٢٥\٦\٢٠٢٢
بەرگریی لە
ئازادیی -
بانگەوازێك -.
زاھیر باھیر
ئازادیی تۆ بەندە بە ئازادیی کەسانی دیکەوە،
تیرۆر و کوشتنی کەسانی دیکە ، کوشتن و تیرۆری تۆش بە دووی خۆیدا
دەهێنێت. ئاگرە سوورە لە خۆت بە دوور نابێت، ئەوەی ئازادی نەیارانی
فکریت سەرکوت بکات ، هی تۆش دەکات، ئەوەی کە دەستی بە خوێنی نەیارانی
فکریتا بچێت ، دەستی بەخوێنی تۆشدا دەچێت، ئەوەی کە لە ئێستادا باشوری
کوردستان خۆشبەختانە لێی بێ بەشە تەنها جەنگی ئەهلییە کە هیوادارم ئەوە
ڕوونەدات. تێڕوانینێکی سەرپێیانە مێژووی هەرچی دەردەسەری و
نەهامەتییەکانە هەر لە وشکەساڵی و بێ بارانی و بێ ئاوی و خۆڵبارین و بێ
موچەیی و گرانیی و بێ ئیشیی و ڕەوکردن و بوونی پەتا و نەخۆشی جۆرا و
جۆر و نەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و هێڕشی مووشەکی حەشدی
شەعبی و موشەكباران و بۆمبارانی دەوڵەتی ئێرانی.. تا دەگاتە کوشتنی
کەسان و دۆستانی سەر بە ڕۆژئاوا و پەکەکە لەناو شاردا لە ڕێگای میتی
تورکی بە هاوکاری بەکرێگیراوانییەوە، هەروەها هێڕشی درۆنەکانی تورکیا و
کوشتنی هەر کەسێك بیانەوەێت لە هەر شوێنێکدا... هەر هەمو ئەمانە لە یەك
چاوتروکاندا بەیادت دێنەوە و هەر هەمووی بە زیادەوە لە کوردستاندا هەیە
و بەداخەوە گەر بیشڵێم خەڵکی لەوێ دەستوپەنجەی خۆیانیان لەگەڵدا نەرم
دەکەن و لای زۆرینە بووەتە بارودۆخێکی ئاسایی و بە خێرای دێن و بە
خێراییش گوزەر دەکەن. وەڵامیش یا پرسە گرتنە یاخود " هیچ ناکرێت".
ئەمە ئەو بارودۆخەیە کە خەڵكی کوردستان تێیدا دەژین. بەڵام ڕاستە
هەندێك لەوانە کە ناونوسم کردون ڕەنگە چارەسەرکردنیان ئاسان نەبێت
بەتایبەت کارەساتە سسروشتییەکان، یاخود ڕەنگە لەتەك هەندێك لەوانەدا
ڕاهاتبێتین . بەڵام ناکرێت چی تر لەگەڵ کارەساتی گەورەتردا ڕابێین و بە
ئاسایی وەریگرین.
هێڕشی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا ناکرێت قەبوڵ بکرێت، دەکرێت کە
ڕابوەستێنرێت. گەر لەم قۆناخەیدا ڕانەوەستێنرێت کارەساتی دیکەشی
بەدوادادێت. هەر بە کوشتنی دۆستان و لایەنگرانی ڕۆژئاوا و پەکەکە و
پەیەدەوە ناوەستێت دوایش سەرەی تۆش دێت.
ئەو کەڵەگاییەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکات بەسەر باشووری کوردستانەوە کە
بە ئارەزوی خۆی کەی بیەوێت دیتەوە ناوەوە و کێی بوێت دەتوانێت تیرۆری
بکات مەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیڵ لەگەڵ سوریادا بیکەن.
تۆیەك کە خۆت بە چەپی رادیکال و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئازادیخواز
دەزانیت، گەر لەگەڵ پەکەکە و ڕۆژئاواشدا نەیەیتەوە هێڕشی درۆنەکانی
تورکیا لات، نابێت ئاسایی بێت ، دەبێت ئەوە بزانیت ئازادیی تۆ بەندە بە
ئازادی ئەوانی دیکەوە، تا زۆربەی زۆری ئازاد نەبێت ، ئازادیی راستەقینە
مەحاڵە. دانیشتن و نەکردنی هیچ کەمپەین و چالاکییەکی راستەوخۆ لە
خزمەتی مانەوەی بارودۆخە هەنوکەییەکەدایە.
کوشتن و تیرۆری کەسانی سەر بە پەکەکە ، سەر بە پارتی ، بە یەکێتی ، بە
ئیسلامی و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان یاخود هەر لایەنێکی دیکە کارێکی
نامرۆیانە و قیزەوەندە ئیتر لە هەر ڕێگایەکەوە بێت تا دەگاتە
تیرۆرکردنی بە درۆن.
بەڕای من دەتوانرێت زۆر شت بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێڕشانەی
دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای خەباتی ڕاستەوخۆ و کاری مەیدانییەوە.
کۆکردنەوەی واژۆ و ڕێپێوانی سەر شەقامەمان و ڕێگرتنی شەقامەکان و
دابڕینیان لە یەکدی...جگە لەو ڕێگا و بانانەی کە تەنکەری نەوت و شمەکی
دیکەی بە قاچاخ پێدا دەڕوات، هەر هەموو ئەمانە چالاکییەکی بێ بەرهەمن،
لەبری پەیداکردنی هاوپشتی و گیانی هاوخەباتیی، ڕەنجاندنی خەڵکی ئاسایی
دروست دەکات ، سنوری دوورخستنەوەیان لە ڕیزەکانی ناڕەزاییکەران
دیاریدەکات، توڕەبوون و نەیاریی خۆی بە خۆپیشاندەران پەیدا دەکات.
با کار لەسەر چالاکی کاریگەرانە بکەین. ئیمە لە هەر کوێیەك بین
خاوەندرۆنەکان و وێرانکەرانی کوردستان و بکوژانی ڕا و بۆچونی جیاواز
لەوێن بە خۆیان و بەژەوەندەییەکانیانەوە. ئەمڕۆ گرنگە لە هەر شوێنێك
بین بە جیاوازی بیر و بۆجونمانەوە بی ئەوەی یەکدی کۆنترۆڵ بکەین ، بێ
ئەوەی سەرمایەی سیاسی لێ دروستبکەین ، بێ ئەوەی ڕای خۆمان بەسەر
یەکدیدا فەرز بکەین دەتوانین چەند جالاکییەکی گرنگ ئەنجام بدەین.
وەرن ئێمە لە لەندەن لە بری ڕێپیوانی سەر شەقامەکان و بەزایەدانی وزە و
وەختمان با چالاکی مەیدانی ئەنجام بدەین بە زەرەر گەیاندن لە ئابووریی
دەوڵەتی تورکیا و پایەکانی، کۆمپانیاکانی، شۆپەگەورەکانیان، بەرژوەندی
بزنسمانە گەورەکانی و زۆر شتی دیکە هەیە کە لە تواناماندا هەن بیانکەین
بێ ئەوەی کە مەترسی لەسەر ژیانی خۆمان دروست بکەین . هەر یەك لەوانە لە
هەموو شوێنیکی دیکەی ئەوروپا بە تایبەت لە پایتەخت وشارە گەورەکانیا
هەن و دەتوانرێت هەمان شت بکرێت.
هەرچیش سەبارەت بە باشوورە هەمان ئەو کەس و لایەنانە دەتوانن زیاتر
بکەن و کارایی زیاتریش دابنێن . بۆ من نییە کە بڵێم چی بکەن، چونکە من
لەوێ ناژیم دڵنیام ئەوان زۆر باش دەزانن کە چ جۆرە جالاکییەك زەربە لە
ئابووری تورکیا لە ڕوی بازرگانی و هەروەها لە بوارەکانی میدیا : لە
بەرنامەی زاڵی تورکی و بڵاونەکردنەوەی درامە بێ سەر و بەرکان و بونی
پەیمانگا و کۆمپانیا و تد هەر ئاواش چالاکییەك کە کارایی لەسەر
پەڕلەمانی کوردستان و سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، دادەنێت تاکو فشار
بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا.
ئیتر کاتی هاتنی هەنگاوی عەمەلییە و خۆڕزگارکردنە لە پرسەدانان
لاواندنەوی شەهید [ئەو وشە و دەستەواژە بێ ناوەرۆکە] و کۆکردنەوەی واژۆ
و گرتنی پشتی مایکرۆفۆنەکان و کردنی قسەی هەلەق و مەلەق.
تکایە گەر کەسێك لە لەندەن ئامادەی ئەو جۆرە چالاکییە با لە ڕێگای
فەیسبوکەوە پەیوەندیم پێوە بکات.
٢١\٦\٢٠٢٢
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|