

سەرهەنگ خامۆش
زەمەنێکە وا هەست دەکەم لێم
وونە درک بە بوونی ناکەم ، هەموو ساتیش ڕیسوای دەکەم و ڕقم لێیەتی ،
ئەوەی بیری لێ ناکەمەوە نیشتیمانە.....
من لە تارمایی
بوونی تۆدا
گەڵاڵە بوونی خۆم دەدۆزمەوە
لە لاپەڕە زەردەکانی مێژوودا
لەیەکەم دێر.. تا کۆتایی
هەر ئاوێزان بوونی خۆم و
وون بوونی تۆ دەدۆزمەوە
سەختە گریان
ئاڵۆزە بیرەوەری
تاڵ و شیرین
لەنێوانی من و تۆدا
زۆر ئەستەمە
حاڵی بوونی دڵی گەردوون
بە جوانی تۆ
بەدۆسیەی تەمەنی
پڕ نسکۆی ئەوینی تۆ
تۆ لە کوێی...؟
هێندە بێ دەنگ
هێندە بێ ڕەنگ
بە نێو ئازارەکانی ڕۆحم
گوزەر دەکەی
کەچی
هەر لێم وونی
من تەمەنێکم لە تۆ
هەناسەیەکی قوڵم
لە سییەکانت
پەنگم خواردۆتەوە
پارچەیەکم
لەپارچەکانی دڵی تۆ
لەبیرمە
لەگەڵ یەکەم ساتی کودەتای عیشق
لە باوەشی نەرمت
گوڵێکی سوور لەدایک بوو
هەر لەم ساتەش
گەڵایەکی ڕەنگ زەرد
شەهید بوو
هێندەی دڵی ناسکی تازە بوکێک
کە زوویرە
ئەوەندەی جوکەی سواندوکەیەک
کە لە تۆی دایک وون بووە
هەر وەکو کەرکووک
لێم وونی
هاتووم
بەر لە کوشتنی( ئاو)
دوای سەربڕینی( باران)
تەڕم کەیت
لە عیشقی خۆت
تا لە دەریای دڵی تۆدا
چاو لێک بنێم
قەدەر
هەردوو چاوەکانی بەستاین
سوێندمان خوارد
بە خوێنی شەهید
کە پرچی حەمرین
لە باوەشی قەرەچوغدا
بهۆنینەوە
کەچی پێش ئەوەی
خۆری ئەوین هەڵبێ
گوناهمان کرد
نەزەرمان کرد
درۆمان کرد
بمان بەخشە
ئەی نیشتیمان...!!!
Xamosh_s@hotmail.com
|