١٠\٨\٢٠١٢
به‌رگرییکردن
له ئازادیی و به‌ر‌گرتن له هه‌ڕه‌شه و
تیرۆر، ئه‌رکی سه‌رشانی ئازادیخوازانه.

زاهیر باهیر
ماوه‌یه‌که بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی
له کوردستاندا له گرژبوون و نائارامیدایه، ئه‌مه‌ش ترس و له‌رزێکی
زۆری بۆ هاووڵاتیانی کوردستان بڕیوه‌ته‌وه له ڕو‌دانی شه‌ڕی ناوخۆ و
هه‌تا شه‌ڕی نێوان هه‌رێم و حکومه‌تی ناوه‌ندیش.
بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێم ماوه‌یه‌که که‌وتۆته بەرپاکردنی شاڵاوی
پڕوپاگه‌نده و وتنی هه‌ندێک قسه‌ی بریقه‌دار و دانی چه‌نده‌ها
راگەیاندن و تاوانبارکردنی نوری مالیکی سه‌رۆکشالیارانی عێراق، هه‌موو
ئه‌مانه به به‌رگریکردن له کوردوستان و گه‌لی کورد، به‌هه‌موو لایه‌کمان
ده‌فرۆشیته‌وه.
هه‌ر له‌شانی بارزانیشه‌وه ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕ و ڕۆشنبیره لیبراڵه‌کان
به به‌رده‌وامی سه‌رگه‌رمی نووسینی وتاری حه‌ماسی و ڕاپرسینی خه‌ڵک و
دیمانه له‌گه‌ڵ که‌سانی دیار و ناودار و بێ‌ناو و نادیار سه‌باره‌ت به
دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی یا کوردستانی دا.
زۆر گرنگه، که که‌سمان به‌و وتار و گوتارانه چه‌واشه نه‌بین، چونکه
چی ئه‌وانه‌ی بارزانیش و چ ئه‌مانه‌ی میدیا و ڕۆشنبیره لیبراڵه‌کانیش،
شتێک نییه، جگه له دروستکردنی سه‌رمایه‌ی سیاسی بۆ خودی خۆیان و
پارته‌کانیان.
له کاتێکدا که بارودۆخه‌که ڕۆژ به‌ڕۆژ خراپترده‌بێت، نه‌وشیروان
مسته‌فاش له‌و دیمانه‌یه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌دا زۆر به ڕاشکاوی و به
بێ‌تێڕامان په‌نجه‌ی خستۆته سه‌ر هه‌ندێک ڕاستی حاشاهه‌ڵنه‌گر، هه‌م
خه‌ڵکی کوردوستان و هه‌م بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتیش له‌و
ڕاستییانه، وریا ده‌کاته‌و‌ە نه‌ک تاوانباریان ده‌کات.
گه‌رچی ڕه‌نگه زۆربه‌ی ڕاوبۆچوونه‌کانی نه‌وشیران مسته‌فا، ڕاست بن،
به‌ڵام لای من، ئه‌مه‌شیان هه‌ر چه‌شنێکه له‌و گه‌مه سیاسییه‌ی که
ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی که له سه‌ره‌وه ڕیزم کردن، ده‌یکه‌ن. هه‌ڵبه‌ته
ئه‌مه له‌لایه‌که‌وه بۆنی نزیکبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی دا لێدێت ،
که له کاتێکدا که که‌لێنه‌کانی نێوانیان له فراوانبووندایه. له
لایه‌کی دیکه‌شه‌وه نه‌وشیروان مسته‌فا زۆر باش ده‌زانێت سه‌رانی
لیستی گۆڕان باریان لاره و بزووتنه‌وه‌که‌شیان ، کە ڕاستتره بڵێین،
خودی حیزبی گۆڕانیش گه‌ڵێک لاوازبووه و ته‌ریک که‌وتووه و به‌ره‌و
پووکانه‌وه ده‌ڕاوت.
له کاتێکی ئاوادا نه‌وشیروان مسته‌فا ناچارە وه‌کو سه‌ری سه‌ره‌کی
حیزبی گۆڕان له دیمانه‌یه‌کدا هه‌ندێک قسه‌ی له‌وه‌ی که کردوونی،
بکات ئەگه‌رچی بشبنه ھۆی گرژبوونی زیاتری باروودۆخه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که،
چونکه به‌م قسانه‌ی ناو ئه‌م دیمانه‌یه ڕه‌نگه بۆ ماوه‌یه‌کی کورت،
بتوانێت سه‌رمایه‌یه‌کی سیاسی بۆ حیزبه‌که‌ی دروست بکات و تا ڕاده‌یه‌کیش
سۆز و خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی بگێڕێته‌وه بۆیان، به‌تایبه‌ت بۆ خودی شه‌خسی
نه‌وشیروان.
هه‌ر به ئاشکرابوونی دیمانه‌که، ده‌رکه‌وت که پارتی ئه‌م قسانه‌یان
بۆ قووت ناچێت و پێیانهه‌رس نابێت. به‌و قسانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا
زۆر نائارام و توڕه بو‌ون، له وه‌ڵامیشیدا هه‌ڕه‌شه ده‌که‌ن و نه‌وشیروان
مسته‌فا به‌وه تاوانبار ده‌که‌ن که پلانی بۆ ئه‌مه کردووه و پلانی
خۆی هه‌یه و ئۆپۆزیشنێکی زه‌ره‌رمه‌نده.
شایانی باسه ئا لێره‌دا ئه‌وه بیری خوێنه‌ری به‌ڕێز بخه‌مه‌وه، ئه‌وه‌ی
که پارتی ئێستا به نه‌وشیروان مسته‌فای ده‌ڵێت، له سه‌رده‌می شاخدا
نه‌وشیروان هه‌مان شت و هه‌مان تاوانی بگره به زیادیشە‌وه ده‌خسته
پاڵ ئه‌و گروپانه‌ی که دژی ڕژێمی به‌عس بو‌ون و هاوکاتیش له‌گه‌ڵ
بزووتنه‌وەی چەکداری کوردی‌دا نه‌بوون و ڕه‌خنه‌یان له بزووتنه‌وه‌که
ده‌گرت، له‌وانه گروپه‌که‌ی جارانی ئێمه " گروپی مارکسی- لینینییه‌کانی
عێراق" که به "کار" ناسرا بوو هه‌روه‌ها ڕێکخراوی کارگه‌ران و یه‌کێتی
کارگه‌ران .
ئه‌وه‌ی که له‌لای من گرنگه ئه‌وه نییه، که ئایا من له‌و دیمانه‌یه‌دا
له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا یه‌کده‌گرمه‌وه یا نا!!! یاخود ئه‌وه
گرنگ نییه که نه‌وشیرون مسته‌فا له‌و دیمانه‌یه‌دا ڕاسته یا هه‌ڵه‌یه.
به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که له‌لای ئازادیخوازان ده‌بێت گرنگ بێت، به‌جیا له
جیاوازی بیروبۆچوونیان له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا، ده‌بێت هه‌موومان
داکۆکی له ئازادی بیروبۆچوون و ئازادی ڕاده‌ربڕین بکه‌ین، ئیتر ئازادی
ڕێکخراوه‌یی بو‌ون بێت ، ئازادی ئایینی و مه‌زهه‌بی، نه‌ته‌وه‌یی ، سه‌ربه‌ستی
و ئازادی ئافره‌ت، میولی جنسی ، ئازادی تاکەکەسیی، هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت
به‌ر به هه‌ڕه‌شه و تیرۆر بگرین.
نه‌وشیرون مسته‌فا مافی ته‌واوی خۆیه‌تی له ده‌ربڕینی ڕاوبۆچوونه‌کانیدا
و هه‌تا تاوانبارکردنی خه‌ڵکانێک و هه‌ر لایه‌کیش تا ئه‌وه‌نده‌ی کە به‌ڵگه‌نامه‌ی
به ده‌سته‌وه بێت.
داکۆکی له ئازادی ئه‌و، له ده‌ربڕینی بیر و باوەڕی خۆی، بەشێکە لە
داکۆکی له ئازادی تاکەکەسی و گشتی، ھەروا کپکردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئەویش
به هه‌ڕه‌شه و تیرۆر، بەشێکە لە ھەوڵی کپکردنی ده‌نگی هه‌ر که‌سێکی
دیکه که له هه‌ر بوارێک‌دا بیه‌و‌ێت شتێک بڵێت و ڕێگەخۆشکردنیشە بۆ
تیرۆرکردنی بۆچوونە جیاوازەکان.
ئه‌مه دروشمی خه‌ڵکانی ئازادیخوازی ناسیاسی و نا حیزبییه، هه‌ر ئه‌مانیشن
که به ته‌واوی بێگوێدانه جیاوازی ڕا و بۆچوون، بێ به‌هیوابوونی
دروستکردنی سه‌رمایه‌ی سیاسی ئه‌م ئه‌رکه ده‌گرنه ئه‌ستۆ.
مێژووی دوور و درێژی پارتایه‌تی به هه‌ر هه‌موویانه‌وه، له یه‌کێتی
و پارتی و ئیسلامی و کۆمونیستی و گۆڕانی ڕیفۆرمیستی و هتد له
کوردستاندا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، نه‌ک ھەر ئەوەی، کە ئه‌وان داکۆکیکه‌ری
سه‌ره‌کی و لاوه‌کیش له ئازادی و ئازادیخوازان نه‌بووون، به‌ڵکو ئه‌وان
بە خۆیان هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌ورەش بو‌ون له به‌رامبه‌ر سه‌ربه‌ستی و
ئازادیخوازیی و ئازادیخوازاندا، ئەگه‌ر تیرۆری جه‌سه‌دی
ئازادیخوازانیان نه‌کردبێت، ئەوا به‌درێژایی مێژویان له تیرۆرکردنی
ورە و بیر و بۆچوونیاندا به‌رده‌وام بو‌ون. ئه‌وان ئازادییان له خه‌ڵک
سه‌ندۆته‌وه و کۆنترۆڵی خه‌ڵکیان کردوه تاکو دژی ئازادی و ده‌سه‌ڵات
قسه نه‌که‌ن و نه‌جه‌نگن، بە واتایەکی دیکە، ھەموو ھەولێکی ئەوانیش چ
لە شاخ و چ لەنێو شارەکاندا (١٩٩١ تا ئێستا)، تەنیا بۆ بەشداریکردن و
جێگەگرتنەوەی سەرکوتگەرانی ئازادی بووە، نەک لەناوبردنی سەرکوت و
نایەکسانی و نادوەریی.
له‌نده‌ن
ماڵپه‌ڕی
زاهیر باهیر
|