په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٩\٢٠١٤

بەرژەوەندیی خەڵکی بێ دەسەڵاتی سکۆتلەندە

لە نێوان جیابوونەوە و مانەوەدا.


زاھیر باھیر      


بەیانی،ڕۆژی ١٨/٠٩/٢٠١٤ ڕۆژی دەنگدانی سەربەخۆیی یاخود جیابوونەوەی سکۆتلەندەیە کە ٣٠٧ ساڵە بە بریتانیاوە لکێندراوە. ھەر لە سەرەتای پێشنیارکردنی پرسی جیابوونەوەوە دوو کەمپ دروستبوون. کەمپی یەکەم کەمپی "بەڵێ" بۆ جیابوونەوە کە لە لایەن ئەلێکس سەلمەن، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند و وەزیری یەکەمی پەڕلەمانی ئەوێوە ، سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕیوەدەبرێت. کەمپی دوووھەم کەمپی 'نا' بۆ جیابوونەوە یاخود " ژیان بەیەکەوە،‌ باشترە" کە میدیا و سیاسیەکان و ھەر ٣ پارتە سەرەکییەکەی بریتانیا، بەڕیوەیدەبەن.


لەسەرەتای کەمپەینەکەدا ، کەمپی 'نا' بۆ جیابونەوە زۆر لەسەردا بوو ، بەڵام بە نزیکبوونەوەی ڕۆژی دەنگدان، کەلێنی نیوانی دەنگی ئەم دووو کەمپە لە کەمبوونەوەدایە، بە ڕادەیەک کە ئێستا ھەندێک لە ئامارگیرییەکانی خەمڵاندنی دەنگ کە ئەو کارە ئەنجامدەدەن ، کەمپی 'بەڵێ' بۆ جیا یابوونەوە تەنھا بە ٢ یا ٣ دەنگ لەدوای دە نگدەرانی کەمپی 'نا' بۆ جیابوونەوەندایە.


ھەڵبەتە جێگای سەرسوڕمان نییە کە کەمپی 'بەڵێ ' بۆ جیابوونەوە، دەنگەکانیان پێش دەنگی کەمپی 'نا' یە، ھەتا ئەگەر ئەم کەمپە بیشیباتەوە، ھەر جێگای سەرسوڕمان نییە ، چونکە لە ھەقەتدا ‌ ھەموو ھێزە تاریکەکانی وەکو : میدیا و بانقەکان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و کۆمپانییە گەورەکان و دەسگە سیخوڕییەکان و ھەرە دەوڵەمەندەکان و ھەر ٣ پارتە سەرەکیەکەی بریتانیا و ھەندێک لە گۆرانیبێژو ئەکتەرە بەناوبانگەکانیش ، ھەندێک لە وڵاتانیش، دژی دەنگدان بۆ جیابوونەوەی سکۆتلەند، یەکیانگرتووە. لەسکۆتلەند ٣١ ڕۆژنامە ھەیە کە تاکە ڕۆژنامەیەکیان نەک ھەر پشتگیری جایبوونەوەی سکۆتلەند ناکەن ، بەڵکو ھەندێکیشیان ، ئەلێکس سەلمەن بە ڕۆبێرت مۆگابی سەرۆکی زیمبابۆی ، دەچوێنن ، ھەندێکی دیکەشیان خودی پرۆژەکە بە پرۆژەی ھیتلەری ناودەبەن. دیسانەوە قسەی شاژنی بریتانیش کە لەم ڕۆژانەدا وتی " سکۆتیییەکان دەبێت زۆر بە ئاگاییەوە بڕیارەکانیان بدەن" کە ئەمەش لەلایەن سیاسییەکانەوە بۆ پشتگیریکردن لە کەمپەکەیان لە قەڵەمدرا، سەنگی خۆی ھەیە. ھەر ھەموو ئەمانە لەگەڵ کەمپی ' نا' بۆ جیابوونەوەن و تەواوی توانای خۆیان لە مانەوەی سکۆتلەند لە چوارچێوەی بریتانیادا، بە چەشنێک لە چەشنەکان بەکار دەھێنن . بۆ نموونە بانقەکان و ھەندێک لە کۆمپانیاکان ھەڕەشەی گواستنەوەی بنکە سەرەکییەکانیان بۆ لەندەن دەکەن.


ھەڕەشەکان لەسەر کەمەپەینی 'نا':


• ٥ بانقی سەرەکی کە لە سکۆتلەندن و لە نێوانیاندا ٧٤ بۆ ٧٦ ھەزار کرێکار و کارمەند کاریان بۆ دەکەن، لەتەک ھەندێک بەشی دارایی دیکە لەوێ، کە ئەمانیش نزیکەی ١٠ ھەزار کەسی دیکە کاریان بۆ دەکەن، ھەر لە ئستاوە بڕیاری گواستنەوەی بار و بنکەیان لە سکۆتلەند داوە گەر دانیشتوانەکەی دەنگ بە جیابوونەوەیان لە بریتانیا، بدەن . بە گوێرەی ڕاپۆرتی بەشی بەگەڕخستنی دارایی سکۆتلەند داھاتی ئەم کەرتانەی ساڵانە بە ٧ بۆ ٩ ملیار پاوەند خەمڵاندووە. ھاوکاتیش ھەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان، ئەوانیش کە نزیکەی ٢٠ ھەزار کەس کاریان بۆ دەکەن، قسە لەسەر بەجێھھێڵانی سکۆتلەند، دەکەن.
• دەستکراوە بە کردنی توێژینەوە لە بوارە جیا جیاکاندا بەتایبەت خانووبەرە و کاروباری ئابووری کە زیاتر ئەنجامێک دەدەنەدەست کە لە بەرژەوەندی کەمپی 'نا' بێت . بۆ نموونە لە سەر خانووبەرە توێژینەوەیەک لەم ڕۆژانەدا ئەوە نیشاندەدا کە نرخی فرۆشتنی خانو و شوێنی نیشتەنی بە ڕێژەی لە ١٧.٥٪، دێتە خوارەوە.
• توێژینەوەی دیکە کە لەسەر داھاتی نەوتی دەریای باکور کە پێشتر لە لایەن کەمپی 'بەڵێ' وە کراوە ، ئەوەیان سەلماند کە ژمارەی بەرمیلی نەوتی یەدەکی دەریای باکور ٢٤ ملیار بەرمیلەو بە پارەش دەکاتە ١.٥ تریلۆن پاوەند، ئەمەش بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ بەردەوامدەبێت. بەڵام توێژینەوەیەکی ئەم ڕۆژانە کە لە لایەن کەمپی 'نا' وە پشتڕاستکراوەتەوە ئەوە نیشاندەدات کە ژمارەی بەرمیلی نەوتی یەدەکی تەنھا ١٥ بۆ ١٦ ملیار بەرمیلە و کە ئەم داھاتی نەوتەش لە دەریای باکور لە نێوانی ساڵانی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٣٠ کۆتایی دێت. لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە سەبارەت بە کارایی وزە لەسەر دانیشتوانی سکۆتلەند کراوە ، ئەوە دەخاتە بەردەست کە لە حاڵەتی جیابوونەوەو سەربەخۆیی سکۆتلەنددا ھەر ماڵێک لەوێ ساڵانە بە بڕی ١٨٩ پاوەند زیاتر لەوەی کە لە ئێستادا دەیدەن، لەسەریان دەکەوێت.
• داھاتی ساڵانەی سکۆتلەند بە تەنھا ، ١٢ جار کەمترە لە داھاتی بانقەکانی . ئەمەش یانی گەر مانەوە و بەردەوامی بانقەکان بکەوێتە مەترسییەوە ، حکومەتی ئایندەی سکۆتلەند بە فریای ڕزگاربوونیان لە قەیرانەکانیان ، ناکەوێت و مایەپووچدەبن.
• وەزیری دارای بریتانیا " چانسڵەر" لەم ڕۆژانەدا ھەڕەشەی ئەوەی دەکرد گەر بانقەکانی سکۆتلەند بکەونە بەردەم مەترسی قەیرانی ئابوورییەوە ، ئەمان بەدەمیانەوە ناچن.
• ھەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت کە حکومەتی ئاییندە ناتوانێت دراوی پاوەندی ئیستەرلینی بەکار بھێنێت. بە گوێرەی قسەی سەرۆکی بانقی ئینگلەند، مارک کارنی ، کە لە ڕۆژی ١٠/٠٩/١٤ دا وتی " بۆ ئەوەی کە حکومەتی ئایندەی سکۆتلەند بتوانێت دراوی پاوەند بەکار بھێنێت دەبێت لانی کەم لە ٢٥٪ی پارەی داھاتی ساڵانەی لە بانقی مەرکەزی ئینگلەنددا دابنێت، ڕەنگە زیاتریشی بوێت".
• بە جیابونەوەیان لە بریتانیا، پێیانڕادەگەیەنن لە ئاژاوەیەکی ئابوری گەورەدا دەژین، ھەتا بڕێکیش لە ئابووریناسە لیبراڵەکان دەڵێن لانی کەم سکۆتلەند ٦ بۆ ٧ ساڵی دەوێت ، تاکو سەقامگیر ببێت.
• لە حاڵەتی جیابوونەوەیاندا، ھەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت کە دەبێت نیوەی نوقسانی بوجەی بریتانیا بدەن.
• لە ھەندێک توێژینەوەی دیکەدا دەیانەوێت ئەوە بسەلمێنن کە داھاتی سکۆتلەند زۆر کەمترە لە بڕی سەرفیاتی ، کە ئەمەش موچەی باش بۆ خانەنشیینان دابین ناکات یا بڕی پارەی خانەنشینییەکەیان ، زۆر کەمتر دەبێت لە ھاوەڵەکانیان لە بریتانیادا. دیسانەوە دەڵێن ژمارەی " پیرەکانیان" زۆرە و زیاترە لە پیرانی بەشەکانی دیکەی بریتانیا گەر بە ڕێژەی ژمارەی دانیشتوان، ئەم پێوانەیە بکرێت. ئەمەش یانی سەرفکردنی پارەی زیاتر لە خەستەخانەکان و چارەسەری نەخۆشییان و دابینکردنی ژیانی تەمەنی پیرییان.
• کۆمیشنی ئەورپا لەم ماوەی پێشوودا، قسەی لەسەر ئەوە دەکرد کە سکۆتلەند ئۆتۆماتیکی مافی چوونەناو یەکێتی ئەوروپای نییە.

راستییەکان:


• لە لایەن پەڕلەمانی بریتانییەوە (وێستمنستەر)وە چەند بەڵێنێک بە ھاووڵاتیانی سکۆتلەند دراوە و چەند تەماحێکیان خراوەتە بەردەم، گەر لەوێ دەنگ بە کەمپی 'نا' بدەن یا دەنگی تەواو بۆ جیابوونەوە بەدەستنەھێنن ئەمان دەسەڵاتی زیاتریان پێدەبەخشن.
• لە ھەقەتدا سامان و داھاتی خودی سکۆتلەند خۆی کافییە بەوەی کە خۆیان پێی بژین. بە گوێرەی ھەندێک لە تۆێژینەوەکان لە ئێستادا بەشێک لە داھاتی ئەمان بۆ بوجەی بریتانیا، دەڕوات. ھەر بە تەنھا لە بواری خواردن و خواردنەوەدا ٣٣٠ ھەزار کەس کاردەکەن و ٩.٢ ملیار پاوەندیش پەیدادەکەن کە لەمە ٣.٢ ملیار پاوەندی داھاتی ماسی و خواردنی دیکەی دەریاییە، ئەمە جگە لەوەی کە بڕیارە لە ٥ ساڵی ئایندەدا ڕێژەی کارگەران لەم بوارەدا بە بڕی ١٠ ھەزار کەسی دیکە، زیادببێت.
• بە بەراورد بە دانیشتوانی ئینگلەند بە بڕی ڕێژەی سەدی ،بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بیمەکان لە سکۆتلەند بەکاردەھێنرێت زیاترە لە بری ئەو پارەیەی کە کە بۆ ھەمان مەبەست لە ئینگلەند ،سەرفدەکرێت.
• لە سکۆتلەند، دانیشتوانەکەی لە ڕوی ژیانەوە لە ٤ بواردا ژیانیان باشترە لە دانیشتوانی ئینگلەند. یەکەم ، خوێندنی باڵاو دانشگا لە سکۆتلەند بۆ قوتابییانی خۆڕاییە. دووھەم، پارەی دەرمان بۆ کەسانی کارداریش ھەر بە خۆڕاییە. سێھەم ، مەڵبەند و سێنتەرەکانی چاوەێریکردنی پیرەکان و مانەوەیان، بە خۆڕاییە. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم سێ شتەی سەرەوە لە ئینگلەنددا بە پارەیە. چوارەم، کرێی ھاتووچۆ لە سکۆتلەند گەلێک ھەرزانترە تاکو بەشەکانی دیکەی بریتانیا.
• ئەلێکس سەلمەن سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند و وەزیری یەکەمی باڵای پەڕلەمانی سکۆتلەند ، پێداگری لەسەرە ئەوە دەکات کە : یەکەم باجی سەر کۆمپانیاکان بە ٣ پلە کەمتر دەکاتەوە لەوەی کە ئێستا لە بریتانیادا ھەیە ، دووەھەم دەیەوێت سکۆتلەندی داھاتو ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا. سێھەم دەیەوێت کە لە حاڵەتی دەولەتی سەربەخۆشدا ئەمان ھەر پاوەند دراوییان بێت، ئەمەش تاڕادەیەک یانی مانەوەی سکۆتلەند و پاشکۆبوونی بە ئابووری بریتانیاوە لە دانانی ڕێژەی سوو و ڕێژەی باج و بەستنەوەی بەو قەیرانە ئابوورییەی کە بریتانیای تێیدەکەوێت. چوارەم، ھەر وکو ئێستا وەلاو ئیتاعەیان بۆ شاژن و شای بریتانی دەمێنێتەوە. پێنجەم ، دەیەوێت ببێتە ئەندامی پەیمانی ناتۆ. شەشەم، پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند تا ئێستاش دژی بەرزکردنەوەی باجە بۆ ڕێژەی لە ٥٠٪ لەسەر دەوڵەمەندانی خاوەن داھاتی ١٥٠ ھەزار پاوند و سەرووتر لە ساڵێکدا.
• ھاتنەخوارەوەی بەھای پاوەند کە دراوی بریتانییە. لە ڕاستیدا لە ئێستادا نرخی پاوەند وەکو جاران نییە بە تایبەت ئەمە لە کاتێکدا کە کەلێنی نێوانی دەنگەکان لە نێوانی ھەردوو کەمپەکەدا، کەمتر دەبێتەوە.
• گەر سکۆتلەند جیابوونەوە بەدەست بھێنێت ئەوە ژمارەی پەڕلەمانتارەکانی پارتی کرێکارانی بریتانی (لەیبەر بە بڕی ٤١ پەڕلەمانتار لە پەڕلەمانی بریتانی ، وێستمنستەر، دادەبەزێت ، کە ئەمەش کارایی خۆی لەسەر ئەو سیاسەتانەی کە پارتی کرێکاران لە پەڕلەمانی بریتانیدا پشتگیرییان لێدەکات یا ڕەتیاندەکاتەوە، دادەنێت. پارتی تۆری، موحافیزین، لە دەنگدانەکەی ساڵی ٢٠١٠ دا کەمتر لە ١٧٪ی دەنگیان ھێنابوو ، ئەمەش یانی ئەوەی کە پارتی تۆری لە ژیانیدا ناتوانێت ببێتە فەرماڕەوا لە حکومەتی ئایندەی سکۆتلەنددا. ھاوکاتیش پارتی کرێکاران کە لە ھەمان دەنگداندا لە ٤٢٪ی دەنگیان ھێنابوو ، ئەمان لە دەنگدانی گشتی ساڵی ئایندەدا زۆربەی دەنگەکانیان لە دەستدەدەن، دەبنە کەمینە، ھەر ئەمەشە کەئەمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەدا شینی مانەوەی سکۆتلەند لە چوارچێوەی بریتانیادا، دەکەن..
• لە حاڵەتی جیابوونەوەی سکۆتلەند یا مانەوەیدا لە چوارچێوەی بریتانیادا ھێشتا کرێکاران و کارگەران و زۆربەی دانیشتوانەکەی خاڵی کۆمۆن، ھاوبەشیان لەگەڵ ھاوکار و ھاوپیشە و ھاوبژێوییەکانی دیکەی بەشەکانی تری بریتانیادا، زیاتر ھەیە تاکو دەوڵەمەندەکان و بزنسمانەکان و ئۆرۆستۆکراتەکانی ناو خودی شوێنەکانی خۆیان.


ئەگەر و سەرەنجامەکان لەنێوان ' ھەڕەشە' و ' ڕاستییەکان ':


ئەوەی ئاشکرایە ‌ ھەموو پرۆسەیەک لایەنی باش و خراپی خۆی ھەیە . جیابوونەوی سکۆتلەندیش بۆ خۆی لایەنی باش و خراپی خۆی ھەیە ، واتە لە ھەندێک ڕووەوە جیابوونەوەی باشترە و لە ھەندێک ڕوی دیکەوە ، مانەوەی لەگەڵ بریتانیادا باشترە. بەڵام بەڕای من جیابوونەوەی سکۆتلەند لە بریتانیا بە گوێرەی ئەم فاکتەرانەی خواەوە باشترە:


• بۆ لاوازکردنی پارتە سیاسییەکان و ناوەندگەرایی دەوڵەت " مەرکەزیەت". لە ھەموو حاڵەتێکدا ھەبوونی ئیختیار بۆ خەڵکی کارێکی باشە و ئۆتۆنۆمی باشترە لە نێوەندگەرایی. لە کێشەکانی دانیشتوانی سکۆتلەنددا، خەڵکانی ئەوێ دەبێت خۆیان خاوەنی بڕیارەکانی خۆیان بن تاکو کەسان و لایەنی دەرەوەی خۆیان، گەرچی ھێشتا کێشەی دەوڵەت و کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بەرەوامدەبن..
• مانەوەی سکۆتلەند لە چوارچوەی بریتانیادا دەبێتە ھۆی لە دەستدانی ئەو ٤ خاڵە گرنگەی کە لە سەرەوە ھێمام پێکردن سەبارەت بە ژیان لە سکۆتلەند بە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی بریتانیا. ھەر ماوەیەک لەمەوپێش بوو کە لە وێستمنستەر گەلێک لە پەڕلەمانتارەکان و ھەروەھا بزنسمانەکانیش، شالاو و فشاریان بۆ سەر پەڕلەمانی سکۆتلەند سەبارەت بەو ٤ خاڵەی کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن،دەبرد.
• ھەر لە ئێستاوە حکومەتی ناوەندی بریتانی بڕیاری گێڕانەوی ٢٥ ملیار پاوەند پارەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لە ساڵی دارایی نوێدا، داوە، کە ئەمەش تەنھا دەبێت بە بڕین و کەمکردنەوەی زیاتری بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران و داخستنی بەشەکانی دیکەی خزمەتگوزارییەکان یا کەمکردنەوەیان، کە بێ گومان سکۆتلەندەش پشکی خۆی بەردەکەوێت.
• بریتانیا و حکومەتی بریتانی شتێکی پێنەماوە و پێنییە کە بیدات بە ھاووڵاتیانی خۆی. بیمە و خزمەتگوزارییەکان و پارە بۆ خەڵکی خەریکە چۆڕایی دێت. بەڵگەشمان دابەزینی ئاستی ژیانی خەڵکیییە لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی پێشدەستپێکردنی قەیرانەکەی ٢٠٠٨.
• پارەیەکی بێ شوومار لە گەندەڵی و دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس و جەنگی ئەملاو ئەو لاو دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا دەڕوات.
• پاشکۆیی تەواوی سیاسی بریتانیا بۆ سیاسەتی ئەمەریکا ، کە ئەمەش نەک ھەر ئابوریییەن لە سەر ھاووڵاتیانی دەکەوێت بەڵکو مەترسی ژیانیشی لەسەر دانیشتوانەکەی دروستکردووە دەکات.
• سیاسەتی گرانکردنی نرخی خانووبەرەو بەرزکردنەوەی کرێی خانوو.
• بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی پێداویستییەکانی ژیان.
• گرانی کرێی ھاتووچۆ لە ناو سەرجەمی وڵاتانی ئەوروپادا.
• تەسکبوونەوەی ئازادییەکانی تاک و گروپ و پارتە سیاییەکان و مافی مانگرتن و خۆپیشاندان و قسەکردن و ڕادەربڕین. بەھێزکردنی زیاتری پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان لە دەسەڵاتدانی زیاتر پێیان بە ڕێگای یاسایی.
• بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و ژمارەی ھەژاران و لانەوازان و بەندییەکان و فراوانبوونی کەلێنی نێوانی ھەژاران و دەوڵەمەندان.
• بەتایبەتیکردنی ئەو بەشانەشی کە تا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان ، بەتایبەت بەشەکانی حاڵەتی فریاکەوتن و لە دایکبوونی منداڵان کە لە ھەندێک لە خەستەخانەکاندا داخراون و لە ھەندێکی دیکەشیاندا لەژێر ھەڕەشەدان. داخستن یا کەمکردنەوەی مەرکەزەکانی ئاگرکوژاندنەوەو دەرکردنی کرێکارکانیان و گۆڕینی ھەلومەرجی کارکردنیان.
• ھەبوونی زیاتر لە ١٠٤ دادگای شەریعە. ڕێگادان بە کردنەوەی قوتابخانەیەکی زۆری بیروباوەڕە دینییەکان، ھەر لە دینی ئیسلامی و مەسیحی تا دەگاتە جولەکە. واتە ھاندان و تەشەنەپێکردنی بیروباوەڕەکان کە مەترسی لەسەر کۆمەڵگەی ئێستاو ئایندەش دروستدەکەن. لە تەک ئەمانەشدا دروستکردنی قوتابخانەی ئەکادیمی و بەتایبەتیکردنی ھەندێک لە قوتابخانەکان.
• ڕێژەی کچانی تەمەن لەژێر ١٨ ساڵەوە کە خۆیان منداڵن کە دووگیانن یاخود منداڵیان ھەیە، بەڕێژەی سەدی ئەمەش بریتانیا لە بەرامبەر ھەمان گروپی کچاندا زۆر زیاترە لە ھەموو وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپا. ئەمە جگە لەوەی تا ئێستاش ٦٥ ھەزار کچ لەژێر ھەڕەشەی خەتەنەکردندا، دەژین.
• ژمارەی کاژێری کاتی سەرکار لە بریتانیادا لە ھەموو وڵاتانی ئەوروپا زیاترە، کە بڕی ھەفتانەی کاژێری سەرکار لە بریتانیادا بە ٤٨ کاژێر خەمڵێنراوە بەڵام ژمارەی ڕۆژانی پشووە فەرمەییەکانی ساڵانە لێرە، لە ھەموو وڵاتانی ئەوروپا، کەمترە..
• ڕێژەی گەندەڵی نێو پەڕلەمانتارەکان و ناو خودی کۆمەڵگەش یەکجار زۆرە و لە برەویشدایە.
__________________________
* ئەگەر بوار ھەبێت، لە داھاتوویەکی نزیکدا دەگەڕێمەوە سەر ھەندێک لایەنی ئەم بابەتە.
 

١٧\٩\٢٠١٤ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک