونەوەرى سەیر ونامۆدا بەشەڕدێیت ، بە دەیان
رووبار دا دەپەڕیتەوە و لە تونێلى چەندان تاڤگەوە گوزەردەکەیت ، لە
جەنگڵ و دارستانەکاندا ئاشنایەتى لەگەڵ سەدان بوونەوەرى رەنگ زەرد و
چاو بە قوڵا چوو دا پەیدادەکەیت هەریەکە و یادەورى سەدەیەکیان
لەکۆڵناوە ،بەدواى خۆیاندا مەوداى سەدان ساڵ رووناکى، بۆنى شکستى
گوڵاڵە سوورەیان لێ دەتکێت ، دەڕۆێت و ناوەستیت تا دوایین مەرزەکانى
زەوى ،ئاوڕمەدەرەوە تۆ میعراجى مەزنت لە بەردەمە ، لەوێوە هەڵدەکشێى ،ئیدى
سەفەرى ئاسمانەکان دەسپێدەکات ،چەندین ئاسمانى تاریک و نووتەک دەبوێریت
تا دەگەیتە ئاسمانێکى زیوین ، هەموو شتێک رەنگى زیوینە تەنانەت باخچەو
گوڵ ئاو و خیابانەکانیش، لەوێدا سۆراخى ژنێکى قژ و پۆشاک زیوین بکە لە
نیگاکانیدا چاوەڕوانییەک بەدى دەکەیت ،رێ وراست چارۆکە سوورەکەتى لە
بەردەم واڵا بکە چاوەڕوانبە تا ئەو دەمەى پڕ دەبێت لەتامەزرۆییەکانى
بوونەوەرێکى تەنها وشکستخواردوو ،پاشان بوارى بدە بەئارامی چارۆکەکەت
لێوان لێوبکاتەوە لە میهر و خۆشەویستى خۆى ،دیسان چاوەڕانبە تا
چارۆکەکەت رەنگى زیوین دەگرێت ، کە گەڕایتەوە ئیدى هەموو راڕوەکان
زیوینن.
بابا نوئیل ،بەئەرزشترین دیارى شەوى سەرى ساڵ چارۆکەکەى تۆیە کە لێوان
لێوە لە سۆز و یادەوەرییەکانى (نەنکم ) ئەو مرۆڤەى کە هەمیشە پێیوابوو
کەسێکى مەزنم لە هەمان کاتدا عاشقێکى هەمیشە شکستخواردووم.
وتت "بەچاوان .. بەختەوەرم کە شادومانتکەم ".
" بابانوئیل گیان ئاخر کارێکى ئەستەم نییە؟"
دەستێکت بە ریشە سپێکەتدا هێنا" نـ ...نا.. بە پێچەوانەوە".
ئەوەى کە ئەم شەو لە برى دیارى سەرى ساڵ لە توونى کوخەکەمەوە بۆتناردم
پۆستکارتێکى شەرمەزاربوو ((پۆزش..........))
.
بۆیە منیش ئەڵێم ببورە بابانوئێل درۆت لەگەڵ کردم...
ماڵپهڕی کاردۆ
|