په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\۴\٢٠١٠

بەرگریی لە ''ئادابی گشتی'' و بەها پیرۆزەکان؟!


سەلام عەبدوڵا  


لەم رۆژانە گۆڤاری خەڵک، دەزگای سەردەم و ئاراس بوون شوێنی ناڕەزایەتی ئیسلامییە"میانڕەوەکان" بەشێوەیەک کە هەوڵدەدەن رێگری لە بیروبۆچوونی ئازاد بگرن. ئەمە پێشێلکردنی ماددەی18ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە کە تێدا هاتووە(هەموو کەسێک مافی ئازادی بیرکردنەوەو دەروون و ئایندا هەیە و ئەم مافە، مافی گۆڕینی ئاین و باوەڕیش دەگرێتەوەو، ئازادی دەربڕینیان بە فێرکردن یان کارپێکردن و جێبەجێکردنی رێورەسمەکانیان بە نهێنی یان ئاشکرا.)و ماددەی19(هەموو کەسێک مافی ئازادی بیروڕاو دەربڕینی هەیە. ئەم مافە ئازادی پێڕەوی بێ دەستێوەردانی بیروڕا و هەواڵ و هزر وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی بە هەر رێگەیەک بێت، دەگرێتەوە، بێ پابەندبوون بە سنووری جوگرافییەوە.)


راگەیاندنی یەکگرتوو خۆیان کردووە بە سەرلەشکری پێشێلکردنی ئەو مافانەو لە بەیاننامەکەیان لە رۆژی 19/4/2010سەبارەت بە گۆڤاری(وێران)، نووسیویانە: (...کە تەواو نامۆن بە کلتوری جوان و رەسەنی کوردەواریمان)


کامە کلتوری جوان ورەسەن؟


ئەو کلتور و ئاینانە کە بە زۆرەملی هەموو کچان و کوڕانی وەڵاتەکەمان سزاداوە بە نووستن بە تەنهایی و ئەگەر ئازادی مرۆییان هەبێت، زۆربەی هەرە زۆریان ئارەزوویان نییە بۆ شەوێکیش دوور لە خۆشەویستەکانیان بخەون.


ئیسلامییەکان: پێتان وایە چەندی تر دەتوانن ئەم تیرۆرە وەحشیگەرییە بە زەبری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، بەسەر کچ و کوڕە خێر نەدیوەکانی وەڵاتەکەم بسەپێنن؟! دڵنیا بن...زۆر دڵنیابن لەوەی کە شۆڕشی لاوان بۆ شکاندنی ئەو کۆت و زنجیرە بەڕێوەیەو هەر چۆن کۆمونەی پاریس بە یاسا دیاردەی(سەدەقە)ی قەدەغەکرد، بەهەمان شێوە سوکایەتی بە هەست و سۆزی ئینسان و تۆقاندنی کەسایەتیان، قەدەغەدەکرێت و چیتر لاوانی کوردستان ناچار نابن لاقەی ماکەر، منداڵ و دەستپەڕلێدان ببن و هەردوو رەگەز بە ئاشکرا گەورەترین شەرەفمەندی خۆیان پیشاندەدەن نەک بەدزی و پیلانگێڕان و ترسەوە یەکتر ببینن!


بۆچوونەکانی دەزگای راگەیاندنی یەکگرتوو وەک بۆچوونی ئەو کەسانەیە کە(ئەگەر منداڵێکیان نەخۆش بکەوێت یان کێشەیەکی هەبێت، بۆ نموونە زۆر بگرێ و خەوی لێ نەکەوێت، دەکەون بەدوای پشیلەیەک تا دەیگرن و توکی لێدەکەنەوەو پاشان دەیکەن بە دەزوویەک و گوێچکەی منداڵەکەی پێ کون دەکەن! یان دایکەکە کۆرپەکەی لەگۆڵ دەگرێ و بۆ شوێنێک دەیبات دڕکی لێ ببێت. لەوێ پارچەیەک لە جلوبەرگی کۆرپەکە دەدڕێ و بە بنجی دڕکەکە گرێی دەدات و دەڵێ: (وڕگت وەی دڕکە)و کاتێ ئەم کارە ئەنجامدەدەن، نابێ بۆ دواوەوە لابکەنەوە!


هەروا ئەگەر منداڵێک تای لێبێت و بێهۆش ببێ، دەیدەنە ناو لاقی7کەنشکی عازەو!)


هەروا ئەگەر یەکێک سوکایەتی بە شوعییەت بکات، هیچ دەزگایەکی حکومەت بە(دەستەی تۆمارکردنی داوای مافی گشتی)یەوە، داوای یاسایی تۆمار ناکات. ئەڵمان گوتەنی(فوگل فرای)ە، واتە ئازادن هەرچییەکیان پێدەکەن، بکەن. دیارە ئەو بەڕێزانە چاپۆکانە دەڵێن دژایەتی و سوکایەتیکردن بە شوعییەت ناچێتە خانەی ئادابی گشتی، چونکە کەمایەتی پێکدەهێنن و"پیرۆز" نییەو بۆ ئەو کارە، سامانی گشتی بەفیڕۆ نادرێ!


لە نووسراوی ناوبراو هاتووە(دژایەتی. موقەدەساتی گەلی کوردی موسڵمانی کردووە)


ئەوەتە ئەو ئەقڵە دینییە کە میللەتی خۆیشی ناناسێت و زۆرێک لە ئینتمای گەلەکەی دەسڕێتەوە، چونکە یەکگرتوو نایەوێ دان بەو راستییە بنەن کە زۆرێک لە گەلی کوردستان سەر بە ئاین و مەزهەب و تایفەی ترن وەک(یەزیدی، مەسیحی، یەهودی، کاکەیی...).


لە بەشێکی تری نووسراوەکەیان، هاتووە(باوەڕمان وایە ئامانجی(وێران)، وێرانکردنی باری ئەخلاقی و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و بچڕانی شیرازەی خێزانە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا)


باری ئەخلاقی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەخۆیان وێرانن و چ پێویستیک بە گۆڤارێک ناکەن ئەو ئەرکانە لەئەستۆ بگرێت. رێژەی توندوتیژی هەمە لایەنە دژ بە ژنان و تەلاق و خۆسوتاندن، زەواجی شەرئاوەری گەورە بە بچوک، بەشوودان لەبری خوێن، مسیارو موتعە و عورفی و کەروجاشکردن یان هەڵهاتنی دەیان هەزار گەنج بەهۆی چەوساندنەوەی هەست و خۆشەویستیان بۆ وەڵاتانی تر...خۆزگا ئامارێکتان لەبەردەست دەبوو تا بزانن چەندە ژن بەهۆی ئەو چەوساندنەوەیە، پاش ئەوەی هاوسەرەکانیان بۆ ئیشکردن دەڕۆن، چۆن سەد بەرابەر تۆڵەی خۆیان دەسێننەوە، جا بە سێکسکردن لەگەل پیاوان بێت یان لەگەل عەشیقەکەیان یان لەگەل هاورەگەزەکەیان...


نا، بەراستی تا ئیسلامییەکان و کلتوری جوانی" کوردەواری" هەبن، چ پێویست بە گۆڤاری (وێران)ناکات!


دەبێ ئەوەی لەناو کۆمەڵگەکەمان لەبواری ئەخلاق زاڵە، بکرێ بە پەندو مێژوو شانازی بکات بە خەباتی کچ و کوڕەکانمان لەپێناو دابینکردنی ئازادی خۆشەویستی و برادەرایەتی کچ و کوڕو چیتر ماڵەوە وەک زیندانی هەتاهەتایی کچان و خوشکان لە ئەقڵ و هۆشی نەوەکان بسڕێتەوە.


یەکێک بەناو(عەبدولکەریم ) وتارێکی پێکەنیناوی لە کوردستاننێت بڵاوکردووەو نامەوێ بەدوورودرێژی وەڵامی بدەمەوە. لەو وتارەهاتووە( ئەو عیسایەی لە وێران سوکایەتی پێکراوە، لە کۆمەڵگەی پەیرەوکارانی خۆیدا لە ئۆروپا، رێزی لێ دەگیرێت و رێز لە ئاینەکانی تریش دەگرن مەگەر ریزپەرێکی وەک بەدران لە ئۆروپادا بێڕێزی بکات. ئەوان پێغەمبەرەکەی خۆیان خۆش دەوێ، بە دڵۆڤان و پەپوولەی سەر گوڵانی دەبینن نەک بە دڕندەی دڵتۆقین)


ئەمە نموونەی نەزانی و حوکمی کوێرانەیە. نووسەرەکەی نازانێ کە زۆرێک لە دانیشتوانی ئۆروپا نەک هەر گاڵتە بگرە بە لێشاو لە کەڵێسا دەردەچن و هیچ رێزێکیان بۆ ئاینی مەسیحی نییە و لە باشترین کاتدا وێڵی دەکەن، واتە ئاین بۆ ئاینداران بەجێدەهێڵن، هەروا رەخنەگران مافی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ رەخنەگرتن لە بۆچوونە ئاینەکان، نەک وەک ئیسلامییەکان، هەر کە یەکێک وتارێک یان کتێبێکی رەخنەگرانە بنووسێ، ئیدی بە فتوای کوشتن و هێرشی دڕندانەو سوکایەتی وەڵام دەدەنەوە. من وەک کەسێک کە 25ساڵ لەو وەڵاتانە ژیاوم و لەم بارەیەوە ئاگادارم.


هەروا بۆ وتارە گاڵتەجاڕەکەی ناوی وتارەکەی(وەڵامێک بۆ وەڵامەکەی بەدران ئەحمەدی کۆنە شوعی....)


شوعیبوون وەک رەوشت، هونەر، خەبات و فکرو پەرچەم و داس و چەکوشەکەی گەورەترین شەرەفە. ئەوە شوعییەکانن کە چۆن سەڕاستانە دژ بە دیارە قیزەوەنەکانی چەوساندنەوەی ژنئافرەتانن لە کوردستان خەبات دەکەن، بەهەمان شێوە سەنگەری پێشەوەی خەباتن دژ بە سێکسیزم و پۆرنۆگرافی و بەگشتی دابەزاندنی مێینە بۆ ئاستی جەستە...شوعیبوون واتە ئەوپەڕی دڵسۆزی و بەفاداری بێسنوور لەپێناو دامەزراندنی دنیاو کارو ژیانی هەرەوەزی...لەم شەرەفە گەورەتر هەیە؟! ئێمە ئەو دنیایە دادەمەزرێنین کە کەس ناتوانێ"خێر"بکات و کەیش پێویستی بە زەکات، سەرفترە....هتد نییەو نابێ!


لەلایەکی ترەوە گاڵتەجاری دەستەیەک بە ناو(دەزگای داواکاری گشتی)دەگاتە لوتکە، کاتێ خۆی بە پارێزەری ئادابی گشتی ناوزەد دەکات و بەرگری لێدەکات. پێشتر باسی"ئادابی گشتی"م کردووەو لەبەر ئەم هۆیەی خوارەوە دەڵێم گاڵتەجاڕی و با بفەرمون پێچەوانەکەی بسەلمێنن:


دەستەی ناوبراو داوای یاسایی لەسەر هەر کەسێک تۆمار دەکات، سامانی گشتی بەفیڕۆ بدات. ئەمە راست نییەو بەڵگەم لەسەری ئەوەیە هیچیان نەکردووە لە بەرامبەر دەستبەسەرکردن وبازرگانی بە سامانی گشتی و گۆڕینی بۆ کەرتی تایبەت کە قازانجکەی لە بەرژەوەندی"ئاداب"و بژێوی گشتییەوە دەچێتە گیرفانی چەند خاوەن سەرمایەو پلەدارێکی حزبی؟! تا ئێستا چەند کەس لەو بەڕێزانە، راپێچی دادگا کردووەو رەنج و سامانی بەفیڕۆدراوی کوردستان بۆ خەڵک گەڕاندووەتەوە؟!


ئێمە هێشتا لەسەرەتای کارکردنین بۆ وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ژیانی وەڵاتەکەمان و تا ئەو رادەیە پێمان بکرێت، رووبەڕووی گشت جۆرە بۆچوونێکی ناشرین و نامۆ لە سەردەم و چەکی دەستمان قەڵەمەکانمانە رووبەڕووی قەڵەمەکانیان دەبینەوە.


رەوشتی مرۆڤ بەبەردەوام لە بزاوتندایە، واتە لەدایکدەبێ، گەشەدەکات، دەمرێ و حاڵەتەکەی دەگۆڕێ و هەرگیز لەدەرەوەی پرۆسەی مێژوویی هەستپێکراو، بوونی نییە. سەرباری گشت جیاوازییەک، ئازادی هەریەک لە(خەڵک)، ئاراس، وێران و هەر مافی بڵاوکردنی بیروبۆچوونە رەخنەگرەکان مەبەستمانەو بەمە هەنگاو بەرەو تێگەیشتن لە دنیای پانوبەرینی فکرو بۆچوونەکان!