په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٢\٢٠٢١

بەر لە دادگەییکردنەکە گوتمان خودی مەسرور خۆی سیناریۆیەکەی داڕشتوە و

هەر خۆیشی لە جیاتی دادگە و دادوەران بڕیارەکان و سزایەکانی دەرکردوە!

 


بە پێی دەنگوباسەکان ئەمڕۆ سێشەمە ١٦\٢\٢٠٢١ لە دووەم رۆژی دادگەییکردنی زیندانیانی بادینان پێنج کەس بە ناوەکانی (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەمی، هاریوان عیسا، شڤان سەعید) هەر یەکەو ٦ ساڵ سزای زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

هەڵبەتە ئێمە وەک ''ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین'' بێجگە لە سەرکۆنەکردن و شەرمەزارکردنی ئەو بڕیارەی سەرۆکی بە ناو حکومەت کە بە ناوی دادگەوە دەریکردوە، بە هیچ جۆر و شێوەیەک دان بە رەوایی هەبوونی ئەو دادگە و داوەرییانەی کوردستاندا نانێین و پێمانوایە هەر لە بنچینەدا بۆ ئەوە دانەمەزراون کە پارێزگاریی لە ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتییان بکەن بە تایبەتییش لە پرسە رامیاریی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵکە بە پێچەوانەوە کۆمەڵە داشێکی دامەی پارتییەکان و دەسەڵاتە بنەماڵەیی و مافیاییەکەی کوردستانن و لەجیاتی بەرزەفتکردنی تاوانکاران هەر خەریکی ئەوەن لە رێگەی کۆمەڵێک یاسا و رێسای ئەوپەڕی کۆنەپەرستانەوە سادەترین ئازادییەکانی خەڵک سەرکوت بکەن.

هەر بۆیە ئێمە نە پێویستمان بەوە هەیە لەو گەڕەلاوێژێیە شەرمئامێزانە بدوێین کە لە نێوان (دادوەران و داواکاریی گشتیی و سەندیکایە سیخوڕییەکەی رۆژنامەنووسان و رێکخەری راسپاردەکان و دەزگەکانی مافی مرۆڤ و نموونەکانی دیکەیان لە نێو سیستەمە دژەمرۆییەکەیان)ەوە بەڕێوەدەچن و لە نێو بە ناو دادگە و دادوەرییەکانیان دەگوزەرێن کە تەنیا بۆ چاوترساندنی خەڵک و دەرخستنی هەژموونی جەور و ستەمی خۆیانە، نە پێویستمان بە باسکردنی ئەو دەنگوباس و لێدوانە سووک و چرووکانەیە هەیە کە لە لایەن (بە ناو پارێزەران و رامیاربازە سازشکارەکانی نێو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات و بە ناو چالاکوانان و میدیاکارە رەنگاوڕەنگەکانی سێبەری دەسەڵات و پارتییەکان)ەوە بە سنگ دەرپەڕاندنەوە پەخشیان دەکەن کەچی لە راستییدا کار و پیشەیان تەنیا ئەوەیە کە لە تەڕیی بخۆن و لە وشکیی بخەون! ئەگەر نا پێشێلکردنی ئازادییەکانی دەربڕین و جەور و ستەمەکانی دیکەی ئەو دەسەڵاتدارانە زۆر لەمێژە لەوە دەرچووە بە قسەکردن و بەو جۆرە گوشارانە چارەسەر بکرێن.. بەڵکە راستترین هەنگاوی سەرەتایی هەر ئەوەیە کە دەست لە نێو دەستی ئەو ئازادییخوازنە بنێن کە بە هیچ جۆر و شێوەیەک لە رێکخراوە سێبەرەکان و دادگە و دادوەرییەکان و هیچ دامودەزگەیەکی فەرمیی و نافەرمیی دەسەڵاتداران و پارتییەکان بەشدار نین و تێیاندا سوودمەند نین.

ئیدی بە شێوەیەکی گشتیی بە تێڕوانینی ئێمە باشترین و لەبارترین وەڵام بۆ ئەو بڕیار و هەڵسوکەوتە بێ ئابڕووییانەی دەسەڵاتداران و پارتییەکان کە بە ناوی داد و دادوەرییەوە بڵاویاندەکەنەوە.. هەر ئەوەیە کە ئازادییخوازان بێ زەقکردنەوەی جیاوازییە لاوەکییەکانیان خۆیان لە رێکخراوگەلێکی ئازاد و دوور لە فەرهەنگی پارتیایەتی و دەسەڵاتخوازیی رێکبخەن و بە پشتبەستن بە هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر کە زۆربەی هەرە زۆریان لە لایەن کەمینەیەکی زۆر کەمی دەسەڵاتدارانەوە لە سەرەتایترین ماف و ئازادییەکانیان بێبەش کراون.. بە شێوەیەکی رێکخراو بایکۆتی تێکڕای دەسەڵاتداران و هەموو ئەو کەس و لایەنانەش بکەن کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی پارتییەکان دان و یارمەتییدەرن لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو سیستەمەدا کە تاکڕەویی و ملهوڕیی تێیدا باڵادەستە و گاڵتەیان بە ژیان و گوزەرانی چین و توێژە بەشمەینەتەکان و سەربەخۆیی کوردستان و یەکسانیی رەگەزیی و سەرجەم ماف و ئازادییەکانی دیکەی خەڵکی کوردستان دێ و بەهای مرۆڤەکان تەنیا لە چەندیەتیی سەرمایەکانیانەوە دەبینن.

 


ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
١٦\٢\٢٠٢١
rojnamen@yahoo.com 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک