٥\٤\٢٠١٦
بەرپابوونەوەی شەو.

نەژاد عەزیز
سورمێ
١
لە ڕۆژھەڵاتەوە
بۆ ڕۆژھەڵات..
سۆمەرییە سەرڕەشەکان،
شەو بەخۆیان دادەدەن و
بە پێخواسی،
خاکی قەدەغەکراو تەی دەکەن…
تا چاو بڕ دەکا شەوە..
بەیانی شەو
نیوەڕۆ شەو
ئێوارە شەو
شەویش ھەر شەو..
خۆر ھەڵیشبێ
ئەو خۆرە نییە ڕوناھی
لە سنگی سەرڕەشان بپەڕێتەوە،
کازیوە نابیندرێ
لەوێ لە ڕێدا، لە خاکی قەدەغەکراو
ڕێبواران نازانن سپێدە چییە.
ئێوارە و نیوڕۆژ ناناسن
تا چاو بڕ دەکا شەوە
سۆمەرییە سەرڕەشە پێخواسەکان
لەشەوی بێ سەرەتاو بێ کۆتایی
تەنیا پەی، بەناخی خۆیان دەبەن
لە داڵانەکانی ئەوێدا
بەدەم ڕێگاوە،
ئەستێران بەداو وەدەکەن..
درەختان دەدوێنن..
ئەو کتێبانە دەخوێننەوە،
کە لەدوایدا دەیانووسن:
کتێبی چەشە..
کتێبی چزوو..
کتێبی یەکتەنیی و
کتێبی مەرگ و نەمریی..
سۆمەرییە سەرڕەشە پێخواسەکان
بەدرێژایی ڕێ
بەدرێژایی شەوی دوانەبڕاو
بەدرەوشانەوەی ناخیان
بیر لەنان، لە باران
لە گیروگرفتەکانی دڵ و
لە مەستبوون دەکەنەوە ..
بیر لە خونچەکانی ڕاست و چەپی ڕێ دەکەنەوە
کە بەتینی تاریکایی دەپشکون.
بیر لە ئاسمان دەکەنەوە
بە کەزیە ئاڵۆزەکانی شەو
کێشمانەی خۆی دەدا..
ئیتر نەما
شەو سیپارەیێکی چەند پەڕی بێ
لە پێچی مێزەرێکدا بخوێنرێتەوە
شەو ئەسکەندەرنامەیە،
چەندی لێ دەخوێننەوە
دوو ئەوەندە، دە ئەوەندەی دێتە سەر..
شەو داستانێکە
کەس نازانێ کەی دەستی پێکراوە و
کەی تەواو دەبێ.
٢
لە ڕۆژھەڵاتەوە
بۆ ڕۆژھەڵات..
(خۆرێکی چەند زەرد و گەرمۆکەمان ھەبوو
ئەو دەمەی لە دار و درەخت دەچووین..
ئەو دەمەی خۆمان پێک ھەڵدەواسی و
گەڵامان تێکەڵ دەبوون..
ڕەگمان
لەیەک سەرچاوەی دەخواردەوە
ئەو دەمەی
خۆرێکی زەرد و گەرمۆکەمان ھەبوو
چەند مرۆڤی سادە بووین،
پڕ لە ئارەزوو .. لە مانا
بە تاڤگان ھەڵدەگەڕاین
ترسمان لە بناران گڕ دەدا…)
ئەو شەوە تایبەتییە مەحاڵەیان
لەکوێ بۆ سەرڕەشان ھێنا؟
لەکوێیان ھێنا ئەو شەوە؟
بۆ ھێنایان؟
کە نە بەھاوار
سەدای نووزەی
شەوقێکی کز دەبینرا
نە شکۆفە خەواڵووەکان
جیلیوەیەکیان لێ دەبووەوە..
شەو، شەو
ھەمیشە شەو
بەیانی شەو
نیوەڕۆ شەو
ئێوارە شەو
شەویش ھەر شەو..
٣
لە ڕۆژھەڵاتەوە
بۆ ڕۆژھەڵات..
سۆمەرییە سەرڕەشەکان
لە دونیای شەودا
خاکی ڕەنگینیان
لەناخی خۆیاندا دەدی،
ئایندەیان دەخوێندەوە
پێشبینی کەش و ھەوایان دەکرد و
لە زەماوەندی
شەپۆل و ڕووباران بەشدار دەبوون..
سەرڕەشەکان،
جار ھەبوو لە خۆشیا دەگریان
جاریش ھەبوو لە خەمان پێدەکەنین.
سەردەمە سەخیفەکانی دوای خۆیان دەدی
فێر ببوون ڕقیان لە شەڕ ببێتەوە
سیمای سەقەتستان و
بوونەوەرەکانی
وێنەی زامی درۆزنانەی بکوژ و ببڕان بناسنەوە..
ھاتن گەلگامشیان
لە ئەشکەوت و دڕاڵەکانی
شانیدەر و زرزی و ھەزارمێرد و
دەشتاییەکانی چەرمۆدا برد..
ئەنکیدۆیان
لە لوتکەکانی زاگرۆسەوە ھێنایەخوار.
ئەو دەمە
مەیخانە پاڵی بە مەیخانەوە دابوو
کەس نەیدەزانی مەرگ چییە
گەلگامش لە مەیخانە دادەنیشت
سێوی بە پەلکەوە دەخوارد..
گوێی بۆ حیکایەتی
ئەو سەردەمانە ڕادەدێرا
ھێشتا نەھاتبوون.
حیکایەتی
ئەوەی پاشان
ناوی لێنرا بێھوودەیی
ئەوەی ناوی لێنرا شەڕ،
شەڕ لەگەڵ خۆ
لەگەڵ ئەو
لەگەڵ ئەوی دی
لەگەڵ ئەوانی دی..
حیکایەتی
ئەو قەسیدانەیش
دەنووسرێن و
لەگەڵ دووکەڵی جگەرەدا بەبا دەکرێن..
٤
ئەوە، خەونی من بوو
پڕ بە قووڵایی خۆشەویستیم
لە شەوێکی سپیدا بینیم
پێیان گوتم:
ئێمە
مرۆڤ
پێویستیمان بە کەشتییەکی دیکە ھەیە..
تشرینی یەکەمی
٢٠١٤
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|