په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەرگرییەک لە پەرلەمان!


بەشدار عەلى   


بە زۆرینەى دەنگ پەرلەمانى کوردستان رەزامەندى لەسەر یاساى رۆژنامەگەرى دەربڕى کە لەلایەن سەندیکاى رۆژنامە نووسانى کوردستانەوە ئامادە کرابوو بۆ ئەوەى رەوشى رۆژنامەگەرى لە کوردستاندا(رێک بخرێ)!،بەدواى پەسندکردنى لەلایەن پەرلەمانى کوردستان نوسەران و رۆژنامەنوسان و دەزگاکانى بە ناو ئەهلى و سەربەخۆ نارەزایەتیەکى توندیان ئاراستەى پەرلەمان کرد کە وەکو بڵێى چاوەرێى (نوێنەرانى گەلیان)نەدەکرد ئەو جۆرە یاسانە پەسند بکات و ئازادییەکان سنوردار بکاتەوە.

 
بە جیا لەوەى ناوەخنى ئەو یاسایەى کە سەندیکاى رۆژنامەنوسان ئامادەى کردبوو ،لەگەڵ سەرەتاترین ماف و ئازادییەکانى چاپ و بڵاوکردنەوە ناکۆکیەکى قوڵ پەیدا دەکات و یەکێکە لە کۆت و زنجیرەکانى ترى ئەو سەندیکایە بۆ دەست و پەنجەى نوسەران و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و خەڵکى کوردستان،بە جیا لە هەموو ئەو قەید و بەندانەى کە لە بەندەکانى ئەو پرۆژە یاسایەى کە سەندیکا ئامادەى کردبوو لە بەرچاوگرتنى (ئاسایشى نەتەوەى و ئەزموونى کوردستان و سەروەریەکان) کە لە پرۆژەکەدا بوونى هەیە،بەسە بۆ ئەوەى رۆژنامەنوسان نەتوانن قسە لە بچوکترین دیاردەى نەشیاو و دزى و گەندەڵیەکانى بەرپرسەکان و سات و سەودا نهێنیەکان و خۆفرۆشیەکان و کێشە و گرفتەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتایەکان،بکەن کە حەڤدە سالە بە دەستیەوە گیریان خواردووە و خەڵکى کوردستان رۆژ لەدواى رۆژ وەزعیەتى بەرەو خراپ بوون دەروات، ئەمرۆ خۆزگە بە دوێنێ دەخوازێ.


بەهەرحاڵ قسەى من لەسەر ئەوەیە کە ئەو گلەى و نارەزایەتى و رەخنەکانە نوسەران و رۆژنامەنوسان لە پەرلەمانى کوردستان لە جێگاى خۆ نەبوو و دەبوایە ئاساى مامەڵەى لەگەڵ بکرایە!بۆچى؟


پەرلەمانێک لە ئەنجامى رێکەوتنى نێوان چەند ئەحزابێک هاتبێتە کایەوە کە تاکو ئیستاش لە نێو خۆیان و دەسەڵات و ئیدارەکانیاندا نزمترین ووشەى جیاواز،کاڵترین رەنگى جیاواز،بە شەق و گوڵە وەڵام دەدەنەوە و رۆژانە لەدواى کەسان و لایەنێکن کە ووشە و رستەیەک لەوان جیاواتر دەڵێت یاخود شرۆڤە دەکات ،چۆن رێگە بە ئێمە دەدەن لە دەرەوەى ئەوان حەقانیەتیان باس بکەین و پەردە لەسەر هەموو کارە نهێنیەکان هەڵدەینەوە؟کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمان کە دوا هەنسکى خوێنرێژترین رژێمى سەردەم لە پەیوەندیدا بوون و کاریان کرد بۆ مانەوەى، ئیستا بە چ لوژیکێک چاوەروان بین کە ماف و ئازادیمان بۆ بهێنن؟بەرپرسان و کەسانیک لە پەرلەمان کە تاکو چەند ساڵێک بەر لە ئیستا ئاژەڵێکى باشیشیان نەبوو بۆ هاتووچۆ ئیستا، خاوەنى هەموو شتێکن و لە نێو مۆنیکا و ڤیلاکاندا دەخۆن و دەخۆنەوە و سەرپەرشتى کارگە و کۆمپانیا و کافتریاى هەمە جۆر دەکەن،ئیستا چۆن رێگە بە ئێمە دەدەن ریپۆرتاژ لەسەر موڵک و سامانەکانیان ئامادە بکەین و لێین بپرسین ئەگەر بە رێگاى(نا یاساى)نەبێت ئەو سامانەتان بەم ماوە کورتە لە کوێکۆکردۆتەوە؟! خۆیان لە ئەنجامى کوتلە و کوتلەکارى حیزبەکان و خزم خزمێنە و سوتفە و مەهزەلەى کارى سیاسى لە کوردستاندا گەیشتونەتە پەرلەمان و نوێنەرایەتى سەد کەس لە کوردستان ناکەن،چۆن ئیستا رێگا دەدەن لە رێگاى رۆژنامەنوسانەوە کێشە و گرفتە جۆراو جۆرەکانى خەڵکیا روو بە روو بکرێتەوە؟!بۆیە بە برواى من نابێت ئەو رەخنانە ئاراستەیان بکرێت و پەرلەمان شایەنى ئەو رەخنانە نیە !بەڵکو دەبێت چاوەروانى کار و پرۆژەى زۆر خراپتر و توندتر بین لەم بەرێزانە،چونکە سیستەم و دەسەڵاتێک ئەوانەى لەم بینایە کۆکۆدۆتەوە بۆ ئەوەى شانى خۆیان لە هەموو خراپیەکان خاڵى بکەنەوە و وەکو ماشەیەک پرۆژەکانى خۆیان پێ جێبەجێ بکەن و رووبەرووى شەرمهێنەرترین هەڵوێستایان بکەنەوە ،بە جیا لەوەى ئەو ئەرکەى کە ئەندامانى پەرلەمان قیوڵیان کرد و لەگەڵ پرۆژە و کارەکانیان جێگاى تونترین رەخنە و رووبەرووبوونەوەیە،بەڵام ئاوەکە لە سەرچاوەکەیەوە لێلەوە و ئێمە دەبێت بچین کێشەکە لە سەرچاوەکەى چارەسەر بکەین و چاوەکانمان سەرووتر ببینن.

 


Bashdar_net@yahoo.com