بەرنامەى خوانى
گەلى کوردستان
سەرەتایەک بۆ تێکشکاندنەوەى کەسایەتى تاکى کورد.
(مەپرسە ئارەزوى چى جۆرە خواردنێک دەکەى ، بپرسە
بۆچى خەڵکى کوردستان هەژارن).

پێشڕەو حەمید
ئینتهازیەتى دەسەڵات و ناعەدالەتییەکانى
دەسەڵاتى کوردی هۆکارگەلێَکى گەورەن بۆ هەژارکردن هەزاران خێزانى کوردى
و دروستکردنى تاک گەلێکى بیمارو تێکشکاو لە کۆمەڵگاى کوردیدا ، خودى
دەسەڵاتیش لەداوى دروستکردنى ئەو قەیرانانە بۆ ڕەوشى گوزەرانى ( تاک و
خێزان ) ى کوردى ، هێشتا نابەرپرسانە بەناوى هاوکارى کردن و باشترکردنى
ڕەوشى شێواوى ژیانیان لەڕێگەى چەندین کەناڵى جیاوازەوە سەرقاڵى زیاتر
تێکشکاندنى ناخى مرۆڤەکانەو لە ڕێگەى نیشاندانى ئەو مرۆڤانەوە لە شاشەى
تەلەفزێونەکانانەوە و لە ڕوپەڕى ڕۆژنامەکانیاندا ، جارێکى تر بانگەشەى
پلە دوى مرۆڤ و بەکەم تەماشاکردنى ئەو مرۆڤانەدەکات کە دورن لە
دەسەڵاتەوە و نەبونەتە دار دەستى .
گەرچى هیچ مرۆڤێک ناخوازێت لە ساتێکى هەمو تەمەنیدا بەدەست هەژارییەوە
گیرۆدەببێت و داواى هاوکارى بکات بۆ دەربازبونى لەو دۆخە ئازار هێنەرەى
کە تێى دەکەوێت ،بەڵام کەناڵە حیزبیەکان بۆ جوانتر کردن و میکیاژ کردنى
ڕِوخسارى دزێوى دەسەڵات و ناعەدالەتیەکانى ، مرۆڤەکان دەکەنە نێچیرو
بەناوى هاوکارى کردنەوە هێندەى تر لەبەرامبەر ڕەحمى بێویژدانى
دەسەڵاتدا بچوکیان دەکەنەوە و هێندەى تر ناخیان تێکدەشکێننەوە ، وەک
ئەوەى کە لەبەرنامەى (خوانى تەلەفزێونى گەلى کوردستان) دا دەیان بینین
.
بەرنامەى خوانى تەلەفزیونى گەلى کوردستان یەکێکە لەو بەرنامانەى ترى
دەزگاى ڕاگەیاندنى حیزبى کوردى کە بەناوى هاوکارى کردنەوە هەوڵى
تێکشکاندنى کەسایەتى تاکى کوردى ئەدات و هەژارى و دەستکورتى خێزانەکان
دەقۆزێتەوە هەندێک کەسیش نائاگایانە ئەو جۆرە هاوکاریکردنانە بە کارێکى
باش دەزانن و چەندین خێزانى ترى هەژاریش چاوەڕوانن ستافى ئەو بەرنامەیە
بڕۆنە ماڵەکانیان و هاوکارى یەکى ڕەمزى بکرێن ؟! نیشاندانى
چەنددیمەنێکى ماڵ و وێنەى ئەو کەسانەى کە پێکەوە خێزانێکى هەژار دروست
دەکەن لەسەر شاشەى تەلەفزێون ئەمڕۆ یەکێکە لەترسناکترین کار کە خودى
تەلەفزێنى گەلى کوردستان دەیکات و مرۆڤەکان لە ڕوى دەرونى و خێزانى و
کۆمەڵایەتیەوە تێک دەشکێنێت ؟ چونکە نیشاندانى دیمەنى خێزانێکى هەژار
لەتەلەفزێۆنەوە نیشاندانى نهێنى چوارچێوەى خێزانێکە ، لەکاتێکدا تەواوى
خێزانەکان لەنێوان چوار دیواردا بەمەبەستى پاراستنى نهێنێکانینان
شتێکیان بونیاد ناوەو ناویان لێناوە ( خانو ) کەچى بەناوى سوکترکردنى
بارى گوزەرانى ناخۆشى خێزانەکان زومى کامێرایەک تەواوى نێهێنەیکان
دەخاتە سەرشاشە و لەدواى خۆى چەندین خوێندنەوەو چیرۆک بۆ مرۆڤەکانى ترى
کۆمەڵگا بەجێدەهێلێت لەکاتێکدا نیوەى کۆمەلگاى کوردى کار بۆ سوککردن و
تڕۆکردنى یەکتر دەکەن .
سەرە ڕاى بونى ڕێژەیەکى زۆرى هەژارى لەکوردستاندا ، هێشتا بەرنامەى (
خوان ) ى تەلەفزێونى گەلى کوردستان نەیتوانییەوە قسە لەسەر ئەو
هۆکارانەبکات کە خێزانەکانى هەژار کردوە و لەهیچ بەرنامەیەکیدا پەنجەى
نەخستوەتەسەر ئەو هۆکارانەى کە بۆچى دەبێت خێزانێک نانى ژەمێکێان بپێ
دابین نەکرێت و کەسە نەخۆشەکانیان لەبەر پێى پارەى ناتوانێت سەردانى
نەخۆشخانەبکات بەمەبەستى چارەسەرکردنیان ، لەکاتێکدا سەروەت و سامانى
میللەتێک بەهەدربڕوات و بەهۆى هەڵیسانى ڕێژەى گەندەڵى لەکوردستاندا
چینى باڵادەست و چینى مرۆڤەهەژارەکان تادێ بەرەو زیادکردن دەڕوات ؟
خوانى تەلەفزێونى گەلى کوردستان بۆچى لەکاتى دواندنى خێزانەکاندا
قسەلەسەر ئەو هەمو ناعەدالەتیانەناکات کە دەسەڵاتى کوردى داهێنەریەتى و
بۆچى یەکەسەر قسە لەسەر ئەوەدەکات ئاخۆ حەزیان لەچى جۆرە خواردنێکە تا
بۆیان ئامادەبکات ؟ بۆمەگەر خودى کەناڵەکە نازانێت هەرلەدواى تەواوبونى
بەرنامەکەیان خێزانەکان جارێکى تر برسیان دەبێتەوە و چاوەڕوانى ژەمێکى
خۆشتر دەکەن ؟
ئەگەر بەرنامەى (خوان) دەیەوێت دور لەئەجینداى حیزبییەوە کار بۆهاوکارى
کردنى خەڵکانى کەم درامەت بکات ئەوا لەبرى ئەوەى وێنەى کەسەکان نیشان
بدات و ئیشتهایان تاقى بکاتەوە بەگێرانەوى چیرۆکەکانیان بینەران توشى
ئازار بکەن ، ئەوا باشترە کە بەرلە هەرشتێک ئەو بەرنامەیە درێژەێنەدەن
و ڕایبگرن و ستافى بەرنامەکە ناوى سەرجەم ئەو خێزانانە لاى خۆیان
دیکۆمێنێت بکەن و بەشێوەیەکى نێهێنى و دور لەو زومى کامێراوە کۆمەکیان
بکەن ، ئەگەر نـا ئەوا با ستافى بەرنامەى (خوان) بپرسن (بۆچى هەمیشە
سەر خوان هەیە پڕە لە پێکەنین و تێرى ، سەر خوانیش هەیە پڕە لەبرسێتى)
ئینجا بەردەوام بن لە تێکشکاندنى کەسایەتى تاکى کوردى .
|