١٥\٦\٢٠٢٢
بەرکوڵێ لە ژیاننامەی ئۆتۆ ڤۆن بسمارک،
سەرکردەی کاریزمایی یەکگرتنی ئەڵمان.

هەڵۆ محەمەد
- بەشی یەکەم -
ساڵی
١٩٥٢ ''ئینیستیتووتی ئالەنباخ بۆ پێشنیازکردن'' بەپرسیاری: چ
ئەڵمانییەک گەورەترین خزمەتی بە وڵاتەکەی کردووە؟ ڕاپرسییەکی ئەنجامدا.
لەئەنجامی ڕاپرسییەکەدا "بسمارک " دەرچوو.
ھەر وەک بڵێ "نیتچە"ی فەیلەسووف ئەو گوتە بەناوبانگەی "ویستی دەسەڵاتی
بۆ بیسمارکی سەرکردەی کاریزمایی ئەڵمان وتبێت، ـ ئەگەرچی نیتچە ئەو
وتەیەی لەناوەڕٶکی وتەیەکی بسمارکەوە : " جیھان بریتییە لە ویستی
دەسەڵات و ھیچی دیکە" ـ وەرگرتووە. ئەو سەرکردەیەی لە سەخترین بارودۆخی
پچڕپچڕی ناوخۆیی و گەمارۆدراوی دەرەکیدا، توانی ئەڵمان یەکخات و بیکاتە
خاوەنی ئابووەرییەکی بەھێز و سیستەمێکی تۆکمە و شادیان بکات بە بوون بە
خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی. بەدەوڵەتبوونی ئەڵمان لەناوجەرگەی ئەوروپای
تەندراو بە کۆمەڵێ زلھێزی جیھانی ڕووداوێکی تایبەتمەندە و ڕێگایەکی
تایبەتی بڕیوە تا گەیشتووەتە ئەنجام. ھەر بۆیە بسمارک لەسەر ئاستی
ناوخۆ و دەرەوەدا گەورەترین قسەی لەسەر کراوە و تا ئێستاش گەورەترین
کەسایەتییە،لە مێژووی ئەڵمانی دا. ئەڵمان خاوەنی سەدان کەسایەتی گەورەی
سیاسی و مێژوویی و فەلسەفی و ئەدەبی و زانستی و وەرزشی و تەکنەلۆژی و
داھێنانی دیکەی گەورەی پزیشکی شتگەلێکی دیکەیە... بسمارگ گەورەترین
کەسایەتی خاوەن کاراکتەری ویستی/ ئیرادەی دەسەڵاتە. دەسەڵاتەکەش بۆ
خزمەتی تەنیا گەیشتن بە یەگرتن و یەکێتی نەتەوەیی ئەڵمان.
ویست و حەزی دەسەڵاتی بسمارک ناوەڕۆکێکی مەکیاڤیلییانەی ھەبووە، لێ
گرنگ ھەبوونی ئامانج و ھێنانەی خەونی گەیشتن بە ئاواتەکانە، کە بسمارک
لەسەر دەستی خۆیدا ھەمووی ھێنایە دی. لەسەر کەسایەتی بسمارک بەھەزاران
ھەزار سەرچاوە ھەیە و بەشێکی باشیئشی لەلایەن مێژوو نووس و نووسەرانی
بێگانەوە نووسراون. بۆ نموونە مێژوونووسی دیاری ئەمەریکی Otto Pflanze
کتێبێکی بە ٣ بەرگ و بە قەبارەی ١٧٠٠ لاپەڕە لەسەر نووسیوە.
کتێبخانەکانی رووسیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و پۆڵۆنیا و زۆر وڵاتی
دیکەش بێبەش نین لە سەرچاوە لەسەر بسمارک.
سەرباری کۆمەڵێ سەرنج و ڕەخنەی ئێرە و ئەوێ، بەتابەت ئەو شەپۆلە
ئایدۆلۆژیایی و جیھانبینییەی ساڵانی ٦٠ و ٧٠ سەدەی ڕابرودوو،دوای جەنگی
جیھانی دووەم ،ڕووی لە ئەوروپا و جیھان،کە کەسانێک وەک بسمارک بە پێوەر
و تێڕوانی مۆدێرنە تەماشا دەکران و بەر ڕەخنەی تیۆری دەدران، لێ ھێشتا
بسمارک ئایکۆنێکی درەوشاوەی مێژووی لاپەڕە گەشەکانی ئەڵمانە،لەگەڵ ھەر
قۆناغێکی مێژووییدا، سەرھەڵدەداتەوە، ھەستی ئەڵمان بوون دەورووژێنێ.وەک
ڕووداوی ڕووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ساڵی ھەردوو ئەڵمانیا و
تەنانەت لەم سەردەمەی پەتای کۆرۆنادا، بایەخی ئەو دەوڵەتەی بسمارک بۆ
ئەڵمانی دروست کردووە، زۆر سەنگینترە لە ڕۆژەکانی پێشووتر.
منداڵی تا ژنھێنان ١٨١٥ -١٨٤٧.
بسمارک Otto Eduard von Bismarck- Schönhausen سەرکردەی کاریزمایی لە
ڕۆژی ١.٤.١٨١٥ لە Schönhausen، لە نزیک شاری Magdeburg ھاتۆتە دنیاوە.
ئەو ساڵەی کۆنگرەی ڤییەنای تێدا بەسترا و بڕیار لەسەر سیستەمی نوێی
ئەوروپا و ئەڵمانیا پاش سەرکەوتنە مەزنەکەی بەسەر ناپلیون دا لە ١٨١٣
بەدەستیان ھێنا. بنەماڵەکەی ئەرستۆکراتی نەجیبزادەیی
ڕەسەنیaltmärkischen Uradel بوون و پێش بنەماڵەی Hohenzollern لە
ھەرێمی Mark Brandenburg نیشتەجێ بوون. خزمەتێکی بەرچاو و دیاریان بە
تایبەتی بە لە بواری سەربازیدا و بە دەیان و سەدان جەنەڕاڵی گەورە
پێشکەشی پاشانشینی پرووسیا کردووە.بسمارک کەسێکی خۆشەویست و ھاوڕێ دۆست
و بە ئەمەک و خاوەن پرنسیپ بووە. شمشێربازێکی ئازا و سوارچاکێکی
لێوەشاوە و سەماکەرێکی لێزان و مەلەوانێکی پشوودرێژ بووە.باوکی
Ferdinand von Bismarck و دایکیLouise Wilhelmine خاوەنی ٦ منداڵ بوون،
نیوەیان دەمرێ و نیوەیان دەمێنن Bernhard ١٨١٠, Otto١٨١٥ و Malwine١٨٢٧.
. منداڵی خۆیان لە دەڤەری Hinterpommern بەسەر بردووە. دواتر دەچن لە
Gutkniephof نیشتەجێ دەبن. ئۆتۆ و براکەی لەسەر خواستی دایکی لە بەرلین
ـ خانوویەکیان بۆ بەکرێ دەگیرێ و خزمەتکارێکی خەڵکی شۆنھاوزەنەوە
سەرپەشتییان بکات ـ دەخرێنە بەرخوێندن ئامادەیی تەواو دەکات.
ھەر لەم قۆناغەدا زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕەنسی بەتەواوی فێر دەبێت.
لەم سەردەمەدا کۆمەڵێ وانە لەسەر دەستی گوتاربێژی ئایینی
بەناوبانگSchleiermacher وەردەگرێ، کە قەشەیەکی ھەڵکەوتووە، شانی داوە
لە شانی فیشتەیFichte فەیلەسوف. لێکۆڵەران دەڵێن: « شلایەرماخەر یەکەم
مامۆستای بسمارک بووە، بەس ئۆتۆ بیسمارک قوتابییەکی باشی ئەو دەرنەچوو».
بەو واتایەی ڕێچکەی ئەوی لە ڕوویی ئاینییەوە نەگرتە بەر. ساڵی ١٨٣٢
دەچێتە زانکۆ سەرەتا لە شاری ھایدلبێرگ Heidelberg / وەردەگیری. دایکی
ڕازی نابێت وا دوور بکەوێتەوە. دواتر دەچێتە زانکۆی شاری
گۆتینگەنGöttingen /. ٣ سەمیستەر لێرە دەخوێنێ بۆ باقیەکەی دێتەوە
بەرلین.سەردەمی خوێندکاری لە کۆلیژی یاسا و زانستی دەوڵەت، - ئەگەر چی
حەزی لەم خوێندنە نەبووە، دڵی لای خوێندنی دیبلۆماتیک – بووە. ژیانی
خوێندکاری بسمارک زۆر سەخت و پڕ لە کێشە و ناخۆشییە،بەھۆی ئەوەوەی
ژیانێکی بەڕەڵایی و سەرسەرییانە دەبردە سەر، بە خواردنەوە و ڕابوواردن
و شەڕانگێزی و خۆدزینەوە لە بەشداری وانەکانی. تا وای لێ دێت لەسەر
خواردنەوە و ڕابواردنەکانی ھێندە قەرزار و ناوزڕاو دەبێت، لە ھەموو
لایەکەوە دەبێتە کەسێکی بێزراو و ناخۆشەویست. ھاوکات شمشێربازێکی
لێھاتوو، مەلەوانێکی پشوودرێژ و سەماکارێکی لێزان بووە. لەم قۆناغەدا
بەس بەشداری دەکات لە لێکچەرەکانی دەربارەی « دیبلۆماتی»، کە ئەو
سەردەمە لەلایەن مێژوونووسی دیاری ئەڵمانی Arnold Heeren لەمەڕ سیستەمی
ئەوروپا پێشکەش دەکرا. کاتێ لێیشی دەپرسن چ دەخوێنی ،دەڵێ: دیبلۆماتیک
. دوای تەواوکردنی خوێندن نائارامی و بێزاری باڵ دەکێشێ بەسەر ژیانیدا..
سەرەتا لە بەرلین چەند کارێک بەنیوە ناچڵی دەکات، لێ لە عۆدەیدا نابێت
قەرزەکانی بداتەوە. دەست لە کار ھەڵدەگرێ و دێتەوە بۆ پۆمەرن. پاشان
چەند کارێکی تری حکومەتی لە پۆتسدام دەدۆزێتەوە زوو بەجێیان دێڵێ. لە
ھیکڕا خۆبەخشانە ساڵێ دەچێ بۆ سەربازی. دواتر ساڵی ١٨٣٨ بڕیار دەدات بە
تەواوی واز لە کاری فەرمی بھێنێ و خۆی تەرخانی ژیانی ژیانێکی ئازادی
خەریک بوون بە زەویوزار و کشتوکاڵەوە بکات. بۆئەوەی بتوانێ قەرزەکانی
بداتەوە. باوکی نزیکەی ٥٥٠ ھێکتار زەوی بەسەر ئۆتۆ و بێرنھاردی برایدا
دابەش دەکات. ئیدی دوای ماوەیەکی باش کارکردن نزیکەی ١٠ ساڵ بەخێرایی و
بەھاوکاری براکەی قەرزەکان دەداتەوە و ئارامی بۆ دەگەڕێتەوە. دەبێتە
کەسایەتییەکی دیکە. دایکی ساڵی ١٨٣٩ بەنەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی
دەکات. لە قۆناغەدا کاتێکی باش بە خوێندنەوە دەباتە سەر و بەرھەمە
ئەدەبی و فەلسەفییەکانی Goethe, Schiller ,Jean Paul ,Uhland ,Heine
,Spinoza ,Strauss دەخوێنێتەوە. لەژێر کاریگەرێتی ھاوڕێی ئەمەریکی
سەردەمی زانکۆ John Lothrop Motly زۆر خەریکی خوێندنەوەی ئەدەبی
ئینگلیزی بەتایبەت Shakespeare, Byron دەبێت. تەماشای نەخشەی جیھانی
زۆر دەکرد و حەزی لە کۆدەکردنەوەیان بوو. لە بیرەوەریەکانیدا دەڵێ:"
ھەر کاتێ تەماشای نەخشەم دەکرد و باڵادەستی فەرەنسای بەسەریەوە دەبینم،
پەست دەبم". ھاوکات دەست دەکات بە گەشتێکی دوورودرێژ لە ئەوروپادا.
دەچێت بۆ سکۆتلەند، ئینگلتەرا، فەرەنسا، سویسرا. لەڕێگای ئاھەنگێکی
ژنھێنانی ھاوڕێیەکییەوە، تەواوی ژیانی دەگۆڕێ بە ناسینی Johanna von
Puttkammer ، کە دواتر دەبێتە ھاوسەری ژیانی. لە ڕێگای ئەم ژنەوە کە
سەر بە بنەماڵەیەکی نەجیبزادەی ھەڵکەوتوو بوون، گەلێ کەسایەتی ناوچەکە
دەناسێ و تێکەڵییەکی زۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی پەیدا دەکات. ساڵی ١٨٤٥
باوکی دەمرێ. واز لە کارەکەی دێنێ و زەویوزارەکان دەدات بەکرێ.
لێرەولەوێ چەند کارێک دەکات و زوو وازیان لێ دێنێ.
ژنھێنان تا چوونە ناو سیاسەت١٨٤٧ – ١٨٥١.
ساڵی١٨٤٧ بسمارک ژن دێنێ و دێتە سەر شانۆی سیاسەت. ئەم ساڵە دەبێتە
سەرەتای دەرکەوتن و ھەڵاتنی ئەستێرەی ژیانی بسمارکی لاو . خۆی
ھەڵدەبژێرێ بۆ پەرلەمانی دەڤەرەکەی Naugard لای خۆیان، بەئاسانی
دەردەچێ و ھەر زوو بە ھۆی نووسینی ئاگرین و گوتاردانی بەردەوام و
لێوەشاوەیی و ڕەوانبێژی و بەھرەمەندی لە قسەکردن دا، دێتە پێشەوە و
ناوی دەدرەوشێتەوە و دەبێتە جێی سەرنجی دەوروبەرەکە و دواتر نوێنەری لە
ئەنجومەنی پرووسیادا. لە وتارەکانی داکۆکی لە( داننان بە دەستووردا،
وەستانەوە دژی ئانارشیستەکان،داوای یەکسانی لەبەردەم یاسادا،- بەڵام
دژی ھەڵوەشاندنەوەی نەجیبزادەکان بوو- ھەروەھا داوای دابەشکردنی باجی
دەکرد بە پێی ئەو سەرمایە و داراییانەی ھەیان بوو.
( خاڵێکی زۆر سەیر لە بیر و کەسایەتی بسمارک دا، بریتییە لە عەشق و
شەیدایی بۆ ھەرێمی پرووسیا، بەڕادەیەک ئامادە بوو ھەموو خۆشی ئەڵمانیای
پێ بگۆڕێتەوە. باوەڕی قوڵی بە یەکگرتنی ئەڵمانیش ھەبووە، دواتر بۆ
ئاشتی ئەوروپاش ڕۆڵی گێڕا). ھەروەھا لەسەرەتاکی زوودا قەناعەتێکی لا
دروست دەبێ، وەک ساڵی ١٨٤٩ بۆ ژنەکەی دەنووسێ: " دۆزی یەکگرتنی ئەڵمان
بە ھیچ جۆڕێک لە ژوور و ھۆڵەکانی ئێمەوە بڕیاری لەسەر نادرێ، بەڵکو بە
دیبلۆماتی و لە مەیدانی جەنگدا بڕیاری لەسەر دەدرێت". ڕووداوەکانی
شۆڕشی ئاداری ١٨٤٨ لە بەرلین کاریگەرێتی لەسەر دروست دەکەن. ئەم
وێستگەیە دەبێتە مایەی وەرچەرخانێکی نوێی ژیانی. بەخۆی ئەو بیروباوەڕە
کۆنزەڤاتیڤە و ئەو ڕابووردووەی تۆماری کرد بوو، دەچێتە ڕیز ھەر پێشەوەی
دژە شۆڕشگێڕەکان. تەنانەت لەڕۆژەکانی سەرەتای شۆڕشدا،ویستییەتی لەگەڵ
جوتیار و خەڵکی گوندەکەی بێن بۆ بەرلین،بۆ پارێزگاریکردن لە پاشای
پرووسیا. ئیدی دواتر ململانێکانی رۆژگار ئاڕاستەی دیکەی وەردەگرن و
بسمارک بە پەڕۆشیەوە چاوەڕێ دەکات.
سەرەتا شۆڕشگێڕان کە داوای ئازادی زیاتر و بەشداری لە دەسەڵات و
کەمکردنەوە یاخود نەھێشتنی ئیمتیازی نەجیبزادە و ئەرسۆکراتەکان دەکرد و
داوای یەکگرتنی ئەڵمانیا یاخود ئەڵمانیای یەکگرتوویان دەکرد، کۆمەڵێ
دەستکەوتیان بەدەست ھێنا،بەڵام نەیانتوانی شۆڕش لەخوارەوە بۆ سەرەوە
سەر بخەن. واتە گەیشتن بە ئەڵمانی یەکگرتوو بھێننە دی. ھاوشان
بەلابردنی سانسۆر کۆمەڵێ گۆڤار و ڕۆژنامەی زۆر دەردەکرێن. بسمارک بە
گوتاری ئاگرین لە ڕۆنامەی Neue Preußische Zeitung دواتر بووە
Kreuzzeitung بەتەواوی ناو دەردەکات. پاشان ڕێکخراوێکی سەربەخۆ بۆ
نەجیبزادە و ئەرستۆکرات و خاوەن موڵکەکان دادەمەزرێنێ. بەم جۆرە
دەکەوێتە ھاتووچۆیەکی زۆرەوە لە نێوان شارەکانی Schönhausen ,Berlin
,Potsdam ,Brandenburg ھەر لەو ڕۆژگارەدا پاشای پرووسیا فریدریش
ڤیلھێلمی چوار کۆمەڵێ گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکەیدا دەکات. بسمارک خاوەنی
کەسایەتییەکی زۆر بەھێز بووە. جگە لەپاشا و خوا کەسی تری لە سەرووی
خۆیەوە نەدەبینی. لە ڕووی بیروباوەڕەوە کەسایەتییەکی کۆنپارێز/
کۆنزەڤاتیڤ بوو. تەنانەت ڕێگری لە کوڕەی دەکرد، کچی ماڵە جووتیار
بھێنێت و کوڕێکی تری کچە نەجیبزادەیەکی کاسۆلیکی بھێنی کە بەدوژمنی
بیسمارک ناسرابوون. ھەمیشە پاشاخواز بووە و تەنانەت لەگەڵ دروشم و
داواکانی شۆڕشی ١٨٤٨ گەلەکەیدا نەبووە. باوەڕی وابووە، ئەوەی ھەیە لە
پاشانشینی پرووسیا، کە بسمارک زۆر پێی سەرسام بوو، دەبێت بپارێزرێ و
پارتێکی کۆنزەڤاتیڤ و سیستەمی پاشایەتی بەباش دەزانی و لای مەبەست بوو.
زۆری پێناچێ بەھۆی بیروڕا و ھەڵوێستەکانییەوە سەرنجی پاشای پرووسیای
دەکەوێتە سەر. کاتێ نەمسا بەسەرۆکایەتی میر Schwarzenbergڕێکەوتنێک
بەسەر Otto von Manteuffel ی پرووسیاییەدا دادەسەپێنن،کە ناسراوە بە
Olmützer Punktation ئەم ڕێکەوتنە لە پرووسیا دەدرێتە بەر نەشتەری
ڕەخنە و بە دۆڕاندن و تێکشکانی بەرامبەر بە نەمسا دادەنێن. ئەنجومەنی
نوێنەران بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ئەم ڕێکەوتنەی حکومەت کۆدەبێتەوە.
لێرەدا بسمارک بە وتارێکی بەپێز بەشداری دەکات. وتارەکەی وەک شاکارێکی
ڕەوانبێژی و دیبلۆماتی پڕ لە تاکتیک دەستنیشان کرا. دواتر ٢٠,٠٠٠ ھەزار
دانەی لێ چاپکراو و بە وڵاتدا بڵاو کرایەوە. زۆر کەس ئەم وتارە بە
بەھێزترین وتاری ژیانی بسمارک دادەنێن.
وەک دیبلۆماتکارێک بۆ ناو دەسەڵات ١٨٥١ – ١٨٦٢.
ڕۆژنامەی گاڵتەوگەپێ ئەو سەردەمە Kladderadatsch بە بۆنەی
دەستنیشانکردنی بسمارکەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەنووسێ:" بەڕێز
بسمارکی ـ شۆنھاوزەن، دەنێردرێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران/ پەرلەمان، گەر
ھەروا زیرەک بێت، دەتوانێ بێتە ئاغای ماڵی خۆش و ڕازاوە" شۆنھاوزەن
واتە ماڵی خۆش و جوان . ئەمەش ئەو خەونەیە،کە لە ساڵانی لە خوێندنی
زانکۆوە خۆی بۆ تەرخان کرد بوو. کاتێ بسمارک وەک نێردراوی پرووسیا ساڵی
١٨٥١ ڕەوانەی دەکەن بۆ ئەنجومەنی نەتەوەیی لە فرانکفۆرت و بۆ ماوەی ٨
ساڵ بەوپەڕیی دڵسۆزی و بوێرییەوە لەبواری دیبلۆماسیدا نوێنەرایەتی
بەرژەوەندییەکانی پرووسیا و پاشاکەی دەکات. ھەموو ململانێ و شەڕە
دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ نەمسای ڕکەبەر و مێمڵدا بوو.نەمسا ئەندامێکی
گەورە و خاوەنی دەسەڵات و بڕیاری فیدڕاڵی ئەڵمان و پەرلەمان بوو.
نەمسا دەیویست وەک باڵادەست لەم دەستگایەدا بڕیار بدات و پرووسیا بکاتە
پاشکۆی خۆی. بەتایبەت لە مەسەلەی ئابووری و یەکێتی گومرگ و یاسای
چاپەمەنی و زۆر شتی تریش دا.بۆ نموونەی نەمسا دەیویست ئەو ڕێکخراوی
گومرگەی ئەڵمان دروستی کردووە، بەبێ ئەوان،ئەوانن داوای دروستکردنی
یەکێتی گومرگیان پێکەوە. بسمارک لە ناخی چاوچنۆکی و فڕوفێڵەکانی نەمسا
باش دەگەیشت،بۆیە ئاستەنگی بۆیان دروست دەکرد. ئەوەبوو ساڵی ١٨٥٣
گرێبەستیان بۆ ماوەی ١٢ساڵ لەگەڵدا کردن و نەیانھێشت نەمسا بێتە ئەندام
و ئەم دەزگایەش بۆ خۆی قۆرخ بکات. شەڕی نێوان ئەم دوو بەرە بەھێزە،
شەڕێکی قورس و گرانی دیبلۆماسی و پڕ لە تاکتیک و فڕوفێڵ بوو، بەڵام
بسمارک شکستی پێ دەھێنان.
ھەروەھا کە شەڕی کریم/ قریم١٨٥٣-١٨٥٦ ھەڵگیرسا لە نێوان رووسیا و
دەوڵەتی عوسمانیدا، وەک یەکەم شەڕ لە دوای کۆنگرەی ڤییەناوە، ئینگلیز و
فەرەنسا چوونە پاڵپشتی تورک، بۆ ڕیگری لە باڵادەستی رووس، نەمساش
دەیویست ھەمان شت بکات، بسمارک/ پرووسیا بێلایەنی ھەڵبژارد. کاتێ لێی
دەپرسن:" تۆ بۆ کێی، ھێزە ڕۆژئاواییەکان ، یان بۆ رووسیا؟ لەوەڵامدا
دەڵێ: من بۆ پرووسیام ". ئەمەش ھەڵوێستی نەمسای لەچاو زلھێزەکانی ئەو
ڕۆژگارەدا لاواز نیشان دەدا. دواتر ساڵی ١٨٥٤ھاوپەیمانێتییەک لە نێوان
پرووسیا و نەمسادا دەبەسترێ بە ناوی ھاوپەیمانێتی بەرگری و خۆپارێزی.
پرووسیا تەماشای ئەم ڕێکەوتنەی وەک ئامڕازێک بۆ بەھێزکردنی بێلایەنی
خۆی دەکرد و نەمسا، بەنێتی بەکارھێنانی تێی دەڕوانی. نەمسا دواتر لەگەڵ
ھەردوو زلھێزی فەڕەنسی و ئینگلیزیشدا بێ ئاگاداری پرووسیا ھاوپەیمانێتی
بەست. بسمارک زۆر بەم ھەوڵانەی نەمسا نیگەران دەبوو.
ئەم ھەوڵە دیبلۆماسییانەی بسمارک لاپەڕەیەکی گەشی ژیانی رۆژانی خەباتی
دیبلۆماسی فرانکفۆرت پێک دێنن. لە ڕاستیدا بسمارک لە ناخدا دژە نەمسا
نەبوو، بەس کاتێ ململانێی دەسەڵات لە شوێنێکدا سیمای شەڕێکی بێ
تەقوتۆقی وەردەگرێت، ئیدی ناچاریت ئامڕازی دیبلۆماسی بخەیتەگەڕ. بسمارک
لەم دەرفەت و ڕێگایەوە وەک دیبلۆماتێکی ساوا دەبێتە، خاوەنی ئەزموون و
تاقیکردنەوەیەکی دەوڵەمەند. بسمارک دڵسۆزانە بۆ پاشا و پرووسیا، دوور
لەماڵ و منداڵی کاری دەکرد و لە ساڵێکدا ١٦ جار زیاتر و ھەر جارەی بە
٢٥ کاتژمێر ھاتووچۆی دەکرد لە نێوان فرانکفۆرت و بەرلین دا. ساڵی
١٨٥٧-٥٨ Friedrich Wilhelm IV تێدا نەخۆش دەکەوێ و دەمرێ. دوای ئەو
ڤیلھێلمی برای دێتەسەر دەسەڵات. ئەمیش کابینەیەکی نوێ دێنێتە پێشەوە و
وەزیری دەرەوە A.Schleinstz زۆر خۆشەویستی بسمارک نابێ،ھەر زوو دەنگۆی
ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە بسمارک لە فرانکفۆرت لادەبرێت. ئەوە بوو ساڵی١٨٥٩
دەنێردرێت بۆ St.Petersburg پایتەختی ڕووسیای تزاری. نەمسا پێشوەخت
زانیاری ھەبووە بەم گۆڕینەی بسمارک و پێدەچێ دەستی خۆیشی تێدا بوو بێت،
چونکە زۆری پێ خۆش بوو، ڕکەبەرێکی گەورەی وەک بسمارک کە ساڵانێکە
پرۆژەکانیان پەک دەخات، لەبەرچاویان ون بێت. بسمارک بەمە نیگەران بوو،
لەبەرخاتری پاشا لە زستانێکی سەخت و توشدا دەگاتە شوێنی ناوبراو. لێرە
یەکسەر نەخۆش دەکەوێ. پاشان ڕادەبێت بەڕاپەڕاندنی کارەکانی لەگەڵ
قەیسەری تزار و وەزیری دەرەوە. دوای ماوەیەک دێتەوە بەدوای ماڵ و منداڵ
دا بیان بات بۆ ڕووسیا، کاتێ دەیەوێ بگەڕێتەوە، پێی دەڵێن: جارێ پەلە
مەکە. دەنگۆیەک بڵاو دەبێتەوە دەڵێن بسمارک دەبێتە ڕاوێژکاری /
کانتسلەری پرووسیا. زۆرێکیش لە بەرپرسە گەورەکان ئەم پێشنیازە بۆ پاشا
دەکەن، کەچی پاشا مل نادات و بسمارک بەناچاری و بە نەخۆشی دوای نزیکەی
ساڵێ دەگەڕێتەوە پێتەرسبورگ. لەوێ لەگەڵ خێزانەکەی سەرقاڵی کاروبار و
خزمەتی ئەو ئەڵمانانە دەکەن کە لە رووسیا دەژیان. لە ناوەندی
دیبلۆماسیشدا دەبێتە دەموچاوێکی دیار.
پاش ماوەیەک بۆ پشووی ھاوین دێتەوە بەرلین. ساڵی ١٨٦١ پاشای پرووسیا
بەبۆنەی مردنی براکەیەوە دەبینێ. بانگ دەکرێتەوە. بارودۆخی ئەو
ڕۆژگارەی پاشانشینی پرووسیا بەھۆی دەستوور و ھەرای نێو ھێزەکانەوە
شپرزە بوو. بسمارک دەبێتە ھۆکاری چارەسەری کێشەکان. دیسان چاوی ھیوا
دەچێتەوە سەر بسمارک ببێتە ڕاوێژکار، بەڵام ئەمجارەش پاشا ڕەزامەندی
دەرنابڕێت. ـ لەڕاستی ژنی پاشا ڕقی لە بسمارک بوو، ببووە ئاستەنگ و
پاشاش لە قسەی دەرنەدەچوو. ساڵی ١٨٦٢ لە رووسیا بانگی دەکەنەوە بێ
ئەوەی ھیچی پێ بڵێن و ماوەیەکی باش بسمارک بەبێ ناونیشان ڕادەگرن. ئیدی
ئەمیش توڕە دەبێت، دەڵێ: یان کارێکم بدەنێ یا دەچمەوە ماڵەوە دادەنیشم.
دوای ٣ کاتژمێر بڕیاری ڕەوانەکردنی بۆ پاریس دەدەن. بەس لە کاتی
بەڕێکردنیدا، پاشا پێی دەڵێ: باروبنەی تەواو لە پاریس مەخە، واتە
منداڵەکانت مەبە و کەمێک چاوەڕێ بە. بسمارک دەستبەجێ بەرەو پاریس
دەکەوێتە ڕێ. لەوێ کۆمەڵێ گەشت دەکات و دەچێ بۆ لەندەن بۆ بینینی
پێشانگایەکی جیھانی. تا لە مانگی سێپتەمبەری ھەمان ساڵدا،واتە پش چەند
مانگێ تەلەگرامێکی پێ دەگات،بەزووترین کات بێتەوە بۆ لای پاشا.
پاش ماوەیەک لە ناوەوە پاشا Wilhelm کێشەیەکی دەستووری گرانی لەگەڵ
پەرلەمانەکەیدا ھەبوو. بەڕادەیەک پاشا گەیشتە ئەوەی واز لە تەختەکەی
بھێنێ. داوای لە کوڕە شازادەکەی تورینگەن/Thüringen ی کردبێتە بەرلین و
بێتە جێگرەوەی. ئەویش دێ و دوای دوو ڕۆژ گفتۆ رەتی دەکاتەوە تاجەکە
وەرگرێ، بەرلین بەجێ دێڵێ. لەم کاتەدا بسمارک دەگاتە جێ. جا
مێژوونووسان و چاودێران دەڵێن: گەر بھاتایە، شازادە بوایەتە پاشانشینی
پرووسیا،ڕەنگە مێژووی ئەڵمانیا بەشێوەیەکی دیکە بچەرخایە!. گەوھەری
کێشەکەی پاشا لەگەڵ پەرلەماندا ئەوەبوو، پاشا بە باشی دەزانی لە ڕووی
سەربازییەوە خۆیان چەکدار بکەن و دەستی کراوە بێت لە خەرجکردنی پارەی
باج دا. پەرلەمان بەمە ڕازی نەبوو.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|
       |