١٠\٤\٢٠٢١
بەرکوڵێک
لە مێژووی یەکگرتنی ئەڵمان.
- ئەزموون و وانەیەک، بۆ لێوە فێربوون -

هەڵۆ محەمەد
- بەشی (١-٢) -
لە
ساڵی ٩٦٢ ەوە دەسەڵاتی ڕۆمانی پیرۆزی نەتەوەی ئەڵمان/Heiliges
Römisches Reich Deutscher Nation بەرقەرار بووە. لەو کاتەوەی کە
قەیسەری ڕۆمانی پیرۆزOttos
der Große دەسەڵاتی گرتە دەست. پاشان لە
ساڵی ١١٥٧ وشەی پیرۆزی بۆ زیاد کرا و لەسەرەتای سەدەی ١٦ەوە وشەی
نەتەوەی ئەڵمانی بۆ ئەم دەسەڵاتە زیاد کرا. ئەم ڕایش/ ڕایخ ـ واتە
ئیمپراتۆری یاخود دەسەڵاتی ـ ئەڵمانی، ڕووبەرێکی فراوانی لە ئەوروپا
داگیر کرد بوو، کە وڵاتانی " ھۆلەندا، فەرەنسا، ئیتالیا، سلۆڤاکیا، چیک
"ی دەگرتەوە. لەم سەردەمانەدا ئەڵمانیای گەورە لە ھەزاران ھەزار
دەوڵەتۆکە و میرنشینی سەربەخۆ پێکھاتبوو.
ساڵی ١٥١٧ بزاڤی ڕیفەرماسیۆن بەسەرکردایەتی مارتن لوتەر/Martin Luther
١٤٨٣-١٥٤٦سەری ھەڵدا،کە بەگەورەترین بزاڤ و شۆڕش و وەرچەرخان دادەنرێت.
بیری سەروەریی ئەڵمانی ھەمیشە شێوەی ئیمپراتۆرێتی وەرگرتووە و ھەوڵی
داوە خۆی تێدا بنوێنێ. ئەمەش خەسڵەتێکی ئایینی ھەیە، ڕەنگە پەیوەندیدار
بێت بە گوزارشتی کاسۆلیکی سیاسییەوە. ئەم بیرۆکەیە نەبەستراوەتەوە بە
خاک و دەوڵەتەوە، بەڵکو وەک بیرۆکەیەکی کریستیانی خراوەتە سەرووی
پیرۆزی و گەورەیی پاشا و میرەکانەوە، ھەروەکو چۆن پاپا لە ڕووی
ڕۆحییەوە ئەمەی کرد. دواتریش وەک دەزانین نەتەوەی ئەڵمان بەسەر چەند
دەوڵەت و سنوورێکدا دابەش بوون.
ڕایشی ئەڵمانی زۆرینەیەکی کاسۆلیکی باڵی بەسەردا کێشا. ناوەڕاستی سەدەی
١٦ دوو ئاڕاستەی مەزھەبی لە نەتەوەی ڕایش دا"پرۆتستانی و کاسۆلیکی"
زیاتر زەقبۆوە و سەری ھەڵدا. کاسولیکی پرۆتستانی بە جادووگەر و ئەوانیش
کاسۆلیکیان بە بێباوەڕ تاوانبار دەکرد. دواتر لە کۆبوونەوەیAusburger
Religionsfrieden ١٥٥٥ کۆبوونەوەی ئاشتی مەزھەبی ئاوسبۆرگدا، چارەسەری
ئەمە بەوە کرا، کە ھەر پاشا و میرێک خۆی دەتوانێ لە سنووری قەڵەمڕەوی
خۆیدا بڕیار بدات، کامە مەزھەب پێڕەو بکەن. „cuius regio eius religio“
ئەمە دروشمەکەیان بوو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەش نەیتوانی ناکۆکییەکان
خامۆش بکات. لەم سەردەمەدا لایەنگرانی کاسۆلیکی، مارتین لۆسەری و
کالڤینستی J. Calvin ھەبوون. ھەموو دژ بەیەک بوون. دواتر دەسەڵاتی
کڵێسا ویستی خۆی نوێ بکاتەوە. ئەوە بوو لۆسەری و کالڤینیستی
ھاوپەیمانێتییان بەست دژ بە کاسۆلیکی کە بە یەکێتی پرۆتستانتی ناسراوە
و کۆمەڵێ میر و پاشایان دواکەوت و لەگەڵ ھەردوو وڵاتی ئینگلتەرا و
ھۆڵەندا،کە دژی پاپا بوون ڕێکەوتن. ئەو سەردەمە چ لێبووردەییەکی ئایینی
نەبوو. ھەموو ھەوڵ دەدرا بە شەڕ یەکلایی بکرێتەوە. کاسۆلیکەکانیش لە
ترساندا ھاوپەیمانێتییەکی سەربازییان بەناوی گرووپی کاسۆلیکییەوە
دامەزراند کە چەند پاشا و میرێک بوون و لەگەڵ قەیسەر و پاپاش دا
ڕێکەوتن. بەم شێوەیە ھێزە دەرەکییەکان دەستیان لە جۆشدانی ئەم شەقبوونە
وەردا، ھەر بۆئەوەی ئەڵمانیا گەمارۆ بدەن و نەبێتە ھێزێکی گەورەی
یەکگرتوو. ناکۆکی ئەم بەرەیە کاتێ تەقییەوە،کە نوێنەری قەیسەری
کاسۆلیکی لە شاری پراگی پایتەختی پاشانشینی بۆھمەنەکان، چیکی ئێستا بوو،
کە ناوەندێکی گرنگی ئاینی ڕایش ئەو سەردەمە بوو، لەلایەن
پرۆتستانتەکانەوە لە پەنجەرەوە فڕێ درایە خوارەوە. ئەم ڕووداوە بووە
ھۆی سەرھەڵدانی شەڕی ٣٠ ساڵە ١٦١٨-١٦٤٨، کاتێ کە دواتر بە ڕێکەوتنامەی
ئاشتی بەناوبانگی" ڤێستفێلیشە/ ویستفالیا"/ Westfälische کۆتایی ھات.
ئەم ڕووداوەش ھۆکارێکە بۆ درەنگ بە دەوڵەتبوونی ئەڵمانیا لە چاو
فەرەنسا و ئینگلتەرادا. زمانی نووسینی ئەڵمانی دوای وەرگێڕانی ئینجیل
لە لاتینییەوە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، لە لایەن مارتین لۆتەرەوە و
دواتریش دەرکەوتنی کۆمەڵێ ئەدیب و شاعیری وەک کلۆپشتۆک/ Klopstock و
بزاڤێکی ئەدەبی بەھێز لە شاری لایبزیگ تەواو گەشەی کرد و بەرەو چەسپان
چوو. لە سەدەی ١٩ەوە ئەڵمانەکان بە کولتوورنەتەوە/Kulturnation ناسراون،
چونکە لەسەر بنەمای کولتوور بەدەوڵەت بوون. پێچەوانەی فەرەنسا و
بەریتانیا کە بە دەوڵەت نەتەوە/Staatnation ناسراون، واتە بە ئامڕاز و
دەزگای دەوڵەت نەتەوەیان ساز داوە. ھەڵبەت ھەستی ھاوبەش و پێوەندارێتی
بۆ ڕایشیش کاریگەری لەسەر ئەڵمان ھەبوو. سەرھەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا و
شەڕەکانی ناپلیۆن، ڕاستەوخۆ کاریگەرێتی و ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی
ئەڵمان، لە ڕەھەندەکانی نەتەوەیی و سەربازی و ئەدەبی و سیاسییەوە دانا.
ھەر بۆ نموونە لە خێڕاییەکی چاوەڕواننەکراودا، ٣٦٠ دەوڵەتۆکە و ھەڕێم
بوون بە ٣٨ دانە و چەند میرنشینێکی کەم . نەک ھەر ئەڵمانیا بگرە
ئەوروپاش بەتەواوەتی دۆخێکی شڵەقاوی بەخۆیەوە دی. لە نێو ئەڵماندا
بزاڤە نەتەوەییە ئەدەبییە بەھێزەکە بەردەوام لەگەڕدا بوو لەسەر دەستی :
Klopstock ,Lessing, Goethe ,Wieland ,Herder, Leibniz، دواتر ئەم
بزاڤە ڕەھەندێکی سەروەری گەل و مافی مرۆڤیشی لەخۆ گرت. ئەگەرچی ئامانجی
سیاسی زەقیان نەبوو، بەڵام لەڕووی ئەدەبییەوە بە بیری نەتەوەیی داوای
دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتووی بەھێزیان دەکرد. لە نێوان ساڵانی١٧١١-١٧٦١
دا نزیکەی ١٨٢ گۆڤار دەردەچوو. پاشان کۆمەڵێ زانکۆی دیار دامەزرێندران،
لەوانە زانکۆی گۆتینگەن ساڵی Göttingen ١٧٣٧ ، کە کاری لەسەر بیری
ئازاد و پەروەردەکردن و کۆکردنەوە نووسراو/ بەئەرشیفکردن دەکرد. ئەم
زانکۆیە سەر بە میری ھانۆڤەر بوو، کە ئەویش ڕاستەوخۆ سەر بە پاشای
ئینگلتەرا بوو.
بە کورتی و کرمانجی ئەمانە گووژم و ڕەوتێکی تریان دا بە شۆرشە ئەدەبی و
فیکرییەکە. پێویستە بووترێ ئەو کۆمەڵە نووسەرەی سەرێ کەوتبوونە ژێر
کاریگەرێتی ژیانی لیبەراڵی سیاسی لە فەرەنسا و ئینگلتەرای ڕۆژئاوای
ئەوروپاوە. تەنانەت فەیلەسوفێکی وەک فیشتە Fichte سەرەتا کۆمەڵێ
نامیلکەی لەسەر شۆڕشی فەڕەنسا دەرکرد. بیتھۆڤن سەمفۆنیای بە ناوی
ناپلیۆنەوە نووسیوە.لایبنیتز بە فەرەنسی دەینووسی. فیشتە کە وتاربێژێکی
بەتوانا بووە، دواتر لە ڕێگای پێشکەشکردنی کۆمەڵێ وتار بۆ نەتەوەی
ئەڵمان، ڕۆڵی نەتەوەیی خۆی گێڕا،لە یەکێ لە وتارەکانیدا دەڵێ: "من ڕووم
لە ئەڵمانە بێ جیاوازی و من ئەو جیاوازی و دابەشکارییانە نێوان ئەڵمان
نابینم،کە بۆتە ھۆی شکستیان. من قسەدەکەم بۆ ئامادەبووان و ئەوانەی
ئامادەنین ،ھیوادارم دەنگم بگاتە دوا سنووری ئەڵمانیا". ھاوشانی فیشتە
قەشەیەکی تر بەناوی Schleiermacher وتاری لەدیدی ئاینەوە لەسەر شێوەی
فیشتە بۆ ئەڵمان و یەکگرتنیان دەدا. پاشان شیللەری شاعیر Schiller و
Kant کانتی فەیلەسووف بەرھەمەکانیان ئەگەرچی ئەمانیش دوور لە سیاسەت
بوون، بەڵام ھەرچی ئەڵمان ھەبوو شانازی پێوە دەکردن.
دوای ئەمانیش ھێگل Hegel ی فەیلەسووف کە بەشێکی زۆری فەلسەفەکەی لەسەر
فەلسەفەی نەتەوە و دەوڵەتە. وەرچەرخانێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا
و ھەموو جیھاندا کرد و ھەتا ئێستا تێزەکانی سەرچاوەی ئەم جۆرە باسانەیە.
" دەوڵەت واقعێکی ڕەھایە و تاک بۆ خۆی چ بابەتێتی و حەقیقەت و مۆڕاڵێکی
نییە، تەنھا مەگەر ئەندامی دەوڵەتێک بێت". دواتر پێی وایە دەوڵەت پێک
دێت لە سێ ڕەگەز و ھۆکار:" پاشا و ئەرستۆکراتی و دیموکراتی پەرلەمانی".
ھەروەھا لە گوتەیەکی دیکەیدا دەڵێ:" دەوڵەت لە بوونی خۆیدا بوونەوەرێکی
ئەقلانییە". " دەوڵەت ھەقیقەتێکی ئیرادەی گەوھەرییە"." دەوڵەت ھەقیقەتی
ئازادییەکی کۆنکرێتییە"،پاشان چەند نووسەری تر ھاتن وەک
مێژوونووسTreitschke و ناوەڕۆک و مانایەکی تری قووڵ و گرنگیان بەدەوڵەت
بەخشی. ھەموو دەیانویست بیری نەتەوەیی لەسەردەستی ئەڵماندا، زیاتر گەشە
بکات و ئەڵمان بێتە پێشەنگی ئەم بزاڤە. چونکە وەک ئاماژەمان پێدا لە
بنچینەدا بیری نەتەوەیی ئەڵمانی بیرێکی فراوانخواز بوو، لەبەرئەوەی
دەیانزانی میللەتی ئەڵمانزمان بە بەرفراوانی بەسەر چەند سنوور و
دەوڵەتێکدا دابەش بووە. بیری نەتەوەیی ئەڵمان دەیەوێ " مرۆڤ بکاتە
ئامڕازێک لە دڵی کۆمەڵدا و لە دەستی دەوڵەتدا و ھەروەھا دەوڵەت
بەھێزێکی گەورە ڕێکخراو بۆ کۆمەڵگا دادەنێ". لەڕاستی و گەوھەردا..
ڕزگارکردنی ئەڵمانیا بە بزاڤێکی نەتەوەیی دژ بە فەڕەنسا ھاتە دی و
پرووسیا پێی ڕابوو. واتە ئەڵمان وێنەی فەڕەنسایان کردە دوژمنە
باوەکوشتەکەی خۆیان و ئامانجی خۆیان لەسەر داڕشت و دەرئەنجام گەیشتنە
خەونەکەی خۆیان. ئەڵمان زۆر دابڕا و وابەستەی ناوچە و میر و پاشای
دەڤەرەکانی خۆیان بوون. زۆر ناوچەپەرست و ھۆگری سەرکردەکانیان بوون،
ئەمەش ڕۆحییەتێکی خراپی دەروونی لا ساز دابوون، کە بەدرەنگ و گومانەوە
لێک نزیک ببنەوە. لێ ئەوەی سەیرە ئەڵمان زۆر پابەندەی میر و پاشا و
سەرکردەی خۆیەتی . ئەمەش خاڵێکی نەرێنی ئەو سەردەمەی نێو ئەڵمانەکان
بوو،ھەر بۆیەشە نەیانتوانی یەکێتی نەتەوەییان لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێک
بھێنن. ئەم ھەقیقەتە بە ناسنامەی ئەڵمانییەوە لە سروودە
نەتەوەییەکەیاندا جوانتر بەرجەستە بووە،کاتێ لە بڕگەیەکیدا دەڵێ:"
ئەڵمانیا لە سەروو ھەموو شتێکەوە". واتە ئەڵمانیا لەسەرووی ناوچە و
پاشا و کڵێسا و میری ھەرێمییەوە. ئیدی بەم شێوازە و بەھۆی ئەم دۆخە
مێژوویی و سیاسییەوە، یەکێتی ناسنامە لە گەوھەری بیری ئازادی و بیری
نەتەوەیی ئەڵمانیدا وەک لای ئیتالییەکان نابینین.
پاشا Friedrich II لە دەڤەری پرووسیا ھەڵکەوتوویەکی سەربازی دەسەڵات
بەدەست بوو. گۆتەی شاعیر شیعری بەسەردا ھەڵداوە. لەم دۆخەدا پرسی
دامەزراندنی دەوڵەت وەک بیرۆکەیەک سەرھەڵدەدات، میللەتی ئەڵمان دەیویست
بگاتە ئامانجێک لەسەر ھەژماری تاک و ھەژماری ئیمپراتۆرێتیەکەی پێی
ناسرا بوون. ئەڵمانیا پێکھاتبوو لە ژمارەیەکی زۆری دەسەڵاتی بچووک
بچووک لە پاشا و میر و بنەماڵە و شاری کڵێسایەک و تاکە میرێک. ـ من لەم
نووسینەدا بە دەوڵەتۆکە ناویان دێنم ـ . بۆ نموونە دەوڵەتۆکە ھەبوو لە
تاکە شارێک پێکھاتبوو. ئێستاش بەرلین و ھامبۆرگ و برێمن یەک ھەرێمن و
لە یەک شار پێکھاتوون. ئەو سەردەمە تەنیا ھەرێم/ ویلایەتی پرووسیا
بنەمای دەوڵەتۆکەیەکی بەھێزی تێدا بوو. پاشا فریدریش بناغەیەکی چاکی بۆ
ئەم ھەرێمە بنیات نابوو، زۆر ئاوەدان بوو. ھێزێکی سەربازی بەھێز و
سەرکردەی بەھێزی ھەبوو، دەستەبژێرێکی زۆری ئەڵمانی تێدا کۆببۆوە و
خەونیان بریتی بوو لە دەست بەسەرداگرتنی تەواوی ئەڵمان بەڕابەرایەتی
پاشای پرووسیا. بیرمەند و تیۆریستی بەناوبانگی سەربازی کارل ڤۆن
کلاوزەڤیتست CARL VON CLAUSEWITZ ئاکادیمیای سەربازی کردبۆوە. گەورە
جەنەڕاڵەکانی ئەڵمان دەرچووی ئەم ناوەندە بوون. خاوەنی چەکی مۆدێرن و
پێشکەوتوو و سوپایەکی تۆکمە بوون. حکومەتی پرووسیاش بەردەوام چاکسازی
دەکرد لە بەڕێوەبردن دا. لەکاتێکدا کەسایەتی بەناوبانگ ،Wilhelm von
Humboldt کە کرا بە وەزیری پەروەردە و کاروباری ئاینی، وتی: " من
نەھاتووم کوڕی پینەدۆزێک بکەمە پینەدۆزێکی باشتر،من ھاتووم ھەمووان
بکەم بە ھاوڵاتییەکی چالاک". ناوبراو ئێستا کۆنترین زانکۆی بەرلین ھەر
بەناوی ئەوەوە ناونراوە. ئەم ھەرێمە بەتەواوەتی خۆی لە داگیرکاری
فەڕەنسا پاراست و سەربەخۆ مایەوە. ھەرێمەکە بووە جێی ھیوای زۆری
ئەڵمانەکان و کەسانی ھەڵکەوتووی جۆراوجۆر ڕوویان لەم دەوڵەتۆکەیە کرد
بۆ ژیان و کارکردن. لەم قۆناغەدا گەر ئەڵمانیا بە دۆخی لە ئیتالیا
بەراورد بکەین، ئەڵمان حاڵیان باشتر بوو، لە ڕووی سیاسی و نەتەوەییەوە،
کۆنفدڕاڵی جەرمەنی لە نێوان دەوڵەتۆکەکاندا ھەبوو. ھەروەھا لە ئەڵمانیا
دەوڵەتی بەھێزی پرووسیاش ھەبوو. لە ڕووی تایبەتمەندیشەوە، خەسڵەتی
تیۆریی نەتەوەیی ئەڵمانی وایە، « مرۆڤ دەکاتە ئامڕازێک لە دڵی میللەتدا
و بە دەستی دەوڵەتەوە».
قۆناغی پێش ئادار ١٨١٥ -١٨٤٨.
ئەڵمانیای فیدڕاڵی و ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی دوای سەرکەوتن بەسەر ناپلیۆن
دا لە شەڕی لاپزیگ دا لە١٦.١٠.١٨١٣ ،دا ھاتنە سەر شانۆی سیاسی بە سەنگ
و قورساییەکی تایبەت بە ھەڵکەوتی جوگرافی وڵاتەکەیان لەناوجەرگەی
ئەوروپادا و بەھێزی دەوڵەتی پرووسیا و ئەو ھەموو کەسایەتییە
بەناوبانگانەی لە ھەموو بوارەکاندا ھەیانە. ھەر زوو ئەڵمان بوونە
ژمارەکی گەورە لەتەک زلھێزەکانی ئەو ڕۆژگارەدا.
بۆیەکا لە کۆنگرەی ڤییەنا-Winner Kongress ساڵی ١٨١٤/١٥ بەتایبەت قسەش
دەربارەی بارودۆخی ئەڵمان کرا. بۆ ڕیکخستنەوەی ئەوروپا و وەستانەوە
بەرامبەر بە فەرەنسا.{{ ١ـ ڕیکخستنەوەی سیاسی ئەوروپا بەپێی پرنسیپی
ھاوسەنگی زلھێزەکان، ٢ـدیاریکردنی سیاسەت و ھەڵوێست بەرامبەر بە
فەڕەنسا.٣ـ وەستانەوە دژ بەھەر ھەوڵ و باوەڕێکی شۆڕشگێری}}. بەدیوێکی
تردا گەڕانەوە بۆ ژیانەوەی ڕەوایەتی سەردەمی پێش شۆڕش.وەک جاران
بەردەوامی ھاوکاری نێوان میر و پاشاکان لەنێوان خۆیان دا.
ئەندازیارانی کۆنگرەی ڤییەنا زلھێزە جیھانییەکانی ئەو سەردەمە «
قەیسەری رووسیا/Alexander I Zar و ڕاوێژکاری نەمسا/Metternich ووەزیری
دەرەوەی بەریتانیا/،Castlereagh وەزیری دەرەوەی , فەڕەنسا/،Talleyrand
ڕاوێژکاری پرووسیا/»Hardenberg بوون،کە بە گشتی گەمارۆی فەرەنسایان
دابوو.
ڕووسیا فینلەندا و بەشێکی پۆڵۆنیای برد، ئینگلیز سایلۆن و کاپ کۆلۆنی و
مالتا، نەمسا ھۆلەندە و بەشێکی ئیتالیا و بالکانی لەدەست دا، پرووسیاش،
چەند دەوڵەتۆکەیەکی ئەڵمانی دەست کەوت و فەرەنسا کەم و زیادی نەکرد و
بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ھێز وەک خۆی مایەوە بەرامبەر بە ڕووسیا.
ھەبوونی کۆنفیدڕاڵی ڕاین/ ڕاین بوند Rheinbund، کە لە ١٨٠٦ دروست
کرابوو ١٦ لەئەندام پێکھاتبوو، بە وازھێنانی قەیسەر Franz II ، لە
تاجەکە ، ئیدی قۆناغی مێژووی ، دەسەڵاتی پیرۆزی ڕۆمانی نەتەوەی ئەڵمان،
کە لە سەدەکانی کۆنەوە دامەزرا بوو ھەڵوەشایەوە و کۆتایی ھات. لە
کۆنگرەی ڤییەنا ڕێکەوتن لەسەر ئەوە کرا ئەڵمانیای فیدڕاڵ/ Deutschen
Bund دروست بکرێ. ئەمیش بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی ھەبێت لە بەرپەرچدانەوە و
سنووردارکردنی ھەڕەشە و مەترسییەکانی فەڕەنسا. لە ڕووی یاسای
نێودەوڵەتییەوە کۆنفیدڕاڵی نێوان چەند دەوڵەتۆکەیەک بوو. بەواتایەکی تر
یەکخستنی دەسەڵات و حوکمڕانی میرەکان بوو، لە چوارچێوەی سنووری ئەم
یەکگرتووە ئەڵمانییەدا . یەکێتی ئەڵمانیا ھەروەک دەسەڵاتی پیرۆزی
سەروەری ڕۆمانەکان بوو، زۆر لەیەک دەچوون. بەڵام لێرەدا دەسەڵاتی
کۆنفیدڕاڵییان زۆر کەمتر بوو لە جاران و دەسەڵات زیاتر لای چەند
دەوڵەتۆکەیەکی ئەندام بوو . یەکێتی ناوبراو نەمساشی تێدا جێگربوو، کە
ھەمیشە میر Metternich داوای ڕابەرایەتی و ئیمتیازی تایبەتی زیاتری بۆ
بنەماڵەی ھابسبۆرگ دەکرد و دەبوو قەیسەر لەم بنەماڵەیە بێت. یەکێتی
ئەڵمانی گرنگترین دەستگای، یاخود ئەنجوومەنی بریتی بوو لە پەرلەمان
بەناوی Bundestag. بارەگای لە شاری فرانکفۆرت بوو. پێکھاتبوو لە
نوێنەرانی دەوڵەتۆکە ئەندامەکانی یەکێتی ئەڵمان، لە ڕاستیدا نوێنەرانی
پاشا و میرەکان بوو. کە نەمسای ھابسبۆرگی و پرووسیای تازە ھەڵکەوتوو
بەھێزترین دوو ئەندامی بوون. لە ئەڵمانیا دەوڵەت یاخود دەسەڵاتێکی
ناوەندی نەبوو،٣ ناوەند نوێنەرایەتی ئەڵمانیای دەکرد، " ڤییەنا،
پرووسیا، فرانکفۆرت". ئەمەش لە بنەڕەتدا بۆ ئەڵمان گرفتاری زۆری لێ
دەکەوتەوە. میرەکان چ بەرنامەیەکیان بۆ یەکگرتنی ئەڵمانیا نەبوو، لەم
پرسە دودڵ بوون. دەترسان دەسەڵاتیان نەمێنێ یاخود کەم بکرێتەوە، بە
دەربڕینێکی تر سەرگەرمی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوون و توند دەستیان لێ
قایم کرد بوو. ئەوەتا شاری ناودار Ernst Moritz Arndt بۆ دۆخی
پارچەپارچە و ناوچەپەرستی ئەو سەردەمەی دەکاتە ئەڵمان و دەڵێ:
ئایا پرووسیا وڵاتە؟ ئایا شڤایبەن وڵاتە؟(...) نا، نا، نا وڵاتەکەی
پێویستە گەورەتر بێت!
بەڵام ھێزی خوێندکاران و توێژی کوڕەشاری لیبەڕاڵ/ بۆرژوازی لیبەڕاڵ، کە
زۆرینەی خەڵکی پێکھێنابوو، ھەڵگری خەونی یەکگرتنی ئەڵمانی بەھێز بوون.
بە ڕێکەوتن و بڕیارەکانی کۆنگرەی ڤییەنا ڕازی نەبوون بۆیە ھەر ئەوە بەس
نەبوو، کە بەبڕیاری یەکێتی دەوڵەتۆکەکان بکرێنە یەکێتی ئەڵمان، ھەر
ھەرێمێک دەستووری خۆی ھەبێت و لە ئاوازێک بخوێنێ. خەڵکە لیبەڕاڵە
بۆرژوا و خوێندکارەکان داوای دەستوورێکی سەرتاسەری و ئازادی بیڕوباوەڕ
و ئاینی و کەمینەکانی تریان دەکرد. ئەوە بوو دەستکرا بە گێڕانی چالاکی
جۆراوجۆر بە جلوبەرگی ڕەنگی" ڕەش و سوور و زیوی" یەوە، کە ڕەنگی
سوپایەکی ئازاد بوو بەناوی Lützower Freikorps خۆبەخشانە دژی ناپلیۆن
شەڕیان دەکرد. ئەمانەش پێیان وابوو دەستیان بڕدراوە و فێڵیان
لێکراوە،لە لایەن میرەکانی خۆیان و کۆنگرەی نابراودا. ساڵی ١٨١٩
ڕووداوێکی سەیر پێشھات، ئەویش کوشتنی شاعیر نووسەر و شانۆنووس و
دیبلۆماتکاری ئەڵمان August von Kotzebue بوو, کە زۆر شتی دژی یەکگرتنی
ئەڵمانیا بوو. کوشتنەکەی لەلایەن خوێندکارێکەوە بەناوی Karl Ludwig
Sand . ئیتر دۆخەکە ئاڵۆز بوو و پاشا و میرەکان لەترسی خۆیان کۆمەڵێ
بڕیاری توندیان بۆ قەدەغەکردن و ڕاوەدونانی خەڵک دەرکرد، زانکۆکان
کەوتنە ژێر چاودێری و ڕیکخراوی خوێندکاران قەدەغە کرا، کۆمیسیۆنی
سزادانی تاوانبارانیان دروست کردلە شاری ماینس. کە بە بڕیارەکانی
کارلسبادKarlsbader Beschluss /١٨١٩ ناسراوە. ئەم یەکێتییە بە قۆناغی
ململانێیەکی سەختدا تێپەڕی بە ھۆی ئەو دوو ناوەندەی پرووسیا و نەمساوە.
بەڵام میللەت تێڕوانینێکی ھەبوو بۆ یەکێتی ئەڵمان بەتایبەت لیبەڕاڵەکان
کە لەسەرەتای سەدەی ١٩ ببوونە ھەڵگری بیرۆکەی ناسیۆنالیستی ئەڵمانی و
بەردەوام لە لایەن میرە دواکەوتووەکانەوە ھەڕەشە و گوشاریان لەسەر بوو.
میللەت لە ھەموو بوارەکاندا کەوتە جۆش و خرۆش . لەسەر پێشنیاز و
داخوازی شاعیری گەورە Ernst Moriz Arendt ، داوای دروستکردنی
ڕێکخراوێکی نەتەوەیی کرد بۆ بایەخدان بە بۆنە و جەژنە تایبەتییەکان
بدرێ و چەند بکرێ خەڵکی لەدەوری کۆ بکەنەوە. ئەم ھەوڵی دژ وەستانەوە
بەرامبەر بە ھەوڵەکانی یەکگرتنەوە،بە چالاکی وەڵام دەدرایەوە. بۆنموونە
لە ساڵی ١٨١٧ دا ئاھەنگێکی گەورە لە Wartburgfest کرا کە زیاتر لە ٥٠٠
خوێنکار بوون داوای ئازادی و بەھا و ئابڕووی نیشتمانیان دەکرد. کۆمەڵێ
کتێبی نامۆی دژ بە یەکێتی نەتەوەییان گڕ تێبەردا. ئەمەش سەرەتایەکی باش
بوو بۆ تێکەڵی خەڵک و بەردەوامی بەرزکردنەوەی داوای یەکگرتن. لەو
سەردەمەدا زۆربەی زانکۆکان پڕ بووبوون لە خوێندکاری پرۆتستانتی،
توانییان جەژنی ناوبراو ڕێک بخەن. ئەم دیاردە بووە کێشە لە ئەڵمانیا و
وڵات کەوتە بەردەم دوو دابەشبوون و جیاوازی" سەروو و خواروو. پرۆتستانت
و کاسۆلیکی" . ھەوڵ دەدرا " ئیرادەی میرەکان نەبێتە یاسای میللەت،
بەڵکو دەبێ یاسای میللەت بێتە ئیرادە میرەکان". ئەڵمانیا بە سەردەمێکی
قورسدا تێپەڕین و گرتن و ڕاونان و ئەشکەنجەدان بووە کاری ڕۆژانە.
کاتێ « یەکێتی خوێندکاران»/ Burschenschaften کە خۆیان بە موڵکی ھەموو
ئەڵمان دەزانی و نەک ھی پاشا و میر و ناوچەیەک، بوونە بەشێکی کاریگەریی
بەشداری شۆڕش. توانیان پرۆفیسۆرەکانی زانکۆ و بزاڤێ ڕێکخراوی جومناستیک،
لەلایەن Friedrich Ludwig Jahn دژی Restauration و دژیZensur بەرپا
بکەن و ناڕەزاییەکان دەربڕن و بانگاشە بۆ ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو بکەن.
ھەروەھا ڕووداوێکی تری گرنگ Hambacher Fest ١٨٣٢ بوو . لێرە نزیکەی٠,٠٠٠٣
ھەزار کەس بەشداری کرد، لە خوێندکار و مامۆستا و پرۆفیسۆر و ئاکادیمی
بەرز و لیبەڕاڵە بۆرژواییەکان. بەشداربووان بە دەنگی بڵند داوای
یەکگرتنی ئەڵمانیایان دەکرد.
شایانی ئاماژە پێدانە پێکێنانی ڕێکخراو و کۆمەڵە و یانەی ھونەری و
ئەدەبی و وەرزشی ڕۆڵی گەورەیان دیوە لە مێژووی ئەڵمان دا. بۆ نموونە
یانەی جمناستیک، کە ئاماژەمان پێدا ساڵی ١٨١١ لە لایەن. Jahn لە بەرلین
دروست کرا ،بە ئامانجی ڕاھێنانی لاوان بۆ شەڕی ناپلیۆن/ فەرەنسا،
سەرەتا ٢٠٠ ئەندامی ھەبوو. ساڵی١٨٤٨ بوو بە ٩٠٠,٠٠٠ ھەزار ئەندام.
ڕێکخراوی گۆڕانیبێژ و کتێبفرۆشی . ئەو ڕۆژانە بارودۆخێکی ئابووری سەخت
و برسێتییەکی قورس باڵی بەسەر ئەڵمانیادا کێشا بوو. بێکاری زۆر بوو،
شۆڕشی پێشەسازی لە بەریتانیا بەتایبەت کەوتبووە گەڕ،مەکینە و ئامێرێک
ھێندەی دەیان جووتیار و کرێکار بەرھەمی بەرھەم دەھێنا. بەم سەردەمە
دەووترێ Pauperismus. ڕێکخراوی ڕیفۆرمی ئەڵمانی و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ
دروست کران جەماوەر ھەوڵی دەدات بە ھەموو شێوەیەک لە دەسەڵاتی میر و
پاشا کەم بکاتەوە و گەل بێتە سەرچاوەی دەسەڵات. ئاھەنگ و جەژن گێڕان
درێژەی کێشا و بۆ کەسایەتییەکانی وەک: مۆزارت لە سالسبۆرگ و گۆتە لە
فرانکفۆرت و باخ لە لاپزیگ و شیللەر لە شتوتگارت دانانی پەیکەرەکانیان
ئاھەنگ ساز کرا و بانگەواز کرا پیتاک بۆ ھەرێمی Schlesische-Holstein
کۆبکەنەوە، کە لە کێشەدابوون لەگەڵ وڵاتی دانیمارک. دانیمارک ئەم
ھەرێمانەی بەستبۆوە بە خۆیەوە. ئەم ئاھەنگانە پرۆسەی تێکەڵاوبوونی
زیاتر و کامڵبوونی ئینتگرەیشن بوو و جۆشدان و گەرمکردنی ھەستی نەتەوەیی
و شانازی ئەڵمان بوون. واتە ئەڵمان لەڕووی سیاسییەوە ھێندە لێک دابڕاو
بوون،بە ئاھەنگی ھونەری و وەرزشی ئەدەبی لێک نزیک بوون.
شایانی باسە دەبێت ئاماژە بە قۆناغێکی تری گرنگ بکەین،کە لە ساڵی١٨٣٠
لە وڵاتی فەرەنسا جارێکی تر شۆڕش سەری ھەڵدا . پاشا کارلی دەیەم،کە
دەیویست ڕەفتار بە بڕیاڕەکانی کۆنگرەی ڤییەنا بکات، بۆ گەڕانەوەی
سەروەریی و دەسەڵات و موڵک بۆ میر و پاشا و نەجیبزادەکان. گوشار و
ئەشکەنجەیەکی زۆر لەسەر خەڵکی دروست بوو. لەئەنجامدا ئەم دەسەڵاتەیان
ڕووخان. وەک ھەمیشە یەکەم پزیسکی شۆڕش و بەئاگاھاتنەوەی ئەوروپا لە
فەرەنساوە تیشکی داوەتەوە. ھەر بۆیە فەڕەنسییەکان لە مێژوودا بە
شۆڕشگێرتر و لیبەڕاتر و ئازادیخوازتر ناسراون.
ئەم شۆڕشە کاریگەرێتی لەسەر تەواوی ئەوروپا لەنێویاندا ئەڵمان دروست
کرد. لێرەش شۆڕش و ناڕەزایی و ھێزە لیبەڕاڵەکان پەیدا بوو
خۆپیشاندانیان دژی Restauration دژی چەوساندنەوە بۆ یەکێتی نەتەوەیی و
بۆ ئازادی و سەروەری نەتەوەیی بوو. یەکێتی ئەڵمانیا و ناسیۆنالیستی
ئەڵمانی. ھەروەھا ڕێکخراوی ئەڵمانیای لاو کە لەژێر کاریگەرێتی
بیروڕاکانی ماتزینی ڕابەری گەورەی ریسۆرگیمەنتۆی ئیتالی دا دروست کرا
بوو، زۆر چالاکی لە دەرەوە و ناوەوە دەکرد. تا ئێرە ئەڵمانیا لە نێوان
باکووری ئەڵمانیا ـ سەرووی ڕووباری ڕاین/ شاری ماینز ـ و باشووری
ئەڵمانیا و مەزھەبی کاسۆلیکی و پرۆتستانتی دابەش ببوو. بەکورتی ھەرگیز
لە دەمی میرەکان نەدەبیسترا بڵێن ئەڵمانیا نیشتمانمانە، ھەریەکەی
ھەرێمی دەوڵەتۆکەی/ باڤاریا، ھێسن، بادن ھەتادوایی... بە نیشتمانی خۆی
دەزانی. میرەکان گاڵتەیان دەھات بە چەمکی ئازادی و یەکسانی . ساڵی ١٨١٩
Friedrich List ، « کۆمەڵەی گشتی بارزگانی ئەڵمانی» دروست کرد. ١٨٢٥ «
کۆمەڵەی بۆرسە و کۆمەڵەی کتێبفرۆشی» لە شاری Leipzig دروست کرا. دواتر
« کۆمەڵەیەک بۆ مێژووی کۆنی ئەڵمانیا و کۆمەڵەی گۆرانیبێژانی پیاوان»
دروست کرا . چەندین ئاھەنگیان گێڕا و بەھەزاران ھەزار خەڵکیان لەدەوری
خۆیان خڕکردەوە. لە ئاھەنگەکاندا دروشم و بەیتی نەتەوایەتی دەووتراوە و
بەردەوام پیتاک بۆ ئەڵمانەکان کۆدەکرایەوە. بەکورتی کەشوھەوایەکی
نەتەوەیی دەبەخشرا بە چالاکییەکان و ھاوکاری ئەڵمانەکان کۆدەکرایەوە.
+ دوالیزمی ئەڵمانی و رێکخراوی باجی ئەڵمانی...
لە نێوانی پرووسیا و کایزەری نەمساویدا وەک دوو بەدەسەڵاتدارترین
دەوڵەتی یەکێتی ئەڵمانیای سەدەی ١٨ بوون گرژی و ئالۆزی ھەبوو. گرنگترین
ھەنگاوی گەوھەری لەم بوارەدا دامەزراندنی رێکخراوی گومرگی ئەڵمانی/
Deutscher Zollverein لە ١.١. ١٨٣٤ دا بوو لە نێوان ٢٨ دەوڵەتۆکەدا.
بەم ھەنگاوە گرنگە مێژووییە دەسەڵات و دامەزراوە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا
ھەموو ھەڵوەشانەوە و لابران. ھەناردە لە سنووری ئەڵمانی فیدڕاڵیدا لە
١٨٥٣-٥٦ لە ٣٥٦,٩ ملیۆن بووە ٤٥٦,١ Taler ملیۆن تالەر ـ تالەر دراوی
ئەو سەردەمە ـ . نەمسا لە ١٨٤,٣ بووە بە ١٥٠,٣ ،واتە کەم بۆوە.
گومرگی ناخۆیی و ڕێگرەکانی تر نەمان و بەخێرایی بازاڕێکی ئابووری
ھاوبەشی ناوخۆیی دروست کرا. بۆ نموونە گەر کاڵایەک لە فرانکفۆرتەوە
بچوایە بۆ ھامبۆرگ، چەند جارێ گومرگ دەکرا. بازرگانەکان دەبوو چەند
جارێ دراو بگۆڕنەوە. بوتڵێ بیرە لە فرانکفۆرت ھەمان نرخ و نۆرم و
قەبارەی بوتڵە بیرەیەکی لە ھامبۆرگ نەبوو. ئەمانە ھەمووی سەرئێشە و
گرفتاری ئەو ڕۆژگارەی بازرگانی و ئابووری بوون. سەرمایەدار و خاوەن
کارخانەکانیش لە ڕووی بەرژەوەندی و قازانجەوە ئەم دەستکەوتە گەورەیەیان
پێ خۆش بوو. دەیانتوانی پشتیوانی پیشەسازی ئەڵمانی لە دەرەوەش بکەن.
ئەنجامدانی ئەم کارەش لەژێر دروشمی:" ئەم ڕێکخراوە کارێکی سیاسیی نییە،
بەڵکو باجە و ئەمەش کاری کەسانی سیاسی نییە، بەڵکو کاری بەڕێوەبەرایەتی
و دەزگاکانی تری پرووسیایە". کرد،تا ترسی خەڵکەکەی پێ بڕەوێننەوە.
ڕۆمینی بەرپرسی کاروباری فەڕەنسا لە ئەڵمانیا لەبەرامبەر ئەم ھەنگاوەی
یەکخستنی گومگرگدا دەڵێ:" ئەم یەکگرتنە گەورەترین ڕووداوە، لە ئەڵمانیا
لەدوای سەردەمی چاکسازی ئاینییەوە. ئەم یەکگرتنە بایەخی زیاتر دەدات بە
پرووسیا".
بە کورتی پرسی ئابووری ڕۆڵێکی یەکجار گەورە و گرنگ لە مێژووی یەکگرتنی
ئەڵمانیادا دەگێڕێ و ڕەنگە ھەر ئەم ئەقڵە ئابووریەش بێت، وای کرد بێت،
ھەتا ئێستاش باری ئابووری ئەڵمان لە جیھاندا لە لووتکەدایە. جێی ئاماژە
پێدانە، نەمسا لایەنێکی ئەم ڕێکخراوی گومرگە نەبوو. بەم شێوە پرووسیا
توانی دەسەڵاتی خۆی لەنێو یەکێتی ئەڵمان دا فراوانتر و قایمتر بکات.
وەک دەبینن لە ئەزموونی ئەڵمان دا یەکێتی ئابووری پێش یەکێتی سیاسی
ھاتە گۆڕێ و بە گشتیش ئەم فاکتە ئابوورییە دواتر ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە
پرۆسەی یەکگرتنی ئەڵمان دا.
ئەم دیاردەیەش لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتی شۆڕشی پیشەسازیدا باش ھاتەوە و
وەک ئاماژەمان پێدا، خاوەن کار و سەرمایەدارەکانی ئەڵمانیا پێویستیان
بە ئەڵمانیایەکی یەکگرتوو بوو تا بتوانن وەک پێویست گەشە و بە خزمەت و
ئامانج بکەن. بە خۆڕایی نییە جۆن کەینس دەڵێ: "یەکێتی ئەڵمانیا بە خوێن
و ئاسنەکەی بسمارک نەھاتۆتە دی، بەڵکو بە خەڵووز و ئاسن ھاتۆتە دی".
یاخود وەک جۆن بروڵی دەڵێ:" تاکە شتێکی شۆڕشی پیشەسازی بۆ ئەڵمانی کرد
بێت، ئەوە بوو کە کۆچ و باری زۆری پێکردن لەناوخۆدا بۆ تێکەڵاوبوون
لەگەڵ یەکتردا(...) تا دەڵێ: ئەم دیاردەیە تاکە شتە ھانی سەرھەڵدانی
شناسنامەیەکی نیشتمانی نوێی دابێت".
ئاخر ھەقێتی وا بڵێ،چونکە لە ٧.١٢.١٨٣٥ دا یەکەم ھێڵی ئاسنین لە
ئەڵمانیادا کە درێژییەکەی ٦km بوو لە نێوان شارەکانی Nürnberg & Führt
دەھات و دەچوو. لەبەرامبەردا ئینگلتەرا خاوەنی ٥٤٤km, فەڕەنسا ١٤١km و
بەلژیکا ٢٠km. کەچی دەیەیەک وەرنەچەرخا، ساڵی ١٨٤٨ ئەڵمانیا بووە
خاوەنی ٥,٠٠٠km دوو ھێندەی فەڕەنسا.
دیارە ھەوڵ و تێکۆشان بۆ یەکگرتنەوە پرسێک نییە بە ئاسانی تێپەڕیبوو
بێت و ئەڵمانیش تاکە نەتەوە نین بە خول و وێستگەی جیاجیای جیاوازی و
پێکداھەڵپژان و بوونی بیروڕای جیاوازدا ھاتبن. لەم دۆخەدا کە خەونی
گەورە یەکگرتنەوە بووە، کەچی گرووپێکی کەمینە کە بە بزاڤی ناڕەزایی
ناسراون دێنە مەیدان دەڵێن: یەکگرتن بێ ئازادی چ بەھایەکی نییە و
نامانەوێ.
لە ١٨٤٩ بەتەواوی مۆرکی ململانێیەکی نێگەتیڤی نێوان ئەم دوانەی بەخۆوە
گرت . کێشەی سەرەکی بریتی بوو لە:
+ ناوچەی ،Schlesisch, Holsten ,Lauenburg سێ شەڕی لەسەر کرا تا دواتر
ھاتەوە سەر ئەڵمانیا.
+ نەمسا داوای ڕابەرایەتی و ئیمتیازی زۆری لە دۆیچەبوند دەکرد بۆ
قەیسەرەکەی.
ئەوە بوو ساڵی ١٨٦٦ لەسەر دەستی بسمارک کۆتایی بە یەکێتی ئەڵمانیا ھات،
بەڵام کۆتایی نەھێنرا بە یەکێتی نەتەوەیی نەجیبزادە گەورەکانی ئەڵمانیا.
چونکە دەرکەوت دەوڵەتسازییەکی ئەڵمانی بێ بەشداری و کاریگەرێتی میرەکان
مەحاڵە. دەتوانین ئامانجە نەتەوەییەکانی ئەو سەردەمە لەم خاڵانەدا
بخەینەڕوو:
١ـ نەتەوەسازی : خۆدۆزینەوەی ئەڵمان وەک نەتەوەیە. لە ڕێگای ھاندانی
زیاتری ھوشیاریی نەتەوەیی لە نێوان تەواوی دەستە و گروپەکانی گەل دا...
لە ڕێگای دروستکردنی کۆمۆنیکاسیۆن/ ڕاگەیاندن و گواستنەوە و رێکخراو لە
چوارچێوەی مەسەلە نەتەوەیی و بەخشندەییە نەتەوەییەکەدا.
٢ـ دیموکراتیزەکردن: بەرەوپێشبردنی سیاسەتی نەتەوەیی بۆرژوازی بۆ
بەدیھێنانی ئازادی و مافی بەشداری قسەکردن.
٣ـ دەوڵەتسازی نەتەوەیی.. پێشتر ئاماژەمان بەوە دا پەرلەمان دەسەڵاتی
بەسەر تاکەتاکەی دەوڵەتۆکەکاندا نەدەشکا. یەکێتی ئەڵمانیا تاکە خاڵی
بچوک بوو کە ئەڵمانیای فیدڕاڵ ، واتە کە میرەکان بتوانن لەسەری ڕێک
بکەون . بەتایبەتی پاشای پرووسیا و قەیسەری ئاوستریا/ نەمسا کە
ھەردووکیان بەناوی قەڵەمڕەوی خۆیانەوە نوێنەر بوون لەم یەکێتییەدا. ئەو
ڕۆژانە قەیسەر و ڕایش دوو تایتڵی جێی باس بوون. دەوڵەتی نەتەوەیی قسەی
لێ نەدەکرا تەنانەت لەکاتی شۆڕشی ١٨٤٨ شدا. دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەوە
ساز بوو چۆن فیدڕاڵی ئەڵمانی لە ڕووی سیاسییەوە شکۆی بدرێتێ یاخود بە چ
میکانیزمێ یەکێتییەکی ئەڵمانی قوڵتر بەدەست بێت و خەونی یەکگرتنەوەی
تەواوی ئەڵمانیا بھێندرێتە دی. ئەم ھەوڵ و ئاواتە بەھۆی
بەرژەوەندپەرستی تاکەتاکەی پرووسیا و ئاوستریاوە شکستی خوارد.
یەکێتی نەتەوەیی لە ساڵی١٨٤٨/٤٩ دا شکستی ھێنا...
جارێکی تر لە پاریس شۆڕش سەری ھەڵدا و پاشای Louis Philippe، کە
فەرەنسییەکان ساڵی١٨٣٠ دوای دەرپەڕاندنی پاشا کارلی دە/ Karl X
ھێنابوویانە سەر دەسەڵات، ڕووخانیان و کوشتیان و بانگەوازی کۆمارییان
کرد. بەم ھۆیەوە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا و ڕۆژئاوا
شۆڕش بەرپا بوو، بەتایبەت لە ئیتالیا و ئەڵمانیا، کە لێکچوونی زۆری
ھاوبەشیان ھەیە. ئەڵمانەکان بە چاولێکەری فەرەنسا، شۆڕش و ڕاپەڕینیان
لەتەواوی شارەکاندا دەست پێکرد. سوپای دەوڵەتۆکەکان بەگشتی لایەنگری
شۆڕشگێڕان بوون. شۆڕشی ناوبراو ٣ ڕەھەندی ئابووری و سیاسی و کولتووری /
ئەقڵی ھەبوو. شۆڕشی پیشەسازی بوو بە دروستکردنی ھێڵی ئاسن. ھەردوو
دەوڵەتی بەریتانیا و بەلژیکاش ڕۆڵی ئەرێنیان تێدا گێڕا بەتایبەت بۆ
خاوەن سەرمایە و کارگە و پیشەکاران ، ئەمەش پرسی کۆمەڵایەتی نوێی لەگەڵ
خۆی ھێنا. بەھۆی شۆڕشی ئازاری ١٨٤٨ وە میرەکان ناچاربوون دەستبەرداری
زۆری ئیمتیازەکانیان بن و ددان بنێن بە میللەت دا کە بۆیان ھەیە بێنە
ناو دەسەڵاتی داھاتووەوە. داوا دەکرا یەکێتی ئەڵمان گۆڕانکاری تێدا
بکرێ. لە ١٨.٥.١٨٤٨ لە Paulskirche پەرلەمانی کڵێسای پاول لە فرانکفۆرت
دەبوو ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.. لێرە شاندەکانی دەوڵەتۆکەی ئەڵمان
کە نزیکەی٦٠٠ کەس بوون کۆبوونەوە،کە زۆربەیان خوێندکار و ئەکادیمی بوون
و کەسانێکی کەمی پشەورەریان تێدا بوو. کرێکار و ئافرەت لێرەدا بەشدار
نەبوون. ھەر بۆیە دواتر ناونرا پەرلەمانی پرۆڤیسۆرەکان. بۆ گەڵاڵەکردنی
دەستوورێک. دوای ئەوەی نوێنەری پەرلەمانی کۆنگرەی نەتەوەیی لەتەواوی
ناوچەکانی ئەڵمانیا بە ئازادانە ھەڵبژێردران دەستیان کرد بە نووسینی
دەستوورێکی ئەڵمانی.
بۆ یەکەمجار بوو لێرەدا ئەڵمانەکان ھەستی ئەڵمان بوون وەک نەتەوەیەک
لای دروست بێت. ڕێکخراو و سەندیکا و یانەکان ڕۆڵێکی باشیان لە شۆڕشی
ناسراو بە شۆڕشی پێش ئادار دا گێڕا .ئەم ھەموو گۆڕانکارییە، ویست و
خواستی ئەڵمانی بۆ یەکگرتن خامۆش نەکرد. بۆیە چەند بەرپرس و سەرۆکێکی
شۆڕش و ڕاپەڕینەکە لە شاری ھایدلبێرگ Heidelberg کۆبوونەوە و داوای
ھەڵبژاردنێکی ئازادیان دەکرد بۆ نووسینەوەی دەستوور. ئەوەش بۆ یەکەم
جار لە مێژووی ئەڵمانیادا ھاتە دی.
ھێزە بەرچاوەکانی ئەم قۆناغە و ئامانجە نەتەوەییەکان بریتی بوون لە:
+ کۆنزەڤاتیزم: خۆیان و ڕێکخستنەکانیان بۆ بەرگری لە شۆڕشی نەتەوایەتی
و ، ھەندێک لەمانە داوای دەوڵەتێکی فیدڕاڵی پاشاییان دەکرد بە
دەستورێکی فیدڕاڵییەوە.
+ لیبەڕالیزم : کەسەکانی ھەمووی خوێنەوار و بە ئەزموون بوون دەیانویست
لەگەڵ میرەکاندا دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەستووری نەتەوەیی بە سەرۆکایەتی
پاشا لەسەری سەرەوە دابمەزرێنن. دیارە جەختیشیان لەسەر مافی ھاوڵاتێتی
و کرانەوەی دەسەڵات بەڕووی ناوەوەو و دەرەوەدا دەکرد.
+ کاتۆلیزم: داوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی فیدڕاڵیان دەکرد ڕووە و ڕایشی
ڕۆمانی پیرۆز.
+ بزاڤی دیموکراتی: ھێزی پێشڕەو بوون لە زۆر بواردا دروشمی سیاسی
نەتەوەیی سەرەکییان سەروەری گەل بوو. تێدەکۆشان بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی
پەرلەمنتاری تەنانەت کۆماریش. بۆ یەکسانی ھاوڵاتی نەھێشتنی نەجیبزادەیی
و داوای مافی کەمەنەتەوەیی و ئاینییەکانیان دەکرد.
+ بزاڤی ژنان: ئاڕاستە و خواستیان زۆر لە دیموکراسەکانەوە نزیک بوون.
لە گەوھەردا کۆبوونەوەی دەکرێ لەم چەند خاڵەشدا کۆبکرێتەوە:
+ فۆرمی دەوڵەت،پاشانشینی بێت،بە میرات،یاخود ھەڵبژاردن، یان کۆماری
بێت.
+ سنووری دەوڵەت ئەڵمانیای گەورە بە نەمساوە ،یاخود بچووک بێ نەمسا.
+ ڕێکخراوەکانی دەوڵە، دەوڵەتی ناوەندی،یان فیدڕاڵی یاخود کۆنفیدڕاڵی.
+ مافی ھەڵبژاردن ئازاد و کراوە بێت بۆ گشت لایەک،یاخود ھەڵبژاردن بە
سانسۆرەوە ئەنجام بدرێ.
دیارە ئەم ھەنگاوەش کارێکی ھێندە ئاسان نەبوو.. وەک پێشتر باسمان کرد
کێشەکە لەوەدا بوو ئایا یەکگرتنێکی گەورە یان بچووک پێک بھێنن. لەسەر
ئەم پرسە بێنەوبەرە و مشتومڕێکی زۆر دەکەوێتە نێوان نوێنەرانەوە و
باسەکە درێژەدەکێشێ و دەرئەنجام بڕیار دەدەن بۆ: پێکھێنانی یەکگرتنی
ئەڵمانیای بچووک. پێویستە ئەڵمانیا دامەزراوەیەکی پاشایی بێت بە
کاراکتەری فیدڕاڵییەوە و بە سەرۆکایەتی فریدریش فیلھێلمی چوارFriedrich
Wilhelm IV. . ئەم پاشایە پێی خۆش بوو .دەیویست ھەروەک پاشای پرووسیا
بمێنێتەوە و تاجی ئەڵمانی ڕەت دەکاتەوە. ئەمەش نیشانی دا کۆنگرەی
نەتەوەیی پرۆژەیەکە بۆ یەکێتی ئەڵمانیا شکستی خوارد١٨٤٨ .. ئەوە بوو
دواتر بە زەبری ھێز و چەک کۆنگرەی نەتەوەیی ناوبراو ھەڵوەشایەوە
دەرکەوت " یەکگرتنی ئەڵمانیا لە خوارەوە بۆ سەرەوە سەرناگرێت"، واتە
یەکێتی لە نێو میللەتەوە نەگەیشتە ئامانج...جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە
بکرێ بەشێکی باشی ئەو بڕگە و پەڕەگرافانەی ئێستای ئەڵمانیا ھی ساڵی
شۆڕشی ناوبراوە،کە ئێستا نزیکەی ١٧٠ بەسەردا تێپەڕیوە. یەک لەوانە
تێکستی سروودی نەتەوەیی ئەڵمانیایە، کە ھی شاعیر Hoffmann Fallersleben
و ساڵێ١٨٤١ نووسیویەتی و شاعیر لایەنگری سەرسەختی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو.
کە ھاوار دەکات: " ئەڵمانیا لەسەروو ھەموو شتێکەوە. بڕگەیەکی تری
بریتییە لە :" یەکگرتن و دادپەروەری و ئازادی بۆ نیشتمانی ئەڵمان".
+ یەکگرتن لە سەرەوە بۆ خوارەوە (Otto von Bismarck).
دوای شکستی شۆڕش و کۆنگرەی نەتەوەیی لە ئەڵمانیا١٨٤٨/٤٩ جارێکی
ترRestauration ئەشکەنجە و ڕاوەدونان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان
دەکەوێتەوە کار. پاشا و میرەکان حەزدەکەن ببنەوە بە خاوەنی دەسەڵاتەکەی
جارانیان. کۆتایی ١٨٤٩ و سەرەتای ١٨٥٠ لیبەڕالیزم ڕووداوێکی تری
تەکاندان و جۆشدانی بەخۆیەوە دی « ڕێکخراوی نەتەوەی ئەڵمان/» Deutsche
Nationalverein دامەزرا. ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی بچووکی ئەڵمانی
بەسەرۆکایەتی پرووسیا و پاشاکەی وەک وڵاتی بەریتانیا بتوانرێ لەلایەن
پەرلەمانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێ. پاشای پرووسیا Wilhelm I،ئەمەی پێخۆش نەبوو.
بۆ ئەوەی خۆی لەم گرفتە ڕزگار بکات ئۆتۆ ڤۆن بسمارک Bismarck ١٨٦٢ ی
وەک سەرۆک وەزیرانی پرووسیا دەسنیشان کرد و دەستبەکار بوو. بسمارک
پیاوێکی خاوەن بیری سیاسی و ستراتیژ بوو، لێھاتوو و تێگەیشتوو بوو،
دەیزانی خەبات و تێکۆشانی گەل بۆ دەسەڵاتی زیاتر و بەشداری لە بڕیاردان
بە سانایی کۆتایی نایەت. بۆ خۆیشی یەک ئامانجی لە مێشک و بەرچاودا بوو،
یەکگرتنی ئەڵمانیا. بۆیە خێرا سەرنجی میللەتی بۆ پرسی یەکگرتنی
ئەڵمانیا ڕاکێشا. بە خێرایی کەوتە جێبەجێکردنی پلانەکەی خۆی و بسمارک
بۆ یەکێتی ئەڵمانیا بە پەرۆش بوو، دیارە بەو شێوەیەی بە قازانجی
پرووسیا بشکێتەوە . کانسلەری/ ڕاوێژکاری پۆڵاین بسمارک نەخشە و
بەرنامەی خۆی ھەبوو:
١ـ چەکدارکردن و پۆشتەوپەرداخکردنی سوپا.
٢ـ بەدوای گونجاوترین بیانوودا بگەڕێ، بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕ دژ بە نەمسا
و دەرپەڕاندنی یەکجارەکییان لە فیدڕاڵی ئەڵمانی دا.
٣ـ ھەڵوەشاندنەوەی فیدڕاڵی ئەڵمانی Deutsche Bund.
٤ـ زاڵبوون بەسەر دەوڵەتۆکە بچووک و مامناوەندییەکاندا، تاوەکو پرۆسەی
یەکێتی نەتەوەیی لەژێر سایەی پرووسیادا بەدوا ئاکام بگەیەنێ.
ئەڵمانیای ئەو ڕۆژگارە ١٨٥٠نزیکەی ١٥٠٠ گۆڤار و ڕۆژنامەی لێ
دەردەچوو.پاش ماوەیەک دەگاتە چوار ھەزار. دەیان ھەزار خوێنکاری ھەبوو،
خاوەنی چەندین زانکۆی بەناوبانگی بوو لەسەر ئاستی جیھان،خاوەنی
ڕێکخراوی گومرگ بوو کە ١٨ دەوڵەتۆکەی لەخۆیدا کۆکردبۆوە.
+ شەڕی براکوژی ئەڵمانی و فیدڕاڵی ئەڵمانیای باکوور .
ساڵی ١٨٦٤ دانیمارک بەنیاز بوو Schlesisch بخاتە سەر وڵاتەکەی خۆی و
پاشای دانیمارک Christin٩. دووناوچە Holstein، Lauendburg یاسا و
دەستووری خۆیان بەسەریاندا بسەپێنێ. ئەمش قبوڵ نەدەکرا، چونکە ئەو
ناوچانە بە بەشێک لە نیشتمانی ئەڵمان تەماشا دەکران. خێرا ئەمە لەلایەن
پرووسیاوە قۆسترایەوە و بێ پرسی پەرلەمان بسمارک ھێزی نارد بۆ سەر
دانیمارک. ھێزەکانی نەمسا و پرووسیا لەشەڕێکدا دانیماریان بەزاند و
ناچاریان کرد واز لەم ھەوڵ و چاوچنۆکییەی بھێنێ. ڕێکەوتننامەی
گاسشتانەرGasteiner ١٨٦٥ پێک ھات. بەم پێیە شلێسلیش لەلایەن پرووسیاوە
بەڕێوە ببرێ و ئەوی تری لەلایەن نەمساوە. لەگەڵ بەدەستھێنانی ئەم
دەستکەوتەشدا، ھێشتا ئەم دوو ھێزە ھەر ناکۆک بوون لەگەڵ یەکتردا. دەبوو
ئەم ململانێیە یەکلایی بکرێتەوە، تا لە ساڵی ١٨٦٦ دا بسمارک توانی لە
شەڕی Königgrätz بەسەر نەمسادا سەربکەوێت و ھەر شتێ بۆ واڵا بێت.
بسمارک بۆ ئەم شەڕە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیتالیادا کرد. ئیتالیاش بۆ خۆی
دژ بە نەمسا بوو، لەبەرئەوەی بەشێکی وڵاتەکەی داگیر کرد بوو. ئەم شەڕە
لە مێژووی ئەڵمان دا بە " شەڕی براکوژی" ناوی دەرکردووە. ھەر سێ
زلھێزەکەی ئەو ڕۆژگارەی ئەوروپا. رووسیا، فەڕەنسا و ئینگلتەراش ڕۆڵیان
گێڕا لەم شەڕ و ئاشتییەدا.
لە ئاکامدا ڕێکەوتننامەی ئاشتی پراگ ھاتە کایەوە. دەرئەنجامی ئەم
ڕێکەوتنە کۆنفیدڕاڵی ئەڵمان ھەڵوەشایەوە. بۆیە پێویست بوو نەمسا
ڕەزامەندی بدات بەرامبەر بە دروستکردنی فیدڕاڵی ئەڵمانی
باکوورNorddeutsche Bund . بەمەش ھەر ٢٢ دەوڵەتۆکەکەی باکووری ئەڵمانیا
لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیدا یەکگرن. ڕووسیا پێشنیازی کرد،
چوار دەوڵەتۆکەی باشوور، باڤاریا/ بایەرن، بادن،ڤوتەنبێرگ و بەشێکی
ھێسن، سەربەخۆ بمێننەوە. بۆیە بسمارک نەیتوانی دەست بەسەر باشووردا
بگرێ. جگە لە ڕێکەوتنامەیەکی بەرگریی ساڵی ١٨٧٠ لە نێوان دەوڵەتۆکەکانی
باکوور و باشووردا، ھیچ پەیوەندییەکی تری سیاسی باکوور و باشووری
ئەڵمانیای پێکەوە نەدەبەست. بەپێی ئەم ڕێکەوتنامەیە، پێویست بوو لەسەر
ھەر لایەکیان،گەر تووشی ھەڕەشە و شەڕ بوون، لایەنەکەی تر بێتە ھانایەوە.
دەوڵەتۆکەکانی باشوور زیاتر لەژێر ھەژموونی ئیمپراتۆرێتی ھابسبۆرگدا
بوون. بسمارک دەستی کرد بە گفتوگۆ و گرتنەبەری چەندین شێواز بۆ
ڕازیکردنی پاشاکانی ئەم دەوڵەتۆکانە،بۆئەوەی بێنە پێشەوە بۆ یەکگرتن.
خۆ دەیتوانی بەشەڕیش داگیریان بکات و ھەندێ دەستکەوتی تر بەدەست بھێنێ،
لێ وەک سیاسەتمەدار و دیبلۆماتێکی گەورە و کاریزمایی، میتۆدێکی تری
گرتە بەر. خەونی یەکگرتن، کە دوا ئامانجی بوو لە ھەر شت زیاتر بەلاوە
پیرۆز بوو. بۆیە بەردەوام لە کاردا بوو بۆ گەیشتن بە دوا قۆناخی
سەرفرازی. دواجار بۆ ڕازیکردنی پاشای بایەرن، بسمارک دەیزانی پاشای
ناوبرا زۆر حەزی لە کۆشک و تەلار و شوێنی ڕازاوەی تایبەتە و حەز دەکات
خۆی پێ ھەڵداتەوە، بۆیە بڕیاری دا گرانترین و جوانترین و بەناوبانگترین
کۆشکی ئەو سەردەمەی بەناوی Schloss Neuschwanstein بۆ بکڕێ بە ٥,٢
ملیۆن مارکی زێڕ،کە دەکاتە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆی ئیمڕۆ. ئەم
کەینوبەینە دوای نزیکەی ١٠٠ساڵێ لە ١٩٦٨ ئاشکرا بوو لە ڕێگەی نامەیەکی
پاشای نابراو بۆ بسمارک. بەم جۆرە تا دەھات نەمسا کاریگەرێتی لەسەر
دەوڵەتۆکەکانی ئەڵمانی کەم دەبۆوە. بەم پێیە حەز و ویستەکانی بسمارک
ھاتە دی لە دەرپەڕاندنی نەمسا و ھەڵوشاندنەوەی فیدڕاڵی ئەڵمان/
Deutsche Bund و پێکھێنانی قەوارەیەکی تری نزیک لە حەز و خەون و
بەرژەوەندییەکانی خۆیی و پروسیا..
+ شەڕی ئەڵمانیا و فەرەنسا- دروستبوونی دەسەڵاتی کایزەری ئەڵمانیا...
لە ڕاستیدا ھێشتا یەکێتی ئەڵمانیا بە تەواوەتی ساز نەبوو، چونکە
دەوڵەتۆکەکانی باشوور دڵنیا نەبوون و ھێشتا دڵەڕاوکە و گومانیان لەسەر
ھەنگاوەکە مابوو. حەزیان نەدەکرد بکەونە ژێر ڕەحمەتی کوتەکی
پرۆتستانەوە وەک ئەوەی دەوڵەتەکانی باشوور ئەنجامیان دابوو. بسمارک
کارتێکی سیاسی تری ڕاکێشا و لە مانگی September١٨٦٨ دا، ماڵی پاشایەتی
ئیسپانیا ڕووخا و لەلایەن حکومەتی ڕاگوزارەوە بەدوای پاشازادەیەکی
نوێدا دەگەڕا و پێشنیازیان بۆ ئەڵمان کرد لە بنەماڵەی ھۆھەنزۆلەرن،
یەکێ دیاری بکەن بە شازادە. بسمارک ھەوڵی دا یەکێ لەبنەماڵەی
Hohenzollern پێشنیاز بکات، بۆ جێنشینی پاشایەتی ئیسپانیا. ئەم بیرۆکە
ئەڵمانییە، وایکرد فەرەنسا لەم ھەنگاوە بسڵەمێتەوە، چونکە پێی وابوو
دەوڵەتێکی بەھێزی ئەڵمانی لە ڕۆژھەڵات ھەیە و ئێستاش ڕۆژرئاوای لێ
بگیرێ پەرێشان دەبێت. ئەگەرچی ئەڵمانەکان کاندیدەکەیان کێشایەوە و
پێویست بوو فەرەنساش بەم ڕەفتارە خۆشحاڵ بێت... کەچی ناپلیۆنی سێیەم
داوای لە پاشای Wilhelm I کرد، لە ئایندەدا جارێکی تر ھیچ داوایەکی لەم
جۆرەیان نەبێت و بێدەنگ دانیشن. پاشا ڤیلھێلم ئەم ھەڕەشەیەی فەڕەنسای
بە شێوەیەکی نەرم ڕەتکردەوە. بەڵام بیسمارک ھەوڵێکی دیبلۆماسی دا ئەوەی
ناسراوە بە Emser Depesche و بە زمانێکی زبر و توند وەڵامە
داڕێژراوەکەی بۆ ناپلیۆنی سێ، دایەوە بە فەرەنسییەکان.بسمارک ھانی
ڕۆژنامەکانی دەدا،دژ بە سیاسەتی دوژمنکارانەی فەرەنسا شت بنووسن.
ناپلیۆن لەم ڕەفتار و لوتبەرزییەی زۆر نیگەران بوو. ئەم بابەتە لە
میدیاکانی فەرەنساشدا بە فراوانی بڵاو کرایەوە و مشومڕی لێ کەوتەوە.
ئەوەبوو لە ١٩.٦.١٨٧٠ دا شەڕی دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند. دەوڵەتۆکەکانی
ئەڵمانی باکوور بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ دەوڵەتۆکەکانی باشووردا
مۆریان کردبوو، بە ھەردوو لا بەرەنگاری ھێزەکانی فەرەنسی بوونەوە. لە
شەڕی Metz، Sedan دا فەرەنسا تێکشکاو و خودی ناپلیۆنی سێیەم و ١٠٠,٠٠٠
سەد ھەزار سەربازی بەدیل گیران و بسمارک پاریسی داگیرکرد. ھەر لێرەوە
ڕایشی ئەڵمانی ڕاگەیەندرا. لەمانگی ١١.١.١٨٧٠ کەوتنە گفتوگۆ و
دانوساندن دەوڵەتۆکەکانی باشوور ھاتنە ناو باکوورەوە و بەمەش بسمارک
سەلماندی کە بەخوێن و ئاسن یەکگرتنی دەسەڵاتی ئەڵمانیا پێکھێنا.
دوای سەرکەوتنی تەواوی بیسمارک، ویستی نازناوی سەرۆکی یەکێتی بداتە
پاشای پرووسیا ڤیلھێلمی یەکەم. دواتر بە باشی زانی نازناوی ئیممپراتۆری
بداتێ. لەمەشدا کێشە و بەزمی بۆ دروست بوو ئایا: نازناوی ئیمپراتۆری
ئەڵمانیا یاخود ئیمپراتۆری ئەڵمانی بداتە پاشا. پاشا زۆر دڵ تەنگ دەبێ
و کاتێ ھۆڵی ڤیرسیا بەجێدێڵێ خواحافیزی لە بسمارک ناکات. دەرئەنجام
پاشا نازناوی ئیمپراتۆری ئەڵمانی وەردەگرێ، کە بچووکترە لە نازناوی
ئیمپراتۆری ئەڵمانیا. لە بڕیارێکی رایشتاگدا لە ١٠.٩.١٨٧٠ دا فیدڕاڵی
ئەڵمانی باکوور کرا بە دەسەڵاتی ئەڵمانی کە سەرکەوتن بەسەر فەرەنسادا
وای خواست Elsaß-Lothringen بچێتە سەر ئەڵمانیا. ئەم دوو ناوچەیە ھەتا
ساڵی١٦٤٣ بەشێک بووە لە ئیمپراتۆرێتی رۆمانی پیرۆزی جەرمەنی. لە
ڕێکەوتننامەی ڤێستڤێلیشی ١٨٤٨خرایە سەر فەرەنسا و ھەر بە ئەڵمانیش
مایەوە. پاشان بە کاریگەرێتی شۆڕشی فەرەنسا ، زیاتر نزیکی ژیانی
فەرەنسا بوونەوە، لێ ئەڵمانیا جارێکی تر دەستی کردەوە بە داواکردنەوەی
ئەم دوو ھەرێمە، کە کەوتوونەتە سەر سنووری نێوان ھەردوو وڵاتەوە.
ترایشکەی مێژوونووس کە پێی وابوو پێویستە ئەڵمانیا مافی خۆی بسێنێ و
نەبێتە "منداڵە ونبووەکە" دەڵێ:" ئەم دەڤەرە ھی ئێمە بە پێی ھەقی شمشێر".
واتە بە زەبری کوتەک. بەم جۆرە ڕایشی ئەڵمانی لە ١٨.١.١٨٧١-١٩١٨ دوای
کۆتایی یەکەم جەنگی جیھانی مایەوە.دوای ئەو سەرکەوتنانە کێشەی سنووری
ئەڵمانیا، کێشەی لوکسەمبۆرگ و زۆر شوێنی تر ڕووبەڕووی ئەڵمان بۆوە.
ساڵی ١٨٥٩ ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئەڵمانی/ ڕیکخراوی نەتەوە،دروست بوو بە
ئاشکرا داوی ھەردوو ناوچەکەی لە فەرەنسا دەکردەوە. نووسەرێک پێی وایە:"
بۆیە دۆخی ئەڵمان بۆ بەدەوڵەتبوون ھێندە دواکەوت لە چاو ئینگلیز و
فەڕەنساد،چونکە ھیچ میر و بنەماڵەیەک نەیتوانی تاجی پاشایەتی بەردەوام
بە مسۆگەریی بپارێزێ" .
لە ڕاستیدا کێشەکە لەوەدا بووە، ئەڵمان پاشای خۆیان ھەڵبژاردووە و بە
میرات بۆ تاکە بنەماڵەیەک دەسەڵات نەماوەتەوە،وەک ئەوەی ئینگلیز و
فەڕەنسا. بۆ نموونە بنەماڵەی ھابسبۆرگ تاجی قەیسەری ڕۆمانییان بەمیرات
لە ،١٤٣٨-١٨٠٦ لا بووە. لە بەریتانیا تا ئێستاش ھەر لای یەک بنەماڵەیە.
. بەندە لەسەر بسمارک ـ وتارێکی جیای تێروتەسەل لەسەر ژیان و سیاسەتی
دەخەمە بەردەست ـ ڕاوێژکار، کاریزما و سیاسەتمەداری کۆنزەڤاتیڤ و
سەرکردەی مەیدانی شەڕ و پیاوی دەوڵەت، کە بە بیسمارکی "خوێن و ئاسن"یش
ناسراوە، توانی ھەر بە خوێن و ئاسن ئاوات و خەونی یەکگرتنی ئەڵمانیا
پێک بھێنێ. بسمارک لە وتەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێ:" لەم کاتەدا کۆمەڵێ
کێشەی گەورە لە ڕێگای قسەکردن و بڕیاری زۆرینەوە یەکلا نابێتەوە، بەڵکو
بە ھۆی ئاسن و خوێنەوە".
"ھانس کۆھن/Hans Kohn، ، مێژوونووسی ناودار،لە بەراوردێکی وردی بە
دیقەتی نێوان ئەڵمانیا و ئیتالیادا دەنووسێ: پرووسیا بێ ھاوکاری دەرەکی
گەیشتە ئامانجەکانی، پێچەوانەی ساردینی ئیتالیا،کە چاوی لە پشتیوانی
دەرەکی بوو. پرووسیا لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە دوو لە سێی
ئەڵمانیای پێک دەھێنا،چونکە دەوڵەتۆکەکانی تری وردە وردە قوت دەدا و
بەرلین تا دەھات دەبوو ناوەند و دواجار بووە پایتەخت،ساردین یەک لە دەی
ئیتالیای بەدەستەوە بوو، دوایش پایتەخت چووە رۆما و کافوور سەرسامی
سیاسەت و سیستەمی ئینگلیزی بوو، دەیویست بەھۆی چینی ناوەڕاستەوە و بە
ڕەوایەتی بڕیاری پەرلەمانی،داگیرکاری بکات،لە کاتێکدا بسمارکی بەھێز
ھەر گوێی بە لیبەڕالیزمی ڕۆژئاوایی و دەستوور و پەرلەمان نەدەدا. ھەر
بۆیە شێوازی یەکگرتن و بەدەوڵەتبوونی ئەڵمان بە " ڕێگای تایبەت" بە
شێوازی خۆی ناو دەبرێت. ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەبەردەم شکۆی سەرکەوتنە
سەربازییەکانی بسمارکدا ئەبڵەق ببوون و ورەیان بەردەدا،بە واتایەکی تر
ڕایشی ئەڵمان لە مەیدانی جەنگدا لەدایک بوو. بسمارک ڕایشی ئەڵمانی لە
کۆشکی ڤێرسای فەرەنساوە ڕاگەیاند".
دەرئەنجامی شەڕەکانی ئەڵمان بریتی بوو لە:
١ـ پرووسیا ،دەوڵەتۆکەکانی باکووری ئەڵمانیای بەستەوە بە خۆیەوە، کە
لەژێر دەسەڵاتی نەمسادا بوون .
٢ـ کۆنفدڕاڵی باکووری ئەڵمانی دروست کرد و دەستوورەکەی بە دڵێ پرووسیا
داڕێژرا. بەم شێوەیە پرووسیای ھەڵکەوتوو ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو
ئامانجی یەگرتنی نەتەوەی ئەڵمان ھەنگاوی دەنا.
٢ـ دەوڵەتۆکەکانی باشووری بە پەیماننامەی(خۆپارێزی و بەرگری)پابەندی
پرووسیا کرد.
٣ـ نەمسای لە دەستێوەردانی سیاسەتی ئەڵمان دەرپەڕاندوو، تا سەرقاڵی
نەتەوەکانی تری ژێردەستی بێت.
٤ـ پرووسیا چارەسەری یەگرتنی ئەڵمانیای بچووکی پێڕەو کردو و سەری گرت و
بووە زلھێزێکی ئەوروپایی.
٥ـ شەڕ بووە مامانی یەگرتنی نەتەوەیی و ناوکی بەدەوڵەتبوونیشی بڕی.
ئاکامگیریی:
+ بسمارک سەرکردەیەکی کاریزمایی کۆنزەڤاتیڤ بووە و جیھانبینی فیکری
نەتەوەیی وەک ماتزینی نەبوو. بەڵام باوەڕی پتەوی بە یەکگرتنی ئەڵمان
ھەبوو.
+ یەکگرتن لەسەرەوە بۆ خوارەوە بە ئەنجام گەشت.
+ ھەموو توێژ و دەستەوتاقمەکان بەشداری یەکگرتنیان کرد، خوێندکاران و
ئاکادیمیستی و شارییە لیبەڕاڵەکان و زانکۆ.
+ دروشمی" ئازادی و مرۆڤایەتی" ئامادەیی نییە، وەک لای ئیتالییەکان
ھەبوو.
+ فاکتی شەڕ لە چارەنووسی ئەڵماندا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە. شەڕی دژی
دانیمارک١٨٦٤،شەڕی براکوژی ئەڵمان و نەمسا ١٨٦٦و سەرکەوتنی ئەڵمان و
شەڕی فەرەنسا.١٨٧٠-١٨٧١ و بە شەڕ بەدەستھێنانەوەی ناوچەکانی لۆڕینگەن ـ
ئیلزاس.
+ پێکھێنانی ڕێکخراوی پیشەیی جۆراوجۆر. بزاڤی ئەدەبی و فەلسەفی
پاڵھێزێکی مینۆکی و بژێوییەکی بەردەوامی ئەڵمانبوون بووە. ئاھەنگێڕانی
خوێندکاران و لیبەڕاڵەکان بۆ جۆشدانی ھەستی نەتەوەیی و یەک شوناسی
ئەڵمانی.
+ ئابووری ھۆکارێکی چارەنووساز بووە لە پرۆسەی یەکگرتنی ئەڵمان
دا،بازاڕێکی بەھێزی ناوخۆی سازدا. پێش یەکێتی سیاسیی کەوتەوە. بەدوای
ئەویشدا شۆڕشی پیشەسازی بەتایبەت دروستکردنی ھێڵێ ئاسن و تۆڕبەندی
ناوچەکان پێکەوە.
+ بەھۆی دامەزراندنی"ڕێکخراوی گومرگ"ەوە،یەکێتییەکی ئابووری پێکھات، کە
ڕۆڵی گرنگی بۆ ئابوورییەکی بەھێز گێڕاوە و بازرگان و کارخانەکانیش
دەرفەتی زیاتری دەست کرانەوەیان بۆ ساز بوو.
+ دەستنیشان کردن و وێناکردنی فەرەنسا وەک دراوسێ و ھاوکات دوژمنێکی
باوەکوشتە، ھەوێنی ڕابوونی ئەڵمان و یەکگرتنیان و بەدەوڵەتبوون.
+ ھەرێمی پرووسیا مەڵبەندی بزاڤە فرە لایەنەکەی ئەڵمان و ھەڵگری ئاڵای
یەکگرتنەوە و زوو بووە دەسەڵاتێکی باڵادەستی ئابووری و سیاسی ،
ھیگۆمۆنی –Hegemonie بەرچاوی ئەوروپا..
+ ڕۆڵی مارتن لۆسەر لە ڕێی ڕیفەرماسیۆن و وەرگێڕانەکەی ئینجیلەوە لە
سەر زمانی ئەڵمانی. بەڵام جیاوازی مەزھەب پەکی زۆر پێشکەوتنی لە ئەڵمان
گرت.
شایانی ئاماژە پێدانە، ئەگەر بە چەند
وشەیەکیش بێت، باسێکی خێرای مێژووی نوێی ئەڵمان بکەین. ئەڵمان بەشداری
ھەردوو جەنگی ١-٢ ی جیھانی کردوو و لەبەرەی دۆڕاودا بوون. نازیزیم لە
دوای کۆتایی یەکەم جەنگەوە، لەسەر دەستی ھیتلەردا گەیشتە چڵەپۆپەی
دەسەڵات و تەنانەت لایەن و ھۆکاری ھەڵگیرسێنەری دووەم جەنگی جیھانیش
ھەر ئەڵمان بوون. پاش دۆڕانی جەنگ جارێکی تر ١٩٤٥ ئەڵمانیا دابەش بۆوە
بەسەر دوو بەش دا. بەشی ڕۆژئاوا، لەژێر دەسەڵاتی ھێزە ھاوپەیمانەکان بە
ڕێبەرایەتی" ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا" دا و بەشە ڕۆژھەڵاتییەکەی
لەژێر دەسەڵاتی شوورەوی دا. ھەردوو بەشەکە نوێنەری دوو سیستەم و دوو
بلۆکی جیاوازی جیھانی بوون.
ئەم دوو بەشەی یەک وڵات، نوێنەری دوو جیھانبینی ئایدۆلۆژی و سیاسی
تەواو جیاواز و دژ بەیەک بوون. ئەڵمانیا ناوەندی ململانێی ھەردوو
بەرەکە و شانۆی سیاسەتیی نێودەوڵەتی بوو. نابێ ئەوەش لەبیر بکرێ، کە
ئەم وڵاتە بە دیوارێکی ئەستووری، دڕێژ و بەرز، کرابوو بە دوو بەشەوە.
دوای ھەرەسی بلۆکی ڕۆژھەڵات بەڕێبەرایەتی شورەوی ، دیوارەکە لە
٩.١١.١٩٨٩ دا داڕما و ئەڵمانیا بە فەرمی لە ٣.١٠.١٩٩٠ یەکی گرتەوە. بەم
گۆڕانکارییە گەورەیە، ئەڵمان و جیھان پێی نایە قۆناغێکی ترەوە و ئێستا
ئەڵمانیا یەکێکە لەدەوڵەتە ھەرە بەھێز و گەورە و خاوەن کاریگەرێتی
لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیھان.
_______________________________________________
سەرچاوەکان:
- Nation und Nationalismus in
Deutschland ..Otto Dann 1993
- Staat und Nation in der europäische Geschichte .Hagen Schulze 1999
- Von Machiavelli zu Nehru….Hans Kohn 1955
- Geschichte der Nationalismus in Europa Eugen Lemberg 1950
- Europäische Revolutionen 1789-1848 Eric Hobsbawm 2004
- Geschichte Kompakt Wissen 2013
- Der Winner Kongress Heinz Duchhardt 2013
- Deutsche Geschichte Eckhard Jesse 2004
- Der Deutsche Bund Wolt D. Guner 2012
- تاریخ لاحرکات القومیە فی اوروبە. خمس اجزاء.. تعریب, د. نوردالدین
حاگوم, ١٩٦٩.
- نەوەکانی ھیکتۆر، سینەما و گەلەریی، مێژووی ئەوروپا بۆ لاوان. محەمەد
مەسعوود محەمەد ٢٠١٩.
٥\١\٢٠٢١
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|