١\٤\٢٠١٤
بەرخ!

جەلال قادر
بە مناڵی لای (عەلە قەساب) شاگردبووم.
بەیانیان زوو دەچووین بۆ مەیدان ئاژەلمان دەکڕی.
بەیانییەکیان لە مەیدان جوتیارێک بەرخێکی لە باوەشدابوو کە هێشتا بۆنی
شیر لەدەمییەوە دەهات. وەستاکەم بە پەرۆشەوە لێی کڕی. منیش بەرخەکەم
لەباوەش گرت و لەگەل چەند دانە مەڕوبزنێکیتر لە مەیدانەوە بەرەوە
ناوشار بەڕێ کەوتین.
لە ڕێگا لە هەرکوێیەک سەوزاییەکم بدیبایە هەڵمدەپچڕی و دەم خستە دەمی
بەرخەکەوە. بەرخەکەش بەوە دەچوو تازە لە کۆز بووبێتەوە و فێری
لەوەڕبووبێت بە نەرمی کاوێژی دەکرد.
سەری بەرخەکەم لەسەردڵم دانا، هەستم کرد بە لێدانی دڵم خەو دەیبردەوە.
گەیشتینە ناو کۆلانی زێڕنگرەکان. گوێم لێبوو وەستاکەم بە دوکاندارێکی
ورگ زڵی وت : بەرخەکەم بۆ هێناوی.
دوکاندارەکە مرۆیەکی سەرباریک وسمێڵ ئەستووربوو، لێوی بەیەکترەوە
نووسابوون، کە قسەی دەکرد سەرت سووڕ دەما نەتدەزانی ئەم دەنگە لەکوێوە
دێتە دەر: بیدە دەستم با سەیرێکی بکەم.
بە هێواشی وەک ئەوەی کۆرپەیەکی ساوا بکەمە باوەشی، دامە دەستی.
- گۆشتی ناسکە.
کە گوێم لەم وتەیە بوو، ڕاچڵەکیم.
- نرخەکەی چەندە؟.
وەستاکەم بەرخەکەی بە سێ روبعە دینار کڕیبوو، کەچی سوێندوقورئانی خوارد
کە دینارێکی پێداوە.
- چەندم خێر دەدەیتێ بمدەرێ.
کابرای زێڕنگر وتی : من خەون بە گۆشتی بەرخی ساواوە دەبینم، چەندت بوێ
دەتدەمێ.
ئەوان خەریکی مامەلەکردن بوون. منیش ئاگر لە ناخم هەلگیرسابوو.
بەرخەکەم لە پیاوە زێڕنگرەکە وەرگرت و هەلاتم. گوێم لێبوو
هاواریاندەکرد کورە بگەڕێوە بۆ کوێ ڕادەکەی!.
لەسەر کۆلانی زێڕنگرەکان وەستام، وەستاکەم بەپەڵە خۆی گەیاندەلام و وتی
: هەی سەرسەری ئەو موشتەرییە چاکەم بۆ لەدەست دەدەیت.
دام لەپڕمەی گریان و بەرخەکەم تووند لەباوەش گرت و وتم : ئەم بەرخە خۆم
هەلیدەگرمەوە، بەخێوی دەکەم.
هەولیدا لەباوەشمی دەربهێنێ. دووبارە ڕامکرد تا خوار شەقامی (مەجیدیە).
وەستاکەم منداڵێکی چایچی بەدواما نارد تا پەشیمانم کاتەوە. بەلام من
کۆڵم نەدا.
لەدواجار وەستاکەم ئاژەلەکانی دایە بەردەم خۆیی بەرەولام هات و وتی :
- پێشمکەوە هەی سەربەراز.
تا سەر کۆڕنیش ڕێگامان بڕی. پاشان من وەک بەرخەوانێک ئاژەلەکانم بەناو
(خاسەوە) بەرەو رەحیم ئاوا بردەوە.
دایک و باوکم دەیانگوت : دەبێت بەرخەکە بگەڕێنیتەوە بۆ وەستاکەت.
- با وەستاکەم پارەی بەرخەکە لە ڕۆژانەکەم ببڕێ.
بۆ دواجار وەستاکەم زگی پێسووتام و بەرخەکەی بە مایەی خۆی پێ فرۆشتم.
نزیکەی دوو سێ مانگ بەرخەکەم لە حەوشەکەمان بەستەوە و بەخێوم دەکرد.
هەرجار کاتم هەبوایە دەمبردە ئەو دەشتە ودەمڵەوەڕاند. ئەگەر
بەرخەوانێکم بدیبایە بەرخەکەم تێکەڵ بە بەرخەکانی دەکرد تا ئێوارە
تاریک داهات لەو دەشتە دەمامەوە.
ئەوەی زۆر لێیدەترسام قسەکانی باوکم بوو، کە دەیگوت : بۆ کێ بەخێوی
دەکەیت ئاخری هەردەبێت سەربڕدرێت.
فرمێسک بەچاوانم دەهاتە خوار. نەمدەزانی بۆ گەورەکان لە فرمێسکی
منداڵەکان تێناگەن؟.
بەرخەکەم نەجێ و نە ڕێی لەکەس گرتبوو. لە ژێر قادرمەکەی ماڵ شوێنێکی
فێنک و بەرسێبەربوو بۆ تەرخانکردبوو. کەچی بەم دواییە باوکم بۆڵەی
دەهات و دەیگوت بەرخەکەت دەفرۆشم. دایکم دەیگوت حەوشەی لێ پیسکردووین.
هەریەک پاساوێکیان دەهێنایەوە.
بەیانییەکیان باوکم بەدزییەوە بەرخەکەی بردبووە مەیدان و فرۆشتبووی.
ئاگرلەجەرگم هەلگیرسابوو. لە تووڕەییە ماڵم دابووە بەسەریەکا. یەک
بەدونیا هاوارم دەرکرد بۆ بەرخەکەم. نەمدەزانی بۆ مرۆڤ ساتێک لەژیانیان
تەرخان ناکەن بۆ گیانلەبەرەکانیتر. بۆ لێناگەڕێن ئاژەڵ و باڵندەکان
بەسروشتی خۆیان بژێن؟!.
گوێم لێبوو، بە پێکەنینەوە دەیانگوت: هیچ نییە، یەک دوو ڕۆژیتر
لەبیریدەچێتەوە.
ماڵ بەبێ بەرخەکەم بوو بەدۆزەخ. تۆرام. منالێکی چاونەترس بووم تا دنیا
تاریک بوو لەناو گۆڕستانەکەی رەحیم ئاوا خۆم شاردەوە. لەدڵی خۆمدا
دەمگوت بۆ دەبێت لە مردووەکان بترسێم لە کاتێدا زیندووەکان ئازارم
دەدەن.
لەدوای نیوەشەو کە ژاوەژاوی شارو گلۆپەکان خامۆشبوون، لە دوورەوە گوێم
لە باعە باعی بەرخەکەم بوو. هەستمکرد هەردووکمان یەک گیانلەرین و
چارەنووسمان کەوتۆتە ژێردەستی ئادەمیزادەوە...
ماڵپهڕی جهلال قادر
|