بەرپرسان خۆیان خۆیان دەکەن بەمانگەشەو!!
هاوار بانیخێڵانى
نازانم چۆن و بەچى روویەک بەرپرسانى ئێمە روویان دێت لەمیدیاکان رەزاى خۆیان شیرین دەکەن وخۆیان دەکەن بەمانگى چواردە لەکاتێکدا ئەستێرەى سیویلیش نین ،مانگ ئەو رووناکیەیە کە لە کاتى هەڵهاتنى بزە و ئارامیى دەبەخشێت بە مرۆڤەکان و پێمان دەڵێ لە ژوورە تاریکەکاننتاندا بێنە دەرێ و لەژێر تریفە و روناکایى مندا کاتەکانتان بەسەربەرن چونکە ووڵاتى ئێوە پرە لە تاریکى نائومێدى و بێ کارەبایى و بێ رفایەتى ژیان ، دەشتوانن لەژێر رووناکایى مندا هەموو رازونیازێکتان بۆ یەکدى باس بکەن و هەموو چیرۆک و رازونیازەکانتان وەبیربهێنمەوە و بەخشندەیتان پێ ببهخشم و نائارامیتان بیرببەمەوە.
بەڵام ئەى ئێوە بەرپرسە هیچ لەبارانەبووەکان جگە لە ماڵ کاولى و شەرونەهامەتى و گرانى و تاڵان وبرۆى نیشتیمان و لەباربردنى خەونەکانمان چى ترتان لە دەست هاتووە یان دەستى تەڕتان بە مرۆڤە ئازادیخواز و حەق خوازەکاندا دەسرن ، بە درێژایى دروستبوونى ئەم کەونە مانگ خۆشى و .خێروبەرەکەت بەسەر مرۆڤەکاندا دەبارێنى بەڵام ئێوە وزەى تاریکى بۆ گەڵ بەرهەم دەهێنن.
دەبێ ئێوە کام مانگەشەوبن کە رەخنەگرانتان بە سەگ لەقەڵەم دا داخۆ بەرهەم و خۆشگوزەرانیەکانى ئێوە کامانەن کە بۆ خەڵکى بەشمەینەتتان وەبەرهێناوە یان دڵى کام منداڵى بێ باوکتا خۆش کردووە کام خزمەتى گوند نشینەکانتان کردووە پێم ناڵێن دڵى کام دایکى شەهیدتان خۆش کردووە کامانەن ئەو دەستکەوتانە بۆ کەسوکارى ئەنفال و قوربانیانى چەکى کیمیایى کە نەتان توانى واژو لەسەر لەسێدارەدانى ئەنجامدەرانى بکەن کام مەعمل و مهسانعتان دروست کردوە تا گەلى کورد لەپەنایدا بێ کارنەبێ کامەیە هەوڵەکانتان بۆ وەدەست هێنانى وزەى کارەبا تا میلەت لە تاریکیدا نەژى کام پرۆژەتان وەگەرخستوە تا گەنجان ولاوانى کورد ساتەوەختەکانى ژیانیانى تیدا بەسەربەرێ و سەرگەردانى ووڵاتە بیانیەکان نەبن کامەیە ئەو پیلانانە کە بتوانن دارەبەنەکانى کوردستان موتوربە بکەن کامەن ئەو هەوڵانە تان بۆ بنەبرکردنى ئەو گرانیەى بەسەر میلەتدا هاتووە کامەیە ئەو پیلانەتان بۆ بنبرکردنى گەندەڵى ئیدارى و فەسادى بەگشتى پێم خۆشە وەک تاکێکى کورد بزانم خێروبێرى ئێوە بۆ میلەت چیە ؟؟؟
خۆ ئەگەر جاروبار گوێى شەیتان کەڕ بێت ئاورێکتان لە هەژارانى نیشتیمانەکەشتان بدابایەوە ئەوا ئێستا قسەیەکم نەبوو بۆ کردن ، ئیتر لەپاى چى مرۆڤە دلسۆز و رەخنەگرەکانتان کرد بە سەگ و رێوى دوژمن و شێرى خۆماڵیتان تێ بەردا ،کاتێک ئێوەى بەرپرسان مانگە شەوبوون کە میلەتان لەبیرنەکردایە بۆ گیرفان و بەرژەوەندى خۆتان چونکە زۆر لەوە دڵنیابن کە رۆحى خەڵکى کوردستانتان لەگەڵ نییە تەنها ئەوەیە کە میلەت بێ دەنگى هەڵبژاردوە چونکە ناخوازێ جارێکى تر دهسهڵاتی عهرهب سووکایەتى پێ بکا و زیندە بەچاڵ و کیمیاباران و ئەنفالێکى تر بەسەر خۆیدا بهێنێ نەک دڵتان بەوەخۆشبێت لەبەر دڵسۆزى و خۆبەخشى ئێوە بێ نا وا بیرنەکەنەوە چونکە کورد نایەوێ کۆڵ بەکۆلیەکى تر دووبارە بکاتەوە و جارێکى تر ئێوە زۆر لەمە زیاترتان دەست بکەوى.
|