په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٢\٢٠٠٩

بەرپرسانی پارتی و یەکێـتی

بازرگانی جـگەرەیان لە کوردستان کۆنتڕۆڵ کردووە.


راپۆرتی:شوان سدیق


چەند بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی ناویان لەبازرگانی جگەرە دێت و بازرگانەکان پێیانوایە ئەو بەرپرسانە بازاڕی جگەرەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، دوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی لەهەر یەکە لەمەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی نکۆڵی لەوە ناکەن، کە بەرپرسیان هەبێت بازرگانی بەجگەرەوە بکات، بەڵام ئامادەش نین ناوی ئەو بەرپرسانە ئاشکرا بکەن.


بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان جۆرەکانی جگەرەی مارلبۆرۆ و پارلەمێنتی تورکی لەجگەرە گرانبەهاکانی بازاڕی کوردستانن. ئەو مارکانە چەند جۆرێکیان هەیە و نرخی مارلبۆرۆ تەکەی بە 38 دۆلارە و کارتۆنی 1950 دۆلارە. هەروەها جگەرەی پارلەمێنتی تورکی تەکەی بە 39 دۆلارە. واتە هەر تەکەی 10 پاکەت لەخۆ دەگرێت، بەشێک لەخاوەن نووسینگە و کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی جگەرە باس لەوە دەکەن، زۆری بازرگانەکان لەبەرپرسانی حیزبین، ئەگینا کەس ئەو سەرمایەی نییە، کە ئەو جۆرە جگەرانە بێنێت، یاخود ئەگەر هەیشیبێت، ئەوا رێگای پێنادرێت.


سامان غازی کە ماوەی چەند ساڵێکە کاری کڕین و فرۆشتنی جگەرە دەکات، باس لەوە دەکات، گەر هەر کەسێک لە کوردستان بیەوێت بازرگانی جگەرە لەوڵاتێکی دەرەوە بۆ ناوخۆی کوردستان بکات، ئەوا دەبێت بەرپرس بێت، سامان گوتی "ئەگەر پارەیەکی باشیشت هەبێت، ئارەزووی بارزگانی جگەرە بکەیت، ئەوا دەبێت کەسێکی بەرپرست لەپشتەوە بێت، ئەگینا رێگات نادەن، ئەو کارە بکەیت". سامانی دوکاندار نکۆڵی لەقسەکانی خۆی ناکات و دەڵێ "جگەرەی پلێشەر لە دەرەوەی کوردستانەوە دێـت، ئەگەر کەسێک بیەوێت ئەو جگەرەیە بۆ کوردستان بێنێت و بەرپرس نەبێـت، ئەوا ناتوانێ هاوردەی بکات، لەبەرئەوەی هەلی بارزگانی گشتی بەو شێوەیە بۆ هەموو کەسێک کراوە نییە".


هەندێک لەدوکاندار و خاوەن نووسینگە و کۆمپانیاکانی بازرگانیکردن بەجگەرە لەشاری هەولێر، هەرچەندە خۆیان لەهەرجۆرە لێدوانێک بەدوور دەگرن، بەبیانووی ئەوەی ئەوان پۆستی حیزبییان هەیە، یان وەک خۆیان دەڵێن "نایانەوێت شەڕ بۆ خۆیان دروست بکەن"، یەکێک لەو بازرگانانە قسەی کرد، بەبیانووی ئەوەی پۆستی حیزبی لەناو یەکێک لەحیزبە دەسەڵاتدارەکان هەیە، حەزی نەکرد ناوی بهێنرێـت، ئەو لەنووسینگەکەی خۆی دانیشتبوو، کاتێک پرسیاری هاوردەکردنی جگەرەمان ئاراستە کرد، ئەو گوتی "هێنانی جگەرە ئەگەر وەک بتەوێت قازانجێکی باش بکەیت، ئەوا دەبێت کەسێکت لەپشتەوە بێت، چونکە ئەو کەسانەی بازرگانی جگەرە گرانبەهاکانیان گرتۆتە ئەستۆ لەبەرپرسانی پارتی و یەکێتین". ئەو دوکاندارە گوتی "ئەو کەسانەی ئەرکی هێنان و هاوردەکردنی جگەرەیان گرتۆتە ئەستۆ، بەتایبەتی جگەرە گرانبەهاکان، مەرج نییە کەسی ئاسایی بن، لەبەرئەوەی لەکوردستان کۆمپانیای بەناوبانگ هەیە، کە کاری تەندەر و وەبەرهێنان و شتی تر دەکات، کەچی نووسینگەی لەهەموو شارێکی کوردستان هەیەو گرانترین جگەرە لەدەرەوەی کوردستانەوە بۆ ناو کوردستان ئاڵووێڵ پێدەکات".


بەرپرسی یەکێکی تر لەنووسینگەکانی دابەشکردنی جگەرەی گرانبەها، ئەوەی ئاشکرا کرد کە نووسینگەکەی ئەوان بە پاڵپشتی کۆمپانیای (نۆکان)ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرانبەهاترین جگەرە دێنێتە کوردستان و "ئێمەش لەریگای نووسینگەی شارەکانەوە دەیفرۆشینەوە بەدوکاندار و کڕیارانی خوارووی خۆمان"، بەرپرسی ئەو نووسینگەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد و گوتی "کۆمپانیای نۆکان کە جگەرەی گرانبەها دێنێتـە کوردستان، بەتەنها ئیشی هاوردەکردنی جگەرە نییە، نەخێر. بەڵکو ئەوە کۆمپانیایەکە کە موڵکی حیزبێکی دەسەڵاتدارە لەکوردستان، ئیشی تەندەر و کاری ئاوەدانکردنەوە و جۆرەها ئیشی تر دەکات".


خاوەنی نووسینگەیەکی تر بۆ فرۆشتنی جگەرە، ئاماژەی بەوە کرد، گەورەترین کۆمپانیا لەکوردستان، کۆمپانیای نۆکانە، کە کاری بازرگانی جگەرە دەکات، ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە گرێبەستی لەگەڵ گەورە کۆمپانیای (فلیمۆرس)ـی نێودەوڵەتی کردووە، جگەرەکانیش چەند جۆرێکن، لەوانە مارلبۆرۆ و هەموو جۆرەکانی لەگەڵ ئێڵ ئێم و هتد..، خاوەنی ئەو نووسینگەیە گوتیشی "ئەو کۆمپانیایەش نووسینگەی سەرەکی لەشارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. جگە لەکۆمپانیای نۆکان هیچ کۆمپانیایەکی تر ناتوانێت ئەو جگەرەیە بێنێتـە کوردستان، لەبەرئەوەی نۆکان گرێبەستی لەگەڵ فلیمۆرسدا کردووە".


بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (سڤیل) کەوتوون، حکومەتی عێراق چەند ساڵێکە رێگا بەهاوردەکردنی جگەرەی مارکە ئینگلیزییەکان نادات، بەڵام ئەو جۆرە جگەرانە لەسنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەئاسانترین شێوە لەرێگای فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە هاوردە دەکرێن، هاوکار عەبدولکەریم ناوی خوازراوی بارزگانێکی ترە و باس لەوە دەکات، حکومەتی عێراق رێگا بەهێنانی جگەرەی ئینگلیزی نادات، بەتایبەتی رۆسمەن، کێنت، مارلبۆرۆ، هاوکار روونیکردەوە "ئێستا لەبازاڕەکانی کوردستان و عێراق جگەرەی رۆسمەن و مارلبۆرۆ و کێنت هەن، بەڵام ئەوان پێی نازانن، چونکە ئەو جگەرانە جۆر و نەوعییەتیان زۆرە، بەڵام مارکە ئینگلیزییەکەی کێنت و رۆسمەن و مارلبۆرۆ زۆر گرانن و حکومەتی عێراق رێگا نادات لەرێگای فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکانی خۆیەوە هاوردە بکرێن، کەچی لەفڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی زۆر بەئاسانی دێنە ناوەوەی کوردستان".
لەبەرامبەردا خاوەنی نوسینگەیەکی تر بۆ جگەرە روونی دەکاتەوەو دەڵێ "هێنانی ئەو جۆرە جگەرانە لە کوردستانەوە دێن، نەوەک عێراق، عێراق بەو پێیەی دەوڵەتێکی عەرەبییە، ئەو جگەرانەی دێنە عێراق، دەبێت مۆری عەرەبییان پێوە بێت، بەڵام ئەوەی ئەو مۆرەی پێوە نەبێت، حکومەتی عێراق رێگای پێنادات، چونکە پەیماننامەی ئیمزا کردووە، بەڵام ئەو جگەرانەی مۆری ئینگلیزییان پێوەیە، لەسنوری ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە دێنە کوردستان".


تەنها یەک بەرپرسی حکومەتی هەرێم ناوی لە بازاڕی جگەرە دەهات، هەر جگەرەفرۆشەکانیش دەیانگوت "لەوەتەی بەرپرسیارێتی حکومی وەرگرتووە، وازیهێناوە". ئەوان باسی کۆمەڵێ ناوی تریان دەکرد و دەیانگوت "بەڵام ئێستا لەهەولێر کۆمپانیای خۆشناو جگەرەی پاین و پێلێشەر دێنێتە کوردستان، کە غەفور خۆشناو سەرپەرشتی دەکات، (شێخ عەبدولحەلیم)ـیش کە بازرگانێکی بەناوبانگە و لەدهۆک دادەنیشێت، جگەرەی باش دێنێتە کوردستان. هەروەها مەلا سەلمان ئەویش جگەرەی پلیستیک دێنێت و لەسلێمانی دادەنیشێت. ئەم کەسانە ئەوەی ئێمە بیستوومانە سەربەخۆن، بەڵام نازانم کێ لە پشتیانەوەیە. ئەوەیان دیار نییە".


بەپێی ئەو زانیارییانەی لەدەزگای وەبەرهێنانی پارتی دەست (سڤیل) کەوتوون، بەرپرسانی پارتی لەهێنانی جگەرە لەوڵاتانی دەرەوە بۆ کوردستان پشکی زۆریان هەیە، بەڵام هیچ کەسێک لەو سەرمایەدارە حیزبییانە سەر بەو دەزگایە نین و لە رێگای ئەو دەزگایەوە کار ناکەن، سەرچاوەیەک لە دەزگای وەبەرهینانی پارتی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێـتەوە، گوتی "بازرگانیکردن بەجگەرە و هاوردەکردنی ئەو ماددەیە لەدەرەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان، بازرگانیکردنێکی ئاشکرایە، هەرچەندە سەرمایەداریشیان تێدایە و پارتین، بەڵام بەهیچ شێوەیەک سەر بەم دەزگایە نین، لەبەرئەوە دەزگای وەبەرهێنانی پارتی کاری پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات، نەک هێنانی جگەرە. هەروەها دەزگاکە بەتایبەتی ئەو پڕۆژانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی، کە تایبەتن بەحیزب". هەمان سەرچاوە لە دەزگای وەبەرهێنانی پارتی روونیشکردەوە، زۆربەی سەرمایەدارەکان بەتایبەتی ئەوانەی کە کۆمپانیایەکی دیاریکراویان هەیە، لەدەرەوە ئیعترافییان پێکراوە (دیوتفری)ـیان هەیە و دەتوانن لەرێگای فڕۆکەخانەی هەولێر یان سلێمانی جۆری مارکە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام لەو (دیوتفری)ـە دەزگای وەبەرهینانی پارتی جگەرە ناهێنێت، بەڵکو پێداویستی تر بەباش دەزانێت، کە بیهێنێت.


ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی نکۆڵی لەوە ناکەن، کە بەرپرسانێک هەبن بازرگانی جگەرە بکەن، لەلای خۆیەوە محەمەدی مەلا قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەدووری نازانێت بەرپرس هەبێت بارزگانی بکات، بەڵام ئەوە رەت دەکاتەوە خۆی بازرگانی بکات، محەمەد مەلا قادر گوتی "راستی من خۆم رقم لەجگەرەیە و ئامادەش نیم هیچ بازرگانییەک بەو مادەیەوە بکەم، ئەگەر پێشم بکرێت سەیتەرە دەکەم بەسەریدا، بۆئەوەی نەیەتە کوردستان، چونکە بەراستی جگەرە زۆر زیانی هەیە"، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی "ئەوەش بەدوور نازانم بەرپرسەکان بازرگانی جگەرە یان هەر شتێکی تر بکەن، بەڵام بەخوا بەعەیبیشی دەزانم ئەو کەسانەی کاری سیاسی دەکەن، بارزگانی بکەن، چونکە پیاوی سیاسی دەبێت خۆی بۆ گەلەکەی و ئامانجە سیاسییەکانی تەرخان بکات، نەک فڕکانفڕکانی بێت، ئیشی سیاسی و بازرگانی بکات".


سەعدی ئەحمەد پیرەی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو لەهێنانی جگەرە بۆ کوردستان پشکی نییە و گوتی "من بەهیچ شێوەیەک بارزگانیم بەهێنان و بردنی جگەرەوە نەکردووە و ناشڵێم هبچ بەرپرسێک نییە ئەو بارزگانییە بکات، بەڵام هەقم بەسەر ئەو مەسەلەیەوە نییە". زانا رۆستایی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەلێژنەی یاسایی دەڵێ "پێش ئەوەی ئێمە یاسای جگەرە ببەینە ناو پەرلەمان، ئەوەمان زانیبوو کە بەرپرسانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بازاڕییان بۆ خۆیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام هیچ بەدواداچوونێکمان لەسەر ئەو مەسەلەیە نەکرد، چونکە ئامانجی ئێمە لەدەرکردنی ئەو یاسایە تەنیا بۆ کۆمەڵگا بوو، بەڵام دەکرێت لێژنەی ئێستا لەپەرلەمان ئەو کارە بکەن و بزانن کێ بازرگانی بەو مادەیەوە دەکات".

 


shwansdiq@yahoo.com