٣\٣\٢٠١٠
بەرپرسانى یەکێتى
و پارتى تەقلەیان بە(غاندى و گیڤارا)لێداوە!!

گۆران دوکانى
وەک چۆن مێژوو شاهێدە بەدرێژاى شۆڕشە یەک لەدواى یەکەکانى کورد
بەردەوام (یەکێتى وپارتى) هەموو ڕێوشوێنێکی نایاساییان گرتۆتەبەر
لەپێناوکپکردنى بۆچونی جیاوازى پارتە سیاسیەکانى دیکەى کوردى تەنانەت
زۆرجار لەبەرامبەر خۆشیاندا،کەدواجار هەمووئەمانەش لەپێناوبەرژەوەندى
تەسکى حیزبایەتیدا سەرچاوەیان گرتووە،
تەنانەت زۆرجار کارگەیشتۆتە ئەوڕادەیەى پەنابۆ دوژمنێک بەرن
کەتینو بەلەکەدارکردنى هەموو سەروەریەکانى بزوتنەوە سیاسی
وچەکداریەکانى کوردبوە لەهەرکونجێکى ئەم جیهانەدا سەریهەڵدابێت ،لەهەمووشى
ترسناکتر ئەوەیە کە تائەمڕۆش بەشێک لەو خیانەتانە لەلایەن سەرکردەکانى
ئەم دووحیزبەوە شانازیان پێوەدەکرێت، ئەو خیانەتو کارە نانیشتیمانیانەش
ئەوەندە زۆرن کەدواجار یاداشت گەلێک لەمێژووى ئەم میللەتەدا دەنەخشێنن!.
ئەوەى لێرەدا جێگاى باسکردنە ئەم دووحیزبە سیاسەتى دواى ڕاپەڕینیشیان
دووبارەکردنەوەى هەمان سیناریۆى ئەوسیستەمە کۆنزەرڤاتیفەى سەردەمى
شاخیان بوو ،وەلێ سیناریۆیەکى جیاوازتر ،بۆنموونە جاران بن کەوڕگو
ئەشکەوتى چیاکان پشتیرو تەنوربانى گوندەکان شارى (ئۆرشەلیم) بوو بۆیان
،بەڵام ئەمڕۆ دواى 19ساڵ تێپەڕبوون بەسەر قۆرخکردن ومۆنۆپۆلکردنى ئەم
هەرێمەدا و7ساڵ تێپەڕبون بەسەر حکومڕانیکردنیان لەبەغدا ،کەچى ساڵ
لەدواى ساڵ زیاتر هەڵپەیانە بۆمانەوەى دەسەڵاتى هەرێمو ناوەند بەبیانوى
کوردبون و کوردایەتی.
ئەمڕۆ لەجارارن زیاتر زەمینەکەیان بۆ ڕەخساوە،جاران بەدرێژاى چەوسانەوە
و زوڵمو زۆرى کەلەکوردستانیانى ئەم هەرێمە دەکرا ئەم دووحیزبە هیچکام
لەو ئازارو تراژیدیانەیان بۆنەدەگوازریاوە تالەبەردەم ڕاى گشتى
وسەرکردەو سیاسەتڤانەکانى جیهان مەکرەمە بەوئازارانەوە بکەن،بەڵام
ئەمرۆ مۆنۆمێنتەکانى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەو ئەنفالى گەرمیان زۆر
ساناتر لەجاران ئەو زەمینەى بۆ ڕەخساندون تالەکاتى هاتنى سەرکردەیەک
یان سیاسەتمەدارێکى ناودارى جیهان پەلکێشیان بکەن بۆسەر مۆنۆمێنت
ومەزارى قوربانیانى ئەم هەرێمەو پێگەى سیاسی خۆیانى پێبەهێز بکەن ،کەچى
ئەوەش هەر بەرپرسو سەرکردەکانى پارتى ویەکێتین لەساڵیادى بۆنە نیشتمانى
ونەتەوەیەکاندا غیابن لەناو جەماوەردا!.
لەلایەکیترەوە لەگەڵ ئەوەى لەدواى ڕوخانى ڕژێمى بەعسەوە کورد خاوەن
پێگەیەکى بەهێزى سیاسی وئیدارى بوە لەبەغدا بەهەموو حکومەتە کاتیە
یەکلەدواى یەکەکانیشەوە کەچى دەبینین سەرکردایەتى کورد نەیتوانیوە
سادەترین مافى ئەم هەرێمە بەدەست بێنێت کەزۆرینەى مافەکانى
لەدەستورێکدا هاتوە تەواوى گەلانى عێراق بەهەمووپێکهاتەو کەمایەتیە
نەتەوەکانەوە دەنگیان بەودەستورەداوە ،لێ بەپێچەوانەوە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ
بەرپرسانى (پارتى ویەکێتى) لەڕوانگەى دۆستایەتى شەخسی وپەیوەندیە سیاسی
وئیداریەکانى خۆیانەوە لەگەڵ براعەرەبو تورکومانەکانیان لەبەغدا
بەهێزتردەبن وئیمتیازاتو دەستکەوتە شەخسیەکانیان ڕوو
لەزیادبونە،تەنانەت کارگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەى چەندبەرپرسێکى ناوەڕاست
وخواروى عێراق پشکیان لەم هەرێمەدا پێدراوە وبرابەشن لەگەڵماندا وەک
ئەو ڤێللاو خانو کۆشکەتایبەتانەى کەلەهاوینەهەوارەکانى (دوکان
وسەڵاحەدین وسەرسەنگ) بۆبراعەرەبە شیعەوسونە مەزهەبەکانیان دابین
کردون،ئەوەتا تاڵەبانى وەک پێشتر لەڕاپۆرتێکى گۆڤارى لڤیندا
بڵاومکردۆتەوە لەهاوینەهەوارى دوکان ڤێللایەکى بەخشیوە بەتارق هاشمى
جێگرى وهەروەها دووخانوو هەزاروپێنجسەد مەتر دووجا زەویشى بەخشیوە
بەعادل عەبدول مهدى جێگرى دووەمى ،هاوکات لەهەوڵى دروستکردنى
میوانخانەیەکى تایبەتدان بۆعادل عەبدول مهدى لەسەربڕیارى خودى تاڵەبانى
ئەمە لەکاتێدا هەرخودى ڕاگەیاندنەکانى حیزبەکەى تاڵەبانى بوو لەکاتى
ڤیتۆکردنەکەى هاشمى لەمەڕهەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراقدا کردبویان
بەهەراوهۆسەو هەزارویەک ناوى نەشیاویان لەهاشمى نابوو دۆستەلەمێژینەکەى
تاڵەبانى سکرتێرى گشتى حیزبەکەیان!، ئاخرئەمە جگەلەگاڵتەکردن بەعەقڵى
میللەت چ خوێندنەوەیەکى دیکەى بۆدەکرێت؟!، ئەوەهەر (مەشهەدانیە) فریاد
ڕەسەکەى دوێنێى کوردە کەلەسەربڕیارى خودى بارزانى خانویەکى لەهەولێر
بۆدابین کراوە ولەکاتى پۆستى سەرۆکى پەڕلەماندا جارێک بەدەنگى
کەمترلەنیوەى 127ئەندام پەڕلەمان یاسایەکى پەسەند کرد کەدژى گەورەترین
دەستکەوتەکانى میللەتى کوردبوو، جارێکیش براکوردەکانى لەحەرەمى
پەڕلەماندا بە(گەواد) ناودەبات،ئافەرین تاڵەبانى وبارزانى ماشەڵاتان
لێبێت لەسیاسەتا تەقلەتان بەئەنشتاین ونیتچەلێداوە!!.
دەیان نموونەى دیکەى لەوجۆرە گەواهى ئەو ڕاستیە دەدەن لەگەڵ ئەوەى کورد
لەحەوت ساڵى ڕابردوودا خاوەن پێگەیەکى بەهێزبوە لەبەغدا نەک
هەرنەیتوانیوە سادەترین مافى کوردو کوردستانیانى ئەم هەرێمە بپچڕێت
بەڵکو نەیتوانیوە دۆستێکى ڕاستەقینەش بپچڕێت،هەربۆیە دەکرێت بڵێین دواى
19ساڵ لەحکومڕانیکردنتان لەم هەرێمەدا توانیوتانە کەمێک وەزعى ئاو
وکارەبا بەرەو باشى بەرن ،دواى سەدان خۆپیشاندان وناڕەزای بێشومارى
شارو شارۆچکەکانى ئەم هەرێمە توانیوتانە چەند پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى
بەسەقەتى ونیوە ناچڵى جێبەجێبکەن ئەویش لەڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا لەڕێگەى
لەشکرێک لەمێدیاو مێدیاکارەکانتانەوە بەمەکرەمە بەخەڵکى بفرۆشنەوە،
وەلێ سەبارەت بەحکومڕانیکردنتان لەبەغدا دەتوانین ئەوحەقە بەخۆمان
بدەین بەهێنانەوەى دەیان بەڵگەو نموونەى حاشا هەڵنەگر زەڕبى سفرتان
بکەین ،ئێوەش بۆمەرامە تایبەتمەندیەکانى خۆتان لەوەها ڕۆژێکى هەڵمەتى
هەڵبژاردندا هەر ڕۆژەى بەدەسیسەو پیاوى وڵاتێکى بەرودراوسێ تۆمەتبارمان
بکەن ،ئەو دراوسێیانەى کەبەفەخرو شانازیەوە دەستتان دەگرتن بۆقاتو
قڕکردنى یەکترى!.
هەرسەبارەت بەپەیوەندیە دیبلۆماسی وستراتیژیەکان دەکرێت بڵێین
سەرکردایەتى سیاسی کورد لەمڕۆدا گەورەترین زەمینەى بۆڕەخساوە بەراورد
بەساڵانى پێش ڕاپەڕین کەدەنگى کورد بەهیچ کوێى ئەم دنیایە
نەدەگەیشت،وەلێ لەئێستاداو لەم سەردەمى جیهانگیریەو شکانى هەموو
ئەولەمپەرانە،شکوربۆخوا لەسایەى سەرى سەرکردەو بەرپرسانى یەکێتى
وپارتیەوە تەنیاوتەنیا کراوینەتە پاشکۆى وڵاتێکى بەرژەوەندخوازى وەک
ئەمریکا، ئەمەلەکاتێکدا ئەوەى لەم گەمە سیحراویەى سەرکردایەتى کورددا
بەدیدەکرێت تەنانەت تاکوئەمڕۆرش هیچ گرێبەستێکى مۆرکراو لەنێوان کوردو
ئەمریکادا بونى نیە،جگە لەنەبونى هیچ جۆرە پەیوەندیەکى ستراتیژى
لەنێوان کوردو وڵاتە زلهێزەکانى جیهاندا تەنانەت هیچ جۆرە پەیوەندیەک
لەگەڵ ووڵاتانى بەرودراوسێشدا بونى نیە، وەک دەبینین لەکاتى ڕودانى هەر
گرژیەک کەدەبێتە هۆى داخستنى سنورەکان لەڕووى ئابوریەوە بازاڕەکانى
هەرێمى کوردستان ڕووبەڕوى چ هەڵاوسانێک دەبنەوە،بەڵام هاوکات هیچکام
لەو ووڵاتانەى دراوسێ باکیان نیە لەوقەیرانە ئابووریانەى
کەڕودەدەن،کەچى لەهەمان کاتدا لەڕووى پەیوەندی حیزبیەوە هەریەک لەپارتى
ویەکێتى لەزۆربەى مەسەلە ئابورى وسیاسیەکانى خۆیاندا پەیوەندیەکى پتەو
بەهێزیان لەگەڵ ووڵاتانى دراوسێدا هەیە، بۆنموونەپەیوەندى نێوان یەکێتى
وئێران،پارتى وتورکیا،کەدەکرێت بڵێین زۆربەى ئەوپەیوەندیانەش نهێنین و
ئەمەیان زیاترلەپەیوەندیە ئابوریەکانى نێوانیاندا بەدیدەکرێت کەدواجار
بیرمان نەچێت ئەمەش لەسەر حیسابى ماڵى میللەتە.
بۆیە پێویستە چیدى ئێمەى کوردستانیانى ئەو هەرێمەى کە19ساڵە ئەم
دووحیزبە حوکمڕانی تیادا دەکەن نەخەڵەتێین بەوعاتیفەو سۆزانەى
کەلەبەرامبەرمانداو بەتایبەت لەڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا دەینوێنن،چیدى
بێپرسیارکردن لەخۆمان ڕاستەوخۆ ئاپۆرایەکى جەماوەریان بۆ سازنەکەین بەو
وتافە بریقەدارانەى کەلەکوێ لەگەڵ بەرژەوەندیەکانى حیزب هاتەوە ئیدى
لەوکاتەدا بمانڕژێننە سەرشەقامەکان!.
دواجار وەک ئەوەى کەدەبینین بەدرێژاى 19ساڵ حکومڕانیکردنى ئەم دوو
حیزبە تەواوى بەرپرسەکانیان فیرعەون ئاسا هەریەک کەوتونەتە داگیرکردنى
مەملەکەتێک لەناو یەک مەملەکەتى سەراپا شەهیدستاندا،لەسەرو هەموو
ئەمانەشەوە کاتێک دێنە سەرشاشەى تەلەفزیۆنە حیزبیەکانیان سەدان
مەکرەمەى خەباتو پیرۆزیمان پێدەفرۆشن ،وەک ئەوەى کەبڵێیت لەڕوانگەى
عەدالەتى ئیشتیماعى ودادپەروەریەوە ئەوەندە پاکو نەزیهبن تەقلەیان
بە(غاندى وگیڤارا) لێداوە!.
Goran_Dukani@yahoo.com
|