په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٠

بەرەو کۆنگرەى مامۆستایان؛ کۆنگرەى چەشە و چەواشە.


هیوا رەش    


کە گوێبیستى ناوى پیرۆزى مامۆستا دەبین بێگومان سەرلەبەرى پرۆسەى خوێندن و پەروەردە بە هەموو قۆناغەکانیانەوە دەبێتە میوانى خەیاڵدانمان ، لێ ئەوەى لەم ڕۆژانەى بەرەو کۆنگرە بەستنەدا ئاوازێکى نەشاز پەردەى گوێمانى کردۆتە ژێى مۆسیقای خۆپەرستیى ، هێنانە سەر شاشەى کەسانێکە نە لە ئەرک و نە لە مافى مامۆستایان نەگەییشتوون و کەچى بە ناوى مامۆستاشەوە دێنە گۆ کە لە بەرژەوەندى تەسکى خود و حزبەکەیان بترازێت هیچ لە چەمکى پیرۆزى مامۆستایى و وانەبێژى نازانن وە یا ئەگەر بشزانن بەرژەوەندپەرستیى هێندە کەللەیى کردوون خۆیان لە ئەرکى ڕاستەقینەى مامۆستایى ئەدزنەوە و وەکو قەوانە سواو هەر باس باسى ( ماف ) ە کە لە مووچە و پارەى زیادە و خانوو و باش و باشتر کردنى گوزەرانى مامۆستایان و وەدەست هێنانى ئیمتیازاتى زۆرتر و زیاترە ! مخابن نەمبیست باسێک لە دوور خستنەوەى دەستى حزب لە ڕێکخرا و یەکێتییەکەیان بکەن ! کردیانە حەسرەت لە دڵما و بە لاى چۆنێتى چارەسەرى گونجاوى پرۆسەى خوێندندا نەچوون ! خۆ بە لاى ئەرکى پیرۆزى مامۆستایاندا هەر ناچن کە دەبێت داکۆکیکار و پەروەردەکەرى ڕاستەقینەى ( خوێندکار و قوتابى ) ان بن و کەمۆکەیەکیش ئاوڕ لەو شاگردانەیان بدەنەوە کە بێدەرامەتن ! بێباوک و بێسەرپەرشتیارن ، بێگەرمکەرەوە و بێساردکەرەوە لە پۆلەکاندا هەڵئەکورمێن ، هەزار زیاتریان لە یەک ( قوتابخانە و خوێندنگە ) دا ئەخوێنن ! میلاکى مامۆستایان کەمە و هەزارەها دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکانیش لە سەر شەقامەکان بێئیش و بێکار ئەسووڕێنەوە ! ئەرێ ئەوە بۆ باسى جیاوازى چینایەتى نێوان ( قوتابى و خوێندکار ) ە هەژارەکان و دەوڵەمەندەکان و بەرپرسەکان ناکەن ! بۆچى خۆ لە قەرەى قوتابخانە و حوێندنگەنمونەییەکانى دەوڵەمەندە خواپێداوەکان و هى هەژارە خوا لێسەنراوەکان نادەن ! تا کەى زمان و ڕێزمان و قتعەى نازانم ( قوتابخانە ) بڵێم یان ( خوێندنگە ) کان ناکەن بە یەکێ ! بۆچى کەرکوک دوو سیستمى پەروەردەیى تێدا بەرقەرار بێت و ئێوەش خۆتانى لێ ئەکەن بە کەڕەى شەربەت ! تواناکانتان بکەن بە یەک و مەهێڵن وەکو سەردەمى گۆڕبەگۆڕ چووى بەعس بوارى پەروەردە بحزبێنرێت و ( قبول خاس و قبول مەرکەزى و تەزکیەى حزب ) تووڕ بدەن ! ئەى بۆچى نابن بە هێزى فشار بۆ سەر وەزارەتى پەروەردەى بێپلان کە بینا بۆ باغچەى ساوایان لە شوێنێکا دروست ئەکات کەپێویست نیە و پاشان مل بۆ ئەوە ئەدەن بیکەن بە ( خوێندنگە و قوتابخانە ) ! بۆ ئەبێت زۆربەى سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکان پیاوى حزب بن ؟؟؟ !!!

بەر لە هەموو شتێک گەورەترین و پیرۆزترین ئەرکى کۆنگرە دەبێت ئەوە بێت کە نەهێڵن کۆمیتە و مەڵبەند و ناوچە و لق لە یەکێتییەکەتان باڵادەست تر بێت بەسەر مامۆستایاندا ، ئەگەر ئێوە توانیتان ئەو ئەرکە بەجێ بهێنن ئەوسا منیش لە ئاستى داخوازییە پڕ لە فیغانەکانتان سەر دا دەنەوێنم و دڵنیام ئاییندەیەکى گەشیش ئامبازى ڕۆڵەکانى دواڕۆژمان دەبێت ، بمبورن هەرچەندە ئەمە پەیوەندى بە بابەتەکەوە نەبوو بەڵام هەقى مامۆستایانە بێنە دەنگ کە لە کاتى ئەم نووسینەمدا وەرگێڕدراوى سەر نواندنێکى کوردى کە باسى لە ڕابردووى خەباتى پڕ شکۆى بەڕەنگار بوونەوەى ڕێکخستنەکان و پێشمەرگە دەکرد و لە کەناڵى زاکرۆسەوە نماییش دەکرا و قسەى جەلادەکانى بەعس لە عەرەبییەوە بۆ شێوەزارى سلێمانى وەرگێڕدرابوو ، بۆ نمونە – ئەتکوژم – کرابوە – ئەوکوژم - ! ئەمە هەرچەندە پێم وایە وەزارەتى ڕۆشنبیرى لێى بەرپرسە بەڵام هەقى وایە لەم کۆنگرەیەى یەکێتى مامۆستایانەدا باسێک لە زمانى ستانداردى کوردیش بکرێت تا چى تر نەوەکانمان سەرگەردان و سەرلێشێواو تر نەکرێن بە (حەڤە و حەڤدە و عەڤدە ) !

بۆیە ( قوتابخانە و خوێندنگە ) م پێکەوە لە یەک کاتدا بەکار هێنا تا مامۆستا ڕۆبۆتەکانى یەکێتى و پارتى پەنجەى تاوانبار کردن نەنێن بەسەر نووسینەکەمەوە ، لەگەڵ ڕێزم بۆ سەرجەم ئەو مامۆستایانەى کە دڵسۆزى ئاییندەى گەل و ڕۆڵەکانمانن ، و بە هیوام لەم کۆنگرەیە ببنە لەمپەر لە بەردەم مەرامچى و مەراییکەرەکان و قەڵەمبازێکى جۆریى بە گوزەرانى مامۆستایان و پرۆسەى خوێندن و ئاستبەرزیى ( قوتابیان و خوێندکاران ) یش بدەن .

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش