|
٢٥\١٠\٢٠٢٦
بەرلەوەی لەدایک بی، تۆم دەناسی!

ئومێد قەرهنی
لە نێو کووچە و
کۆڵانە تاریکەکان
لە چایەخانە و پیادەڕۆیەکان
تەماشای ڕوخساری هاوڕێیەکانم دەکەم
نایانناسمەوە!
سێبەری مرۆڤگەلێک
لە لێواری چاوانمدا
دەردەکەون و وندەبن...
دڵم دەسووتێ
بۆ ژیانێک کە غاردەدا...
یادەوەرییم شێواوە
لێ ئەمن.. ساڵانێکی زۆرە
بەرلەوەی لەدایک بی، تۆم دەناسی
دایکتم لەبیرە...
شەوانە دەبووە ڕووبار
بەخوڕ دەڕژایە نێو مانگەوە!
لە من وەبوو هەر شوێنێکی دایکت
ماچ بکەم گوڵێکی لێ دەڕوێ
پاشان تۆی لێ دەپشکوێ و
دەبیتە دەستەگوڵێکی ڕەنگاڵەیی...
''گەزۆ'' تۆ
دەزانی من کێم!
بەرلەوەی ئەژدیهای کات
لە چاوتروکانەک هەڵمانلووشێ
دەخوازم دیسان بەیەکبگەینەوە
وەک خۆشەویست
وەک دایک و باوک
وەک دوو زارۆک..
جانێ.. تەمەن بێ ئەندازە کورتە
چەند هەنگاوێک.. یان ملیۆنان ساڵ
گەلەک بلەز تێدەپەڕن...
دەمەوێ لە پەنام ڕۆنیشی
دەست لە پێکەنینەکانت بدەم و
هەموو ژیان لە چرکەیەکدا خڕکەمەوە...
ماڵپەڕی
ئومێد قەرەنی
|