٤\٦\٢٠٢٥
بەڕێز جەنابی
دكتۆر لەتیف ڕەشید داوای لێبوردن بكە.

عەلی مەحمود محەمەد
هاوولاتییە عێراقییەكان توڕە بوون لەوەی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا رۆناڵد
ترامپ، ٤ لە ئەندامانی بلاك وتەری ئازاد كرد، كە تۆمەتبار بوون بە
كوشتنی ١٤ هاووڵاتی سڤیلی عێراقی لە گۆڕەپانی نسور لە سەپتەمبەری ٢٠٠٧،
هەرچەندە كۆمپانیاكە بۆ هەر كوژراوێك جگە لە یەكیان ١٠٠٠٠٠ دۆلارو
بریندارەكانیش هەر یەكەی ٥٠٠٠٠ دۆلار قەرەبووی ژماردووە.
لەسەر دانانی ئاڵای كۆنی عێراقی لە كۆبونەوەی نێوان شاندی حكومەتی
ئوردن و عێراق، وەزیری كشت و كاڵی عێراقی محەمەد خەفاجی داوای لە
حكومەتی ئوردنی كرد داوای لێبوردن بكات، كەچی حكومەتی ئێستای عێراقی كە
میراتگیری حكومەتی پێشووی بەعسی روخاوە، تا ئێستا ئامادە نییە داوای
لێبوردن لە قوربانیانی تاوانەكان رابردووی كوردستان و عێراق بكات،
قوربانیان ژمارەیان ١٦ كەس نییە، بەڵكە دەیان هەزاری ئەو ژمارەیەیە، وە
دسیەكە ئاڵایەكی بە هەڵە دانراو نییە، بەڵكە ٤٠٤٩ گوندی تەنها لە
كوردستان لە گەڵ زەوی تەخت كردووە، زیاتر لە ١٨٥ گوندو شاری
كیمیابارانكردووە، نزیك ملیۆنێك هاووڵاتی كۆمەڵكوژ كردووە، ژێر بیابانە
پان و بەرینەكانی عێراقی تژی كردووە لە روفاتی قوربانیان، لە كوێوە
هەڵیدەكۆڵیت ئێسك و پرۆسكی مرۆڤت بۆ دەردەكەوێت، وڵات بۆتە گۆڕێكی بە
كۆمەڵی پان و بەرین ئەمسەرو ئەوسەری نییە.
كلتووری داوای لێبووردن.
كلتوری داوای لێبوردن كردن، كلتورێكی مرۆڤدۆستانەی مۆدێرنە، كلتوری
كۆتایی كەلە رەقی سستەمی دەرەبەگایەتی پیاوسالارییە، هەست كردنە بە
هەڵەی رابردوو، دان پێنانە بە تاوان، پاككردنەوەی ویژدان و رزگاربوونە
لە دڕندەیی، پاككردنەوەی مێژووە لە ناشرینییەكان رابردوو، گەردن
ئازایییە لە قوربانیان، هەرچەندە هەموو بۆچوون و كەسەكان ناتوانن خۆیان
لە دڕندەییەكان رابردوو پاك بكەنەوە، كلتورێكە ئازایەتی دەوێت بۆ بەرەو
روبوونەوەی رابردووی رەش.
بۆ نایكەن؟
٢٠ ساڵە لە هەمبەر ئەو تاوانانەی لە رابردوودا دەوڵەتی عێراق بەرامبەر
بە خەڵكی كوردستان ئەنجامی داوە، داوا دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق وەك
هێمای باڵای وڵات داوای لێبوردن بكات.
ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی و فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵەح بوو
پێشتر ئەم كارە بكەن،" بارزانی مانگێك بووە سەرۆك كۆمار" دەبوایە ئەو
ئەركەیان وەك كاری یەكەمیان جێبەجێ بكردبایا، دەبوایە بەدوای سوێند
خواردنەكانیان یەكسەر بەم ئەركە هەڵبستانایا، دەیان جار ئەم داوایەی
بەرەو رویان كرایەوە، كەچی وەڵام نەبوو، ئەوان نەیانتوانی بە ئەركی
ئەخلاقی خۆیان هەڵبستن و سەروەریەك بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو و خۆیان تۆمار
بكەن. داواكارییەكە تەنها بۆ كورد نەبوو بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی بوو،
ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار دەكرا لە وڵاتانی خۆیان بەو شێوە
هەڵوێستە مرۆیانە هەڵستاون، ئەوان مێژوو لە یادیان ناكات.
دكتۆر لەتیف رەشید تۆ ئەنجامی بدە.
ئێستا ئەم داواكارییە دەخەینە بەردەست دكتۆر لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری
ئێستای عێراقی فیدراڵ، بەڕێز خاوەند شكۆ د. لەتیف لە كاتێك ئێوە باش
دەزانن ئەم داواكارییە ئەركەو بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە بەم كارە
هەڵبستن، ئێمە پێویستمان بە وتەی سۆزداری و كردەی پۆپۆلیستی نییە، ئێمە
دەمانەوێت لە گەڵ مێژووی ئەم وڵاتە ئاشتمان بكەنەوەو هاوكات دڵنیاشمان
بكەنەوە ئەوجۆرە تاوانانە لە داهاتوودا دوبارە نابنەوە، بەوەی بەناوی
دەوڵەتی عێراق و واژۆی خۆتانەوە داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان و
گەلانی عێراق بكەن، بەڵگەنامە شاراوەكانی رابردوو هەموو ئازاد بكرێن،
تۆمەتبارانی تاوانە زەقەكان هەموو دادگایی بكرێن، عێراق ببێتە ئەندامی
دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی، قەرەبووی قوربانیان بكرێتەوەو مۆنمێنتی
یاداوەری بۆ سەرجەم قوربانیان لە پایتەختی عێراق دروست بكرێت.
لێبوردەیی چۆنە؟
لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی
ئێمە كە ناوی كوردستانە، شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان،
روباری خوێن، دنیایەك هەڵە، دڕندەیی، بونەتە بەشێك لە مێژوو و رۆشنبیری
و كلتوری هەرێمەكە، بۆیە دان نان بە راستییە تاڵەكان رابردوو و ئێستا و
داوای لێبوردن كردن بەشێكە لە ساڕێژی برینەكان، هەنگاوێكە روو لە
ئایندە.
مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە كە لە ناو خوێن و ئێسك و
پروسكدا نغرۆ بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە دادپەروەرییە،
لێ دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون، بە بێ یەكەم ئەنجامدانی
دووەم زەلیلكردنە و هەرگیز بەدی نایات، وەك ئەوەی سیاسییەكانی كورد
دەیكەن، لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە راستییەكانی تاوانەكان و
دادپەروەرییەوە دێت، تاوانبار و قوربانییەكان لە ئاوێنەی دەرخستنی
راستیەكانی رابردوەوە وەك ئەوەی هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە
تاوانەكانی رابردوو بشوردرێنەوە، كارێكی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا
لە قوربانیانی تاوانەكان بكرێت ئاشتەوایی بكەن، لە كاتێكدا هێشتا
دادوەری بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستییەكانی تاوانەكان
نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە
سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستییەكان و نووسینەوەی
روداوە تاڵەكان !!.
چۆن فێر بین لە ئەزموونی باشووری ئەفریقا؟
لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە فێر بین كە"باسكردنی سەرچاوەی
تاوانەكان، دانپێنان، قەرەبووكردنەوە، دان نان بەو تاوان و كارەساتانەی
لە رابردوو روویان داوە، هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی
حەقیقەتەكانی بابەتەكە، ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە
ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی
فەرمی تا ناكۆكیەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێكۆڵینەوە لە
پرۆسەی لێخۆش بوونی "كۆمسیۆنی حەقیقەت و پێكهاتنەوە لە باشووری ئافریقا"
ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد
دەكات، كاتێك قوربانیانیان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك و داوای
لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات."پێكهاتنەوە چارلس ڤیلا ڤیسیستۆ"..
بۆ قەرەبووكردنەوە؟
قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە
قوربانیان كەوتووە، بەڵكە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە
دەبینێتەوە، ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن
بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە، نابێت لە یادمان بچێت كە
بژاردن هەم قەرەبووكردنەوەیە و هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی
تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە، ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان
بەمەیان زیاترە كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە، جارێكی دیكە
نەمان بەنەوە بۆ ناو قەسابخانەكانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و شانزەی سێ، وەك
دەبینین بەردەوام لەناو بازنەكەداین و لیچی دەرناچین، لە كاتێكدا نە
قەرەبوو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە، نە وڵاتیش بۆتە
ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی، بۆیە روداوە تاڵەكان رابردوو لە
ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە، وەك بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە
شەنگالەوە بۆ دوز و سبایەكەر و لە داهاتووشدا بۆ ناوەكانی دی، راستە
ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە، وەلێ ژیان بۆ
داهاتوو دور لە تاوان مسۆگەر دەكەن، قوربانیان هەست بەوە دەكەن
گوێبیستی داواكارییەكانیان بوونە.
قەرەبووكردنەوە كەرامەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لە زیانە مادییەكان
دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان، بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە، بۆیە مافی
قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای سازش هەڵنەگرتووی قوربانیانی
كوردستانە، كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات ئەگەر لە
ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت، دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی
پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن.
بەرپرسیارێتی عێراق وەك دەوڵەت.
دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە، نابێت لە بەرپرسیارێتی تاوانەكانی
ڕابردووی عێراق هەڵبێت، تاوانی جینۆساید بەرپرسیارێتی دەوڵەتە، چونكە
ئەو تاوانەی ئەنجام دراوە بە چەك و كەرەسەی سەربازی و توانا و
ئیمكاناتی دەوڵەت ئەنجام دراون، ئەم بەرپرسیارێتییە بە گۆڕینی سستەم و
رژێم و حكومەتەكان كۆتاییان نایات، بەڵكە بۆ هەتا هەتایە لەگەڵ
دەوڵەتەكان و جێگرەوەكانیان بەردەوام دەبێت تاكو بەدی دێت لە داوای
لێبوردن كردن و قەرەبووكردنەوەو سزادانی بكەران و جێگیر كردنی لە
مێژووی وڵاتدا.
تەنانەت بە سزادانی بكەرانیش كۆتایی نایات، چونكە بكەر بە چەك و تفاقی
عێراق تاوانی ئەنجام داوە. عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و
قەربووی قوربانیان دەكاتەوە، لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و
هەڵەكان ڕابردووی سەدام، بەڵكە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی
گشتییەوە و كاركردنیەتی بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكان
بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی
عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە، لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش
هێنانەوە، لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە
نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان، تا ئەمانە
نەكات، دوبارە بونەوەی تاوان لەكات و ساتدایەو هیچ گۆڕانكاریەك نەكراوە،
وەك تا ئێستا لە ناو بازنەی رابردووداین.
خۆ پاككردنەوەی دەوڵەت.
بە داوی لێبوردن كردن بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە
ڕابردوودا ئەنجامدراون، تاكە زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی
قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران، دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە
هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی.
ئەو بەرپرسیارییەتی هەڵگرتنە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت، بەڵكە خۆ
پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی، پاككردنەوەی دەوڵەتە لەو ڕابردووە تاڵە
خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە، وە خودیشە لە ئەرك و
بەرپرسیارێتی، شۆردنەوەی وڵاتە لە شوێنەوارەكانی تاوان دڕندەیی رابردوو،
شوردنەوەی ولاتە لە گازی خەردەل و خوێن و روفاتی ناو گۆڕە بەكۆمەڵەكان
و پەتی سێدارە، ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ئەرجەنتین
و ..... تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش
دەسەڵاتی نازیەت و ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت پەیرەو كرا، كوردیش
چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی دوای سەدام حوسێن كە ئێستا ئێوەی بەڕێز
سەرۆكین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتداریەتی داهاتوو، ئەوەی لە عێراق كراوە
نەك كەمتر نییە لەوەی لەو وڵاتانە كراوەو بگرە بارتەقای چەندینیانە.
سەرۆكی شیلی چی كرد؟
سەرۆكی شیلی رجاردۆ لاگۆس هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی
یان داوای لێبوردنكردن بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی
سەربازی پێشوو بە سەركردایەتی بینۆتشە، ئەم پرۆسەیە لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە
بۆ ٢٠٠٨ درێژەی كێشا، كەچی سەرۆك كۆمار خۆی قوربانی و نەیاری ئەو
دەسەڵاتە بوو كە تاوانی ئەنجام دابوو، ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم
قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار، بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی
بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی
سەركردە مەزنەكانەوە، بۆیە دەبێت عێراقیش لە تاوانەكانی سەدام حوسێن
بشۆردرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوكارە بكرێت پێویستمان بە مرۆڤە بۆ مێژوو، كێ
ئەوە بكات شوێن لە مێژوو دەگرێت.
ئەڵمانیا و هەنگاوی مەزن.
قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیا، لە پاڵ قەرەبووی مادی، هەر
یەكەیان نامەی سەرۆك كۆمار یوهانز راو" ١٩٣١-٢٠٠٦" لە پارتی سۆسیال
دیموكرات یان پێگەیشت، كە لەساڵی ١٩٩٩ ەوە بۆ ٢٠٠٤ سەرۆك كۆماری وڵات
بوو، لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر
كردبوو"تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی"،
لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیرییەكان كە زۆرینەیان لە
فەرەنسا دەژێن، ئەوانەی لە هۆلۆكۆست رزگاریان بووە، هەر یەكەیان بە
٢٣٠٠ ئیرۆ قەرەبوو بكرێنەوە.
هەروەسا سەرۆكی ئەڵمانیا یواكیم غاوك ١٩٤٠، سەرۆك لە ماوەی ١٨-٣-٢٠١٢
بۆ ١٨-٣-٢٠١٧ دانی بەوەدا نا كە ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی بەشێك لە
جینۆسایدی ئەرمەنی دەكەوێتە ئەستۆ.
ساڵی ٢٠٠٨ ئەنغێلا مێركلیش داوای لێبوردنی لە ئیسرائیل كرد بەرامبەر بە
هۆلۆكۆست، وتی ئەڵمانیا هەست بە شەرمەزاری دەكات، وە ساڵی ٢٠٠٤ غێرهارد
شرۆدەر داوای لێبوردنی لە گەلی روسیا كرد بەرامبەر بە تاوانەكانی
نازیەت.
سەرۆكی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا فرانك فالتر شتاینمایر لە ئایاری
٢٠٢١ داوای لێبوردنی لە گەلانی جینۆسایدكراوی نامیبیا كرد. ئەڵمانیا سێ
هەنگاوی نا لەو بوارە" دروستكردنی مۆنمێنت، داوای لێبوردنكردن،
قەرەبووی مادی".
ئەڵمانیا كە لە ساڵی ١٨٨٤ ەوە بۆ ساڵی ١٩١٥نامیبیای داگیر كردبوو،
داوای لێبوردنی كرد بەهۆی ئەوەی لە نێوان ساڵانی ١٩٠٤ بۆ ١٩٠٨ دەیان
هەزاری لە گەلانی هیریرو نامای لە نامیبیا كۆمەڵكوژ كردبوو " ٦٥٠٠٠لە
گەلی هیریر، ١٠٠٠٠ لە گەلی ناما"، بە هەردوولایان ٧٥%ی ئەو گەلانە بوون،
بە گشتی وا مەزەندە دەكرێت ژمارەی قوربانیان بگاتە ١٠٠٠٠٠ كەس.
ئەم تاوانانەش بەهۆی بەرهەڵەستیكردنیان لە زەوتكردنی زەوی و
ئاژەلەكانیان كە ئەڵمانەكان دەیانەویست ئەنجامی بدەن.
ئەم تاوانەش بە یەكەم كۆمەڵوژی سەدەی بیست ناونراوە، ئەڵمانیا قەرەبووی
قوربانیانی كردەوە بە ١،١ ملیار ئیرۆ بەڵام لەماوەی چارەكە سەدەیەك،
كەسوكاری قوربانیان بە رێكەوتنەكەو شێوازو قەبارەی قەرەبووەكە رازی نین.
هەرچەندە ئەڵمانەكان هێشتا زۆر برینی گەلان ماوە ساڕێژی بكەنەوە نموونە
لەوانە لە نیسانی ١٩٤١ نازییەكان یۆنانیان داگیركرد، ئاڵای خۆیان لەسەر
ئەكرۆبۆلیس هەڵكرد، لە دوای سێ ساڵ و نیو داگیركاری وڵاتیان بە
كەلاوەیی بۆ یۆنانییەكان جێهێشت، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە،
یۆنانیەكان داوای قرەبوو دەكەنەوە لە دەسەڵاتداری ئەڵمانەكان وەك
جێماوی یاسایی رژێمی هیتلەر، حكومەت و پەرلەمانی یۆنانی داوای ٣٠٠
ملیار دۆلار قەرەبوكردنەوە دەكات، تا ئێستا یۆنانییەكان تەنها ١١٥
ملیۆن مارك و ٢٥ ملیۆن دۆلاریان وەك قەرەبوو وەرگرتووە، كە پێی رازی
نین، پۆڵۆنییەكانیش هەمان داواكارییان لە ئەڵمانەكان هەیە.
ئیتالیاش هەنگاوی ناوە.
ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا سیلفیۆ برلسكۆنی بە فەرمی داوای
لێبوردنی لە گەلی لیبیا كرد بۆ سەردەمی كۆڵۆنیالیزەكردن، وە بڕیاری دا
٥ ملیار دۆلار لە ماوەی ٢٥ ساڵدا وەك قەرەبوو لە شێوەی سەرمایەگوزاری
بدات بە وڵاتان و گەلانی زەرەر مەند لە داگیركاری ئیتاڵیا.
رۆتە ناچاربوو داوای لێبوردن لە بازرگانیكردن بە كۆیلەوە بكات.
سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا مارك رۆتە لە رێكەوتی ١٩-١٢-٢٠٢٢ داوای
لێبوردنی كرد لە رۆڵی رابردووی هۆڵەندا لە بە كۆیلەكردن، وە تاوانی
كۆیلەكردنی مرۆڤی وەك تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند كە باپیرانی ئەوان
ئەنجامیان داوە.
بەناوی حكومەتی هۆڵەندییەوە داوای لێبوردنی كرد، لە هەموو ئەو كۆیلانەی
لە جیهاندا ئازاریان لەم كارە بینیوە لەسەر دەستی هۆڵەندییەكان، وتی
داوای لێبوردن لە نەوەكانیان دەكەم.
هۆڵەندا لانی كەم بە وتەی خۆیان ماوەی ٢٥٠ ساڵ گلاوەنەتە بە كۆیلەكردنی
مرۆڤەوە، لەو ماوەیەدا لانیكەم نیو ملیۆن ئەفریقی بە كۆیلە كردووە.
رۆتە پێشتر دەیووت ئەم دۆسیەیە كۆنە و ماوەی زۆری بەسەردا تێپەڕ بووە،
وەلێ دوایی گەیشتە ئەو بڕوایەی سەدان ساڵ چەوساندنەوەو زەبروزەنگ
كاریگەری لە سەر ئێستا دادەنێت.
ساڵی ١٨٦٣ كۆیلەداری لە هۆڵەندا قەدەغە كراوە، وەلێ تا ساڵی ١٨٧٣
كۆیلەداری لە هۆڵەندا هەر هەبووە.
هەرچەندە رەخنەگرانی پرۆسەكە پێیان وایە، قەرەبووی ٢٠٠ ملیۆن ئیرۆ بەس
نییە بۆ ٤٠٠ ساڵ كۆیلەكردن، كاتی ئەوەش هاتووە راستییەكان هەموو بوترێت-
أحفاد اڵافارقە: اعتژار هولندا عن ماچی العبودیە لیس كافیا
HTTPS://ALGHAD.COM/%D8%A3%D8%AD%D9%81%D8%A7%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%81%D8%A7%D8%B1%D9%82%D8%A9-%D8%A7%D8%B9%D8%AA%D8%B0%D8%A7%D8%B1-%D9%87%D9%88%D9%84%D9%86%D8%AF%D8%A7-%D8%B9%D9%86-%D9%85%D8%A7%D8%B6%D9%8A-%D8%A7/
فەرەنسا داوا دەكات توركیا داوای لێبوردن لە ئەرمینیا بكات، وەلێ خۆی
لە جەزائیۆی ناكات.
شیراك سەرۆكی كۆچكردووی فەرەنسا داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر
دەستگیركردنی ١٣ هەزار جولەكە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی ١٩٤٢ لە
میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە كۆمەڵ كوشتنیان لە لایەن
هیتلەرەوە، هەرچەندە ئەو وەك بیروباوەڕ و پرۆسە لێی بێبەرییە.
هەروەها بەپێی ئەو یاسایەی كە پەرلەمانی فەڕەنسا پەسندی كردبوو
كۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەری فەڕەنسا ناچار كرا تا ساڵی ٢٠١٥ قەرەبووی
كەسە ماوەكانی هۆلۆكۆست بكاتەوە بەو پێیەی كاتی خۆی ئەم كۆمپانیایە
یارمەتی ئەڵمانیای دابوو لە گواستنەوەی جولەكەكان لە فەڕەنساوە بۆ
كەمپەكانی ئەشوڤیتس، بە هەمان شێوەیە لۆبی جولەكە لە ئەڵمانیاش توانی
كارێك بكەن پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاسایەك دەربكات كە حكومەتی ئەڵمانیا
ناچار بكات قەرەبووی جولەكەكان بكاتەوە.".
پەیسەر- چۆن دەتوانرێت دەوڵەتی عێراق پابەند بکرێت بە قەرەبووکردنەوەی
ئەنفال و هەڵەبجە؟
https://www.peyserpress.com/detail/7644
لێ هەر فەرەنسا بەرامبەر كۆمەڵكوژی جەزائیرییەكان نكۆڵی كرد، لە ساڵی
٢٠٠٨ عەبدالعەزیز بلخادم ئەمینداری گشتی بەرەی ئازادیبەخشی جەزائیری
داوای لە فەرەنسا كرد داوای لێبوردن بكات وقەرەبووی ١٣٢ ساڵ داگیركاری
و كۆمەڵكوژیان بكاتەوە، كە لە رێكەوتی ١٩-٣-١٩٦٢ شەڕ كۆتایی هات،
تەنانەت فەرەنسا تاكو ساڵی ١٩٩٩ دانی نەنا بە بوونی شەڕەكەش، هەڵوێست
وەرگرتن لە بەرامبەر رابردووی داگیركاری جەزائیر سەختە بۆ سیاسییەكان،
چونكە لەناو فەرەنسا ٧ بۆ ٨ ملیۆن كەس پەیوەندی راستەوخۆیان بە
شەرەكەوە هەیە، ئەمانەش لە هەڵبژاردندا هێزێكی مەزنی دەنگدەران پێك
دەهێنن، بەسەر نەیارو لایەنگردا دابەش بوونە.
هەرچەندە ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە نكۆڵیكردن
وە نە داوای لێبوردن كردن، وەلێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە ٨ی شوباتی
٢٠١٨ بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی ١٩٥٤ بۆ ١٩٦٢ كە لە
جەزائیر ژیاون لەو كاتەدا قەرەبوو بكرێنەوە، هەرچەندە هێشتا فەرەنسا
دانی بە هەقیقەتی یاسایی تاوانەكانی خۆی لە جەزائیر نەناوە كە ملیۆن و
نیوێك قوربانی لێكەوتۆتەوە، تەنانەت جەزائیرییەكان نەك داوای لێبوردن و
قەرەبووی تاوانەكانی سەردەمی داگیركاری دەكەن، بگرە داوای
قەرەبووكردنەوەی روداوی ٥٧ تاقیكردنەوی لە نێوان ١٩٤٥ بۆ ١٩٦٠ چەكی
ناوكی لە بیابانەكانی جەزائیر بە تایبەت ناوچەی رقانی وڵات دەكەن، بە
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژماریان كردووە كە لە لایەن فەرەنسییەكانەوە
ئەنجامدراوەو قوربانی سڤیلی لێ كەوتۆتەوەو ژینگەی ناوچەكەی تێكداوە.
هەروەها ماكرۆن لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا وتی كۆلۆنیاڵی فەرەنسی
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ماكرۆن ساڵی ٢٠٢١ ئیدانەی ئەو تاوانانەی كرد
سوپای فەرەنسی لە ١٧-١٠-١٩٦١ بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامیان دا، وەك
تاوانێك كە لێبوردنی نییە. لەمەش زیاتر ماكرۆن داوای لێبوردنی لەسەر
ئەشكەنجەدان كرد كە لە ماوەی شۆڕشدا لە جەزائیر ئەندامدرا.
بەلام فەرەنسا رەتی كردەوە داوای لێبورن بكات لە سەردەمی داگیركاری ١٣٢
ساڵی نێوان سالانی ١٨٣٠ بۆ ١٩٦٢، كە داواكارییە سەرەكییەكەی گەلی
جزائیرە.
لە كاتێك تونس و جەزائیر داوای داوای لێبوردن دەكەن لە فەرەنسا، كەچی
فەرەنسا داوا دەكات توركیا داوای لێبوردن لە ئەرمینیا بكات، بەلام بۆ
خۆی هەنگاوی تەواو نانێت و بەرەو رووی رابردوو نابێتەوە، لە ترسی هێزی
راستڕەوەكان، نەیاری هەر بەرەو روبونەوەیەكی میژوون لە جیهاندا" د.
أحمد القدیدی-اعتژار الدول لمن ڤلمتهم
https://al-sharq.com/opinion/24/07/2020/%D9%8A%D8%B4%D8%B1%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84-%D8%A3%D9%86-%D8%AA%D8%B9%D8%AA%D8%B0%D8%B1-%D9%84%D9%85%D9%86-%D8%B8%D9%84%D9%85%D8%AA%D9%87%D9%85-%D8%AD%D8%AA%D9%89-%D8%A8%D8%B9%D8%AF-%D8%B9%D9%82%D9%88%D8%AF
سەبارەت بە دۆسیەی تێوەگلانی فەرەنسا لە دۆسییەی رواندا، سەرۆكی
فەرەنسا لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١ سەردانی ڕواندای كرد. ئەم سەردانە مێژووییە
دەبێ نوێنەرایەتی هەنگاوێكی نوێ بكات لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی
نێوان پاریس و كیگالی، ئیمانوێل ماكرۆن ڕایگەیاند كە هاتووە بۆ داننان
بە "بەرپرسیارێتی" فەرەنسا بەرامبەر بە جینۆسایدی توتسییەكان لە ساڵی
١٩٩٤.
ئەو وتی فەرەنسا "هاوبەش نەبووە" لە پرۆسەی ئەنجامدانی جینۆسایدەكەدا،
بەڵام ئەركی ئەوەی لەسەر شانە "ڕووبەڕووی مێژوو ببێتەوە و دان بەو
ئازارانەدا بنێت كە بەسەر گەلی ڕواندا گەیاندراوە، بە بەرز نرخاندنی
بێدەنگی بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر پشكنینی ڕاستییەكان". هەرچەندە بە پێی
راپۆرتی موسیۆ ١٣ كەسایەتی سیاسی و ٢٠ سەربازی فەرەنسی راستەوخۆ
گلاونەتە تاوانەكەوە.
فەرەنسا لەسەر كۆمەڵكوژی توتسییەكان لە لایەن هۆتسییەكانەوە، تۆمەتبارە
بە دەست تێكەڵكردن لە گەڵیان كە لە ٦ی ئەبرێلی ١٩٩٤ كۆمەڵكوژییەكە تا
٤ی تەموزی هەمان ساڵ بەردەوام بوو، رۆژانە ١٠ هەزار تۆتسی دەكوژران،
لەم كۆمەڵكوژییەدا ٧٠%یان لەناودران.
ماكرۆن دانی نا بە بەرپرسیارێتی فەرەنسا لە كۆمەڵكوژی روانداو پاش ٢٥
ساڵ كێشە لە نێوانیان لەسەر دیاریكردنی رۆڵی فەرەنسا لەكۆمەڵكوژییەكە.
وتی فەرەنسا بەرپرسە نەك بەشێك بێت لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەكەو وە
داوای لێبوردنی نەكرد .
بەریتانیا زۆر هەنگاو ماوە بینێت.
بەریتانیا كە ژمارەیەكی زۆر وڵاتی داگیركردو، زۆر تاانی لە میچژوودا
ئەنجامداوە بەرامبەر بە گەلان، هەندێك هەنگاوی ناوە، وەلێ زۆر هەنگاویش
ماوە بینێت ، نموونە گەلی كوردستان بەریتانیا و فەرەنسا داگیریو
دابەشیان كردووە، بەرامبەر بە كوردی باشوور بەریتانییەكان تاوانیان
ئەنجامداوە، بەریتانیا داوای لێبورنی بۆ داگیركاری میسرو .....زۆر
ولاتی دیكە داوای نەكردووە.
تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی
كۆیلەداری كرد، ساڵی ٢٠١٦ بەریتانیا داوای لێبوردنی لە هیند كرد.
بەڵام بەریتانیا رەتیكردەوە دان بە تاوانەكانیدا بنێت بەرامبەر بە گەلی
ماو ماو لە كینیا، كە لە ساڵی ١٩٥٠ دژ بە داگیركاری راپەڕین ،
بەریتانییەكان لە وەڵامدا ٥٠٠٠ ی لێكوشتن.
هەرچەندە ٣٠٠٠ دۆلار قەرەبووی بۆ هەر قوربانییەك دا، پەشیمانی دەربڕی
بەڵام داوای لێبوردنی فەرمی نەكرد.
لە ئازاری ٢٠٢٢ كاتێك شازادە ویلیام چوو بۆ جامایكا غەمباری قولی
دەربڕی بۆ سەردەمی كۆیلەداری كە نابوایا روی بدایە ، مێژووی بەریتانیا
بۆ هەتا هەتایە پیس بكات، خەڵك داوایان كرد قەرەبو بكرێنەوە و كۆتایی
بە پاشكۆیەتی وڵات بۆ تاجی بەریتانیا بهێنرێت..الاعتژار عن
الاستعمار-بشیر عبد الفتاح
https://www.shorouknews.com/columns/view.aspx?cdate=09012023&id=242b7408-9e62-4693-8d10-7fb919de4af9
هەروەها لە مانگی ئەبرێلی ٢٠٢٢
هاوولاتیانی
سانت فنسنتین
لە كاریبی داوای
قەرەبووی سەردەمی كۆیلەدارییان
كرد لە بەریتانیا.
https://www.telesurtv.net/news/-san-vicente-granadinas-desligarse-reina-britanica-jefa-estado-20220727-0002.html
ئەمەریكا زۆر داوایلێبوردن قەرزارە.
لە ٢٥ی ئازاری ساڵی ١٩٩٨ دا بیل كلنتۆن لە سەردانێكی سێ كاتژمێری بۆ
وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی لێیان كرد، بەهۆی هەڵوێستی حكومەتی
ئەمەریكاەوە لەو گەلكوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا، وتی پێویستە
بەرپرسیارێتی هەڵگرین، هەروەها بەرامبەر شەڕی قڕێژ لە ئەمەریكای
ناوەندیش داوای لێبوردنی كرد، ئۆباماش دانی نا بە شەڕی قڕێژ بەرامبەر
بە كوبا، پیرۆ، ئەرجەنتین، هەروەها جۆرج بۆشی باوك داوای لێبوردنی لە
ئەمەریكییە بنەچە یابانییەكان كرد كە لەسەر بنچینەی ژاپۆنی بوون
دەستگیر كرابوون لە كاتی جەنگی جیهانی دووەم، قەرەبووشیانی كردەوە، "دوای
لێدانی بیرل هابەر لە لایەن ژاپۆنیەكانەوە، ١١٠ هەزار ژاپۆنی لە
ئەمەریكا نێردران بۆ زیندانەكان وەك تێكدەر و سیخوڕ، وێڕای نەیاری
وەزارەتی دادی ئەمەریكی" بەڵام هێشتا لەسەر هیرۆشیما و لاوس، ڤێتنام،
..... داوای لێبوردن نەكراوە.
ئیدارەی ترامپ دژ بە كەلتوری داوای لیچبوردن كردن بوو، پێی وابوو دان
نان بە هەڵە لایەنی لاوازی ئەمەریكا دەردەخات، وتیان ئێمە شانازی بە
مێژوومانەوە دەكەین، راستگەرای نەتەوەیی سپی پێستی باڵا كۆیلەی
رابردووە ناشرینەكانە وەك هەر راستگەرایەكی دی.
دۆسیەی ژنانی ئاسودەیی.
١٦-١-١٩٩٢ ژاپۆن داوای لێبوردنی لە كۆریای باشوور كرد بەرامبەر بە
دەستدرێژی سەربازانی ژاپۆنی بەرامبەر ژنانی كۆری كردویانە كە ژمارەیان
نزیك ٢٠٠٠٠٠ بووە، وتە بێژی حكومەتی ئەو كاتە كۆیتشی كاتۆ وتی "
ناتوانین نكۆڵی بكەین لەوەی سوپای ژاپۆنی پێشوو رۆڵی هەبووە لە رفاندن
و دەست بەسەركردنی ژنانی ئاسودەیی، بۆیە داوای لێبوردن رادەگەیەنین"،
دواتر لە سەردانیدا بۆ كۆریای باشوور داوای لێبوردنەكەی دوبارە كردەوەو
رایگەیاند قەرەبووی قوربانیان دەكەینەوە، بەڵام رەتیكردەوە ژاپۆن
بەرپرسیارێتی یاسایی بگرێتە ئەستۆ.
سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە رێكەوتی ١٥ی ئۆگستسی ١٩٩٥ بە
بۆنەی ٥٠ ساڵەی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە بەیاننامەیەكدا داوای
لێبوردنی لە هەموو ئەوانە كرد ژاپۆن وڵاتەكەیانی داگیر كردووە یان لە
میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون، حكومەتی ژاپۆنی داوای لێبوردنی كرد
لە كۆری و چینییەكان، هەموو دەیەیەك سەرۆك وەزیرانی ژاپۆنی داوای
لێبوردنەكەیان دووبارە كردۆتەوە لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە جەنگی
جیهانی دووەم ژاپۆن بەرامبەر دراوسێكانی ئەنجامی داوە.
هەرچەندە ساڵانە برینی چینی و كۆرییەكان دەكولێتەوە، كە قوربانی لەسەر
مۆنمێنتی یاسۆكۆنی دەكرێتەوە، یاسۆكۆنی هێمای میلیتاریزم رابردووی
ژاپۆنیەكانە.
وەلێ كاتێك لە ساڵی ٢٠١٨ سەرۆكی كۆریا مۆن جیە كە وتی ژنانی ئاسودەیی
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ژاپۆن ناڕەزایەتی دەربڕی.
داواكاری ژنانی ئاسودەیی بریتییە لە " دان نان بە تاوان، داوای
لێبوردنكردن، دانانی مۆنمێنت، قەرەبووی دارایی قوربانیان، گۆڕینی
پەرتووكی قوتابخانەكانی ژاپۆن تیایدا دان بە كۆیلایەتی جنسی بنرێت
ئەوان بنرێت".
مۆن جیە سەرۆك كۆماری كۆریای باشور لە ساڵی ٢٠١٨ وتی پێویستە ژاپۆن دان
بە راستییە مێژووییەكان بنێت، داوای لێبوردنی راسگۆییانە بكات.
ژاپۆن و كۆریای باشور پەیوەندی توندی ئابوورییان هەیە، بەڵام شەڕیان
لەسەر یادەوەرییەكانی رابردووە، ئەمەش كاری لەسەر ئەو پەیوەندییە
ئابوورییە زەبلاحە داناوە، كێشەی ژنانی ئاسودەیی بەردەوام سەر
هەڵدەداتەوە، هەرچەندە لە ساڵی ١٩٦٥ لەسەری رێكەوتوونە، ژاپۆن بە بڕی
٩،٣ ملیۆن دۆلار قەرەبویانی كردۆتەوە، كۆرییەكان داوای قەرەبوو بۆ ئەو
كرێكارانەش دەكەن، كە ژاپۆنییەكان بە سوخرە كاری زۆرەملێی پێكردوون،
هەرچەندە ئەو كرێكارە كۆریانەی بران بۆ كاری زۆرە ملێ لە ژاپۆن، دواجار
بوونە ناوكی گەشەی ئابووری وڵاتی كۆریا.
ساڵانە لە ١٣ی دیسەمبەر، چینییەكان یادی كۆمەڵكوژی ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی
سڤیلی شاری نانجینگ دەكەنەوە، كە لە ساڵی ١٩٣٧ ە بە دەستی ژاپۆنییەكان
كۆمەلچكوژكران، لە نانجینگ وێڕای كۆمەڵكوژی ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی ٢٠ بۆ
٨٠ هەزار ژنیش لاقە كراون لە لایەن ژاپۆییەكانەوە.
كۆری و چینییەكان وێڕای پەیوەندی ئابووری زۆریان لە گەڵ ژاپۆنییەكان،
بەڵام لە بیرنەكردنی تاوانەكان رابردوو بەرامبەریان وەك پاراستنی
كەرامەتی ئەمڕۆ سەیر دەكەن.
ئوسترالیا داوای لێبوردنی ناتەواو.
لە فبرایری ساڵی ٢٠٠٨دا سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا كیفن رود "٢٠٠٧
بۆ ٢٠١٠" داوای لێبوردنی كرد لە هەمبەر تاوانێك كرد كە بەرامبەر
هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی ١٧٠٠٠ لە منداڵەكانیان،
بەڵام رەتی كردەوە داوای لێبوردن لە هاووڵاتیانی رەسەنی وڵاتەكەی بكات
لە بەرامبەر داگیركردنی وڵاتەكەیان و ئەو پێشێلكارانەی لە رابردوو
بەرامبەریان كراوە وتی: نابێت نەوەی ئێستا لێپرسینەوەی بەرامبەر بە
كاری نەوەی رابردوو لە گەڵدا بكرێت.
كەنەدا زۆرترین قەرەبوو.
لە كەنەداش پەیكەری یەكەم سەرەك وەزیرانی وڵات جۆن مەكدۆناڵد شكێنرا،
بەهۆی سیاسەتی پڕ لە زەبرو زەنگی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی رەسەنی كەنەدا،
كە لە نێوان ١٨٦٣ بۆ ١٨٩٦ سەرەك وەزیرانی كەنەد بووە، بە زۆر ١٥٠٠٠٠
منداڵی لە هاووڵاتیانی رەسەنی كەنەدی لە خێزانەكانیان سەندووەو
ناردویانیەتە ١٣٩ قوتابخانەی تایبەتەوە، لە بەشی ناوخۆیی زیندانیانی
كردووە، زۆربەیان لەو ماوەیەدا ئەشكەنجە دراون، تەنانەت هەندێكیان
مردوونە، ناوی ٢٨٠٠ كەسی لەو قوربانیانە ئاشكرا كراوە، زمانی رەسەنیان
لێ قەدەغە كراوە و كلتوریشیان یاساغ كراوە، لە یۆنی ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆك
وەزیرانی ئەوكاتی كەنەدا ستیفن هاربەر لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی
داوای لێبوردنی لێیان كرد، هاوكات قەرەبووی قوربانیانیش لو كاتە لە روی
مادیەوە كرایەوە بە ٢،٣ ملیار دۆلار.
٨٠٠٠٠ لەو قوتابیانە تا ساڵی ٢٠٠٨ لە ژیاندا مابوون.
قەرەبووكردنەوە لە كەنەدا بۆ هاوولاتیانی رەسەن تا ئێستا لە چەندین
پرۆسەدا بەڕێوە چووە، لە قەرەبووی داگیركردنی زەوییەوە تا قەرەبووی ئەو
قوتابییە رفێنراوانە كە جینۆسایدی رۆشنبیری بەرامبەریان ئەنجامدراوە.
لە كۆتا رێكەوتندا لەگەڵ هاووڵاتیانی رەسەن لە یۆلی ٢٠٢٢ حكومەتی
كەنەدی بڕیاری دا قەرەبووی ئەو مندالانە بكرێتەوە كە دوورخراونەتەوە لە
خێزانەكانیان لە نێوان ١-٤-١٩٩١ بۆ ٣١-٣-٢٠٢٢، خۆیان و دایك و باوكیان
دەگرێتەوە، قەبارەی قەرەبووەكە ٢٠ ملیار دۆلارە.
بۆ قەرەبووكردنەوەیان لە لایەن حكومەتی كەنەدییەوە، بڕیاردراوە هەر
منداڵێك یان بەخێوكەرێك لەوانە لانی كەم بە ٤٠٠٠٠ دۆلاری كەنەدی
قەرەبوو بكرێتەوە.
هاوكات بەشی دووەمی رێكەوتنەكە بە ١٩،٨١ ملیار دۆلار بۆ هەمواركردنەوەی
بەرنامەی خزمەتگوزاری منداڵ و خێزانی گەلانی یەكەمی وڵاتە.
https://ici.radio-canada.ca/rci/ar/%D8%A3%D8%AE%D8%A8%D8%A7%D8%B1/1895714/%D9%83%D9%86%D8%AF%D8%A7-%D8%A7%D8%AA%D9%81%D8%A7%D9%82-%D8%AA%D8%B3%D9%88%D9%8A%D8%A9-%D9%86%D9%87%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D8%A9-20-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D8%AA%D8%B9%D9%88%D9%8A%D8%B6-%D8%A3%D8%B7%D9%81%D8%A7%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%83%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B5%D9%84%D9%8A%D9%8A%D9%86
لە ٢٥ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢, دادگای مافی مرۆڤی كەنەدی
رێكەوتنەكەی
رەتكردەوە بۆ قەرەبووكردنەوە.
https://www.alaraby.co.uk/society/%D9%83%D9%86%D8%AF%D8%A7-%D9%85%D8%AD%D9%83%D9%85%D8%A9-%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%86%D8%B3%D8%A7%D9%86-%D8%AA%D8%B1%D9%81%D8%B6-%D8%A7%D8%AA%D9%81%D8%A7%D9%82%D8%A7%D9%8B-%D9%84%D8%AA%D8%B9%D9%88%D9%8A%D8%B6-%D8%A3%D8%B7%D9%81%D8%A7%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%83%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B5%D9%84%D9%8A%D9%8A%D9%86
پاپا دادگاییكردنی رابردوو.
پاپا لە رێكەوتی ٣٠-٧-٢٠٢٢ داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر كۆمەڵكوژی
مندالانی هاوولاتیانی رەسەنی ئینۆیت لە كەنەدا، كە منداڵاكانیان لە
لایەن حكومەتەوە رفێنرا بۆ ئەوەی رۆشنبیری و بیركردنەوەیان بگۆڕن، لەو
پرۆسەیە زیاتر لە ٤١٠٠ منداڵ مردوونە بەهۆی نەخۆشی و خراپی خواردنەوە
لە كۆی ١٥٠٠٠٠ منداڵی رفینراو لە ١٣٩ ناوەند كە ٦٠%ی لە لایەن كەنیسەوە
بەڕێوە دەبردران، دابڕێندرابوون لە كەسوكارو زمان و رۆشنبیرییان.
دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ٢٠٢١ لە دوو پرۆسەدا تەرمی ٢١٥ و ٧٥١ منداڵ لە
قوربانییەكان دۆزرانەوەو هەندێكیان تەمەنیان كەمتر لە ٣ ساڵ بوو، ئەمەش
كەنەداو جیهانی هەژاند.
ئینۆتەكان رەخنەی ئەوەیان لە پاپا گرت كە لە داوای لێبوردنەكەی باسی
پەلاماری سێكسییەكانی نەكردووە كە بەرەو روی ئەو منداڵانە بۆتەوە.
هەروەها پاپا داوای لێبوردنەكەی بەناوی كەنیسەوە نەبوو، بەڵكە بەناوی
هەندێ كریستانەوە كرد، وە پێویستە قەرەبووش بكرێنەوە، هەرچەندە پاپا
رایگەیاند داوای لێبوردنكردن كۆتا رێگا نییە، بەڵكە سەرەتایە.
هەروەها سەرۆكی مەكسیك ئەندریس مانۆیل لۆبیز داوای لە ڤاتیكان و
ئیسپانیا كرد دان بە پێشێلكاریەكان رابردوو بنێن و داوای لێبوردن بكەن
بەرامبەر بە هاووڵاتیانی رەسەنی مەكسیك زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش
كۆمەڵكوژیكران بە شمشێر و خاچ، هەرچەندە پاپا داوای لێبوردنی لە
هاووڵاتیانی رەسەنی ئەمەریكای لاتین كردووە لە بەرامبەر
كۆمەڵكوژكردنیان.
تاوانبارە بەلجیكییە گەورەكەی مێژوو.
تشارلز میشیل سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا " ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩" و كەنیسەی
كاسۆلیكی داوای لێبوردنیان كرد بەرامبەر رفاندنی بە زۆری زیاتر لە بیست
هەزار منداڵی بە بنەچە تێكەڵ لە ژنانی وڵاتانی بۆرندی و روانداو كۆنگۆی
دیموكراتی و پیاوانی بەلجیكی، تەنانەت دوای رفاندنیان زۆرینەیان
ناسنامەی بەلجیكیشیان پێ نەدرا.
شای بەلجیكا لویس فیلیب لیوبولد ماری پەشیمانی قولی بۆ ئەو دڕندەییانە
دەبڕی وڵاتەكەی لە كاتی داگیركردنی كۆنگۆی دیموكراتی ئەنجامیان داوە،
بە تایبەت لە سەردەمی لیوبۆلدی دووەم (١٨٦٥ و١٩٠٩ كە لە نێوان سالانی
١٨٦٥ بۆ ١٩٠٩ زیاتر لە ١٠ ملیۆنی لێیان كوشت و هەموو گەلەكەی كرد بە
كۆیلەو وڵاتەكەشی كردە موڵكی تایبەتی خۆی، تەنانت باخچەی ئاژەڵانی
مرۆڤیشی لە ماڵەكەی هەبووە، بە یەكێك لە دڕندەترین مرۆڤی مێژوو دێتە
ژماردن. ئەو پەشیمانی دەربڕی نەك داوای لێبوردنی فەرمی بكات، پەیكەری
ناوبراو لە ٢٠٢٠ لە شاری ئەنتوێرب و غێنت و ئۆستند و ترفۆرنی نزیك
برۆكسل سوتێنراو خراپكران.
الاعتژار عن الاستعمار-بشیر عبد الفتاح
https://www.shorouknews.com/columns/view.aspx?cdate=09012023&id=242b7408-9e62-4693-8d10-7fb919de4af9
https://www.bbc.com/arabic/world-53056574
لە ئەبرێلی ٢٠٠٠ گای فێر هۆفشتات سەرەك
وەزیرانی بەلجیكا" ١٩٩٩-٢٠٠٨ " چوو بۆ روانداو داوای لێبوردنی كرد، وتی
بەناوی وڵاتەكەمەوە و بەناوی گەلەكەمەوە ودەچەمێمەوە بۆ قوربانیان و
داوای لێبوردنتان لێدەكەم ، لێرە بەرپرسیارێتی ولاتەكەم لە بری
دەسەلاتی سیاسی و سەربازی دەگرمە ئەستۆ .
بەلجیكا وڵاتی داگیركەری رواندا بوو، لە ٧ ی ئەبرێلی ١٩٩٤ پاش كوژرانی
١٠ سەربازی ئاشتی پارێزی بەلجیكی لە لایەن چەكدارانی حكومەتی
رواندییەوە بڕیاری دا بكشێتەوە لە رواندا، رێگای بۆ بكوژەكان خۆش كرد
تاوانی مەزن ئەنجام بدەن.https://www.lesoir.be/art/au-nom-de-mon-pays-je-vous-demande-pardon-verhofstadt-j_t-20000408-Z0J2VE.html
كۆمەڵگای جیهانی شەرمەزاری رواندا.
كۆفی عەنان ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەسەردانی بۆ رواندا
لە ٦ و ٧-٥-١٩٩٨ دانی بە شكستی نەتەوە یەكگرتووەكان ناوە سەبارەت بە
پرسی جنۆسایدی رواندا لە ساڵی ١٩٩٤ وتی "دەبێت، و دان بەوەدا بنێین كە
جیهان لەو كاتەی خراپەدا شكستی بە ڕواندا هێنا". كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و
نەتەوە یەكگرتووەكان نەیانتوانی ئیرادەی سیاسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی
كۆبكەنەوە. جیهان دەبێ بە قووڵی پەشیمان بێتەوە لەم شكستە.
پەرلەمانی كەتەلۆنیا لە رێكەوتی ٢٦-٦-٢٠٢٢ ، متمانەی گەڕاندەوە بۆ ئەو
٧٠٠ ژنە جادوگەرەی لە دەیەی یەكەمی سەدەی حەڤدە بەشێوەی دڕندانە كوژران،
كە لە كەتەلۆنیاوە هەڵمەت دژیان دەستی پێكرد سەرتاپای ئەوروپای گرتەوە.
https://www.justiceinfo.net/en/87454-pardoning-witches-middle-ages-symbol-our-times.html
ساڵی ١٩٩٨ سەرۆك وەزیرانی نەرویج داوای
لێبوردنی لەو ١٠٠٠٠ منداڵە كرا كە لەو ژنە نەرویجی و پیاوە سەربازە
ئەڵمانیانە كەوتنەوە، لە ماوەی داگیركاری دایك و باوكیان پەیوەندییان
دانابوو، داوای لێبوردنی كرد لە خۆیان و دایكیان ، كە ١٤٠٠٠ژن لەوانەی
پەیوەندیان لە گەڵ ئەڵمانەكان هەبوو زیندانی كران ، وە ٥٠٠٠یان بۆ ساڵ
و نیوێك ناچاری كاری سوخرە كران بێ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە.
https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=4220
لە ساڵی ٢٠١٨ دانمارك داوای لێبوردنی لە غانا كرد، بەهۆی رۆڵی
دانیماركییەكان لە بازرگانی كۆیلەدا.
سەرۆك وەزیرانی نەمساش سیباستیان كۆرتز داوای لێبوردنی كرد سەبارەت بە
پێشوازیكردنی وڵاتەكەی لە سوپای هیتلەر.
داوای لێبوردن لە ئەفریقا، ماندیلاش كردی.
لە سیرالیۆنیش لە ساڵی ٢٠١٠ سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی
لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكدارییەكان بوون.
ماندێلا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان سەردەمی
خەبات دژ بە ئاپارتاید كرد.
كەمبۆدیاو تەیمووری رۆژهەڵات.
لە كەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای
نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا.
تەیموری ڕۆژهەڵات گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیركاری كردووە لە
دەسەڵاتی ئەندەنوسی لە پاڵ قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان، ئەمەش بۆ
گەلی كوردستان جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە وانەی لێ وەرگرێت.
ئەردۆگان و داوای لێبوردنی ناتەواو.
لە ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١١، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا بە
فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە
شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی كرد، بەڵام داوای لێبوردنەكان پێویستە بە
نووسراوبن و بڕیاری فەرمییان بۆ دەربچێت و هەڵوێستەكان دوربن لە
بەرژەوەندی سیاسی، لە ویژدانەوە دەرچوبێت.
ئەگەر مامەڵە وەك تاوان دەكات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی كریستان و
ئێزیدی و ئەرمەنیەكانیش بنێت و كۆتایی بە سەردەمی نكۆڵی كردن بهێنێت،
كۆتایی بهێنێن بەو جەنگە سەختەی لە بەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی
ئەو كۆمەڵكوژییانە گرتویەتییە بەر، ملكەچی حەقیقەتە مێژوییەكان بێت.
ئەردۆگان لە هەلچوێستێكی تەواو دژدا بە توندی رەخنەی گرت لە نامەی ٢٠٠
ئەكادیمی و رۆژنامەنووسی توركی كە لە ساڵی ٢٠٠٨ كە داوای لێبوردنیان لە
ئەرمەنەكان كردبوو.
راستڕەوەكان دژ بە داوای لێبوردن.
بە پێچەوانەی نموونەكانی سەرەوە حكومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای ٣ ساڵی
دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندییەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست و
دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەكە، ئەمەشیان بە داكۆكی لە كەرامەتی
نیشتمانی دانا، بۆخۆی ئەمەش داكۆكییە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت.
هەمان هەڵوێست راستڕەوە نەتەوەییەكان هەیانە بەرامبەر بە پرسی داوای
لێبوردن لە ئەمەریكا، بەلجیكا، فەرەنسا، ....... زۆر جێگای دیكە.
نموونەكان لە زیادبووندان.
نموونەی زۆری دیكە لە بەردەستدان و نموونەكانیش هەمیشە لە زیادبوندان
چونكە سەردەم سەردەمی داوای لێبوردن كردنە لە رابردووە تاڵەكان،
سەردەمی بە مرۆڤ بوونە بەرامبەر بە دڕندەییەكان رابردوو، سەرەمی
ساڕێژكردنەوەی ئازارەكانەو سەردەمی پێداچوونەی مێژووە.
داوای لێبوردنكردن بەشێك لە برینەكانی قوربانیان سارێژ دەكات، چاككردنی
پەیوەندی گەلانی قڕكراو لەگەڵ دەوڵەتی بكەری تاوان تەنها بە داوای
لێبوردنكردن و دادگاییكردنی تاوانباران و قەرەبووكردنەوەو زەمانەتی
دووبارە نەكردنەوەی تاڵییەكان دەبێت، نەك بەناوچەوان ماچكردن و وتەی
سۆزداری هەنووكەیی.
تەنها قەرەبوو خوێن باییە.
دەبێت ئەوە بزانین ئەو قەرەبووە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشكراكردنی
ڕاستییەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە
دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت
لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی، كورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق
نییە، بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای
بەرپرس و سەرۆكەكەیەوە بە بڕیاری فەرمی نووسراو بڕیار لەسەردراو داوای
لێبوردنی لێ بكات.
ئەركی بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشیدە لە ئێستادا.
بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید كە هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە
ئەركە لەسەری بەمكارە هەڵبستێت، وەك ئەو سەرۆكانەی ئاماژەمان بە
ناوەكانیان دا، بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەك بە یەكی
قوربانیانی جینۆساید و پێشێلكارییە زەقەكانی رابردوو لە كوردستان و
عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و
ئاینی بە واژۆی خۆی بنێرێت، ئەمە وەك تاك، وەك نەتەوەش داوای لێبوردن
لە كورد و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و
سائیبەو شەبە و كاكەیی و .... بكرێت، هیوادارم بەم ئەركە هەڵبستن و
هەڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی و مەعسوم و ساڵەح دوبارە نەكەنەوە.
چاوەڕوانی نامەی جەنابی سەرۆك كۆمارین لە یادی جینۆسایدی هەڵەبجە و
ئەنفال و فەیلی و بارزانی
چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆك
نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەدا، بە تایبەت لە
یاداوەری ٣٥ ساڵی تاوانی جینۆسایدی كوردستاندا، ئەوە گەورەترین پەیام و
بەرزترین دڵنەوایی و چاكترین هەنگاوی پاككردنەوەی رابردووە، ئەگەر بەو
ئەركە هەڵنەستن ئەوە بە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆتان هەڵنەستاون لە
كاتێكدا زانیاری تەواوتان لەسەر ئەو نموونانەی هەژمارم كرد لە مافی
قوربانیان و رۆڵی قەرەبووكردنەوەو داوای لێبوردنكردن لە ساڕێژكردنی
برینەكان رابردوو هەیبووە.
وەچەرخانە مەزنەكانی ولاتان و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێویستی بە سەركردەی
ئاسایی باو نییە، بەڵكە بەوانەی تێڕامانی دوورو ئازایەتی جێبەجێكردنیان
هەیە. فەرموون لە یاداوەری ٣٥ ساڵەی تاوانی ئەنفال و هەڵەبجەدا، داوای
لێبوردن بكەن.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|